بورهان شێخ ڕه‌ئوف: هه‌رێم له نێوان لێكترازان و سازان.
ئه‌وه‌ی متمانه‌ی نه‌هێشت له‌م هه‌رێمه‌دا و پڕۆسه‌ی سیاسیی به هه‌موو به‌ش و جومگهكانیهوه خسته ژێر پرسیاری جددی و مه‌ترسییه‌وه، ڕێگریكردن بوو له سه‌رۆكی په‌رله‌مان له بازگه‌ی پردێ له لایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌كانی پارێزگای هه‌ولێره‌وه له ڕۆژی 12/10/2015 كه نه‌یانهێشت بگه‌ڕێته‌وه سه‌ر كاره‌كه‌ی له هه‌ولێری پایته‌خت.
ئه‌و كاته‌ی فراكسیۆنه‌كانی یه‌كێتیی و گۆڕان و كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو پڕۆژه‌یاسایه‌كیان پێشكه‌ش كرد بۆ هه‌مواری یاسای سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم له كاتێكدا سه‌رۆكی هه‌رێم ولایه‌ته‌كه‌ی له ته‌واوبووندا بوو ئیتر هیچ بوارێك بۆ مانۆر و خۆلادان له هه‌مواركردنه‌وه‌ی ئه‌و یاسایه نه‌مابوو، فراكسیۆنه‌كانی ناو په‌رله‌مانی كوردستان جگه له فراكسیۆنی پارتی هاوڕا بوون بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم, به‌ڵام دواجار پارتی دیموكراتی كوردستان وه‌كو خۆیان له بڵندترین ئاستدا وتیان له نێو بژارده خراپه‌كاندا خراپترینیان هه‌ڵبژارد و مانایه‌ك بۆ سه‌روه‌ریی یاسا و دامه‌زراوه‌ی یاسادانان كه په‌رله‌مان بوو نه‌مایه‌وه و به زه‌بری چه‌ك و كووتهك ڕێ له دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مان گیرا ئه‌مه جگه له ناردنه‌وه‌ی به‌شێك له وه‌زیره‌كانی گۆڕان بۆ ماڵه‌وه به بێ هیچ پاساوێكی یاسایی كه تا ئێستاش وه‌زاره‌ته‌كانیان به وه‌كاله‌ت به‌ڕێوه ده‌برێن ته‌نیا وه‌زیری دارایی نه‌بێت كه سه‌نگه‌ری گواسته‌وه.
به‌ڵێ ئه‌مه هه‌نگاوێك بوو كه ده‌رگای كرده‌وه بۆ كاردانه‌وه‌ی خراپتر، ئه‌گه‌ر ئه‌وكات پارتی دیموكراتی كوردستان ملی به‌و پڕۆژه‌یاسایه بدایه بۆ هه‌مواری یاسای سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم ئه‌وا دیموكراسی هه‌نگاوێكی باش له هه‌رێم ده‌چووه پێش و ناو و ناوبانگی هه‌رێمیش له لای وڵاتان و ناوه‌نده‌كانی بڕیار له ناوچه‌كه و بگره جیهانیش سه‌نگین ده‌بوو، ئه‌مه له كاتێكدا بوو ئه‌و هه‌نگاوه هیچ زیانێكی سیاسی و ستراتیجی و ته‌كتیكیی ئه‌وتۆی به پارتی دیموكراتی كوردستان نه‌ده‌گه‌یاند له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌وان زۆربه‌ی جومگه گرنگه‌كانی حکومڕانیی هه‌رێمیان له بن ده‌ستدا بوو هه‌ر له دارایی و ئه‌منی و سه‌ربازی و دیبلۆماسیشه‌وه.
ئه‌و هه‌نگاوه هاوپه‌یمان و هاوبه‌شه گرنگه‌كه‌ی پارتی كه یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه خسته هه‌ڵوێستێكه‌وه كه به كۆی په‌یوه‌ندی و ڕێككه‌وتنامه‌كانی نێوانیان به ڕێككه‌وتننامه‌ی ستراتیجی كه له‌سه‌ر ده‌ستی ڕه‌وانشاد مام جه‌لال و لەگەڵ كاك مه‌سعود واژۆ كرابوو بچێته‌وه و به دوای فۆرمی نوێ و میكانیزمی نوێ و ڕێككه‌وتنی نوێ و هاوبه‌شیی ڕاسته‌قینه له به‌ڕێوه‌بردنی هه‌رێمه‌كه‌دا بگه‌ڕێت.
ڕاسته ئێستا پارتی دیموكراتی كوردستان خاوه‌نی 45 كورسیی په‌رله‌مانی كوردستانه كورسیی كۆتاكانیش له فه‌له‌كی ئه‌واندا ده‌خولێنه‌وه كه 11 كورسین, به‌ڵام یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به ته‌نها ئاكامی هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌سه‌ند كرد لایه‌نه‌كانی تر هیچیان ئاماده نه‌بوون كۆنووسی كۆتایی ئاكامی هه‌ڵبژاردنه‌كانی 30/9/2018 واژۆ بكه‌ن، چونكه هه‌موو لایه‌نه‌كان تێبینی و سكاڵا و گله‌یی جددییان هه‌بوو له‌و پڕۆسه‌یه، ڕه‌نگه ئه‌مه هه‌ڵه‌ی یه‌كێتیی بووبێت كه چۆن ئه‌و ئه‌نجامانه‌ی په‌سه‌ند كرد و ده‌بێ ئێستا باجه‌كه‌ی بدات چونكه پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌رچه‌نده به لێدوان ده‌ڵێن یه‌كێتیی هێزێكه په‌راوێز نا‌خرێت و زۆر بارودۆخی قورس و نالهبهرمان به یه‌كه‌وه تێپه‌ڕاندووه به‌ڵام له ڕووی پراكتیكه‌وه شه‌ڕی قورس و ئێسقانشكاندنی له‌گه‌ڵدا ده‌كات هه‌ر له مه‌سه‌له‌ی هه‌ڵبژاردنی سهرۆككۆمارهوه تا كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان و هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكه‌كه‌ی به بێ ئاماده‌بوونی یه‌كێتیی و له‌وه‌ش خراپتر دانانی لیژنه‌ی یاسایی په‌رله‌مان و ئێستا خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م بۆ هه‌مواری پڕۆژه‌یاسای سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم.
سه‌رباری هه‌موو ئه‌وانه سه‌ركرده‌ی مه‌زن و سیاسه‌تمه‌داری به توانا ئه‌وه‌یه كێشه چاره‌سه‌ر بكات و به‌رژه‌وه‌ندیی باڵای گه‌ل و ئایینده‌ی ئه‌م هه‌رێمه بخاته سه‌ر و به‌رژه‌وندییه ته‌سكه حزبییه‌كانی نه‌ك شه‌ڕ و ململانێی نابه‌جێ و خۆسه‌پاندن و كاركردن به گیانی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه.