شه‌ریف هه‌ژاری: كێن ئه‌وانه‌ی خوێنی جه‌ماوه‌ر له هه‌رێم ده‌مژن, ئایا ته‌نیا بنه‌ماڵه‌كانی بارزانیی و تاڵه‌بانین!؟
هه‌ڵلووشینی سامانی میلله‌ت له باشوری كوردستان، هاوئاستی ده‌سه‌ڵاته گه‌نده‌ڵكاره‌كانی وڵاتانی جیهانیی بڕیووه‌و، له ئاست گه‌نده‌ڵترین ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی ناو مێژوودا ده‌خرێنه به‌راورد كردنه‌وه.
له كوردستان دا هیچ سپه‌یسێك نه‌ماوه گه‌نده‌ڵیی و ڕۆتیناتی تێدا ئه‌نجام نه‌درێت. بۆیه نوقمی فه‌سادی كارگێڕی بووه‌ته‌وه. به‌و مانایه‌ی: زۆرینه‌ی نوسه‌ر و مامۆستا سه‌ربه‌خۆكانی زانكۆ له‌و بۆچوونه‌دا هه‌ڵه‌ن كه هه‌میشه ئاماژه‌ی بۆ ده‌كه‌ن كه ته‌نیا هۆكار بیری ته‌نگه‌تیله‌ی خێڵه‌كییه كه وایكردووه ئه‌و هه‌موو فه‌ساده كارگێڕیی و حوكمڕانییه‌ی له كوردستان دا لێ بێته‌كایه‌وه. نه‌خێر پێموایه: ده‌توانین ده‌یان نموونه‌ی ناو مێژوو بهێنینه‌وه، كه هه‌م ده‌سه‌ڵاتداره‌كان و، هه‌م میللهتهكانیشیان له حوكمڕانییه‌تی ئێستای هه‌رێم خێڵه‌كیی تر بوون، به‌ڵام هێنده‌ی ئه‌مان دز و گه‌نده‌ڵ و فاسدكار نه‌بوون!
هۆكاری سه‌ره‌كی ئه‌وه‌ی فه‌سادی كارگێڕیی و گه‌نده‌ڵیی هه‌موو سپهیسهكانی حوكمڕانیه‌تی هه‌رێمی گرتۆته‌وه، ته‌نیا ئه‌وه‌یه: زۆرینه‌ی كه‌سه‌كان دلسۆز و په‌رۆشیی پیشه و ئه‌ركه‌كانیان نین و، وه‌ك بازرگانێكی چاوچنۆك مامه‌ڵه به كاروباره كارگێڕییهكانیانهوه ده‌كه‌ن و لێپرسینه‌وه‌ی یاسایی و سزادانیش بوونی نه‌بووه‌و نییه. ئیتر له (به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌یه‌ك)ه‌وه بیگره هه‌تاوه‌كوو (ته‌واوی یه‌كه كارگێڕییه‌كانی مزگه‌وت، زانكۆكان، په‌روه‌رده‌كان، وه‌زاره‌ته‌كان، ئاسایش و پۆلیس و دادگاكان) هه‌مووی گرتۆته‌وه.
كاتێك دڵسۆزیی بۆ نیشتیمان و نه‌ته‌وه نامێنێت، ئه‌وكات هه‌موو شتێك له پێناو گیرفاندا كورت ده‌كرێته‌وه. كاتێكیش سزادانی یاسایی بوونی نامێنێت و دادگا ده‌بێته كه‌ره‌سته‌ی ده‌ست كادرێكی نه‌خوێنه‌واری حیزبیی، ئه‌وكات دزی و فه‌سادی كارگێڕیی و ده‌ستگرتن به‌سه‌ر موڵكی میلله‌ت و هه‌ڵلووشینی سامانی گه‌ل ده‌بێته مۆدێل!
له مێژوو دا سه‌دان ده‌سه‌ڵاتی خێڵه‌كیی و دانیشتووانی خێڵهكیمان هه‌بووه، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی (په‌رۆشیی و دڵسۆزی)یان بۆ ئه‌ركه‌كان و پیشه‌كانیان هه‌بووه، ئاستی گه‌نده‌ڵیی و هه‌ڵلووشینی سامانی میلله‌ت و ده‌سته‌سه‌رداگرتنی موڵكی گشتیی له حوكمڕانیهتهكانیان دا نه‌گه‌شتوونه‌ته ئه‌م ئاسته‌ی هه‌رێم.
یه‌كێك له‌و مه‌سه‌له بنه‌ڕه‌تیانه‌ی ده‌مه‌وێت له‌م بابه‌ته‌دا ته‌ركیزی خوێنه‌ری دیسانه‌وه بخهمهوهسهر، ئه‌وه‌یه: ((كێن ئه‌وانه‌ی خوێنی جه‌ماوه‌ر له هه‌رێم ده‌مژن؟))، ئایا ته‌نیا ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌كانی بارزانیی و تاڵه‌بانین!؟
پێموایه یه‌كێك له‌و هۆكارانه‌ی كه تا ئێستا نوسه‌ره سه‌ربه‌خۆكان و چه‌ند دانه‌یه‌ك له مامۆستا سه‌ربه‌خۆكانی زانكۆ (چونكه زۆرینه‌ی مامۆستاكانی زانكۆ قبوڵ خاس حیزبیین و بێ-توانان!) به ئاگا نه‌هێناوه‌ته‌وه ئه‌وه‌یه: هه‌ڵه‌یه گه‌ر هه‌میشه لێكدانه‌وه‌كانیان وابێت كه (ته‌نیا ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌كانی بارزانیی و تاڵه‌بانیین كه خوێنی جه‌ماوه‌ر له هه‌رێم ده‌مژن!).
به‌ڵكوو پێموایه: هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی یاسا پۆست و بڕوانامه و پێگه و سامان و زه‌وی و موڵك و خانوویان له هه‌رێم وه‌رگرتووه، هه‌ر هه‌موویان خوێنی میلله‌تیان مژیووهو، ده‌مژن، هه‌مووشیان به دزیكردنه‌وه گلاون!
ئاخر زۆرم لا سه‌یره، سه‌دان په‌رله‌مانتاری (بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، یه‌كێتیی، پارتیی، كۆمه‌ڵ، یه‌كگرتوو، بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامیی، شوعیی و حسك) به‌ده‌ر له ستانداردی جیهانیی (كه ستانداری جیهانیی ئه‌وه‌یه ته‌مه‌نت بگاته سه‌روو شه‌ست ساڵ ئینجا ده‌بێت خانه‌نشین ببیت) خانه‌نشینبوونیان قبووڵ كردووه به مووچه‌ی قه‌به‌وه. كه‌چی زۆرینه‌شیان بوونه‌ته‌وه به بازرگانی چاوچنۆك و مامۆستای قبووڵ خاسی زانكۆ به‌تایبه‌ت له زانكۆ تایبه‌ته‌كان.
به ده‌یان وه‌زیر هه‌یه به ته‌مه‌نی گه‌نجییه‌وه خانه‌نشینبوونیان قبووڵ كردووه، كه‌چی ئێستا سه‌رقاڵی بازرگانیی و پشك پشكێنه‌ی گه‌وره‌ن. له‌كاتێكدا هه‌موو ئه‌مانه خانوو و زه‌وی و ئاپارتمان و ڤێلا و ئۆتۆمبێلی ئه‌خیر مۆدێلیشیان پێ دراوه.
زۆرم لا سه‌یره، مرۆڤ ده‌ناسم (كۆیله)ی وه‌زیرێكی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی بووه. ئه‌وه هیچ كه وه‌زیره‌كه له هه‌موو بواره زانستییه‌كان دا ئاستی لاوازه. (كۆیله‌كه)ش وه‌ك پاسه‌وانی وه‌زیر به ته‌مه‌نێكی لاوییه‌وه له ماڵه‌وه پاڵی لێ داوه‌ته‌وه‌و مووچه‌ی باش ههڵهلووشێت، كه‌چی شه‌و و ڕۆژ جنێو به گۆڕی (مام جه‌لال و مه‌لا مسته‌فا) ده‌دات. باشه كه تۆ خۆت و وهزیرهكهشت به ته‌مه‌نێكی گه‌نجییه‌وه مووچه‌ی قه‌به ده‌خۆن، مه‌گه‌ر ئه‌و پاره‌یه‌تان حه‌رام نییه؟ مه‌گه‌ر تۆش خوێنمژ نیت و دزی له گه‌ل و نیشتیمان ناكه‌یت!؟ ئه‌گه‌ر ئه‌وه قیمه‌ی گه‌نده‌ڵی نییه، چی تره!؟
له‌به‌ر ئه‌وه، پێموایه هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌ده‌ر له یاساكان له موڵكی گشتیی سوودیان وه‌رگرتووه‌و سوود وه‌رده‌گرن، هه‌ر له مه‌لا قبوول خاسه‌كان، تا مامۆستا قبول خاسهكانی زانكۆكان، تا په‌رله‌مانتاره خانه‌نشینكراوه‌كان، تا وه‌زیره خانه‌نشینكراوه‌كان، تا دادوه‌ره قبول خاسه‌كان، تا زابته قبول خاسه‌كان، هه‌ر هه‌موویان خوێنمژ و چه‌وسێنه‌ر و بێ-ویژدانن. هه‌ر هه‌مووشیان دزن و سامانی ئه‌و میلله‌ته به‌شمه‌ینه‌ته هه‌ڵده‌لووشن!
