بورهان شێخ ڕەئوف: ڕوانینی ئەمریکا بۆ عێراق لە ئیستادا.
وا لە 2مایس نزیک دەبینەوە ئەو ڕۆژەى کە ئیتر هەموو ئەو چاوپۆشى و لێبووردنانەى کە بۆ هەشت وڵات کرابوولە لایەن حکومەتى ئەمریکاوە کە نەوت و غازى ئێران بکڕن عێراقیش یەکێک لەو وڵاتانەیە کە پشتى بە وزەى کارەباى ئێران و گازو غازى ئێران بەستووە بۆ کارپێکردنى وێستگەکانى کارەبا و تا ئێستاشى پێوەبێت هیچ ئەڵتەرناتیڤێکى نەدۆزیووەتەوە بە ئاشکراو ڕوونى بۆ جێگرتنەوەى ئەو وزەییەى کە لە ئێران هاوردەى دەکرد.
هەرچەندە هەفتەى پێشوو عادیل عەبدولمهدى سەرۆک وەزیرانى عێراق سەردانى عەرەبستانى سعوودییەى کرد بە سەرۆکایەتى شاندێکى گەورەى فەرمى کە لە سیازدە وەزیرو دەیان بازرگان پێکهاتبوو چەندین ڕێکەوتنى گرنگ واژۆکرا و پێشتریش سعوودیە بڕى یەک ملیار دۆلارى وەکو یارمەتى پێشکەشى حکومەتى عێراق کردبوو کە پێدەچێت هەموو ئەمانە سەرەتاو زەمینە خۆشکردن بێت بۆ بنیاتنانى پەیوەندى توندو تۆڵ لە نێوان عێراق و سعودیەداهەموو ئەمانەش بە ناوبژى و خۆشحاڵى ئەمریکایە کە لە دواى ساڵى 1990ەو کە عێراق کوەیتى داگیرکرد ئەو پەیوەندییانە گرژى و ئاڵۆزى توندیان بەخۆیەوە بینى و هەمو پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانیان بڕا تا ساڵى 2003.
ئەووادەیەى ئەمریکا دیاری کردووە 2 مایس 2019 کۆتا ڕۆژ و دوا وادەیە بۆ هەموو ئەو کۆمپانیاو وڵاتانە کە سات و سەوداى بازرگانى نەوت و غازیان لە گەڵ کۆمارى ئیسلامى ئێراندا هەبوو هەروەکو لە سەر زارى وەزیرى دەرەوەى ولایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا وە ( بۆمبیۆ ) ڕاگەیەنرا ئیتر بوار بە هیچ وڵاتێک نادرێت سەودا لە گەڵ ئێراندا بکات و دەبێت بەرهەمى فرۆشتنى نەوتى ئێران بگەیەننە زیرۆ ( سفر ) هەر وڵاتێک سەرپێچى بکات سزاى توندى بەسەردا دەسەپێنن .
لە کاتێکدا کە ئەم بڕیارەى داوە ئەمریکا هەموو ئەو وڵاتانەى کە هەشت وڵات بوون بوورابوون لە سزاکانى ئەمریکا لەماوەى ڕابردوودا وەکو باس دەکرێت زۆربەیان ئەڵتەرناتفیان دۆزیووەتەوە بۆ نەوتى ئێران کە وڵاتى خاوەن پیشەسازى و ئابوورى زەبەلاحیشى تێدایە و ئامادەنین بەرژەوەندییەکانى خۆیان بکەن بە قوربانلا بەرژەوندییەکانى ئێران لە هەمان کاتیشدا هەردوو گەورە وڵاتى بەرهەمهێنەرى نەوت عەرەبستانى سعودیەو ئیماراتى عەرەبى یەکگرتوو بڕیارییان داوە قەرەبووى هەموو کورتهێنانێک بکەنەوە کە وەستانى نەوتى ئێرانى دەیهێنێتە ئاراوە .
ئەوەى پەیوەندى بە عێراقەوە هەیە ئەوەیە ئایا حکومەتى عێراق و کەسى عەبدولمهدى چۆن لە گەڵ ئەم کەیسە هەستیارو ئاڵۆزەدا هەڵسوو کەوت دەکات لە کاتێکدا بەشى زۆرى هێزو لایەنە سیاسیەکانى عێراق بە شیعەو سوونەو کوردەوە پەیوەندى بەهێزیان لەگەڵ کۆمارى ئیسلامى ئێراندا هەیە لە هەمان کاتدا هەمووان دەزانن قەبارەى ئەو زیان و سزاو ئاستەنگیانە چی دەبێت ئەگەر عێراق پابەند نەبێت بەو سزایانەوە کە ئەمریکا بەسەر ئێرانیدا دەسەپێنێت لەلایەکى تریشەوە گەلى عێراق تاڵى و نەهامەتییەکانى ساڵانى گەمارۆى ئابوورى نێودەوڵەتى لە بیرە لە ساڵانى 1990-2003 .
لەبەر هەموو ئەو انە پێناچێت حکومەتى عێراق و بەشێکى لایەنە سیاسیەکان بتوانن تاکۆتایى بەرامبەر بە خواست و بڕیارەکانى ئیدارەى ئەمریکا بووەستنەوەو لەوەیە لە کۆتاییدا مل بە خواست و حەزەکانى ئەمریکا بدەن بۆ پابەند بوون بەو سزانەوە چونکە کاریگەرى و ئاکامەکانى هەر سیاسەتێک دژ و پێچەوانەى خواستى ئەمریکا بێت ، کاردانەوەى نیگەتیفى بۆسەر ئابوورى و پێگەى سیاسى و سەربازى عێراق دەبێت و قورس لە سەرى دەکەوێت لەبەر چەند فاکتەرێک لەوانە:
1- عێراق بەشێوەیەکى گشتى هەموو پێداویستیەکانى هاوردە دەکات لەدەرەوە کە لە هەرحاڵەتێکى سزادا باجەکەى زۆر تاقەت پڕۆکێن دەبێت.
2- ئابڵووقەدانى عێراق وجیاکردنەوەو دابڕینى عێراق لە دراوسێ عەرەبەکانى و ئیقلیمیەکانى لە کاتێکدا هێزى ئەمریکا لە عێراقدان.
3- سزادانى سەرکردە سیاسیەکان و فەرماندەى میلیشیاکانى عێراق بە پاساوى بوونى پەیوەندى لە گەڵ سوپاى پاسداران لە کاتێکدا ئەو سوپایە خراوەتە لیست تیرۆرەوە لەلایەن ئەمریکا وە.
لە کۆتاییدا ئەمریکا عێراق بە ناوچەو پێگەى هەژموونى خۆى دەزانێت و ساڵانێکە شەڕى لەسەر دەکات لە گەڵ هەمو وڵاتانى ئیقلیمى و تاقم و گروهە تیرۆریستیەکانى ئەلقاعیدەو داعشیش بۆیە سەرۆک ترەمپ لە ئێستا دا بەهەموو هێزو توانایەوە گەڕاوەتەوە بۆ عێراق و بوار نادات هیچ وڵاتێکى تر ڕۆڵى هەبێت لە عێراقدا بەتایبەتى ئێران وهەر لەو پێناوەشدا خەڵک وتاقمى نزیک لە خۆى لە نێو چینى سیاسى عێراقدا دەهێنێتە پێشەوە هەربۆیەشە لە هەوڵى دامەزراندنى پێگەو بنکەى سەربازى هەمیشەییەدایە لەناوچە سوونە نیشینەکانى عێراق .