شێرزاد شێخانى: ده‌رۆزه‌كه‌ر.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هه‌ولێريات
سواڵكردن زۆر له‌مێژه‌ هه‌يه‌، له‌هه‌مو ده‌رو‌ زه‌مانه‌كيدا خه‌ركى فه‌قيرو فه‌قه‌رات هه‌بوه‌، حه‌تا له‌ قورئانى پيرۆزيشدا خوداى گه‌وره‌ ئه‌مرى فه‌رموه‌ به‌خێرو خێرات ويارمه‌تيدانى فه‌قيران. پياوچاك و خێره‌ومه‌نديش هه‌ميشه‌ هه‌بوه‌وه‌ خه‌ركى ده‌ستى كراوه‌ بوه‌ لۆ خێركردن. به‌س له‌زه‌مانى مه‌دا حه‌تا فه‌قيره‌كانيشمان وه‌كى ئێستا نه‌بون. له‌و سه‌رده‌مه‌ پياوه‌ فه‌قيره‌كان زۆربه‌يان حافز بون، واته‌ چاويان كۆر بوو،‌ زۆربه‌شيان‌ قورئانيان له‌به‌ر كردبوو، ئيدى له‌ناو بازاڕ ده‌مانديت پياوه‌كى حافز ده‌سته‌سڕه‌كى راخستيه‌و خه‌ريكى قورئان خيندنه‌. ئه‌وجا خه‌ركه‌كه‌ش لۆ حورمه‌تى قورئانه‌كه‌ خێريان پێ ده‌كردن. هه‌نده‌كيان رۆژانى جومعان له‌پێش مزگه‌فته‌كان راده‌وه‌ستان، ئه‌و نوێژكه‌رانه‌ى له‌ناو مزگه‌فت شه‌حن ده‌كران به‌خێروخێرات كه‌ ده‌هاتنه‌ ده‌رێ خێريان پێده‌كردن. بێجگه‌ له‌وانه‌ش هه‌نده‌كيان له‌ ماران ده‌گه‌ڕان، ئه‌وانيش دوو نه‌وع بون، هه‌بو لۆ نانى نيوڕانان له‌ده‌ركه‌ى مارانى ده‌دا، ئيدى ئه‌و خواردنه‌ى له‌ماران ده‌كرا، قاپه‌كيان لۆ ده‌نارده‌ پێش ده‌ركه‌و ده‌رخوارديان ده‌دا، يانيش پاره‌يه‌كيان ده‌دايێ ئه‌گه‌ر وه‌ختى نانخواردن نه‌بايه‌، يان منداره‌كيان ده‌ناردو پێيان ده‌گۆت ” خوا بتداتێ “. به‌وه‌ش فه‌قيره‌كان زۆر قه‌رس ده‌بون كه‌ هيچيان ده‌ستنه‌كه‌ت.
ئه‌وجا لێره‌دا نوكته‌يه‌ك هه‌يه‌ ده‌رێ ، رۆژه‌كى فه‌قيره‌ك داوا له‌دوكانداره‌كى ده‌كا خێرى پێبكا، ئه‌ويش ده‌رێ”‌ خوا بتداتێ” فه‌قيره‌كه‌ش ده‌رێ ” ئه‌من له‌خوام داوا كرد به‌س خورده‌ى پێنه‌بو ، لۆيه‌ حه‌واڵه‌ى لاى تۆى كردم “.! له‌دواى ئه‌وه‌ى خه‌ركى ئيمانى زه‌عيف بو، ئيدى قورئان خيندن وده‌ف لێدانيش دادى فه‌قيرانى نه‌ده‌دا، لۆيه‌ هه‌نده‌كيان ناچار بون كه‌وا سه‌قه‌تيه‌كانى خۆيان پێشانى خه‌ركى‌ بده‌ن، وه‌كى ئه‌وه‌ى كابرايه‌ك لاقى بڕايته‌وه‌، يان ده‌سته‌كى گۆجه‌، يان له‌شى سوتايه‌، يان چاوه‌كى كۆر بوه‌، ئه‌وه‌ش به‌مه‌به‌ستى راكێشانى عه‌تفو سۆزى خه‌ركه‌كه‌ به‌حيساب په‌ككه‌وته‌ن وناتانن ئيش بكه‌ن. ته‌بعه‌ن ئه‌وه‌ش وه‌كى مۆديله‌ك به‌سه‌ر چوو، ئه‌وجا هاتنه‌ سه‌ر ئه‌وه‌ى منداره‌ گچكه‌كانيان له‌گه‌ر خۆيان بگێڕن.
