نەوزادى موهەندیس: چانسى کورد لە هەڵبژاردنى شارەوانیەکانى تورکیادا.
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی
وابڕیارە ڕۆژى 1 شەممە ڕێکەوتى 31/3/2019 دا هەڵبژاردنى شارەوانیەکان لەتورکیادا ئەنجام بدرێت. ئەم هەڵبژاردنە بۆ هەمو حیزبە سیاسیەکانى تورکیا گرنگە لەبەرئەوەى:
1- یەکەم هەڵبژاردنە لەدواى گۆڕینى سیستەمى حوکمڕانى لە پەڕلەمانیەوە بۆ سەرۆکایەتى.
2- مەترسیداریشە لەهەمان کاتدا بۆ دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن، چونکە گەر هەر لایەکیان شکستى گەورە بەدەستبهێنێت لانى کەم بۆ 5 ساڵى ئایندە دووردەکەوێتەوە لە:
* دەسکەوتنى میزاینیەى زیاتر بۆ حیزبەکان
* دامەزراندن و دۆزینەوزەى هەلى کار بۆ لایەنگرانیان
* ڕێکەوتن و گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیاکاندا
جا لەبەر ئەوەى هەر حیزب و سەرکردەیەک هەوڵى گەورە دەدات بۆ بردنەوەى زیاترین ژمارەى شارەوانیەکان کە لە 81 پارێزگادا ئەنجام دەدەرێت.
ئەوەتا ئەردۆگان وەک کارى لەپێشینەى هاوپەیمانى( گەل یان کۆمار)ى لەگەڵ حیزبى نەتەوەیى دەوڵەت باخچەلى پێکهێناوە بۆ دەستەبەرکردنى بەردنەوەیەکى گەورە و ڕاکێشانى دەنگى نەتەوە پەرستەکان، هەروەک چۆن لە هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى و پەڕلەمانى ڕابووردوودا توانیان سەرکەوتنى گەورە وەدەستبێنن. چونکە ئەردۆگان باش دەزانێت گەر شکست بێنێت ئەوا ئەو پیاوە بەهێز و بە شکۆیە نامێنێتەوە کە 18 ساڵە خۆى و حیزبەکەى ئاکەپە لەدەسەڵاتدان بەبێ کێبڕکێ. زۆر جاران بە پیاوە بەهێز و تاک و تەنهاکەى تورکیا و زۆرجاران بە ئەفسانە و وەدیهێنەرى خەونەکان و بە گەلێک نازناوى تر ناوى دەبرێت، لەکاتى دۆڕاندن و لەدەستدانى شارەوانیە گرنگەکانى وەکو ئاستانبوڵ کە کێبڕکێیەکى توندى لەسەرە و ئەنقەرە کە واى بۆ دەچن دەیدۆڕێنن و ئەزمیریش کە شارێکى گرنگە. ئەردۆگان و مەترسیەکانى ئەمجارەى بەبێ هۆ نین چونکە:
1- گەشەکردنى ئابورى تورکیا لەم چەند ساڵەى ڕابووردوودا پاشەکشەى بەرچاوى بەخۆوە بینیوە، کەهۆکارى زۆرن لەوانە تێکچوونى پەیوەندیەکانى لەگەڵ ئەمریکا و ئەوروپا و دەرودراسێکانیدا، و بەرزبونەوەى باج لەسەر کاڵا تورکیەکان و دەستوەردانى لەکاروبارى سوریا و عێراق و وڵاتانى ترى وەکو قەتەر و سودان و ئیسڕائیل و میسرو و… هتد. هاوکارى و پشتیوانى تیرۆریستان. سیاسەتى هەڵەى پشتیوانى لە ڕوسیا و ئێران .
2- بەرزبونەوەى ڕێژەى هەڵاوسان کە بۆتە هۆکارى ناچارى سیاسەتى سکهەڵگوشین لەلایەن تەواوى دانیشتوانى تورکیاوە بەڕێژەى 25%.
3- دابەزینى نرخى لیرەى تورکى بەشێوەیەکى مەترسیدار.
بۆیە ئەردۆگان گەرەکێتى بەهەر نرخێک بێت بردنەوە مسۆگەر بکات لەکاتێکدا لە دوو ڕاپرسى ناوخۆى حیزبەکەى خۆیدا دەریانخستوە کە ڕێژەى دەنگەکانیان دادەبەزێت بۆ 32-35% لەبەرامبەر ڕێژەى 43% لە هەڵبژاردنى ساڵى 2014دا.
