دلێر حسێن پیرۆمەری: سەرۆکایەتی هەرێم لەنێوان دوێنێ و ئەمڕۆدا.
لەمەسەلەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم هەردوو جەمسەری یەکێتی و پارتی زیاتر بە بیری عوقدەو یەکترخستن و تۆڵەکردنەوە کاردەکەن نەک بەزھنیەتی شەراکەتی ڕاستەقینەو ئیدارەدانی هاوبەش. دید و هزری ئەو دوو هێزە زیاتر بۆ سەپاندنی هەژمونی شەخسی و بنەماڵەییە لەبەرگێکی حیزبی کەلەسەر بنەمای مەنتقی هێزی چەكدارو جوگرافی بونیادیان ناوە، بەسود وەرگرتن لە داهات و سامانی وڵات بەشێوەیەکی ناشەرعی و ئەنجامی پرۆسەی هەڵبژاردنە پڕساختەکاریەكان، تەبعەن بەئیعترافی خۆیان.
خاڵی ناکۆکی پارتی و لایەنەکان لەڕابردوو مەسەلەی سەرۆکایەتی هەرێم بوو کەبووە هۆی دروستبوونی دووئاراستە لەهەرێمدا، ئاراستەیەک خاوەنی ڕوئیاو پرۆژە بۆچارەسەری کێشەکەكان لەبەرامبەر ئاراستەیەک كە جگە لەمەنتقی هێزی چەك وجوگرافی هیچ دونیابینیەكیتری نەبوو، ئەویش گۆران لەھی یەكەم و پارتی لەدووەمدا خاوەندارێتیان دەکرد، هیچیان ئامادەنەبوون سازش بۆیەکتربکەن تا ڕووداوی 12ی ئۆکتۆبەری لێکەوتەوەو سازانی نیشتمانی بوو بەگرێدان و داخستن وگرێکوێرە كەپڕۆسەی دیموکراسی لەهەرێم عەیبدارو شەرمەزار کرد.
ئێستا خەریکە خواستی ئەو دوو ئاراستەیە بەرەو سازان هەنگاو دەنێ. بەڵام جیاواز لەمان ئاڕاستەیەک دروستبوو کەخۆی پێشتر بەشێک بوو لەپرۆژەکان و هاوڕێی نیوە ڕێگا، سودی زۆری لەو لێکترزانەی 12 ئۆکتۆبەر بینوە، بۆیەش دەیەوێت بەو سازانە شتی زیاتری بۆ میدیاکانی دەست کەوێت، وەک خۆیان دەیڵێن کەتنێک بەبەرامبەرەکەیان بکەن تا کەتنەکەی 30ی حوزەیران لەبیری خەڵک بەرنەوەو ڕووی خۆیانی پێ سپی بکەنەوە.
کاراکردنەوەی سەرۆکایەتی هەرێم و هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم بەو میکانزمە کەتنە یان دەسکەوتە؟
لەگەرمەی ناکۆکی نێوان گۆڕان و پارتی خاڵی جەوهەری گۆڕان هەڵبژاردنی سەرۆک لە ناو پەرلەمان بوو، کەدەڵێن لەپڕۆژەکەدا گۆڕان تەنیا نەبوو, بەڵكو یەکێتیشی لەگەڵ بوو تا ڕوودانی کەتنی داخستنی پەرلەمان، دواتر ئاقڵ ئاقڵ خۆیان بەنێوەندگیر نیشاندا گۆڕانیان بەعیناد و پارتیان بەغروور لەقەڵەمدا، وەک ئەوەی ئەوان لەو وڵاتە نەبن، وە بەشێک نەبن لەپڕۆژەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم بۆیە هەرزوو فرسەتیان لێ هێناو پەرلەمانیان لەغیابی گۆڕان کاراکردەوەو کۆمەڵی ئیسلامی كەبرای ئێستایانەو هاوبەشی ئەوکاتی پرۆژەکەیان لە دەستەی سەرۆکایەتی دورخستەوەو خۆیان چونە شوێنیەوەو کەتنی ڕیفراندۆمیان لەپەرلەمان بەیان کرد.
خاڵی جەوهەری گۆڕان هەڵبژاردنی سەرۆک بوو لەپەڕلەمان، بەڵام ئەوكات لای پارتی ئەمە هێڵی سور بوو، ئامادەنەبوو هەرگیز مل بۆ ئەو خواستە بدات، تەنانەت چەندین کۆبونەوە کرا، پارتی نەک پڕۆژەی نەبوو تەنها و تەنها ئامانجی هەڵبژاردنی سەرۆکێک بوو لەناو خەڵک، ئێستا خواستی هەردوولا لەیەک نزیک بۆتەوە بۆ سازان، بەڵام سازانێک جیاواز لەسازانی سی حوزەیران.
خۆ ئەگەر ئێستا دۆخەکە جیاوازبێت بۆ پارتی بەرژەوەندی وابخوازێت سەرۆکی ھەرێم لەپەڕلەمان ھەڵبژێردرێت گۆڕان تاوانی نیە، پێشتر بەرلەپارتی خواستی گۆڕان بووە.
لەمەیان خەڵک وریایەو دەزانێ کەی و چۆن کوردستان کەوتە ژێرهەژمونی تاک حیزبی و بنەماڵەیی، مێژووەکەی دوور نیە، ئەوە ئەوێ ڕۆژێ بوو بێ بیرکردنەوە لەئەمڕۆ پەسندی ئەنجامی هەڵبژارنێکی پڕ ساختەکاری لەلایەن کۆمیسیارانی یەکێتی کەوەک فریادرەسێک بەیعەتی چوار ساڵی ڕەهایان بەخشیە پارتی، ئێستاش خۆیان دەڵێن ئێمە نەبونایە چل و پێنج کورسیەکەی پارتی تەنها ژمارەی سەرکاغەز دەبوو.
بێ سڵکردنەوە لەوەی ژمارەکە ئەوەندە قورسە هیچ بەهایەک بۆ شەراکەتی ففتی بەففتی نەهێڵێتەوە بەڵکو کەلێنێکی گەورەی لەشەڕاکەتی راستەقینە دروستکردوو هەژمونی تاک حیزبی و بنەماڵەیی تەواو زاڵکردووە بەسەر پەرلەمانیشدا.
ئێستا بە خۆدوورگرتن نەدۆخەکە دەگەڕێتەوە پێش ئەیلولی 2018 و نەدەسکەوتی ففتی بەففتی جاران دروست دەبێتەوە، بەڵکو دەبێ بیر لەکارە گەورەکانی وەک دەستورو ئەو یاسایانە بکرێتەوە کەڕەهەندی نیشتمانیان هەیە، ناکرێ بەهەمان مەنتق وبیری پێشوو کار بکرێ، پێویستە كەشێك دروست بکرێت کەهاوبەشی لەبریارو یاساکان لەپەرلەمان و كاركردن لەحکومەت بێتە وجود، زەروورە واز لەمەنتقی زۆینەو کەمینە بھێنرێت گەر بۆتەنها جارێکیش بێت نیشتمانیانە بیر بکەینەوەو بەرژەوەندی گشتی پێش بەرژەوەندیە شەخسی و بنەماڵەیی و حزبیەكان بخەین.