بورهان شێخ ڕەئوف: عێراق و دەستوورو کێشەکانى دواى 16 ساڵ.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

عێراق و هەرێمى کوردستان لە دواى شازدە ساڵ لە پرۆسەیەک هێشتا لە سەرناوەکەى هەمووان کۆک نین ئایا ئازادکردنى عێراق بوو یان داگیرکردن هەریەکەو شرۆڤەیەکى بۆ دەکات ئەگەر ئەمریکا خاوەنى بیرۆکە کەو داینەمۆى پرۆسەکە بوو بە یاسا خۆى بە داگیر کەر ى عێراق بناسێت ئەبێت پێکهاتەکانى عێراق چ ناوێکى لێ بنێن ؟
ڕاستە پێکهاتەى شیعە لە دواى دەوڵەتى عەباسیەوە خۆیان بە ژێردەستەو زوڵم لێکراوو چەوساوەو پەراوێز خراو دەزانن لەجیهانى ئیسلامى و بەتایبەتى لە عێراقدا کە لەوەتەى لە ساڵى 1921 ەوە دەوڵەتى عێراق دامەزرا کەچى بەشێک لەوانیش عێراق بە داگیرکراو و ئەمریکاش بە داگیر کەر دەناسن هەرچەندە لە هەشتاوچوارساڵى حوکمڕانى عێراقدا بە قەدەر ئەم سەردەمەى دواى پرۆسەى گۆڕانکارى عێراق لە 2003 ەوە باڵادەست نەبوون .
کوردیش هەقى خۆیەتى ئەم پرۆسەیە بە ئازادى ناوببات، چونکە کۆتایى بە سەردەمى فەرمانڕەوایى تاکحزبى و دکتاتۆرى هات کە جینۆسایدى کوردى بە بەرنامە جێبەجێ دەکرد.
سوونەى عەرەبیش کە فەرمانڕەواى پلەیەک و باڵادەستى عێراق بوون لە سەروەختى دامەزرانییەوە سەرەڕاى کەمى ژمارەکەیان تاوەکو 2003 ئەم پرۆسە بە داگیرکردن ناودەبەن چونکە ئەوان زیانمەندى یەکەم بوون.
ئەوەى دەخوازم قسەى لە سەربکەم ئەوەیە بۆچى عێراق لە دواى شازدە ساڵ لە نەمانى ڕژێمى دکتاتۆرى بەعس و دکتاتۆرەکەى سەدام حوسین سەرەڕاى نووسینى دەستوور و ڕاپرسى لە سەرى حکومەتى ڕاگوزەرو پێنج کابینەى حکومەت و پێنج خوولى ئەنجوومەنى نوێنەران هێشتا ئارامى و سەقامگیرى بەخۆیەوە نەبینیووەو و بنەماکان و دامەزراوەکانى دەوڵەت لە سەرپێ ى خۆیان نەوەستاون و مافەسەرەتاییەکانى مرۆڤ بۆ ژیانێکى شەرافەتمەندانەو ئاسایى خزمەتگوزارییە سەرەتایى و پێویستەکانى هاوڵاتیان لە ئاوو کارەباو چارەسەرى تەندروستى و پەروەردەو ئاسایش لە ئاستى پێویستدا نین.

دەبێت ئەو هۆکارانە چى بن؟
پێش ئەوەى هۆکارەکان بڵێم حەزدەکەم ئەوە بپرسم ئایا گەلى عێراق بە هەموو پێکهاتەکانیەوە ئامادەو سازە بوو بۆ ئەم کرانەوە گەورەیە کە تا 2003 مۆبایل و سەتەلایت قەدەغە و یاساغ بوو تێیدا سیستمى یەک حزبى و یەک ڕۆژنامەو و یەک تەلەفزیۆن و… تد. ئایا دیموکراسى و پەروەردەکردنى خەڵک لەسەرى بە زنجیرى تانک و بۆمب و فڕۆکە دەسەپێنرێت یان ڕوونتر بڵێین ئایا سیستمى دیموکراسى وەکو سیستمى باتریۆتى ئەمریکى یان S400 ڕووسى یە دەکرێت بە ملیارەها دۆلار بیکڕیت و دایمەزرێنیت.

هۆکارەکان:
1- هەوڵدانى پێکهاتەی شیعە بۆ خۆسەپەناندنى بە سەر پێکهاتەکانى تردا واتە گۆڕینى حوکمڕانى عێراق لە دکتاتۆرى سوونەوە بۆ دکتاتۆرى شیعە ئەمەش لە شازدە ساڵى ڕابردوودا بە ڕوون و ئاشکرا لەزۆر قۆناغى جیاجیادا بینرا بەداخەوە بێ ئەوەى پەند لە حوکمڕانى هەشتا ساڵى پێشووى عێراق ببینرێت کە کەس تێیدا ئارامى و ئازادى و خۆشگوزەرانى نەدى جگە لە گۆڕى بە کۆمەڵ و کۆچکردنى زۆرملى و گۆڕینى ناسنامەو کیمیاباران و زۆرشتى تر.
2- نەمانى متمانە لە نێوان پێکهاتەکاندا و بەتایبەتى دواى مەرگى سەرۆک کۆمارى پێشووتر مام جەلال کە ڕۆڵێکى گرنگ و کاریگەرى بینى دواى پرۆسەى ئازاداى لە کۆکردنەوەى هەموو ناکۆکەکان.
3- دەستوەردانى دەرەکى کە کاریگەرى ڕاستەوخۆى هەبوو بۆ ئەوەى عێراق نەبێت بە وڵاتیًکى ئارا م و پێکەوەژیانى برایانە لە نێوان پێکهاتەکانیدا بۆ ئەوەى ئەم ئەزموونە نەگوێزرێتەوە بۆلاى ئەوانیش بە تایبەتى کە عێراق بوو بە خاوەنى یەکێک لە جوانترین دەستوورەکان لە ناوچەکەدا بەڵام ئەوان سەرکەوتن لەوەدا پێش بە جێبەجێ کردنى دەستوور بگرن و قەیران لە دواى قەیران بۆ عێراق بخوڵقێنن .
4- جێبەجێ نەکردنى دەستوور لە لایەن هەندێک هێزو لایەنەوە و دروست کردنى کۆسپ و لەمپەر لە بەردەمیدا کەئەمەش زەمینە خۆش دەکات بۆ ئەوەى عێراق وەکو وڵاتێکى یەکگرتوو سەربەخۆ نەمێنێتەوە سامان وداهاتەکەى بە فیڕۆ بڕوات.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت