محەمەد بەرزی: هەلپەرستی مشەخۆر.
ئەگەر بمانەوێت بە شێوەیەکی سوک و ئاسان پێناسەی هەلپەرست بکەین ، ئەوا دەڵێین : هەلپەرستی نەخۆشییەکی مەترسیدارە و جۆرێکە لە جۆرەکانی سیاسەت و خۆی لە خۆیدا بریتییە لە هەڵپەی سودوەرگرتن لە بارودۆخێکی دیاریکراو ، بەوپەڕیی ئاگایی و خۆپەرستییەوە ، بەبێ ئەوەی حساب بۆ زیان و ئەو کارەساتانە بکەن ، کە بەر نیشتمان و کەسانی تر دەکەون . یان هەلپەرست ئەوکەسەیە ، کە بەرژەوەندی تایبەتی خۆی دەخاتە سەروو بەرژەوەندی گشتییەوە و هەموو خەون و خولیا و سەودایەکی ژیانی تەنها گەیشتنە بە ئامانجەکانی . بێگومان کەسانی هەلپەرست زۆرزان و زیرەکن و لە هوویەک موویەک دەکەنەوە و توانای لە خشتەبردنی دەوروبەریان هەیە و زۆر بە چاکی دەتوانن نمایش بکەن و بە فێڵ و درۆ و دەلەسە خۆیان بەرنە پێشەوە و ببنە جێگای ڕێز و خۆشەویستی و متمانەی تەواوی خەڵکی . لە هەمان کاتدا هەلپەرستان زۆر بە وریایی یەوە دەتوانن سود لە هەڵە و خاڵی لاوازی بەرامبەرەکانیان وەربگرن و بیرکردنەوەیان بشێوێنن ، تا فرسەت دەهێنن و دەگەن بە پۆستی گەورە و گرینگ و زۆر بە چاکی پێگەی خۆیان قایم دەکەن و لە سایەیدا بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان دەپارێزن .
بە گشتی لە پێشدا زۆر بە گران لە ناخی کەسانی هەلپەرستی خۆپەرست دەگەین ، چونکە بە سەرزاری زمان شیرین و لێوان لێون لە نیشتمانپەروەری و نەرمونیانی و خۆشەویستی و ئەمەک و هاوریێ یەتی ، بەڵام لە ڕاستیدا جامبازن و جگە لە بەرژەوەندی خۆیان ، هەڵگری هیچ بەهایەکی جوان و بیروباوەڕێکی دیاریکراو نیین ، فریودەر و ماستاوچی و لەبلەبانن و هیچ شەرم و شورەییەکیان نییە و سەرێکیان هەیە و هەزار سەودا و ناخیشیان پڕە لە درۆ و فێڵ و تەڵەکەبازی و بۆ گەیشتن بە مەبەستی شارراوەی خۆیان ، کۆ لە هیچ ناکەن و هەموو شێواز و ڕێگایەک بەکاردەهێنن . خۆ کاتێکیش بە خۆمان دەزانیین و ڕووی ڕاستەقینەی هەلپەرستمان بۆ دەردەکەوێت ، ئەوان پێشتر و بە یارمەتی ئێمە گەیشتۆنەتە ئامانجی خۆیان و لە خشتەیان بردووین و کڵاویان کردۆتە سەرمان و تووشی زیانی زۆریان کردووین ، چونکە هەلپەرستەکان لە بەخشندەیی شۆرراونەتەوە و تەنها مەبەست و بیرکردنەوەیان بەرژەوەندی تایبەت و چنینەوەی دەستکەوتەکانی خۆیانن .
بێگومان لە دەورووبەری ئێمەشدا کەسانی هەلپەرست هەیە و دەکرێت لە ڕێگای ئەم خاڵانەی لای خوارەوەدا تا ڕادەیەکی زۆر بیاناسینەوە :
١ – هەلپەرست وا خۆی نیشاندەدات ، کە توانای هەموو ئیشێکی هەیە و ناوسکی پڕە لە قسە و لە کۆبوونەوەکاندا بە خێرایی قسەدەکات و ئامادەیی خۆی بۆ ڕاپەڕاندنی هەموو ئیشێک نیشاندەدات ، تا سەرنجی لیپرسراوەکانی بەلای خۆیدا ڕابکێشێت و لییان نزیکبێتەوە .
٢ – بەردەوام ڕەخنە لە هاوڕیێ کانی دەگرێت و لەبەرچاوی لێپرسراوەکانی کەموکورتییەکانیان دەخاتە ڕوو ، تا خۆی وەک باشترین کەس نیشانبدات .
٣ – لە کاتی قسەکردنی کەسانی تردا ، قسەکانیان پێ دەبڕێت و دەکەوێتە ستایش و دەرخستنی بەهرە و تواناکانی خۆی و گویێ لە کەس ناگرێت ، تەنها باسی لایەنە باشەکانی خۆی و کەموکورتی بەرامبەرەکانی دەکات .
ئەوەی شایانی باسە هەلپەرستە جامبازە مشەخۆرەکان ، لە دامودەزگاکانی دەوڵەت و بە زۆریش لە ناو پارتە دەسەلاتدارەکاندا جێگا بۆ خۆیان دەکەنەوە ، چونکە چاکدەزانن لە ڕێگای ئەو پارتانەوە دەتوانن بگەن بە ئامانجە پۆخڵەکانیان . بە زۆڵیتی دروشمی ئەو پارتانە هەڵدەگرن و بە درۆ داکۆکی لە رێبازەکەی دەکەن و بۆ هەڵخەڵەتاندنی بەشێک لە خەڵکی کار بۆ شاردنەوەی ڕاستییەکان دەکەن . بەڵام لە ڕاستیدا بێ بیروباوەڕن و تەنها چاویان لە بەرژەوەندی و ئامانجەکانی خۆیانن و ئەوەی بە خەیاڵیاندا نەیەت سیاسەتی ئەو پارتانەیە و لە کاتی تەنگانەدا پشتی تێدەکەن ، بەڵام لە ئەنجامیشدا زۆر بە خراپی لەسەر هەردوو لایان دەکەوێتەوە . بۆ ڕاستی ئەو قسانەش نموونەی زۆرمان لەبەردەستدایە ، کە تەنها ڕووناکی دەخەینە سەر دوو دانەیان : ئاشکرایە لە کاتی خۆیدا ژمارەی ئەندامانی حیزبی شیوعی سۆڤییەت ، نزیکەی پازدە ملیۆن ئەندام بووە ، ئەمە سەرباری ٤٠ ملیۆن لاوانی شیوعی مەشقپێکراوی ئامادە بۆ ڕۆژانی تەنگانە . ئەو ژمارانە ئەوەند زۆر بوون مەحاڵبوو ئەو حیزبە دووچاری ڕوخان و شکستی گەورە بێت ، بەڵام ئەوە بوو لە تەنها شەو و ڕۆژێکدا ئەو حیزبە زەبەڵڵاحە وەک شیرە بەفرینە توایەوە و بە ناخی زەوی دا چووە خوارێ و ئاشبەتاڵیکرد و شتێک نەما بە ناوی وڵاتە یەکگرتووەکانی سۆڤێتەوە . ئەمەش نیشانەیە ، کە ڕێژەی هەرە زۆری ئەندامەکانی ئەو حیزبە کەسانی هەلپەرستی بەرژەوەند خوازی مشەخۆری بێ باوەربوون و بە دڵ هەڵگری بیری شیوعییەت نەبوون ، خۆ ئەگەر وا نەبووایە ، ئەوا دەبوو ئەو هەموو ئەندامانە ، زۆر ئازایانە بهاتنایەتە مەیدان و داکۆکیان لە باوەڕەکەی خۆیان بکردایە و نەدەبوو تەلاری مەزن و بەرزی ئەو حیزبە ، ئاوا بە خێرایی هاڕڕەبکاتە خوارەوە و تەپوتۆزەکەی هەموو دنیا تووشی شۆک بکات . نموونەی دووەمیشمان ، نموونەیەکی دوێنێی خۆمانە ، ئەوەبوو لە ڕاپەڕینەکەی خەڵکی کوردستاندا بە چاوی خۆمان بینیمان ئەو هەموو جاش و زۆڵە کوردە بەعسییە هەلپەرستە خۆفرۆشانەی ، کە جاسوسی و نۆکەرایەتییان بۆ بەعس دەکرد و گۆرانی زێرەیان بۆ سەدامی دیکتاتۆر دەوت ، کەچی لەو تەنگانەیەدا یەکێکیانمان نەبینی چەک هەڵبگرێت و بێتە سەر شەقامەکان ، تا ڕووبەڕووی هێزی پێشمەرگە ببێتەوە و بەرگری لە باوەڕی بەعس بکات ؟ . ئەوان خوا خوایانبوو کونێک بدۆزنەوە و پاشەڵی خۆیانی تێدا بشارنەوە . بە گشتی هەروەک لەسەرەوە باسمانکرد هەلپەرستەکان زیاتر خۆیان دەخزێننە پارتە دەسەڵاتدارەکانەوە ، چونکە لە ڕێگای ئەو پارتانەوە دەگەن بە ئامانجەکانیان . بەڵام وەک حیزبییەک هیچ باوەڕێکیان بە دروشم و بەرنامەی ئەو حیزبانەوە نییە ، تەنها مێزەری جامبازی دەکەن سەر و وەک نۆکەرێکی ئەڵقە لە گویێ و بە درۆ پشتگیری لە بەرنامە و هەموو پلانێکی دەکەن و دەبن بە زوڕناژەن و پەسندانی سەرۆک و زیاد لە قەبارە و بەهای خۆی گەورەی دەکەن و وەک خوایەک لەسەر زەوی سەیری دەکەن و بە جۆرێک فووی تێدەکەن ، کە بەبێ ئەو کەس ناتوانێت هەتا هەناسەش بدات . هەر بۆیە پەیکەری لە هەموو شوێنێکی وڵاتدا بۆ بەرزدەکەنەوە و وێنەکانی دەکەن بە هێمای شکۆی سەربەرزی وڵات و هەرچی لە دەمی سەرۆک دەربچێتە دەرەوە ، وەک تووتی دەیڵینەوە ، کە دیارە ئەمەش لە ئەنجامدا کاردانەوەی خراپی لێدەکەوێتەوە و ئەو حیزبانە بە هەڵە لە قەوارە و قورسایی خۆیان دەگەن و بەرەو دیکتاتۆرییەت هەنگاودەنێن . بێگومان جگە لە پارتەکانی دەسەڵات ، پارتەکانی تریش ، هەر یەکێکیان بە ڕێژەیەک هەلپەرستەکان لە لوتکە و شوێنە هەستیارەکانیاندا جێگا بۆ خۆیان دەکەنەوە .. بەگشتیش ئەمجۆرە حیزبانە خاوەنی پلانیکی تۆکمە نین ، ئەمڕۆ شتێک دەڵێن ، بۆ سبەینێ بەبێ ئەوەی شەرم لە خۆیان و خەڵکی بکەن لێی پەشیماندەبنەوە . ڕوو لە ڕاست دەکەن ، بەڵام پاشە و پاش بەرەو چەپ دەڕۆن . ئەندامانی حیزبەکەیان وەک مێگەل لێدەکەن ، ئەمە سەرباری بێ توانایی سەرکردە بێ ئاگا و فووتێکراوەکانیان . لە ئەنجامیشدا ئەمجۆرە حیزبانە ، جگە لە شکست و ئاشبەتاڵ ، ناتوانن لە لاپەڕەکانی مێژوودا شانازییەک بۆ خۆیان تۆمار بکەن و دەبن بە کۆسپێکی گەورەش لە ڕێگای پێشکەوتنی کۆمەڵگادا . پاشان نە بەرگەی هێرشی دوژمنان دەگرن ، نە لەبەر شاڵاوی ڕقی ئەستوری میللەتدا خۆیان ڕادەگرن ، لە ئەنجامیشدا ، یان ئاشبەتاڵدەکەن ، یان وەک نۆکەرێکی دۆڕاو بە ملکەچی لە باوەشی داگیرکەراندا دەگیرسێنەوە و دەبن بە بەشێک لە ڕابووردوویەکی ئێجگار ڕەش .
سەرچاوەکان : سود لەم سەرچاوانە وەرگیراوە :
١ – الانتهازیە …. سایتی ویکیبیدیا
٢ – تعریف الشخص الانتهازی الوصولی … سایتی الجواهر
٣ – الانتهازیە کظاهرە اجتماعیە …. د. فایز رشید
- بابەتەکانی تری محەمەد بەرزی
محەمەد بەرزی: خــۆر..!
-محەمەد بەرزی: منداڵی ترسنۆک و شەرمن.
-محەمەد بەرزی: مـنـداڵ و نـوسـتـن.
- All Posts