جیاوازی چییه له نێوان (وه‌زیر و په‌رله‌مانتارانی پارتیی و یه‌كێتیی كه به گه‌نجی خانهنشینكراوون) له‌گه‌ڵ (وه‌زیر و په‌رله‌مانتارانی یه‌كگرتوو و كۆمه‌ل و بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی و گۆران و شوعی و حسك كه قبوولیان كردووه به گه‌نجی خانه‌نشین بكرێن) هه‌ر هه‌مووشیان به مووچه‌ی قه‌به‌وه!؟ خوێنمژین هه‌ر خوێنمژینه، ڕه‌ش پێست بیكات یان سپی پێست، عهشرهتدار بیكات یان بێ-كه‌س، ڕیشدار بیكات یان بێ-ڕیش، خوانه‌ناس بیكات یان نوێژكه‌ر، هه‌مووی دزی و فهسادكارییه!
هه‌روه‌ك چۆن جیاوازی له نێوان هه‌موو ئه‌و وه‌زیر و په‌رله‌مانتارانه‌دا نییه كه هه‌ر به گه‌نجی قبوولیان كردووه كه به مووچه‌ی قه‌به خانه‌نشین بكرێن و به عه‌مده‌ن له (په‌رله‌مانه كارتۆنییهكهدا!) یاسایه‌كیان بۆ خانه‌نشینبوونی خۆیان داتاشیووه كه گوایه گه‌ر ته‌مه‌نت ده سالانیش بێت كه بوویته په‌رله‌مانتار ئه‌وا دوای چوار سالهكهت به‌و مووچه قه‌به‌وه ده‌توانیت خانه‌نشین ببیت (كه ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی هه‌موو یاسا نێودهولهتییهكانه)، ئاوهاش جیاوازی نییه له نێوان ئه‌و كورده خۆرههلاتیی و باكوریی و خۆرئاواییانه كه هاتوونه‌ته هه‌رێم و بوونه‌ته به‌كرێگیراو له میدیاكانیان دا له‌گه‌ڵ كۆیله‌كانی ده‌سه‌لاتی بنه‌ماڵه‌گه‌ریی.
ئیشی ئه‌و كورده خۆرههلاتیی و باكوریی و خۆراواییانه ته‌نیا ئه‌وه‌یه كه گزیرسیفهتانه له كه‌ناله‌كان و وێبسایته‌كانی حیزبه فاسیدهكان دا به شان و باڵی وه‌ره‌سه چهیپاولگهرهكان دا هه‌ڵ بده‌ن و بنووسن. ده‌ی چ جیاوازییه‌كیان هه‌یه له‌گه‌ڵ میدیاكاره حیزبییه كۆیله‌كانی تر دا!؟ مه‌گه‌ر هه‌ردوولایان هه‌ر پیشه‌یان كۆیلایه‌تیی نییه بۆ ده‌سه‌لاتی فاسدكار و وهرهسات سه‌پێن!؟
كه‌وابوو هه‌موو ئه‌و كورده خۆرهه‌ڵاتیی و باكوریی و خۆراواییانهش كه له میدیا و وێبسایته‌كانی ده‌سه‌لاتدارێتیی فاسدكاری وهرهسات سه‌پێنی هه‌رێم كۆیلهیهتیی خۆیان بۆ دوو دینار سه‌لماندووه، گزیرسیفهت و بێ-سه‌نگن و، ئه‌بێت لای مرۆڤی سه‌نگین به (بێ-سه‌نگ و ڕسوا) لێیان بڕوانرێت. ئیتر به ڕواڵه‌ت سه‌ر به هه‌ر حیزب و ڕێكخراوێكی پارچه‌كانی تریش بن، هه‌ر (بێ-سه‌نگ)ن. چونكه پیشه‌یان كۆیلایه‌تییه له پێناو دوو دینار دا بۆ ده‌سه‌لاتی فاسدكاری وهرهسات سه‌پێن! ئه‌وانه شۆڕشگێڕ نین، چونكه شۆڕشگێڕ بۆ دوو دینار خۆی نافرۆشێ و نابێته گزیری ده‌سه‌لاتی فاسدكار!
له سه‌روو هه‌موو ئه‌وانه‌شه‌وه، هیچ جیاوازییه‌ك نییه له نێوان پارچه زه‌وییه‌ك كه موڵكی گشتیی بێت و له‌لایه‌ن (پارتیی یاخود یه‌كێتیی) ده‌ستی به‌سه‌ردا گیرابێت، له‌گه‌ڵ پارچه زه‌وییه‌ك كه موڵكی گشتیی بێت و له‌لایه‌ن (گۆڕان، بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی، كۆمه‌ڵی ئیسلامیی، حسك و هتد)ه‌وه ده‌ستی به‌سه‌ردا گیرابێت. چونكه موڵكی گشتیی هی جه‌ماوه‌ر و نه‌وه‌كانی ئاینده‌یه. هه‌ر حیزب و به‌رپرسێك ده‌ستی به‌سه‌ردا بگرێت، هیچ جیاوازییه‌كی نییه. جا ئیتر حیزبه‌كه ئیسلامیی بێ، سیكۆلار بێ یاخود نه‌ته‌وه‌یی. جا ئیتر به‌رپرسه‌كه قورئان خوێن بێت یان به‌رازخۆر!