جیهاد موحەمەد: هێلکەگونکڕەکان، کێن؟!
ماوەیەکە ئەم دیاردەیە، کەم، یان زۆر لە کوردستاندا دەنگی داوەتەوە و قسەی لەسەر دەکرێت، حەزم کرد وەک هاوڵاتیەک قسەی خۆم و ڕای خۆمی لەسەر بدەم.
هێلکەگونکڕ، کەسێکی دواکەوتووی شوانکارەییە! ڕەنگە هێلکەگونفرۆشیش، بە هەمان شێوە هەمان بیری دواکەوتوانەی شوانکارەیی هەبێت!، وەلێ وەک دەڵێن، نرخی گونفرۆشتن زۆرە و ڕەنگە ئەم نرخە زۆرە، یان پێویستی ئابووریی و دارایی و داهاتی نزم وەک گورچیلەفرۆشەکان پاساوێک بێت بۆ ئەو کارە، لێردەدا، لەبەرئەوەی زانیاریم لا نییە، نامەوێت قسە لەسەر هێلکەگونفرۆشەکان بکەم، بەڵام لاموایە، پێویست بە زانیاری ناکات لەسەر هێلکەگونکڕەکان، چونکە ئەمەیان ئاشکرایە لە کوێوە سەرچاوە دەگرێت.
هەڵبەت گونکڕەکان، نەزۆکەکانن ـ هەڵبەت هەموویان نا ـ، لە پێناوی ئەوەی منداڵیان بێت، گون دەکڕن، دەنا هیچ پاساوێکی تری لە پشتەوە نییە، بڕواناکەم بۆ ئەوە بێت ئاستی سێکسیان بەرز بێتەوە، خۆ ئەگەر بۆ ئەوەش بێت، هەر بە هەمان شێوە جۆرێکە لە بیرکردنەوەیەکی دواکەوتوانە و شوانکارەییانە.
لە ئەوروپا و ئەو کۆمەڵگانەی کە مرۆڤییانە بیر دەکەنەوە، کە بە پەروەردەیەکی مرۆڤییانە لە منداڵییەوە گۆشکراون و ڕاهێنراون، ئەو کەسانەی تووشی نەزۆکی دەبن، چ لە پیاوەکاندا، یان لە ژنەکاندا، بە کارێکی سروشتی وەردەگرن. مرۆڤی نەزۆک لەم کۆمەڵگانەدا هەست بە کەمیی ناکات، ناشبێت بە جێگەی باسوخواس و توانج و کەم تەماشاکردنی لە لایەن کەسانی ترەوە، تەنانەت بۆ هیچ کەس نییە پرسیار لە هەرچ ژنێک، یان پیاوێک بکات، بۆچی منداڵی نابێت.
لە لایەکی تر، ژن و پیاوە نەزۆکەکان، ئەوەندە مرۆڤییانە بیر دەکەنەوە، هەموو منداڵێک بە منداڵی خۆیان دەزانن، بۆیە کاتێک زۆر حەز لەوە دەکەن، کە منداڵێک یان دوو منداڵیان هەبێت، لە ڕێگەی هەندێک ڕێکخراوی منداڵپاڕێزەوە، هەوڵ ئەدەن بە یاسا و ئاگاداری لایەنە پەیوەندیدارەکان، منداڵێک لەو منداڵانەی کە دایک و باوکیان نییە بەخێو بەکەن، ئیتر وەک منداڵی خۆیان بەخێوی دەکەن، وەک منداڵی خۆشیان خۆشیان دەوێت، وەک منداڵی خۆشیان سەروەت و سامانی خۆیانی پێ ڕەوا دەبینن و منداڵەکە دەبێت بە میراتگری سەروەت و سامانی دایک و باوکی هەڵگرەوەی.
ڕۆژانە لەم ناو کۆمەڵگای نەرویجیی و سویدییەدا، بۆ نموونە، چەندین دایک و باوکی سوور و سپی پێست، دەبینێرێن، منداڵێکی ڕەشتالەی خوێن گەرمی چاو ڕەشی ئەفەریقیی، یان گەنم رەنگێکی وڵاتانی دیکەیان بە دەستەوەیە. زۆر جار بینیومە، دایک و باوکی نەرویجیی بە دەست بیانوگرتنی منداڵە هەڵگرەوەکەیەوە، بە چارەکە سەعات وەستاوە و لاواندوێتی بۆ ئەوەی ژیریی کاتەوە و ساردەمەنیەکی بۆ نەکرێت لەو ساردوسەرمایەدا، کە منداڵەکە داوای دەکات. یەک کەمتەرخەمی بکات بەرامبەر بە منداڵە هەڵگرەوەکە، جگە لەوەی لێی دەسەننەوە، سزاشی دەدەن.
بە داخەوە، لە کوردستاندا، ئەم شێوازە مرۆڤییانە نییە، یان زۆر دەگمەنە، خۆ ئەگەر هەشبێت، ئەوە منداڵە هەڵگرەوەکە لە گەورەبوونیشیدا دەبێت بە جێگەی تانە و توانج، بە توانجەوە پێی دەوترێت بە منداڵی هەڵگیراوەتەوە.
سەیر لەوەدایە، زانیاریە پزیشکییەکان، دەلێن، پیاوی گونکڕ، کە منداڵیشی ببێت، منداڵەکەی مۆر و خانەی گونفرۆشی پێوە دەبێت. کەواتە ئەم عەزێتە بۆ دەداتە بەرخۆی، ئەگەر منداڵێکی بێ دایک و باوک هەڵگرێتەوە باشتر نییە؟. بەڵام چونکە دواکەوتووانە بیر دەکاتەوە، پێیخۆشە ژنەکەی سکی پڕ بێت، بەمە هەست بە پیاوەتی و نێریتی خۆی دەکات، هەروەها، ژنەکەش، کە سکی پڕ دەبێت هەست بە پیاوەتی مێردەکەی و ژنێتیی خۆی دەکات.
سەیری ئەم دواکەوتوویەتیە بکەن، ئاخر نووسینێکم نووسی لە ژێر تایتڵی(مرۆڤی رۆژهەڵاتیی نە مێژووی هەیە و نە مێژووکردە) ناحەقم نەبوو، وایە، ئێمە لە یەک مێژووی کۆن و بەسەرچوودا ماوینەتەوە. برادەرێکم لەسەر ئەو نووسینە ڕەخنەی لێ گرتم و پێی وتم ئەو تایتڵە زۆر ڕەق و زبرە، خۆشم کە نووسینەکەم نووسی، زانیم کە ڕەق و زبرە، بەڵام هەتا بە ڕەقی و زبری لەسەر خۆمان نەدوێین ڕەخنەکانمان کاریگەریی نابێت.
گونکڕین و گونفرۆشتن و گورچیلەکرین و فرۆشتن، هەرچەندە، زۆر جیاوازیان هەیە، چونکە دووهەمیان پەیوەندی بە ژیانەوە هەیە، بەڵام هەموویان ئەوە دەگەیەنن، کە کۆمەڵگای کوردستان تووشی فەرمانڕەواییەکی چەپەڵ و گەندەڵ و پەروەردەیەکی دواکەوتوو بووە، دەنا ئەم کارانە دەبوو بە سزای یاسایی قەدەغە بکرێت، بەڵام پێش سزا یاساییەکەش، دەبێت، باری دەروونی مرۆڤەکان ئاسایی بێت، واتا کەس پێویستی بە گورچیلە کڕین نەبێت، پەروەردەیەکی وا هەبێت لە وڵات و ناو کۆمەڵگادا، هەرچ کەسێک، یان زۆربەی کەسەکان، پێش مردنیان، پەیمان بدەن بە نەخۆشخانەکان، هەرچ کات بە مردنێکی کوتوپڕ مردن، ئەندامەکانی لەشی پێشکەش بکەن بەو نەخۆشەی کە پێیوستێتی. ئاخر خۆ دوای مردن، ئەندامەکانی لەش هیچ سوودێکی نییە بۆ مرۆڤەکان.
دیسان پەروەردەیەکی مرۆڤییانەی وا بگوزەرێت لە ناو خێزان و کۆمەڵگا و فێرگەکاندا، کە خەڵک ئەوەندە بیری دواکەوتووانەی نەبێت. بەڵام ئەو دیاردە نەخوازرا و نامرۆییە دواکەوتووانە، دەسەڵاتە ستەمکارە قۆرخکارە درێژخایەنەکە سوودی لێ وەردەگرن. ناهۆشیاری چەند ماڵوێرانیە بۆ کۆمەڵگا، هێندە و زیاتریش سامانێکی گەورە و قوڕێکی خۆشکراوە بۆ درێژەدان بە فەرمانڕەوایی ستەمکارەکان.
لەم کۆمەڵگا پێشەکەوتوانەدا، هەرچ کەسێک تانە بدات لە کەسێک، کە نەخۆشە، یان نەزۆکە، سزای یاسیی گەورە دەدرێت. تەنانەت هیچ کەسێک بۆی نییە بەزەیی بە نەخۆشێک یان خاوەن پێداویستییەکی تایبەتدا بێتەوە.