کاوسێن بابەکر: کۆتایی سیاسەت.
بە ووردبونەوەلە پرۆسەی سیاسی هەرێم وادێتە بەر چاو کە پارتەکانی کوردستان سیاسەتیان بەرەوکۆتایی بردووە، بەچاوخشاندنێکی سەرپێیی بەبەرنامەو دروشمەکانیاندا بۆت دەردەکەوێ کەزۆر نزیکن لەیەکتر وهەر ئەوەندەیە کۆپی یەکتر نین، ململانێ فکری و سیاسیەکانیان هێندەکاڵبونەوە هەر ڕاگەیاندنێکی هەر حزبێک بگری ئەگەر ناوەکەی لابەی بۆیەکیکی تر دەبێ وهیج گرفتێکی بنەڕەتی دروست ناکات!
جاران لەحەفتاکان وهەشتاکاندا،بڵاوکراوەو بەیاننامەکانیان ئەگەر ناوی حزبەکانیشیان لەسەر نەبا دەتزانی ئەوە باوەروفکری کام پارتەیانە چونکە جیاوازیە فکریەکان زۆر زەقبوون، بۆنمونە یەکێتی نیشتمانی بەسیاسەتی نەتەوەیی ڕزگاریخوازو ناوەرۆک چەپ وڕادیکاڵ دەناسرایەوە، حزبی شوعی بە سیاسەتە چەپ و ڕیفۆڕمخوازەکەی وپارتی بەناسیۆنالیستیە فەندەمیتالیستیەکەی و ئیسلامیەکانیش بە ئیسلامی سیاسی. بەڵام ئێستا دروشمەکان لەگۆڕاندان ئەوەی دوێنێ داوای سیستەمی پەرلەمانی دەکرد ئێستا کار بۆ سیستەمی سەرۆکایەتی دەکات! بۆنمونە گۆڕان بەدروشمە ڕادیکاڵەکانی دەناسرا و لەدەورەی پەرلەمانی ڕابردوو شەڕی گەورەی لەسەر ڕەتکردنەوەی سیستەمی سەرۆکایەتی و چەسپاندنی سیستەمی پەرلەمانی بوو هەر لەسەر ئەو پێداگریەش لەلایەن پارتیەوە وەدەرنران و وەزیرەکانیشیان دێگەڵە بەدەرکران، کەچی ئێستا لەگەڵ پارتی بەجوتە پرۆژەی چالاک کردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم دەدەنە پەرلەمان و بێگوێدانە ڕیزی نیشتمانی کەخۆیان بەم دروشمەوە بادەدا دەیانەوێ بەهەمان دەستەڵاتەوە بەباڵای نێچیربارزانی ببڕن، ڕەنگە پێشیان وابێ مادام پارتی قبوڵی کردووە لەپەرلەمان هەڵبژێردرێ ئیدی ئەوە سیستەمەکە دەبێتە پەرلەمانی و ئاوێ بێنەو دەستتان بشۆ!
پارتی کەڕازی بوو لەپەرلەمان هەڵبژێردرێ بەموبارەکەی گۆڕان زۆرینەی دەنگەکانی مسۆگەر کردووە، کەئەم زۆرینەیە زۆر زەحمەت دەبێ لەهەڵبژاردنی ناوجەماوەر بەتایبەت کە ئێشتا یەکێتی بەبەرنامەو سیاسەتێکی نوێوە هاتۆتە مەیدان وبەکەمتر لەشەراکەتی ڕاستەقینە ڕازی نابێ!
هەر ئەم دروشم بازی و بەرژەوەند پەرستیە حزبی و کەسیەکان لەناو حزبەکاندا گەورەترین زیانی بەپرۆسەی سیاسی و گەشەی دێموکراسی گەیاندووە، حزب هەرئەوەندە دروشمەجوانەکە بەرزدەکاتەوە تا بەرژەوەندیە حزبیەکانی مسۆگەردەکات ئیدی وەک هەر ئەویش نەبوبێ دروشمەکە فرێدەداو باسێکی تر دێنێتە گۆڕێ بۆ سەرقاڵکردنی جەماوەرو هەوادارانی خۆی هەر ئەوەشە زەمینەی سەرهەڵدانی ڕەوتی پۆپۆلیست و فەوزەوی سیاسی نوێی خوڵقاندووە کەجەماوەرێکی باش بۆ تۆڵەکردنەوە لەحزبەکان دەنگی پێ دەدەن کەدوای ئەزمونێکی زۆر جگە لەخولانەوە لەناوبازنەدا هیچ خەونێکیان بەدینەهات کەخوێن و فرمێسکێکی زۆریان بۆ ڕشتبوو!