بورهان شێخ ڕەئوف: داعش لە بێشکەوە تا گۆڕ.
ڕۆژى 23/ ئازار 2019 وتەبێژى هەسەدە هێزەکانى سوریاى دیموکرات کە لە زۆرینەى کورد پێکهاتوون و ئەمریکا پشتیوانى یان دەکات، مژدەى سەرکەوتن و کۆتایى هاتنى دەوڵەتى ئیسلامى لە عێراق و شام ڕاگەیاند کە لەدوا پێگەیان لە ڕۆژهەڵاتى فورات و بە دیاریکراوى لە شارۆچکەى باغۆز لە ڕۆژهەڵاتى دیرزۆر هەموو بنکەو بارەگاکانیان ڕزگار کراو تارومار کران.
بۆیە پێم باش بوو لەم کاتەدا کە دەوڵەتى خەلافەتى ئیسلامى داعش سەرەنگوم بوو پانورامایەکى خێراى چۆنیەتى سەرهەڵدان و نەشونماکردنى و فەرمانڕەوایى چوارساڵى پڕلە کارەسات و ماڵوێرانى و تاوانى گەورە گەورەو هەتک کردنى حورمەتى مرۆڤ و کوشتن و لەناوبردنى هەرکەسێک کە لەگەڵیاندا نەبێت و تا جینوۆسایدى ئێزیدییەکانى شەنگال و بە سەبایاو کەنیزەک کردنى کچ و ژنانەکانى یان.
ڕاگەیانى دەوڵەتى خەلافەت
لە 29/حوزەیرانى 2014 تاقم و گروهە چەکدارەکانیان دەوڵەتى ئیسلامى یان لە عێراق و شام ڕاگەیاند لە هەموو ئەو ناو چانەى کە لە ژێر دەستەڵاتیاندا بوو ،لە تۆمارێکى دەنگى کە بڵاویان کردەوە لە یەکەم ڕۆژى مانگى رەمەزانى ئەو ساڵەدا ناوەکەیان گۆڕى بۆ (دەوڵەتى ئیسلامى ) بەم گۆڕانکاریەش بۆ یەکەم جار دواى نزیکەى سەد ساڵ ڕێککەوتنامەى سایکس _ بیکۆ یان هەڵوەشانەوە قوولە کانى سنوورى نێوان عێراق و سوریایان تێکداو ئەبوبەکر بەغدادیان وەکو خەلیفەى ئیسلام ڕاگەیاند داوایان لە خەڵکى کرد پەیمان و سۆز و موبایەعەى بکەن.
ڕێکخراوى دەوڵەتى ئیسلامى لە 10 / حوزەیران 2014 دەستیانگرت بە سەر شارى مووسڵ دووەم گەورە پارێزگاى عێراق دواى ئەووەى سوپاو هێزەچەکدارەکانى عێراق شەڕییان نەکردو هەمووچەک و تەقەمەنى و کەرەسە سەربازییەکانیان دا بە دەست چەند سەد چەکدارێکى داعشەوە کە بەو چەکو تەقەمەنى و کەرەسانە سێ یەکى خاکى عێراقیان داگیرکرد دواتر، هەرچەندە پێشتریش لە ساڵى 2013 شارى ڕەقەو دێر زور و بەشێک لە شارى حەلەب ى سوریایان داگیرکردبوو بەم شێوەیە هەردوو شارى مووسڵ و ڕەقە بوون بە پایتەختى دەوڵەتى خەلافەتى ئیسلامى.
لە 5 تەمووزى 2014 بۆ یەکەمجار ئەبوبەکر بەغدادى دەرکەوت لە تۆمارێکى فیدیۆیى داواى لە موسڵمانان کرد سۆزى پێ بدەن و موبایەعەى بکەن. بۆیە ئیتر لەو کاتەوە دەستیانکرد بە جێبەجێ کردنى شەریعەتى ئیسلام بە دیدو بۆچوونى خۆیان بۆ ئایین و بۆ ئیسلام کە هەزارو چوارسەد ساڵى ڕابردووى سەرهەڵدانى ئەو ئایینە ئەمە شێوازێکى نوێ ى توندوتیژى و لە ناوبردن بوو چ بە جێبەجێ کردنى حوکمى ئیعدام بە سەرخەڵکێکى زۆردا بە تاوانى خیانەت و بەکرێگیراوى بۆ بێگانەو زینا و بەگشتى هەموو ئەوکەسانەى کە وەکو ئەوان بیریان نەدەکردەوە مەحکوم بوون بە ئیعدام.
