لوقمان غه‌فوور: عیزه‌ت ئه‌لدوری” فریادڕه‌سه!
ماوه‌ی دوو رۆژه میدیای عه‌ره‌بی و هه‌ندێك له میدیاكانی ئه‌مریكاش فۆوكسێكی سه‌یریان خستۆته سه‌ر گرته ڤیدیۆییه‌كه‌ی “عیزه‌ت ئه‌لدوری” جێگری سه‌رۆك كۆماری پێشووی حزبی هه‌ڵوه‌شاوه‌ی به‌عس له‌عیراق، كه ره‌نگه ئه‌م فۆكس خستنه سه‌ر ئه‌لدوری به‌ڕه‌گه‌ز سوونه له‌عیراق بێ هۆ نه‌بێت، هه‌رچه‌نده ساڵانه له‌م جۆره ڤیدیۆییانه بڵاوده‌كاته‌وه، به‌ڵام گرته ڤیدیۆ ده‌نگییه‌كه‌ی ئه‌مساڵی زۆر جودایه له سڵانی رابردوو.
بیرمه مانگی جێنیوه‌ری ئه‌مساڵ هه‌واڵێكم له ته‌له‌فزیۆنی سی ئێن ئێن وه‌رگرت تێدا ئاماژه‌م به‌وه‌دا ئه‌مریكا ده‌یه‌وێت سوونه بگێڕێته‌وه سه‌ر گۆڕه‌پانی سیاسی عیراق. هه‌واڵه له‌و كاته‌دا باسی ناهاوسه‌نگی ده‌سه‌ڵاتداری له‌عێراق ده‌كرد، هه‌رچه‌نده له راپۆرته‌كه‌دا ئاماژه‌یه‌كی ئه‌وتۆی تێدا نه‌بوو، چۆن؟ به‌ڵام مژاركردنی ئه‌م هه‌واڵه و جێبه‌جێكردنی لای ئه‌مریكا كاتی ده‌وێت.
ئه‌مریكا بێ‌ئومێد بووه له شیعه‌ی عیراق، ته‌نانه‌ت به هه‌موو شێوه‌و سیاسه‌تێك ئه‌یه‌وێت له ئیران دووری خاته‌وه، به‌ڵام پێكهاته‌ی شیعه له‌عیراق وه‌ك كلكی ئیرانی لێهاتووه، ته‌نانه‌ت له هه‌ندێك بارودۆخی سیاسی‌دا كوردیشیان خستۆته ناو ئه‌و كلكایهتییهوه، له‌كاتێكدا هه‌رگیزا و هه‌رگیز ئێران به‌رهه‌مێكی باش و به‌پیت نه‌بووه بۆ كورد، ته‌نانه‌ت له‌ماوه‌ی شه‌ڕی عیراق-ئیران‌دا ئه‌وه‌نده‌ی زیانی به‌ر بزووتنه‌وه‌ی كوردایه‌تی گه‌یاند ئه‌وه‌نده باشێتی نه‌بوو، به‌شێك له‌و رقوتۆڵهیهی به‌عس-یش له ئه‌نفالدا هۆكاره‌كه‌ی بۆ ئه‌و دهستتێكهڵكردنه ده‌گه‌ڕێته‌وه له‌گه‌ڵ ئیران.
ئێران نه‌گبه‌تی و نه‌هامه‌تییه بۆ عیراق و بۆ كورد، توخمێكی ماڵوێرانكه‌ره له‌ئێستادا، بۆیه ئه‌مریكا ئه‌بێت ئه‌م توخمه وێرانكه‌ره له‌ناوبه‌رێت. بۆ ئه‌مه‌ش ئه‌بێت هه‌موو چه‌كه‌كان به‌كاربهێنێت، یه‌كێك له‌و چه‌كانه بۆ بنبڕكردنی ده‌ستی ئیران له‌عێراق، سوونه‌ی عیراقه. یه‌كێك له‌و ره‌گه‌زه سه‌ره‌كیانه‌ی ناو سوونه‌ی عێراق-یش، كاره‌كته‌ره كۆنه‌كانی به‌عسه.
پیشاندانی عیزه‌ت ئه‌لدوری له‌م كاته‌دا، به ده‌ستێكی له‌رزۆكه‌وه كه هه‌ره‌شه له ئێران و بڕینی ده‌ستی ئیران ده‌كات بێ هۆكار نییه. ئه‌لدوری و هاوه‌ڵه‌كانی كه له‌نێوان وڵاتانی عه‌ره‌بی هاتووچۆ ده‌كه‌ن و یه‌كێكه له‌و وه‌ره‌قانه‌ی ئه‌مریكا نیشانی شیعه‌ی عیراقی ده‌دات. كه ده‌شێت دواجار وه‌ك چۆن كه‌س نه‌یزانی بۆچی و چۆن رژێمی شا له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه له ساڵی 1979 ته‌فروتونا كرا و رژێمێكی نادیموكراتی به‌سه‌ركردایه‌تی خومه‌ینی هێنایه سه‌ر حوكم، ئاوه‌هاش شیعه له عیراق ته‌فروتونا بكات و سوونهیهكی تری نادیموكرات بێنێته‌وه سه‌ر حوكم.
عیزه‌ت ئه‌لدوری بۆ عیراق نه فریادره‌سه، نه چه‌كێكی به‌هێزیشه له‌ئێستادا، به‌ڵكو پیشاندانی له‌م كاته‌دا ته‌نیا ئاماژهیهو به‌س، وهرهقهیهكه پیشانی شیعه ده‌درێت، هه‌روه‌ك ئه‌و ئاماژانه‌ی كه له‌دوو ساڵی رابردوودا له‌وڵاتی ئوردنه‌وه پیشانده‌درێن، له‌سه‌ر نه‌وه‌كانی سه‌دام. ئه‌مریكا نه‌ك نیگه‌رانه به‌وه‌ی شیعه، عیراقی كردووه به به‌شێك له‌ئیران به‌ڵكو بێومێد بووه له‌وه‌ی شیعه هیچ چاره‌سه‌رێكی نه‌ماوه.
په‌یامه‌كه‌ی ئه‌لدوری روون و ئاشكرایه، ئه‌مه پرۆگرام و كاركردنی ئه‌مریكایه كه داوای ناتۆیه‌كی عه‌ره‌بی ده‌كات به‌رابه‌رێتی سعودییه، سێ ره‌گه‌زی سه‌ره‌كی له قسه‌كانی ئهلدوریدا هه‌ن، (داوای لێبوورد له كوه‌یت له‌سه‌ر ئه‌و هێرشه‌ی ساڵی 1990 عێراق كردییه سه‌ریان، بڕینه‌وه‌ی ده‌ستی شیعه له‌عیراق و سڕینه‌وه‌ی شیعه له‌عیراق پێویستی به هاوپه‌یمانییه‌ك هه‌یه به‌سه‌ركردایه‌تی سعودیه، هێرشنه‌كردنه سه‌ر ئه‌مریكا له‌وتاره‌كه‌دا.)
دواجار ده‌توانین بڵێین بۆ بڕینه‌وه‌ی ده‌ستی ئیران له ناو عیراق، ئه‌مریكا دوو ئه‌گه‌ری هه‌یه یان ئه‌وه‌تا عیراقییه نه‌گبه‌ته‌كان عاقڵ بكات تا ده‌ستبه‌رداری ئیران بن كه پێناچێت شیعه‌كان د‌رك به‌م ترسه بكه‌ن، یان گه‌ڕانه‌وه‌ی دوژمنه كۆنه‌كه، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی ته‌فروتوناكردنی ئیران به‌شێكی گه‌وره‌یه له‌سیاسه‌تی ئه‌مریكا، بیریشمان نه‌چێت ئه‌مریكا عیراقی به 13 ساڵ روخاند. پێتان سه‌یر نه‌بێت ئێران پێویستی به 15 ساڵ بێت.