لوقمان مصطفی صالح: مەترسی لە پرۆژە یاسای تاوانە ئەلیکترۆنیەکانی عێراق.
لەبەر ئەوەى چەمکى تاوانە ئەلیکترۆنیەکان چەمکێکى یاسایی و پانتای یەکی بەرفراوانی داگیرکردووە، بەهۆى ئەو پێشکەوتن و گەشە کردنە بەرچاوەى تەکنۆڵۆژیاوە واى کردووە تاوانى ئەلکترۆنى و هۆیەکانى ئەنجامدانى زیاتر بێت، کەواتە پیویستى بەیاسایەک هەیە بۆ پاراستن و پارێزگارى کردن لەدام دەزگا ئەلکترۆنیەکان و کەسانى بەکارهێنەرى، هەروەها پەرچەکردارى یاسا بەرامبەر ئەوکەسانەى ئەنجامى دەدەن، کەواتە درووستە بگووترێت کە کاری یاسا بریتیه: لە ڕێکخستنی پەیوەندی نێوان تاک و تاک وە تاکو دەوڵەت وە دەوڵەت و دەوڵەت. بۆ پاراستن و نەشکانی یاساکان سزا داندراوە چونکە مرۆڤ بە سرووشتی خۆی خۆپەرست و خۆویسته، بۆیە پێویستە سزایەک هەبێت بۆ ڕێک خستنی کاروبارەکانی ژیانی ڕۆژانەی.
بەڵام… ئێمە لێرەدا باس لە پرۆژەیاسایەک دەکەین بەناوی پرۆژە یاسای تاوانە ئەلکترۆنیەکان کەلەسەروبەندی پەسندکردنیەتی لە پەرلەمانی عێراق، کە لە 2019 يناير12 خوێندنەوەی یەکەمی بۆکراوە، بەپێی ئەم یاسایە دەوڵەت دەتوانێ سیخوڕی بەسەر هاووڵاتیەکانیەوە بکات.! هەرچەندە پرۆژە یاساکە ئەرێنی و نەرێنی تێدایە،بەڵام هەرزوو ڕووبەڕووی نارەزایەتی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی عێراقی لێکەوتەوە، سەرجەمیان یادشتنامەیەکی نارەزایەتیان پێشکەش بە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کرد، داوایانکرد ئەوپرۆژەیاسایە دەنگی لەسەر نەدرێت و ڕاکێشرێتەوە، چونە ئەوە پێشێلکردنی ئازادیەکانی تاکە، پێیان وایە ئەوە پاشگەزبوونەوەیە لە بنەماکانی دیموکراسی وگەرانەوەیە بۆ دیکتاتۆریەت،
بەهەمان شێوە (ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی )یش لەوبارەیەوە هاتە دەنگ، ئەم رێکخراوە وای بۆ دەچێت پرۆژە یاسایەکی لەم جۆرە دەبێتە بەر تەسککردنەوەی ئازادی تاکەکەسی یەکان و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤە. هەر بۆیە ڕێکخراوەکە بە تووندی هۆشداریدایە عێراق لەبارەى پەسەندکردنى پڕۆژە یاساى تاوانە ئەلیکترۆنییەکان کە سزاى توندى زیندانى و سزاى ماددى دانراوە بۆ ئەو کەسانەى لەرێگەى ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە رەخنە دەگرن.
رێکخراوەکە لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەى بەوەکردووە، پڕۆژە یاساکە چاودێرییەتى توند لەوڵاتدا دێنێتە ئاراوە لەسەر ئەو کەسانەى رەخنە دەگرن. رازاو ساڵحى توێژەرى تایبەت بە کاروبارى عێراق لە رێکخراوى لێبوردنى نێودەوڵەتى رایگەیاندووە، ئەو پڕۆژە یاسایە گورزێکى توندە بۆ سەر ئازادى رادەربڕین لە عێراق.
ڕاشیگەیاندووە، پڕۆژەکە بەجۆرێک داڕێژراوە کە بە ئاسانى دەبێتە هۆکارێکى داپڵۆسێنەر و رێگە بە دەسەڵاتداران دەدات سزاى توندى ئەو کەسانە بدەن کە رەخنەدەگرن، وەکو سزاى زیندانى هەتا هەتایی.
رێکخراوى لێبوردنى نێودەوڵەتى باسى لەوەکردووە، هێزە ئەمنیەکانى عێراق لە ئەیلولى 2018دا دەسترێژیان لە خۆپیشاندەران کردووە لە بەغدا و باشورى عێراق، کە داواى هەلى کار و دابینکردنى خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان و چاودێرى تەندروستیان کردووە، دەسەڵاتدارانیش کۆتوبەندێکى توندیان خستووەتە سەر مافى گەیشتن بە ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
ئەوەشى خستووەتەڕوو، خۆپیشاندەران پێیانوایە دەسەڵاتداران بە ئەنقەست لەکاتى خۆپیشاندانەکاندا هیڵەکانى ئینتەرنێتیان پەکخستووە و بەهۆیەوە نەیانتوایوە وێنە و گرتەى ڤیدیۆیی پێشێلکارییەکان ئاڵوگۆڕ بکەن.
جێگیربوونی ئەم پرۆژە یاسایە تەنها مەترسی بۆسەر هاوڵاتیانی عێراق نیە،بەڵکو دەگونجێت هەرێمی کوردستانیش پشتی پێ ببەستێ و وەک تاکە سەرچاوەیەکی یاسایی کاری لەسەر بکات. بۆیە دەبێت نوێنەرانی کورد هوڵوێستی جدیان هەبێت و دژی پرۆژەیاسایەکی لەم چەشنەببنەوە کە دەبێتە هۆی بەرتەسککردنەوەی ئازادی رادەربڕین و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ.
- بابەتەکانی تری لوقمان مستەفا سالح
لوقمان مستەفا: هەڵبژاردن تەنھا ڕێگایە بۆ گۆڕانکاری.
-لوقمان مستەفا: لە پشتی یاساوە لە کەرکوک چی دەگوزەرێ!
-لوقمان مستەفا: داگیرکاریەک بە بەر چاوی جیھانەوە.
- All Posts