جگە لە بە کەنیزەکردنى ئافرەتانى یەزیدى و کڕینو فرۆشتن کردن پێ یانەوە لە بازاڕەکانى ڕقەو مووسڵ ڕێکخراوەکانى مافى مرۆڤیش تۆمەتباریان دەکەن بە پاکتاوکردنى ڕەگەزىو ئتنیکى و جینۆساید و ئەشکەنجەدانى زیندانیان، لەمانەش مەترسیدارتر و دڕندانەتر ڕێکخراوى دەوڵەتى ئیسلامى چەندین پرۆسەى کوشتن و سەربڕین و سووتاندنى تۆمارکردو بە فیدیۆیى و لە تۆڕەکانى ئەنتەرنێت و تۆڕکۆمەڵایەتیەکانەوە پەخشیان دەکرد هەروەها چەندین کردەوەى خۆکوژى و تەقاندنەوەى بۆمب و بۆمبڕێژکردنى ئۆتۆمبیل و داهێنانى چەندین شێوازى نوێ یان داهێنا و بەفەرمى بەرپرسیارێتى خۆیان لێ ى ڕادەگەیاند لە عێراق و سوریا کە خەڵکێکى زۆرى سڤیل یان دەکردە ئامانج و دەبوونە قوربانى.
هاوپەیمانى نێودەوڵەتى بۆ لە ناوبردنى داعش
لە دواى سەرهەڵدانى ئەم ڕەوتە توند ئاژۆ و تاوانبارە هاوپەیمانى نێودەوڵەتى بۆ لە ناوبردنى داعش پێکهات لە حەفتا دەوڵەت بە سەرۆکایەتى ئەمریکا و هەر ئەمریکا خۆى بەتەنها 5000 سەربازى ڕەوانەى ناوچەکە کردو لە مانگى ئەیلەلى 2014 یەکەم پەلامارى ئاسمانى بۆ سەر بنکەو بارەگاکانى دەوڵەتى ئیسلامى لە سوریا دەستپێکرد دواى ئەوەى پێشتر لە عیچراق پەلامارى دابوون.
سەرەتاى تێکشکان و پاشەکشەى داعش
لە 26کانوونى دووەمى 2015 هێزە کوردییەکانى سوریا بە پشتیوانى هاوپەیمانى نێودەوڵەتى دژى داعش شارى کۆبانى یان لە داعش ڕزگارو پاک کردەوە .
لە 31 ئازارى 2015 سوپاو هێزە چەکدارەکانى عێراق پارێزگاى سەلاحەدین کە ناوەندەکەى شارى تکریتە لە داعش پاککردەوە دواتریش شارەکانى ڕومادى و فەلووجە و شەنگال ڕزگارکران لە تیرۆریستانى دەوڵەتى خەلافەت.
لە ئابى 2016 هێزەکانى سوریاى دیموکرات (هەسەدە) شارى مەنبەج یان ڕزگارکرد لە داعش و گروهەکانىئۆپۆزەسیۆنى سوریاى سەر بەتورکیا دەستیان گرت بە سەر شارى جەرابلس و باب ى سەربە پارێزگاى حەلەبى سوریا لە مانگى شوباتى 2017 .
لە 10 تەمووزى 2017 حەیدەر عەبادى سەرۆک وەزیرانى عیچراق و فەرماندەى گشتى هێزەچەکدارەکانى عێراق ڕزگارکردنى تەواوى شارى مووسڵى ڕاگەیاند دواى نۆ مانگ هێرش و شەڕو ئۆپەراسیۆنى بەردەوام بە پشتیوانى هاوپەیمانى نێودەوڵەتى دژى داعش .
لە 17 / تشرینى یەکەمى 2017 هەسەدە شارى ڕەقەى پایتەختى دەوڵەتى خەلافەتى ئیسلامیشى لە بندەستیان دەرهێنا.
لە مانگى کانوونى یەکەمى 2017 سەرۆک وەزیرانى ئەوکاتى عێراق عەبادى سەرکەوتنى تەواوى بەسەر هێزەکانى داعش لە عێراقدا ڕاگەیاند.
لە گۆڕنانى داعش دوا وێستگە
لە 23 ئازارى 2019 هەسەدەو ئەمریکاش لەلاى خۆیەوە سەرکەوتنى تەواویان بەسەر سوپاى جەهل و ڕەشپۆشى داعشدا ڕاگەیاند لە دوا پێگەیان لە باغۆزى لە ڕۆژهەڵاتى سوریا .
لە کۆتاییدا سەرەڕاى ئەوەى دوا بنکەو بارەگاو پێگەى ئەو هێزە وەحشیگەرە کۆنترۆڵ کرا لە عێراق و سوریا بەڵام ئێستاشى پێوەبێت لە بیابانەکانى عێراق و بادییەى شام خۆیان حەشارداوەو شانەى نووستوویان لە زۆر شوێن هەیە مەترسى جدییان هەیەبۆ ئارامى و سەقامگیرى ناوچەکە، چونکە هەموو ئەو فاکتەرانەى کە زەمینەیان خۆش کرد بۆ سەرهەڵدانى ئەم ڕەوتە توندئاژۆیە هێشتا ماون، بۆیە ئەرکى هاوپەیمانى نێو دەوڵەتى و وڵاتانى ناوچەکەشە کە ئەو ئەرکە قوورسە بگرنە ئەستۆ ئەویش چارەسەرکردنى کێشەو ئاریشە ئاڵۆزەکانى وڵاتانى ناوچەکە چ لە دابینکردنى دادپەروەرى و یەکسانى هاوسەنگى و شەفافیەت و خزمەتگوزارى و دابینکردنى هەلى کارو ئازاداى و نانو خۆشگوزەرانى.