ئيدى وايلێهات له‌هه‌ر جاده‌يه‌ك درۆيشتى ده‌تديت پياوه‌ك منداره‌ك يان كۆمه‌ره‌ منداره‌كى له‌پێش خۆى خه‌وانديه‌، يان ژنه‌ك منداره‌كى به‌ر مه‌مكانى له‌باوه‌ش گرتيه‌ وداواى ره‌حم له‌خه‌رك ده‌كاتن. تا وايلێهات هه‌نده‌ك له‌وانه‌ مندارى خه‌ركيشيان به‌كرێ ده‌گرت لۆ ده‌رۆزه‌ كردن. له‌فليمه‌كى عادل ئيمام باسى ئه‌و ده‌رۆزه‌كه‌رانه‌ ده‌كاو، عاله‌مى ئه‌وانمان پيشان ده‌دا، ئه‌وجا رێك وه‌كى وه‌زعى لاى خۆمان بو كه‌ كوو زه‌لامى ساغ وسه‌ليميان ده‌هيناو ده‌ستو پێيان ده‌بڕييه‌وه‌، يان له‌شيان ده‌سو‌تاند. له‌هه‌ولێر وابزانم سارانى‌ هه‌شتاكان بو، ده‌رۆزه‌كه‌ره‌ك هه‌بو له‌ناو بازار خۆى واپيشان ده‌دا كه‌وا هه‌ردوو لاقى شه‌له‌له‌و ناتوانى له‌سه‌ر پێ بڕوا، لۆيه‌ به‌خشخشۆك خۆى راده‌كێشاو به‌ناو بازاڕدا ده‌گه‌ڕا.
چه‌ند ساره‌ك‌ به‌و حاره‌ ژيانى‌ ده‌برده‌ سه‌ر، تا رۆژه‌كى ده‌ستى كه‌شف بوو، ده‌گێڕنه‌وه‌ ئێواره‌يه‌كى مانگى ره‌مه‌زان ئه‌و ده‌رۆزه‌كه‌ره‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ مارى خۆيان پاش ئه‌وه‌ى پاره‌يه‌كى باشى په‌يدا كردبوو، پێش ئه‌وه‌ى بگاته‌ ده‌ركه‌ى ماره‌كه‌ى به‌خشخشۆك بانگى مه‌غريب ده‌دا، ئاوڕه‌كى له‌ده‌وروپشتى خۆى ده‌دا كه‌سى لێنيه‌، يه‌كسه‌ر هه‌رده‌ستيته‌ سه‌رپێى و به‌غاردان ده‌چته‌وه‌ ماره‌كه‌يان، نه‌يزانى يه‌ك له‌خه‌ركى گه‌ڕه‌كه‌كه‌ى ئه‌و مه‌نزه‌ره‌ ده‌بينى رۆژى دواتر له‌هه‌موو هه‌ولێر ساخته‌چييه‌تى ئه‌و ده‌رۆزه‌كه‌ره‌ براو ده‌كاته‌وه‌و بوو به‌ فه‌زييحه‌ت لۆ كابراى شه‌له‌ل. حيكايه‌تى ديش هه‌نه‌ له‌سه‌ر ئه‌و فه‌قيرانه‌ كه‌ ده‌رێن هه‌نده‌كيان چه‌ند خانى وموڵكيشيان هه‌يه‌ به‌س هه‌ر ده‌رۆزه‌ ده‌كه‌ن. ئاخيريان ئه‌و پياوه‌ى به‌غدا بوو كه‌ له‌فه‌يسبوك گۆتبوى له‌زه‌مانى عه‌بدولكه‌ريم قاسمدا وه‌زير بوه‌و ئێستاش ده‌رۆزه‌ ده‌كا، دواى ته‌حقيق ده‌ركه‌وت معاشى مانگانه‌ى دوو مليۆن و نيوه‌و خانى و شوققه‌شى هه‌يه‌.. ئه‌وه‌ش حارى فڕتوفێلى هه‌ندۆكان.. باقى وه‌لسه‌لام.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت