عەبدولڕەحمان ڕەزگەیی: دەروازەی سنوری ئۆڤاکۆی و مەترسیە جدیەکانی.
کردنەوەی دەروازەیەکی سنوری نوێ لە نێوان عێڕاق و تورکیا بە ناوی (دەروازەی سنوری ئۆڤاکۆی) لە ئێستادا بۆتە پرسێکی جدی لە نێوان ھەردوو وڵاتدا و سەرچاوە فەرمیەکانی ھەردوو وڵاتیش چەند جارێک باسیان لە گرنگی ئەم پرسە کردۆتەوە، بە پێی ھەواڵێکی (ئاژانسی ئەنادۆڵ) ی تورکیا و ھەروەھا وەزیری دەرەوەی تورکیا (مەولود چاوش ئۆغڵۆ) کە لە تویتێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر باسی کردووە، کە ئامانجی سەرەکی لە دواین سەردانی بۆ عێڕاق و ھەرێم بۆ ئەم مەبەستە بووە و بۆ ئەم پرسەش لەگەل بەرپرسانی عێڕاق و ھەرێم کۆبۆتەوە، باسی لە جێبەجێکردنی کردارێ پڕۆژەکە کردووە لەماوەیەکی نزیکدا، نەخشە ڕێگای جێبەجێکردنیش لەلایەن تورکیاوە ئامادەکراوە.
ناوچەی ئۆڤاکۆی لە ڕووی جیۆگرافیەوە بایەخێکی گرنگی ھەیە بۆ ھەردوو وڵاتی تورکیا و عێڕاق کە دەکەوێتە سەر سنوری عێڕاق، ھەرێم و تورکیا، لەگەل عێڕاق ھاوسنورە لەگەل شارۆچکەی تەل-ئەعفەر لەگەڵ تورکیا ھاوسنورە لەگەڵ شاری سلۆپی و لەگەڵ ھەرێم ھاوسنورە لەگەل شارۆچکەی زاخۆ بەدووری 12 کیلۆمەتر لە باشووری خۆرئاوای دەروازی سنوری پێشخابوور ، ھەرچەندە ئەم ناوچەیە لە دیوی عێڕاق لە ژێر کۆنتڕۆڵی ھێزی پێشمەرگەی پارتیدایە، بە دوری 30 کیلۆمەتر لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی مەرکەزیەوە دوورە و پێدەچێت بە بێ ڕەزامەندی پارتی کارێکی ئاسان نابێت، لە 16 ی ئۆکتۆبەر سوپای عێڕاق ھەوڵیدا لە ڕێگەی شەڕەوە دەست بەسەر ئەم ناوچەیەدا بگرێت، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو، بەڵام لە ئێستادا تورکیا و عێڕاق سورن لەسەر ئەوەی کە دەبێت پێشمەرگەکانی پارتی ئەو ناوچەیە ڕادەستی ھێزەکانی پۆلیسی فیدڕاڵی بکات و بە پێی ھەندێک سەرچاوەش وەزیری دەرەوەی تورکیا ئەم پرسەی لەگەڵ سەرانی ھەرێم باسکردووە و داوای کردووە ڕێگری نەکەن لە کردنەوەێ ئەم دەروازەیە.
ئامانجەکانی تورکیا لە کردنەوەێ ئەم دەروازەیە و کۆمەڵێک مەترسی گەورەی دوور مەودا لەسەر ھەرێم و ڕۆژئاوای کوردستان دروستدەکات:
1- تورکیا ھیچ سنورێکی جیۆگرافی لەگەڵ عێڕاقدا نیە ئەگەر لە ڕێگەی ھەرێمەوە نەبێت، ئەمەش لە ڕابردوودا بۆتە ھۆی ئەوەی تورکیا نەتوانێت بازرگانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ عێڕاقدا بکات، کردنەوەێ ئەم دەروازەیەش گرێیەکی گەورەی مێژوویی بۆ تورکیا دەکاتەوە و لەم ڕێگەیەوە دەتوانێت بازرگانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ عێڕاقدا بگات، ئەمەش دەبێتە ھۆی پەراوێزخستنی ھەرێم و وەک بەدیلێک بەکاریدێنێت بۆدەروازەی سنوری ئیبڕاھیم خلیل جوڵەی بازرگانی لەم دەروازەیە سنوردار دەکات، و لە ھەمان کاتدا نیگەرانیەکانی عێڕاق دەڕەوێنێتەوە لە ھەمبەر کرینی نەوت لە ھەرێمی کوردستان.
2- تورکیا لەوە تێگەشتووە بە بازرگانی کردن لەگەڵ عێڕاق داھاتێکی زیاتری دەست دەکەوێت وەک لەگەڵ ھەرێم، چونکە سەرەڕای ئاڵوگۆڕکردنی کەلوپەلی بازرگانی، ئێستا ھەرێم ڕۆژانە 300 ھەزار بەرمیل نەوت ھەناردەی تورکیا دەکات، بەڵام عێڕاق دەیەوێت تێکڕای بەرھەم ھێنانی نەوت لە کەرکوک بۆ 1 ملیۆن بەرمیل بەرزبکاتەوە لە چەند ساڵی داھاتوودا و تەواوی ئەو نەوتەش لەڕێگەی تورکیاوە ھەناردە بکات، ئەگەر ھەیە ئەوکات تورکیا ڕازی نەبێت چیتر نەوت لە ھەرێم بکڕێت بەمەش ھەرێم بە تەواوی پەراوێزبخەن ھەرێم ناچاربێت تەواوی نەوتەکەی ڕادەستی بەغدا بکات، ئەمەش ھەنگاوێک دەبێت بۆ دوبارە بە پارێزگا بوونەوەی ھەرێم.
3- تورکیا ھەمیشە ڕیسکی ئەوەی ھەیە لە جیھانی ئیسلامی و عەڕەبی داببڕێت، بەتایبەت دوای کۆنتڕۆڵکردنی بەشێکی زۆری باکوری سوریا لەلایەن ھێزەکانی سوریای دیمۆکرات، بۆیە تورکیا ھەوڵدەدات زیاتر بەڕووی جیھانی ئیسلامی و عەڕەبیدا بکرێتەوە و لە چوارچێوەی ئەو خەونە صوڵطانیزمیە نوێیەی کە ئەردۆغان ھەیەتی، بەتایبەت ئەو ناوچانەی موصڵ و کەرکوک کە زۆرینەی دانیشتوانەکانی ھەم سوننەن و ھەمیش لە ڕووی ئیتنیکیەوە ژمارەیەکی زۆر تورکمان لەو ناوچانەدا دەژین، سەرەڕای ھەموو ئەانەش تورکیا ھیچ کات سازشی لەسەر ئەم ناوچانە نەکردووە و وەک بەھایەکی مێژوویی لە دەستچوو سەیریان دەکات بۆیە ھەوڵدەدات پەویوەندیەکی کرداری لەگەڵ ئەو ناوچانەدا دروستبکات، ئەمەش مێسجێکە بۆ ئەوەی بڵێت کە تورکیا ھەرگیز دەستبەرداری ئەو ناوچانە نابێت ھەم لە ڕووی سیاسی و ھەم ئابوریەوە پشتگیری ئەو ناوچانە دەکات.
4- ئامانجێکی تری ستراتیژی تورکیا ئەوەیە ھەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان لەیەکتر داببڕێت ئەگەر ئەم ھەڵەش سەربگرێت دەتوانێت ھەرێم و ڕۆژئاوای کوردستان بە دووری 30 کیلۆمەتر لەیەکتر دوور بخاتەوە ئەمەش گورزێکی گەورەی مێژوویی دەبێت کە لە پرسی کوردی دەدات.
5- تورکیا ماوەیەکی زۆرە لەڕێگەی عێڕاقەوە ھەوڵدەدات ھەژموونی ھێزەکانی پەکەکە لە شەنگال و ناوچەکانی تر کۆتایی پێبێنێت، بۆیە پێدەچێت ئامانجێکی تری تورکیا ئەوەبێت کە دەستوەردانەکانی لە ناوچەکانی شەنگال زیاتربکات بۆ کەمکردنەوە و نەھێشتنی ھەژموونی پەکەکە لەو ناوچانە بەتایبەتی و فراوانکردنی شەڕیش لەدژی پەکەکە بەشێوەیەکی گشتی، چونکە بە نزیکبوونەوە لەم ناوچانە دەتوانێت ئاسانتر یارمەتی لۆجیستی بگەیەنێتە سوپاکەی و چاودێری جموجۆڵەکانت پەکەکە بکات.
سەرەنجام ئەگەر کردنەوەی ئەم دەروازەیە سەربگرێت کۆمەڵێک لێکەوت و درەنجامی نێگەتیڤ لەسەر داھاتووی ھەرێم و ڕۆژئاوای کوردستان دروستدەکات، دەسەڵاتدارانی ھەرێمیش ھەستیان بەم مەترسیە کردووە، بەڵام وەک دەردەکەوێت پێناچێت بتوانن ڕێگری بکەن، وە ئەگەر ھەوڵێکیش ھەبێت بۆ ڕێگریکرن لەم باباتە لە پێناو بەتاڵانبردنی نەوتی ھەرێم و پەراوێز نەخستنی خۆیانە وەک حزب، یان ئەگەری زۆر ھەیە بە دانوستان لە بەرامبەر کۆمەڵێک دەستکەوتی مادی تەسلیم ببن.