مەحمود عەبدوڵڵا: دەق و لۆجیک، لۆجیکی دەق.
هه موو دەقێک تەمەنێکی دیاریکراوی هەیە و گیرۆدەی کات و شوێنە، ئەوەی دەق لە زەمەنێک دە گوازێتەوە بۆ زەمەنێکیتر تەفسیرە، نەک خودی دەق. بۆیە دەبینین تەفسیرەکان کە بە تێپەڕینی زەمەن پێشدەکەون وێنەی راستەقینەی دەق دەشارنەوە.
هەموو مرۆڤێک خاوەنی دوو عەقڵە، عەقڵی سروشتی و عەقڵی وەرگیراو لەکۆمەڵگە. ئەگەر مرۆڤ عەقڵی سروشتی بەهێزتربێت” خۆراکی باش لە مناڵیدا هۆکارە بۆ گەشەکردنی ئەو عەقڵە” ئەوا عەقڵی سروشتی پێوانەو پێوەرەکانی بۆ هەڵسەنگاندنی دیاردەکان لەسەربنەمایەکی زانستی دەبن. ناچێتە ژێر باری سۆزەکان، بون وەک خۆی قبوڵ دەکات.
دیارە بوون تراژیدییە، چونکە بوون سەرەتایەکە بۆنەبوون. تراجیدیای بون هەمیشە فشار دەخاتە سەرمرۆڤ بۆ باوەڕ٫ چونکە بۆ مرۆڤ گرانە قبوڵکردنی حەتمیەتی لەناوچون بکات. عەقڵی سروشتی سەربەخۆیە و دور لە پێوەرە باو و گشتییەکانە، پێوەرەکانی لە سەر بنەمای مێژوویی و پیرۆزی نین و سەربەخۆیە.
هەرچی عەقڵی وەرگیراوە لە ڕابردودا گیری خواردووە و بە عەینەکی کۆمەڵگا و گشت سەیری دونیا دەکات. عەقڵێکی لادەرە لەیاسا سروشتیەکان و تەسلیم بە سۆز و عاتیفە بووە، گونجاوی نییە، خۆڕازیکەرە. عەقڵی سروشتی عەقڵێکە لەسەروی نەریتی باو تەماشای بون دەکات، ئەنجامەکانی کە لە لێکدانەوەی دیاردەکان بەدەستی دێنێت، بنەمای مێژوویی و کۆمەڵایەتی نییەو، ڕاستەوخۆ لە سروشتی دیاردەکانەوە ئەنجامەکان قبوڵدەکات. گرێدراوی دەقە پیرۆزەکان نییە، بەڵام عەقڵی وەرگیراو نا سەربەخۆ، ناتوانێت لەبەرامبەر حەقیقەتدا بوەستێت. حەقیقەتێکی ساختە دروستدەکات٫ کۆک لەگەڵ هەستەکان.
بەبڕوای من ئەوە جیاوازی نێوان مرۆڤی بەرز و نزمە لە هزری نیچەدا. عەقڵێک کە واقیعی و دور لەیاسای زۆرینە و سەربەخۆیە، عەقڵێکیش کە لە کۆمەڵگا وەردەگیرێت و نیوە حەقیقەتی پێیە، کە بارگاوییە بە بۆچونی هەزاران ساڵی ڕابردوو، بۆ خۆڕازیکردنیش پەنا دەباتە بەر پیرۆزکردنی مێژوو، چونکە بەبێ پیرۆزکردن ناتوانێت لەگەڵ ڕاستی ساختەدا بژی، ئەو عەقڵە هەمیشە ڕوو لەڕابردویە، ئەوە یەکێکە لەزیانەکانی مێژوو بۆ عەقڵ!
ئەگەرچی هەموو دەقێک تەمەنێکی دیاریکراوی هەیەو لەناو بارودۆخێکدا لەدایک دەبێت، وەڵامە بۆدۆخێکی ئابوری و کۆمەڵایەتی و… هتد، بەڵام دەقی پیرۆز گۆڕانکاری تێناکات، ئەویش لەبەر شتێک کە هیچ پەیوەندی بە بەهێزوو لاوازی دەقەکەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە پیرۆزی و باوەڕەوە هەیە.
باوەڕ گەورەترین مەینەتی عەقڵ و زانینە. کاتێک باوەڕدارێک بانگەشەی نەمری دەقە پیرۆزەکان دەکات لەبەر هۆیەکی سادەیە، ئەویش نەگۆڕانی ئەقڵیەتی خۆیەتی و مانەوەیەتی لەزەمەنی لەدایکبونی دەقەکەدا. ئەوە باوەڕە وادەکات دەق نەمرێت.
زۆرجار دەبینین باوەڕدار، نکۆڵیدەکات لە بەسەرچونی زەمەنی دەقێک و پاساویشی بۆدێنێتەوە! لەبەر ئەوەی لۆجیکی باوەڕدار لۆجیکێکی وەرگیراوە لە خودی دەق، لەزەمەنی لەدایکبونی دەقگیری خواردووەو، خەون و تێگەیشتنەکانی هی دونیای ڕابردون. لۆجیکێکی سروشتینییە بە گوێرەی یاسا سروشتیەکان، تا بە ئەقڵێکی کراوە بڕوانێتە دەوروبەر و هەست بە جیاوازی گۆڕان و کۆنبون، یان نەگونجانی دەقەکە بکات.
لە لایەکیتر باوەڕبونی بەدەق و پیرۆزبونەکەی وادەکات هیچ جیاوازی نەکات لەنێوان ڕاستی و خەیاڵدا. بەتایبەت لەبارەی تێگەیشتنەکان، مرۆڤ چ تێگەیشتنێکی هەبێت بۆ”بون” ناتوانرێت پێی بسەلمێندرێت کە هەڵەیە. چونکە تێگەیشتنەکان کەسین و لەکەسێکەوە بۆ کەسێک دەگۆڕێن، جۆری مەعریفە جۆری دونیا بینی دیاریی دەکات. بەڵام لەبواری بابەتە مادییەکان یان زانستەکان جیاوازن. ئەو شتانەی کاریگەرییان لە سەر ژیانی کرداری ڕۆژانەیی نییە وەک تاک هیچ کاریگەری دانانێن.
عەقڵی سروشتی و دور لەدۆگما دینی و ئایدیۆلۆژیەکان لەسەربنەمای زانیاری لێکدانەوە بۆشتەکان دەکات. بەبێ زانیاری ناتوانێت لێکدانەوە بکات بەپێی یاسا سروشتیەکان دەرەنجام قبوڵدەکات. دوورە لەدەردی هەست و نەست، عەقڵێکە کە پەنا ناباتە بەر پاساوی دەرونی و ئەنجامەکان قبوڵدەکات و نانوشتێتەوە لەبەرامبەر”تراژیدیای بون”
بەڵام عەقڵێک کە بەرمەبنای باوەڕ شتەکان لێکدەداتەوە، پێویستی بەزانیاری نییە. بەدوو ڕێگا شیکردنەوە دەکات با نمونەیەکی مێژوویی وەربگرین:
یەکەم/ ئەگەر شیکردنەوەیەک هەبێت و لەگەڵ باوەڕەکەی بێتەوە قبوڵی دەکات بێ لێکدانەوە.
دووەم/ لێکدانەوەیەکی خێرای نەستی دەکات بێ زانیاری.
بۆیە عەقڵی باوەڕدار، بەدوای پاساودا دەگەڕێت بۆ ڕازیکردنی خوود، ئەو لۆجیکەی کە ناویدەنێم لۆجیکی ڕازیکردنی خوود، لۆجیگێکە لەکات دابڕاوە، لە ڕابردو ئێستادا دەژیت. واتا هیچ پێشبینی گۆڕان ناکات لە بەهاو یاسا کۆمەڵایەتییەکان. حەقیقەتی ئێستا دەکاتە پێوەری هەم داهاتوو و هەم ڕابردوو، واتا ئەو حەقیقەتەی کە ئێستا ئەو دەیبینێت پێی وایە لەڕابردوشدا وابوەو، لە ئێستاشدا ڕاستە لەبەر ئەوە وەک شتێکی سروشتی بەڵگە نەویست وەریدەگرێت. بەڵام عەقڵی سروشتی بەدوای وڵامدا دەگەڕێت بۆ ڕازیکردنی ئەقڵ نەک هەست و نەستەکان.