گوینه ڕۆبێرتس: سکاڵای قورسی کورده‌کان له ده‌ست به‌غدا.
یه‌که‌مین ڕاپۆرتی میدیای ئه‌وروپی له‌سه‌ر ئه‌نفال
وەرگێڕانی له ئه‌ڵمانییه‌وه: هیوا ناسیح.
پێشه‌کی:
رۆژنامه‌نوسی به‌ناوبانگی به‌ریتانی گوینی رۆبێرتس (Gwynne Roberts) له رۆژنامه‌ی (نۆیه تسویرخه تسایتونگ) که بهپڕفرۆشترین رۆژنامه‌ی ئه‌ڵمانیزمانه و له سویسرا ده‌رده‌چێت، 32 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر و له‌رێکه‌وتی 12- 09- 1987 دا راپۆرتێکی له‌سه‌ر کیمیابارانی دۆڵی بالیسان نوسیوه، پێده‌چێت یه‌که‌م ڕاپۆرت یان وتار بێت له میدیای بیانییدا له سه‌ر کیمیابارانی گونده‌کانی باشوری کوردستان، چونکه ئه‌و کات میدیای ئه‌وروپا و جیهان به پێچه‌وانه‌ی ئێستاوه زۆر ده‌گمه‌ن گرنگیان به هه‌واڵ و روداوه‌کانی کورد ده‌دا… وتاره‌که به ناوی (سكاڵای قورسی کورده‌کان له ده‌ست به‌غدا، هێرشی کیمیایی بۆ سه‌ر گونده کوردنشینه‌کانی عێراق)ه، که باس له سه‌ره‌تای هێرشه کیمیاییه‌کانی سوپای به‌عس بۆ سه‌ر کوردستان له ده‌ستپێکی ئه‌نفاله‌کاندا ده‌کات و مه‌رگه‌ساتی هێرشه‌کان ده‌گێرێته‌وه. به پێی زانیارییه‌کان کۆمپانیا و پسپۆڕانی وڵاتانی جۆراوجۆر که زۆربه‌یان هی ئه‌ڵمانیا بوونه، راسته‌وخۆ و هاوکار و یاریده‌ده‌ری به‌رهه‌مهێنانی چه‌که کیمیاییه‌کان بوونه له عێراقدا، هه‌روه‌ها فرۆكه‌ی سویسری له بۆمبابارانی گونده‌کاندا به‌کار هاتوه. بۆ زانیارییه‌کان لێدوانی له هه‌ر یه‌ک له نه‌وشیروان مسته‌فا و مه‌سعود بارزانی وه‌رگرتوه.
ده‌قی وتاره‌که
سه‌رکرده‌یه‌کی به‌رهه‌ڵستکاری چه‌کداریی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان که پارتێکه نزیکه له ئێران، رایگه‌یاند، زانیاریمان هه‌یه له ئێستادا شاره‌زایانی زانستیی ئه‌ڵمانیای خۆرئاوا له کارخانه‌یه‌کی دروستکردنی چه‌کی گازی کیمیایی عێراقیدا له نزیک سامه‌ڕا کارده‌که‌ن. جێگری سه‌رۆکی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان نه‌وشیروان له چاوپێکه‌وتنێکدا له له‌نده‌نه‌وه هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: پسپۆڕه ئه‌ڵمانییه‌کان له نێو به‌رهه‌مه‌کانیاندا گازی ئه‌عساب و خه‌رده‌ل به‌رهه‌م دێنن، ئه‌و هه‌رچه‌نده ناوی که‌سه‌کان نازانێت به‌ڵام ناوی دامه‌زراوه و کۆمپانیاکه ده‌زانێت، که کاری لێ ده‌که‌ن. ئه‌و چه‌که کیمیاییانه له لایه‌ن سوپای عێراقه‌وه دژی کورده به‌رهه‌ڵستکاره‌کان به‌کارده‌هێنرێن.
بانگه‌واز و هاوار بۆ حکومه‌تی بۆن (*)
کورده‌کان له‌و باوه‌ڕه‌دان، که حکومه‌تی بۆن له‌سه‌ر تێوه‌گلانی کۆمپانیاکانی له عێراقدا ئاگاداره. بۆیه ئه‌وان نائومێدن، که ده‌سته‌ڵاتدارانی ئه‌ڵمانیا هاوڵاتیه‌کانی خۆیان له کارگه‌کانی به‌رهه‌مهێنانی چه‌کی کیمیاییدا ناچار به کشانه‌وه بکه‌ن.
وه‌ک نوێنه‌ری کورده‌کان ده‌ڵێت (رونیده‌کاته‌وه) حکومه‌تی عێراق له‌م مانگانه‌ی پێشوودا به گازی ژه‌هراوی خه‌رده‌ل هێرشیان بۆ سه‌ر چه‌ندان ناوچه و دۆڵی کوردستانی عێراق کردوه، بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵکی لادێکان ده‌رپه‌ڕێنن، به‌م هۆیه‌وه ده‌یان پیاو، ژن و مناڵ کوژراون وه سێسه‌د که‌س به خه‌ستی بریندار بوونه.
کورده‌کان وا رایده‌گه‌یه‌نن، که پسپۆڕانی ئه‌رجه‌نتینی و به‌رازیلی له کارگه‌ی گازی ژه‌هراوی له نێو عێراقدا کار ده‌که‌ن. دوو له‌و کارگانه‌ش کاتی خۆی جێگه‌ی دروستکردنی په‌ینی کیمیایی بوونه له دواترین ناوچه‌کانی خۆرئاوای عێراق له عه‌کاشات و قائیمن. یه‌کێکی تریان نزیکی ئهلبوسهیه، له ناوچه‌ی بێلایه‌ن (**)دایه.
نوێنه‌رانی هه‌ندێک حکومه‌ت له‌ژنێڤ جه‌ختیان له راستی به‌شێک له زانیاری و تۆمه‌تبارکردنه‌کانی کورده‌کان کرده‌وه. پاش ئه‌وان حکومه‌تانی خۆرئاوای به‌ریتانیا و وڵاته یه‌کگرتوه‌کانی ئه‌مریکا بۆ ماوه‌یه‌کی درێژ چاودێری هاریکاری و کاری هاوبه‌شی نێوان کۆمپانیاکانی که جێگه‌ی گومانن له‌گه‌ڵ عێراق بۆ دروستکردنی چه‌کی کیمیایی کرد. دیپلۆماته خۆرئاواییه‌کان له به‌غدا وایده‌بینن، که ماوه‌ی زیاتر له ساڵێکه، جموجوڵی نائاسایی و هاتوچۆی تهکینکارانێکی زۆری ئه‌ڵمانی له کارگه نهێنیه‌کانی عێراق بوونی هه‌یه، واپێده‌چێت گازی ژه‌هراوی به‌رهه‌م بهێنن. به‌ڵام ئه‌مه له‌به‌ر موراعاتی بۆن (حکومه‌تی ئه‌ڵمانیای خۆرئاوا – و.) به ئاشکرا قسه‌یان له‌سه‌ر نه‌کردوه.
پسپۆڕانی ئه‌ڵمانیا له سامه‌ڕا
کارمه‌ندێکی به‌رزی پێنتاگۆن به منی راگه‌یاند، که مرۆڤ ده‌زانێت، دوو کۆمپانیای ئه‌ڵمانیای خۆرئاوا هاوکاری عێراق بۆ دروستکردنی چه‌کی کیمایی ده‌که‌ن; یه‌کێکیان ده‌بێت رۆڵێکی پێشه‌نگ و سه‌ره‌کی هه‌بێت و به‌رده‌وام له عێراق کار ده‌کات. ( ئه‌م کۆمپانیایه له ژێر ناوێکدایه و کار بۆ کۆمپانیایه‌کی تر ده‌کات). وه‌ک کارمه‌نده‌که‌ی پێنتاگۆن جه‌ختی لێده‌کاته‌وه، ((ده‌بێ خه‌ڵک له پێنج ساڵه‌وه ئه‌و راستییه بزانن، که چ ئامانجێک له‌و هاوکارییه هه‌یه و خزمه‌تی کێ ده‌کات)). ئه‌مریکییه‌کانیش ده‌یانه‌وێت ناوی ئه‌و ئه‌ندازیاره ئه‌ڵمانیانه بزانن، که له سامه‌ڕا کار ده‌که‌ن وه له دروستکردنی کارگه‌که‌دا یان له بهههمهێنانیدا هاوکارن. پێده‌چێت له‌وێدا له پاڵ به‌رهه‌مهێنانی (ده‌رمانی قه‌ڵاچۆکه‌ری مێروودا) گازه‌کانی خه‌رده‌ل و ئهعسابیش دروست بکه‌ن، چونکه وه‌ک دیاره، ئه‌و گازه‌ی بۆ مه‌به‌ستی چه‌کسازی به‌کارده‌برێت هه‌ر خه‌رده‌له.
کۆمپانیایه‌کیان ناوی کارل کۆلب (Karl Kolb)ه له نزیکی فرانکفۆرته، له لایه‌ن دیپۆماسییه ئه‌مریکییه‌کانه‌وه وه‌ک سه‌رچاوه‌ی ئامێرسازی ناوده‌برێت، که ده‌بێت له عێراق دروستکردنی ده‌رمانی مێروو بوو بێت، دواتر چه‌کی گازی کیمیاییان به‌رهه‌مهێنا بێت. حکومه‌تی (بۆن) نکۆڵی له‌م زانیاریانه ده‌کات و ده‌ڵێت رێکاره یاساییه‌کانی گرتۆته‌به‌ر به‌رامبه‌ر کۆمپانیا هاوکاره‌کان. له یه‌که‌م پرۆسه‌یی دادگادا کۆمپانیاکه بردیه‌وه به به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ی، ئه‌و که‌ره‌سته و مادانه‌ی ناردویه‌تی بۆ به‌هه‌مهێنانی چه‌کی کیمیایی به‌کارناهێنرێن. حکومه‌تی بۆن به‌ڵام داوای پێداچوونه‌وه (ئیستیئناف)ی بڕیاره‌که‌ی کرده‌وه و بڕیاری وه‌ستاندنی هه‌نارده‌کردنی شته‌کانی دا. به‌ڵام به‌ڵگه‌ی ڕوونی پێشکه‌ش نه‌کردوه، هه‌رچه‌نده سه‌رله‌نوێ دووباره کۆمپانیاکان تۆمه‌تبار ده‌کرێنه‌وه.
هێرشی کیمایی بۆ سه‌ر باکوری خۆرهه‌ڵاتی عێراق
کورده‌کان وای ڕاده‌گه‌یه‌نن که فڕۆکه‌ی جۆری پیلاتۆز پ – 7 (Pilatus –p-7)ی دروستکراوی سویسرا له‌م نزیکانه له بۆمبارانکردنی گونده‌کانی کورد به گازی کیمیایی به‌کارهێنرابن.
به‌پێی هه‌واڵگیری کورده‌کان سه‌ره‌ڕای گرتنه‌به‌ری رێگیریی فه‌رمی، به‌ڵام کۆمپانیای وڵاتانی هۆڵه‌ندا، وڵاته یه‌کگرتوه‌کانی ئه‌مریکا و ئه‌ڵمانیای خۆرئاوا مادده‌ی خاویان بۆ به‌رهه‌مهێنانی گازی کیمیایی بۆ عێراق هه‌نارده کردوه.
ئه‌وه‌ی له ئه‌نجامی جه‌نگی که‌نداوی فارس‌دا (جه‌نگی ئێران – عێراق 1980 – 1988 و.) که‌وتۆته‌وه، چاوتێبڕینی کۆمپانیاکانی خۆرئاوایه، که بێویژدانانه خه‌ریکن، ئه‌مه‌ش وادیاره به‌ره‌به‌ره بۆ وڵاتانی ئه‌وروپا روونده‌بێته‌وه، چونکه وڵاته‌کانی که تۆمه‌تبار ده‌کرێن خۆیان دووره‌په‌رێز ده‌گرن له ئه‌و رۆژنامه‌نوسانه‌ی له ناوچه کوردییه‌کاندا کار ده‌که‌ن.
به‌پێی زانیارییه‌کانی نوێنه‌ری کورده‌کان، سوپای عێراق به به‌رده‌وامی و به چه‌کی کیمایی هێرش ده‌کاته سه‌ر مۆڵگه‌کانی پێشمه‌رگه کورده‌کان. سه‌رکرده‌یه‌کی پارتی دیموکراتی کوردستان له ئێرانه‌وه به ته‌له‌فون رایگه‌یاند: ( ئێمه نه ماسکی چه‌کی کیمیاییمان هه‌یه و نه به‌دله‌ی خۆپاراستن. کیسه‌ی نایلۆن ده‌که‌ین به‌سه‌ر سه‌ر، باڵ و قاچه‌کانماندا، که هه‌ندێک ده‌مانپارێزێت. ئینجا ئاگر ده‌که‌ینه‌وه و له ده‌وری داده‌نیشین، تا هه‌وا گه‌رمه‌که پاڵ به گازه قورسه‌که‌وه ده‌نێت. چه‌کداره‌کانمان خۆیان له ئاویشدا نقوم ده‌که‌ن ).
به پێی زانیارییه‌کانیان زۆربه‌ی هێڕشه‌کان له هه‌ردوو پارێزگای سلێمانی و هه‌ولێر ئه‌نجام دراون، به تایبه‌ت له‌و ناوچانه‌ی که له ژێر کۆنترۆڵی حکومه‌تی ناوه‌ندیدا نین. نزیکه‌ی په‌نجا گوند به‌م جۆره هێرشیان کراوه‌ته سه‌ر. پێشتر سوپای عێراق هه‌وڵیدا، که خه‌ڵکی گونده‌کانی ناوچه‌کان کۆچ پێ‌بکات و بیانگوێزێته‌وه بۆ ئه‌و شوێنانه‌ی، که ئیتر نه‌توانن پشتیوانی و هاوکاری شۆڕشگێره‌کان بکه‌ن.
جێگری سه‌رۆکی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان ده‌لێت: له دۆڵێکدا که ناوی بالیسانه نزیکه‌ی 32 فڕۆکه بۆمبابارانی نزیکه‌ی بیست گوندی ناوچه‌که‌یان کردوه. خه‌ڵکه‌که چاوه‌ڕوانی بۆمبی کلاسیکی ته‌قینه‌وه‌یان ده‌کرد، له پڕ هه‌ستیان کرد، بۆمبه‌کان هی چه‌کی کیمیایین. دکتۆرێکی سه‌ر به رێکخراوه‌که، که له رووداوه‌که‌دا بووه ده‌ڵێت: (فڕۆکه‌وانه عێراقییه‌کان یه‌که‌مجار هاتن هێرشی کیماییان کرده سه‌ر گرده‌کانی ده‌وروبه‌ری ئه‌و شوێنانه و کردیان به ته‌م، تا رێگه له ڕزگاربوونی خه‌ڵکه‌که بگرن، ئینجا هاتن بۆمبابارانی گونده‌کانیان کرد و به‌رمیله خهردهلهکانیان به‌سه‌ردا خستنه خواره‌وه. ئه‌و گوتی: زۆر له دانیشتوانه‌کان چاویان ئاوسا، ئازاری زۆریان بۆ هات و به تیشکی ڕوناکی هه‌ستیار بوون. پێستیان ده‌خورا و سور ده‌بۆوه و په‌ڵه‌ی ڕه‌شی له‌سه‌ر دروست ده‌بوو. هه‌ناسه‌یان به ئاسته‌م بۆ ده‌درا و به‌به‌رده‌وامی ده‌کۆکین. من بێدهستهڵاتانه ده‌بوو لێیان بنواڕم، که چۆن مناڵه‌کان کوێر ده‌بوون و خه‌ڵکێکی زۆر به‌وهۆیه‌وه گیانیان ده‌دا. ئێمه هه‌وڵماندا، که داروده‌وه‌نی ده‌وروبه‌ر بسوتێنین، تا پاشماوه‌ی گازه‌که لاببه‌ین، به‌ڵام بۆنی ترسێنه‌ری گازه‌که هه‌ر ده‌مایه‌وه.)). ئه‌و هه‌روه‌ها گوتی: لاشه‌ی سه‌دان گیانه‌وه‌ری مرداره‌وه بوو له‌و ده‌وروبه‌ره که‌وتبوو وه چه‌ند دانه مهڕومانگا به ده‌ست سوتانه‌وه‌ی پێستیانه‌وه ده‌تلانه‌وه.
بانگه‌واز بۆ رێکخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌کان
یه‌ک له‌و گوندانه‌ی به‌سه‌ختی به‌رکه‌وتووه شێخوهسانانه که له نزیکی به‌نداوی دوکانه و که‌وتۆته باکوری خۆرهه‌ڵاتی وڵاته‌که‌وه. مه‌سعود بارزانی سه‌رکرده‌ی پارتی دیموکراتی کورستان که له لایه‌ن ئێرانه‌وه پشتگیری ده‌کرێت، له بانگه‌وازێکدا بۆ رێکخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کان رایده‌گه‌یه‌نێت، که له‌و هێرشانه‌دا 33 ژن، مناڵ و خه‌ڵکی به‌ته‌مه‌ن تێداچوونه. رێکخراوه‌کانی تر ژماره‌ی تری قوربانییه‌کان ده‌خه‌نه ڕوو. به پێی قسه‌ی دوو شایه‌تحاڵی جیاواز، دوو که‌سی به‌رکه‌وتوو به‌و چه‌که له خه‌سته‌خانه‌ی ناوه‌ندیی سلێمانی به‌دوای چاره‌سه‌ردا ده‌گه‌ڕان، چه‌ند سه‌عاتێک دوای وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ری پزیشکی پێویست، هێزه‌کانی ئاسایشی عێراق کۆیکردنه‌وه و خستنیه ناو لۆریه‌که‌وه، خه‌ڵکێکی زۆر له شه‌قامه‌که له ده‌وری کۆببوه‌وه، به پێی قسه‌ی بینه‌رێک، هێزه‌که کوڕێکیان که به‌سه‌ختی له‌شی سوتا بوو، له قادرمه‌کانی خه‌سته‌خانه‌که‌وه فرێدایه خواره‌وه، له کاتێکدا ئه‌و له به‌ر ئازار ده‌یقیژاند. دواتر ئه‌و بریندارانه‌ی به‌و جۆره بردرا بوون، له به‌رده‌م مزگه‌وتێکدا داگیران، که به‌س چاره‌سه‌رییه‌کی کاتی و ساده کرابوون.
سه‌رجه‌م پارته کوردییه گه‌وره‌کان له بانگه‌وازیاندا ڕوو له رێکخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌کانی وه‌ک نه‌ته‌وه یه‌کگرتوه‌کان ده‌که‌ن، که هێرشی چه‌کی کیمیایی له عێراق بوه‌ستێنن. به‌ڵام تا ئه‌مڕۆ کۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی پشتگوێ‌یان خستون و چه‌کی کیمایی به‌رده‌وام له کوردستانی عێراقدا به‌کارده‌هێنرێت.
په‌راوێز
(*)و. ئه‌ڵمانیای خۆرئاوا 1949 – 1990، له سه‌رده‌می جه‌نگی سارددا سه‌ر به کامپی خۆرئاوا بوو، شاری بۆن پایته‌خته‌که‌ی بوو.
(**) ناوچه‌ی بێلایه‌ن، بریتی بوو له ناوچه‌یه‌کی سه‌ر سنوری عێراق و وڵاتی ئوردون، که به‌پێی رێکه‌وتنی هه‌ردوولا سه‌ر به هیچ له‌م دوو وڵاته نه‌بوو.