ئارام هادی: مەترسیە ناوخۆیی و دەرەکیەکانی بەردەم کابینەی نۆ.
٭ مەترسیە ناوخۆییەکان
دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت لەدوای 222ڕۆژ لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەمەش لەدوای واژۆکردنی ڕێککەوتنی هەرسێ لایەنی سەرەکی پێکهێنەری حکومەت کەتا ئێستاش نازانرێت چەندیتر دوادەکەوێت.
هاوکات چارەسەرنەکردنی پرسە هەڵواسراوەکانی نێوان هەولێر و بغداد(هەرچەندە ڕێککەوتنێکی نافەرمی کاتی یەک ساڵە لەنێوان هەولێر و بغداد کراوە بۆناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم کەئەمەش نابێتە چارەسەرێکی ڕیشەیی)، چارەسەرنەکردنی پرسی کەرکوک، هەڵکشانی ناعەدالەتی و بەردەوامبونی گەندەڵی ئیداری، سکاڵاکەی حکومەتی عیراقی کە لەفەرەنسا لەسەر تورکیا کردویەتی بەهۆی فرۆشتنی نەوتی هەرێم بەبێ گەڕانەوە بۆ بغداد، نادیاری موچە فەوتاوەکانی موچەخۆران و سپاردنی بەقەدەر لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە، کێشەناوخۆییەکانی هەریەکە لە حزبە سیاسیەکانی (بزوتنەوەی ئیسلامی. کۆمەڵی ئیسلامی. نەوەی نوێ. بزوتنەوەی گۆڕان) و نەبونی یەکگوتاری لایەنە سیاسیەکان لەئاست ئەو پرسانەی ڕووبەڕووی دەبنەوە و چەندان کێشەیتر، کە بە ڕەچاوکردنی تەجروبەی حوکمڕانی ڕابردوو باوەڕناکرێت کابینەی نۆ بتوانێت چارەسەریان بۆ بدۆزێتەوە.
ئەمانەش وادەکەن هەرێمی کوردستان توانای گۆڕانکاری لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عیراقدا نابێت بەڵکو لەناوخۆی هەرێمیشدا ڕۆژ لەدوای ڕۆژ پێگەکەی لاوازتر بێت.
٭ مەترسیە دەرەکیەکان
دەستوەردانە بەردەوامەکانی تورکیا لە (بواری سیاسی و ئابوری و کلتوری و سەربازی) هەرێم ئێستا گەیشتۆتە ئاستێکی باڵاتر و مەترسیدارتر کە لەودیوی پەردەشەوە ڕۆڵێکی گەورە دەگێڕێت بۆ زیاتر دواکەوتنی پێکهێنانی کابینەی نۆ و دروستکردنی هێزی چەکدار لە کەرکوک و مانەوەی دۆخەکە بەم جۆرە و بگرە ئاڵۆزتر.
لەلایەکیترەوە هێنانی کەشتیە جەنگیە دەریایی و فڕۆکە ئاسمانیە زەبەلاحەکانی ئەمریکا بۆ ناوچەکە، کە سەرەتای دەستپێکی زەنگی شەڕی (ئەمریکا- ئیران)ی لێ دەکرێت، هاوکات دەست خستنە بینەقاقای ئیران لە عیراق بە هەرێمیشەوە، لەلایەکیتریشەوە سەرهەڵدانەوەی گروپە تیرۆرستیەکان جاداعش بێت یا لەبەرگێکی نوێدا، ئەمانەش دەبنە هەڕەشەیەکی جددی بەردەم کابینەی نۆ.
٭ چارەسەر
وتەیەک هەیە دەڵێ “تا دۆخی ناوخۆییت بەهێزتربێت، دوو هێندە دەتوانی خۆت بپارێزی لەبەردەم هەڕەشە دەرەکیەکاندا”، لێرەوە چەند پرسیارێک دێنە گۆ
1. کابینەی نۆ تاچەند دەتوانێت چاکسازی لە سیستەمی حوکمڕانیدا بکات و داهاتەکەی بە کەرتی نەوتیشەوە شەفاف بێت؟.
2. کابینەی نۆ تاچەند دەتوانێت پرسە هەڵواسراوەکانی نێوان هەولێر و بغداد چارەسەربکات؟.
3. کابینەی نۆ تاچەند دەتوانێت دەستی دەرەکی لە ناوخۆی هەرێمەکەی بنبڕبکات؟.
4. کابینەی نۆ تا چەند دەتوانێت سوپای تورکی لە خاکەکەی دەربکات؟.
5. کابینەی نۆ تاچەند دەتوانێت هاوسەنگی بپارێزێت لەو ململانێیانەی نێوان ئەمریکا و ئیران؟.
6. کابینەی نۆ تاچەند دەتوانێت وابکات هەرێم نەبێتە ساحەی ڕووبەڕوو بونەوەی سوپا و چەکە پێشکەوتوەکانی ئەمریکا و ئیران؟، لە ئەگەری دروست بونی جەنگدا.
ئەمەش بە پەیوەندیەکی دبلۆماسی هەرێمی هاوسەنگ و تەندروست و بەهێزدەکرێت لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و زلهێزانی جیهانی، نەک ئەو پەیوەندیەی ئێستا کە تاکە حزبێک تەحەکومی پێوەدەکات.