لەبەرامبەریشدا 3 حیزبى تورکى تر هاوپەیمانیەکیان پێکهێناوە لەلایەن (جەهەپە و سەعادەت و باش) و دەنگۆى ئەوەش بڵاوبۆتەوە کە بۆ ڕاکێشانى دەنگى کوردەکان 340 کاندیدان بە ناوى پشتیوانانى پەکەکە خستۆتە لیستەکانیانەوە. کێبڕکێکەرى سەرەکین لەبەرامبەر هاوپەیمانى گەلى ئاکەپە و نەتەوەییەکاندا.
ئەوەى دەمێنێتەوە حیزبى هەدەپە(گەلانى دیموکراسى) کوردە، کە پێدەچێت لەژێر فشار و مەترسى گرتن و ڕاوەدوونان و هۆکارى گرتنى سەرکردە دیارەکان و لابردنى 94 سەرۆک شارەوانى پێشتر لەکۆى 102 سەرۆک شارەوانى و دانانى قەیوم لەجێگەیاندا و بێبایەخبوونى دەنگەکانى کورد،ژمارەیەکى کەم بەشداربن و بەمەش دەنگەکانى هەدەپە ڕوو لەکزى بکات و پێشبینى دەکرێت ڕێژەى 3ر8% بەدەستبێنێت لەکاتێکدا هاوپەیمانى گەل ڕێژەى 6ر52% و جەهەپە ڕێژەى 5ر26% بێنێت. حیزبى باش 1ر7%.
لەبیرمان نەچێت هەر لەئێستاوە ئەردۆگان بەئاشکرا لەهەڵمەتى هەڵبژاردنەکاندا هەڕەشەى لابردنى هەر سەرۆک شارەوانیەک دەدات کە نزیک بێت یان پەیوەندى بە تیرۆرەوە هەبێت کە مەبەستى (پەکەکە و کوردەکان)ە و دەڵێت تا ئێمە لەدەسەڵاتدا بین ڕێگەنادەین شتێک هەبێت لەسەر خاکى تورکیا بەناوى (کوردستان)ەوە.
جا لەکەشوهەوایەکى ئاوها پڕ مەترسى و هەڕەشەدا دەبێت چانسى کوردان زۆر بێت یان بچوک و کەم بێت؟
ئەوەى ئاشکرایە کوردانى باکور بەداخەوە لەنێوخۆى خۆشیاندا یەک و یەکگرتوو نین و زۆرێک لەکوردان دواى بەرژەوەندى کەسى و بنەماڵەیى و هۆز و گوند و ناوچەکانى خۆیان کەوتوون و لەزۆرێک لەهەڵبژاردنەکاندا دەنگەگانیان دەدەنە حیزبەکانى تر و بەتایبەتیش دەسەڵاتدارەکان و لەئێستاشدا حیزبى ئاکاپەیە، بەبیانوى ئەوەى کە 18 ساڵە وڵاتێکى گەشەسەندوى ئابورى و ئۆقرەیى سیاسى و کۆمەڵایەتى بۆ وەدیهێناون ،و چیدى هەست و سۆزى نەتەوە بەو تۆخیەى جاران نەماوە لەدواى ئەو هەموو کارەسات و گرتن و ڕاوەدونان و گەمارۆخستنە سەر و داگیرکاریانەى تورکیا بۆ عفرین و هەرێمى کوردستان و… هتد. واى دەبینن کە ئەردۆگان و حیزبەکەى دەتوانن خەونى تورکیا و لەنێویشیاندا کوردەکان وەدیبهێنن لە ئاشتى و خۆشگوزەرانى و ئاوەدانى و پێشکەوتن و گەشەسەندندا.بۆیە ئەم هەموو هۆکارانە وادەکەن کە کورد ئەو پەرۆشى و ڕێژە گەورەیەى دەنگدان نەبینن و نەنوێنن، کە ئەمەش بەبەرژەوەندى ئاکاپە دەشکێتەوە، بەڵام ئەمەش ماناى ئەوە ناگەیەنێت کە هەدەپە نەتوانێت سەرکەوتن وەدەستبێنێت لە شارە گەورە کوردیەکان و شار و شارۆچکەکانى تریشدا، بەڵام کێبڕکێیەکى توندیش دەبێت.و 48 کاتژمێرى داهاتوو زۆر گرنگ و هەستیار و یەکلاکەرەوە دەبن بۆ کورد و ئەوانى تریش لە تورکیا.
جا هەموان چاوەڕوانى ڕۆژى یەک شەمە و 31ى ئازار دەکەین بەو هیوایەى مانگى ئازارى 2019 ئازارى زیاترى کوردان نەدات و خەم و پەژارەى عفرین وهەڵەبجە و کەرکوکمان لەبیر بباتەوە.
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی