پشکۆ ناکام: گەنجێتی.
ماوەیەکە باس لەوە ئەکرێ کە خەڵکانێک خۆزگە بە زەمانی بەعس ئەخوازن و لێرە و لەوێ وێنەیەکی سەددام بڵاو ئەبێتەوە تا ئەو حەدەی کە سەعاتی دەستی بە وێنەی ” زێڕە” ەوە لە بازاڕا ئەفرۆشرێت، رەنگە وەک دیاردەیەک لای خەڵکە ئاساییەکە سەیر و سەمەرە بێ، بەڵام گەر تۆزێک لە دەور و پشتمان وورد بینەوە بەعس وەک ” فیکر ” ئێستاش ” نافذ المفعول “ە و بەعسیەکانیش لە ناومانا سەربەرز و گیرفان پڕتر لەوانەی تا دوێنێ بوو لەشاخ دژیان ئەجەنگان، ئەو کەسەی لە سی و یەکی ئابا ووتی ” ئێستا سەددام هاوڕێمانە ” ئەمڕۆ ببڕ و بکوژی هەرێم خۆیەتی …نزار خزرجی ” ئەفسەری بەعسی نا صدامی” کرا بە پەپولە و ئەنفال کراوەکانیش بە زەردەواڵە” لە هەولێر ئەبێ بڵێیت ” سەوزەواڵە “، کاکە موفق سامرائی ئیرشاد و وەعز و نەسیحەتی ئەیا بە کۆشکی کۆماری ( جا نازانین لە بواری ئیستخباراتی بوو یان بواری برایەتی کورد و عەرەب !!) ئەوانەش کە شان بە شانی سوپای بەعس وەک جاش و نۆکەری ڕژێم دڵ رەقترانە لە خودی بەعسیەکان بەشداری ئەنفالیان کرد و ئێستا زۆربەیان کاربەدەست و خانە نشین و ساحێب دیوە خانن، زۆربەیان ئەوانەی کە چەکداری حیزبەکانن هەر وەک چۆن دوێنێ نەوطی شەجاعە و وحدە و حریە و ئیشتراکیەیان بە شانەوە بوو ، ئەمڕۆ بە جلی خاکیەوە ئاڵای کوردستانیان بە یەخەوەیە! سەرەک جاشێکی بەشداربوی ئەنفال لە گەرمیان زەمانی بەعس سەیتەرەی نەبوو، ئێستا ئەبێ بە سەیتەرەیا بگەییتە خزمەتی.! ئیتر بێ فرۆشتنی سەعایتش بە رەسمی سەددامەوە کێ ئەڵێ بەعس وەک ئەفراد نەماون و لە ناومانا نین و لەچەن لایەنێکیشەوە نامان بەن بەڕێوە؟. كێ ئەڵێ رەفتاری بەعس بێ سەعاتەکەش چرکە چرکی نایەت؟. خۆ قوربانیەکانی 17/ی شوبات بەدەستی مولازم موحسین و قوات خاصەی بەعس نەبوو، ئەوە مەفرەزەی ئەمنی بەعس نەبوو کە هێرشیان کردە مامۆستایەک چونکە داوای مافی خۆی ئەکرد لە پایتەختەکەی هەرێم !..بە جیاوازی کاتەوە یەک جۆر رەفتاری بەعسیانە، ئەی دەهۆڵ لێیان بۆ یەک حیزب و یەک کەس و یەک ڕێباز ، هەمان دروشم و سروودەکانی بەعس نین جاران بە عەرەبی و ئەمڕۆ بە کوردی !. خۆ” تاریق رەمەزان” مونەزەمەی بەعس لە هەڵەبجە نەینارد بۆ بەریتانیا، خۆ ئەوانەی ناردیان بۆ بەریتانیا سەعاتیان بەرەسمی سەددامەوە لە دەستا نەبوو.. لە قادسیە ئەو کوردەی بکوژرایە ئیمتیازی پێ ئەبخشرا، بەڵام ئەوەی خیانەتی لێبکردایە هەرگیز لێخۆش بوونی نەبوو، کەچی ئە کوردە جاشانەی لە خزمەتی بەعسا خیانەتیان لە خاک و میللەت کرد ئێستا لە کوردستانا ئیمتیازیان زۆر زیاترە لەو پێشمەرگانەی دوا فیشەکیان بۆ خۆكوشتنی خۆیان دانابو تا بە ساغی نەکەونە بەر دەستی سوپا و هەمان ئەو جاشانەی ئێستا بزەی سمێڵیان یەت، جا ئیتر بەعس و رەفتار و شێوەی بەعس بە ستایل و پاساوێکی ترەوە کێ ئەڵێ نەماوە و چۆن ئەسەلمێنرێ کە وانیە؟
كێشە لەوە گەورەترە کە بۆچی کەسێک ئەوەنە بگاتە لووتی کە ئاواتە خوازی زەمانی بەعس بێ؟ کێشەکە زۆر جدی ترە لەوەی کە بە ئاسانی وەربگیرێت، کام حیزب و کام زانکۆ و کام دەزگای ئەکادیمی و چەن میدیا ئیشی لەسەر ئەوە کردوە ئاواتە خوازبون بە بەعس بۆ؟ چارەسەر؟. بەداخەوە کەس، نەوت و دۆلار و بە سەلطەنەت کردنی هەرێم لە پێشە سیاسەت و سیاسیەکان! و خۆ دەوڵەمەند کردنی حیزب و مشەخۆرەکانی دەوروپشتی سفرەکە هەرێمی غەرقی وەزعێک کردوە کە پێویست نەکا زۆر لە خۆمان بکەینەوە بۆ هێنانەوەی بەعس بە بەرچاومانا، چونکە رۆژانە بە دەیان وێنە و سەعات ئەیبینین.
لە برادەرێکی ئەیام زەمانی موعارەزەیان پرسی بوو کە ڕاوێژکارێکی شەش ملیۆنی پارلەمانی هەرێم بوو، راستە تۆ کاتی خۆی بەعسی بوویت؟! ئەویش زۆر بە بێزارییەوە ووتبوی: ئۆە. ئەرێ ئەوە نەبڕایەوە، کاکە ئەوە زەمانی ” گەنجێتی”م بوو.
- Latest Posts by
پشکۆ ناکام: بەرد…
-پشکۆ ناکام: دەستکێش..
-پشکۆ ناکام: دوور لە خوا.
- All Posts