نەوزادى موهەندیس: دوو دکتۆرى پڕ بەرهەم و عادل، چانسێکى گەش بۆ ئایندەى عێراق!
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی
عێراقوەک وڵاتێکى خاوەن مێژووى زیاتر لە 5هەزار ساڵى،هیچکات و هیچ دەیە ساڵێکى بە ئاشتى و ئارامى بەسەرنەبردوە،کە گەلێک هۆکار کۆبونەتەوە بۆ ئەوەى ئەم وڵاتەى کە ناوى ((نێوان دوو ڕووبار/ یان میسۆپۆتامیا)) ى کۆن و ((عێراقى نوێ))یە،لەوانە هۆکارى جیۆپۆلەتیکى و هەڵکەوتەى جیۆسیاسى و ئابوریەکەى و دەوڵەمەندى بەسەروەت و سامانى سروشتى نەوت وخاکى بەپیت و… هتد. ونەبوونى سەرکردەیەکى دڵسۆزیش بۆ وڵات و کۆمەڵگاکەى. هەربۆیە ئەم وڵاتى عێراقە لە قوڵایى مێژووى دامەزراندنیەوە گیرۆدەى نەفرەتێکى ئەزەلى بۆتەوە و مەکینەى کوشتن و بڕین و ستەم و زوڵم و چەوساندنەوە و خوێنڕشتنى بەردەوام کە لەکۆتایدا سەرکردە و کۆمەڵگاکەشى پێکەوە هاڕیوە. کە سەرەڕاى خاوەندارێتى مێژوویەک و شارستانێتیەکى گەلێک دێرین و سەرەتاى مێژوو و بونى سەروەت و سامانێکى سروشتى و خاکێکى بەپیت و گەلێکى هوشیار، بەڵام هەر بەدواکەوتوویى و نەبوونى و هەژارى و دووبەرەکى و نەخوێندەوارى ماوەتەوە. حومکڕانانى کۆن و نوێى عێراق هێندەى لەخۆبایبوون و لوتبەرز و غرورى سیاسیان هەبوە و ڕووى لەجەنگ و کاولکارى بوون، نیوهێندە گیان و نیەتى خزتمەکردن و خاکەڕایى و خەمخۆریان نەبوە و ڕوویان لە ئاشتى و پێشکەوتن نەبوە.
بەڵام لەدواى ڕووخاندنى ڕژێمى بەعسى ێدامیەوە لە ساڵى 2003 و لەدواى زیاتر لە 30 ساڵى جەور و ستەم و تیرۆر و تۆقاندنەوە، سیستەمى حوکمڕانى لە عێراقى نوێدا لەسەر 4 پایەى گرنگى ((دیموکراسى و فیدڕاڵى و پەڕلەمانى و کارى پێکەوەیى)) دامەزرایەوە، کە گەر بەنیەتێکى ڕاستگۆیانە و لەلایەن سەرکردە و حیزبە سیاسیەکانەوە جێبەجێبکرێن وبۆ یەکلایکردنەوەى هەموو کێشە و گرفتەکانیش پەنا بەرنە بەر دەستور لەجیاتى توندوتیژى و کوشتن و بڕین، ئەوا هەرگیز لاپەڕە ڕەش و تاریکەکانى کۆن دووبارەنابنەوە و گەلانى عێراق بە پێکهاتە جیاوازەکانیەوە لە نەتەوە و ئاین و مەزهەب و کەلتورە جیاوازەکان بە ئاشتى و ئارامى و خۆشگوزەرانى ژیان دەبەنە سەر و ئەوکاتیش ڕوودەکەنە پێشکەوتن و داهێنان و بەخششى زیاتر بە نەتەوە و نیشتیمانەکانیان.
خۆشبەختانە کورد جێگە و پێگەى سیاسى گەورەى لەم کارى پێکەوەییدا هەبوە و لە چەسپاندن و نەخشاندن و نوسینەوەى دەستوریشدا ڕۆڵى گەورەى بینیوە و یەکەم سەرۆک کۆماریش مام جەلال بوە، کە لە دوو خولى سەرۆکایەتى کۆماردا باشترین و جوانترین و درەوشاوەترین قۆناغ و ئەزمونى پیشانى هەموان داوە لەناوخۆ و ناوچەکە و دونیاشدا، قۆناغى مام قۆناغە سەخت و دژوار و پڕ ململانێ سیاسى و چەکداری و مەزهەبى و ئاینى و نەتەوەییەکان بوو، کە هەموو ساتێک چاوەڕوانى تەقینەوە و هەڵایسانى جەنگى ئەهلى و ناوخۆیى لێدەکرا، بەڵام بە حیکمەت و پشوودرێژى و سەنگ و قورسایى و دووربینى خۆى توانى بەسەر هەموو کێشەکاندا زاڵ بێت و هەموو لایەن و سەرکردە ناکۆکەکانیش لەسەر یەک مێزى گفتوگۆ کۆبکاتەوە و بەهەقیش کۆشکى ئاشتى بکاتە جێگەى ئاشتى و ئاشتبونەوەى هەموان و ببێتە ێمام الامان بۆ تەواوى عێراق.قۆناغى مام قۆناغێکى پڕ شانازى و سەروەریە بۆ کورد بەتایبەتى و هەموو گەلانى عێراقیش بەگشتى و هەموانیش بە ستایشى زۆرەوە یادەوەریەکانى ئەو قۆناغە دەگێڕنەوە. لەگەڵ ئەوەى کە لەدەستوردا سیستەمى حوکمڕانى پەڕلەمانیە و سەرۆک کۆمار کەمترین دەسەڵاتەکانى لەلایە، بەڵام ئەوە کەسایەتى و کاریزمایى مام بوو کە پۆستى سەرۆکى کۆمارى گەورەتر وگرانتر و سەنگینتر کرد بەکار و چالاکى و پەرۆشى و خەمخۆریەکانى بۆ تەواوى عێراق و عێراقیەکان.نەک پۆستەکە مام گەورە بکات.
دواى مام و لە 4 ساڵى سەرۆکایەتى د. فۆاد معصومدا، ئەو ڕۆڵ و کاریگەرییەى دامەزراوەى سەرۆکایەتى کۆمار سست و پوکایەوە و ئەوپەڕى خەمساردى و بێئومێدى بەخۆوە بینى و تەنها وەک پۆستێکى تەشریفاتى مایەوە و هیچ زیادەیەکى نەخستە سەر خەرمانى کارەکانى مام، لەلایەک زۆر سەختە هەر کەسێک دواى مام بتوانێت زیاد لەکارەکانى مام جێبەجێبکات، ولەلایەکى تریشەوە سروشتى کەسایەتى د.فۆاد بۆخۆشى نەگونجاو بوو بۆ ئەو پۆستە گرنگ و سیادیە.هەربۆیە نەیتوانى ئەو قۆناغە بەدرەوشاوەیى بهێڵێتەوە.
بەڵام لە ئێستادا و دواى 4 ساڵى جەور و جەفاى د.فۆاد معصوم،جارێکى تر ئوێدەکان و ئاسۆ ڕوونەکان لەدەم کەل دەبینرێتەوە بەهاتنى د.بەرهەم احمد صاڵح وەک سێیەم سەرۆک کۆمارى کورد، لەلایەک پۆستەکە بۆخۆى شایستەى کەسایەتى و لێهاتوویى و توانا و تێڕوانین و ناسراوى و چالاکى د.بەرهەمە ودەبوو هەر زووتر و 4 ساڵى پێشتر ئەو کارە بکرایە. د. بەرهەم دوور لە پیاهەڵدان و مەدح و سەناکردنى کەسى((کە هیچ کەسیش بێ کەم وکوڕى و هەڵەى سیاسى نیە و نابێت))، بۆخۆى کەسایەتى خۆى سەپاندوە، ئەوەش بەهۆى ئەزمونە سیاسى و ئیداریە کەڵەکەبوەکانیەوەیەتى لەناو یەکێتى نیشتیمانى کوردستان وەک جێگرى دووەمى سکرتێرى گشتى و وەک نوێنەرى یەکێتیش لە دوو وڵاتى هەرە گەورەى دونیاى ڕۆژئاوا لە بەریتانیا و ئەمریکادا و دواتریش هاتنەوەى بۆ کوردستان و بونە سەرۆک وەزیرانى حکومەتى ئیدارەى سلێمانى و دواتریش حکومەتى یەکگرتوو، لە دواى ڕووخانى ڕژێمى بەعسیشەوە وەرگرتنى پۆستى جێگرى سەرۆک وەزیرانى عێراق((ئەیاد عەلاوى)) و دواتر وەزیرى پلاندانان و گەلێک پلە و پۆستى تر. هەموو ئەمانە وایانکردوە کە د.بەرهەم ببێتە کاراکتەرێکى ناسراو و دیار و خۆشەویست و باوەڕپێکراو لەسەر ئاستى عێراق و ناوچەکە و دونیاش بەتوانا و لێهاتوى و تێڕوانینە ڕاست و دروستەکانى بۆ ڕووداو و پێشهاتەکان..و هەڵبژاردنیشى لەلایەن زۆرینەیەکى زۆرى پەڕلەمانتارانى عێراقەوە لە کێبڕکێیەکى توند و سەختى دیموکراسیدا هەموو ئەو مانا و بڕوا و متمانەیەى هەموانى سەلماندەوە بە د.بەرهەم. و ئەو کاروچالاکیە زۆرو زەوەندانەشى لەماوەیەکى کەموکورتى سەرۆکایەتیەکەیدا بۆ دەرەوەى عێراق و لەناوخۆشدا گەواهیدەرێکى ڕاستگۆن بۆ تواناکانى د.بەرهەم.
هەر لەپاڵ د.بەرهەمدا، دکتۆرێکى عادلى تر ((عادل عبدالمهدى))وەک سەرۆک وەزیرانێکى شایستە و هەڵبژێردراو و متمانە پێکراوى گەورەترین دووکوتلەى سیاسى شیعە و سونەکان و دواتریش هەمووو پەڕلەمانى عێراق، ئەم دوو دوکتۆرە بونەتە دوانەیەکى تەواوکارى یەکترى و بونەتە دوو ڕووى دراوێک کە پێکەوە دەتوانن کارى زۆر گەورە و خزمەتى زۆر بەخشندە پێشکەش بەهەموو عێراقیەکان بکەن. عادل عبدالمهدى وەک کەسایەتیەکى سیاسى و موحەنەک و موجەڕەب و خاوەن مێژوویەکى تاڕادەیەک بێ خەوشى گەندەڵى و نەرم و نیان و لەسەرخۆ و بێ پشت و پەنایەکى گەورەى پەڕلەمانیش و لەئەنجامى کەڵەکەبوونى ئەزمونە زۆر و زەوەندەکانى سیاسى و ئیدارى و حیزبایەتى لە هەموو حکومەتەکانى دواى ڕووخاندن چ وەک وەزیر یان جێگرى سەرۆک کۆمارو بێلایەنیەکەشى بۆ هەموان وایان کردوە ببێتە کەسایەتیەکى خۆشەویست و خاکەڕاو و خەمخۆر و جێگە متمانەى هەموان.
بەم شێوەیە ئەم دوو دکتۆرە پێکەوە دەتوانرێت ئومێدى زۆریان لەسەر هەڵبچنرێت وەک دوو مۆدێلى نوێ لە حوکمڕانانى عێراق ،لانى کەم بۆ 4ساڵى ئایندە،گەر ململانێ سیاسی و حیزبیە ناڕەواکان و شەڕى لەجیاتى و دەستوەردان لەگەورە و بچوکى بڕیارەکانى حکومەتدا لێگەڕێن. کە خۆشبەختانە 4 ساڵى ئاشتى و ئارامى و بوژاندنەوە و ئاوەدانکردنەوە دەبێت دوور لە شەڕ و جەنگ و کوشتارى ناوخۆیى و تیرۆریستانیش. عێراق لەم 4 ساڵەى ئایندەدا پێویستى بە کەسایەتى ئەم دوو کاراکتەرە هەیە کە تێڕوانین و بۆچوون و بەرنامە و پلانەکانیان زۆر لێکنزیکە و هەردووکیشیان وەک دکتۆرێک دەتوانن چارەسەرى زۆرێک لە کێشە و نەخۆشیەکانى کۆمەڵگاى عێراقى بکەن. بۆیە دەکرێت عێراق لەدواى 5 هەزار ساڵى تاریک و تون و نەفرەتلێکراوى، چانسێکى مژدەبەخشى هێنابێت بەهاتنى ئەم دوو دکتۆرە و لە پاڵیشیاندا سەرۆکێکى گەنج و لاوى پەڕلەمانیش (محمد حەلبوسى) کە بەهەمان شێوە نزیکە لەکەسایەتى هەردوو دوکتۆرەوە.
لەهەمان کاتیشدا بۆ حکومەتى هەرێمى کوردستانیش دەتوانن ببنە پاڵپشتێکى ڕاستەقینە و ڕاستگۆ بۆ چارەسەرى تەواوى کێشە کەڵەکەبوەکانى نێوان هەولێر و بەغداد و جێبەجێکردنى مادەى 140ى دەستور و موستەحەقاتى هێزى پێشمەرگە و هەردوولا بەگیانێکى تەبایى و پێکەوەیى ڕێکبکەون لەسەر دووبارە نەکردنەوەى هەڵە سیاسیەکانى ڕابووردوو بەتایبەتى لە کەرتى وزەدا، دەکرێت کێشە سیاسیەکان لەناوخۆ و لەسەر مێزى گفتوگۆکان چارەسەربکرێن و ژیان و گوزەرانى جەماوەر تێکەڵ نەکرێن و وەک کارتى فشار بەرامبەر بەیەکتر بەکارینەهێنن وەک لەساڵى 2014وە جێبەجێکرا لەبڕینى بەشە بودجەى 17% هەرێمى کوردستان و مووچەى مووچەخۆران.
گرنگە هەرێم و بەغدادیش ئەم چانسە مێژووییە لەدەست نەدەن و بتوانن بیخەنە خزمەتى زیاتر بەهێزکردنەوەى دامودەزگا شەرعیەکانى دەوڵەتى عێراق و هەرێمەوە و وڵات بەرەو ئاوەدانى و خۆشگوزەرانى زیاتر بنێن. بە دژایەتیکردنى گەندەڵى و نادادپەروەرى و بێ خزمەتى و… هتد. ئاشکراشە کارى گەورە لەکەسایەتى گەورەوە دەردەچێت و لەئێستاشدا خۆشبەختانە عێراق خاوەنى دوو کەسایەتى گەورە و هێمن و ناسراو و سەنگینن کە دووبارەبونەوەى گەلێک ئەستەمە.
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی
- بابەتەکانی تری نەوزادی موهەندیس
نەوزادی موھەندیس: سەرژمێری گشتی دانیشتوانی عێراق و ھەرێمی کوردستان، لەنێوان ترس و دڵەڕاوکێدا.!
-نەوزادی موھەندیس: پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا لە نێوان ڕاستگۆیی و فێڵ و فریوداندا.
-نەوزادی موھەندیس: سیناریۆکانی بەردەم پێکھێنانی کابینەی دەھەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان چین؟
- All Posts