دکتۆر کەمال میراودەلی: ئایا جەنگی ئەمریکا- ئێران دەستپێدەکات؟ کێ دەڵێ دەستیپێنەکردووە؟
( 1 )
ئایا جەنگی ئەمریکا-ئێران دەستپێدەکات؟
وەلامەکە بەوە دەگۆڕێت چۆن پێناسەی جەنگ دەکەیت.
پرۆسەی جەنگ ئاوایە: ئابووریی – سیاسیی – میدیایی/ هەڕەشەیی- ئاگریی
جەنگ لە بنەڕەتدا جەنگی ئابووریی یان دەسەلاتی ئابوورییە کە ئەمڕۆ لە جیۆپۆلیتکی نەوت و گازدا بەرجەستەیە.
جەنگی ئابووریی دەبێ بە جەنگی سیاسیی: سزادانەکان و هاوپەیمانییە ئاشکرا و نهێنییەکان، کار و چالاکیی داهێنەرانە و تێکدەرانەی جاسووسگەریی و تٶرە نهینییەکان و شانە خەوتووەکان و گوشاری سیاسیی و سەربازیی لە سەر هەموو کاراکتەرە ئەگەردارەکان.
جەنگی سیاسیی دەبێ بە توندبوونی جەنگی راگەیاندن
لەگەڵ هاشووهوشیی هەڕەشەی میدیاییشدا، دەگۆڕێ بە جمین و جووڵەی جەنگیی.
خڕکردنەوەی هێزە زەبەلاحەکان لە زەمین و دەریادا، دیاریکردنی خالی فلاش- گڕەکان و ستراتیجەکان.
ئاخری: ئامادەیی تەواو بۆ ئەوەی ئێستا پێی دەوترێ: شەڕی شموولیی..
شەرێک کە تا ئاگرەکە ىڕوات ڕەشەبایەکە زیاتر پالی دەنێت، هەموو کون و قوژبنەکانیش دەگرێتەوە، تەڕ و پووش، تاوانبار و بێتاوان، شار و شاخ پێکەوە دەسووتینێت.
شەڕی شموولیی واتایەکی ترە بۆ شەڕی جیهانیی – بەلام لە ئەوروپا و رۆژاوا بە دوورخراو، لە چین و ڕوسیاش کە توانای وەلامدانەوەیان هەیە بەلام کەس ناتوانێت پێشبینیی پێشبینیینەکراو بکات.
ئەمە شەڕی دۆزەخییە، کە لە مێژە یۆنانییەکان بە ئەرمەگەدۆن ناویان بردووە.
( 2 )
ئەرمەگەدۆن سیناریۆی جەنگی ڕۆژی حەشر یان کۆتایی دنیایە.
ئەم ناوە لە ئینجیلدا هاتووە و لە یۆنانیی و عیبرییەوە وەرگیراوە. وەک خەرافاتی دینیی یان میتافۆر بە مەیدانێکی جەنگ دادەندرێ کە گەورەترین سوپای کوشندەی دنیای تێدا کۆدەبیتەوە و دوای ئەو جەنگە دنیا کۆتایی دێت. ناوچەی ئەو جەنگەش ڕۆژهەلاتی ناوەڕاستە: بە وردی لە دەور و بەری گردی مەگیدۆ/ مەجیدۆ کە بەسەر دەریادا دەڕوانێ و ڕیگەی بازرگانی کۆن بووە لە نێوان میسر و ئیمپراتۆریە باکوورییەکانی کۆنی سوریا. ئەمە ئێستا دەریای جەلیلە لە ئیسرائیل، کە کەوتۆتە سەرووی رۆژهەڵاتی ئیسرائیل لە نێوان بەرزاییەکانی جۆلان و ناوچەی جەلیل لە دۆڵی ئوردون. wikipedia.org
( 3 )
ئایا شەڕەکە دەبێت؟
شەڕەکە شەڕی ئەمریکایە و لە پشتییەوە ئیسرائیل و لۆبی جوولەکە و دەولەتە قووڵەکان: کۆمپانیا و بازرگانەکانی جەنگ و خوێن و نەوت و دەسەلات، و بۆ ئامانجێك نەخشەی بۆ کێشراوە کە چۆکدادانی ئێران و مسۆگەرکردنی مانەوە و سەلامەتی ئیسرائیل و گۆڕینی رۆژهەلاتی ناوەڕاست بە ناوچەی نفووزی ئەبەدیی ئەمریکا و کۆنترۆلکردنی هەمیشەیی سەرچاوە نەوتییەکانیی و گۆڕینی دەولەتە خەلیجییەکان بۆ کۆیلەدەوڵەتۆکەی ئەمریکا [و ئیسرائیل] [ واتە لەوەش زیاتر کە ئێستا هەیە!
گەر ئێران بچێتە ژێر بار، شەڕ نابێت، یان ڕاستتر سڕ دەکرێت و سارد دەکرێتەوە.
گەر نا، شەڕەکە بە فیعلی بە مانا ئابووریی و سیاسیی و میدیایی و هەڕەشەیی و ئاگرچێنیی هەیە و لە وینە ترسناکەکاندا دەبینرێت.
( 4 )
دەبێ ئاماژەکان بخوێنینەوە:
1- دوێنێ پۆمپیۆ لە ڕوسیا بوو، پۆتین و لاڤرۆڤی بینی-لاڤرۆڤ رایگەیاند: پۆمپیۆ/ئەمریکا هیچ بەلێن و دڵنیاییەکی بە ڕوسیا نەداوە کە جەنگ ڕوونادات و گڕخٶشکردن لە زیادبووندایە. [سایتی ئار.تی عەرەبی، 15/5]
2- پێش چوونی بۆ ڕوسیا، پۆمپیۆ بە پەلە چوو بۆ برۆکسل و سەرکردەکانی ئەوروپایی لە سەختیی ڕەوشەکە ئاگادار کرد و ئینزاری کردن کە هەموو هاوکارییەک لەگەڵ ئێران ببڕن. وەزیری دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاند زۆر نزیکە بە ڕێکەوت جەنگ رووبدات.
3- ئەمریکا فەرمانبەر و کارمەندەکانی لە عێراق کشاندەوە. سەردانی بەپەلەی پۆمپیۆ بۆ عێراق بۆ ئینزاری حکومەتی عێراقیی بوو کە ئێران بە نیازە عێراق وەک مەیدان و هەنگاوی یەکەم بۆ دەستوەشاندن لە هێزەکانی ئەمریکا بەکاربێنێت و ئەمە بە کارەسات کۆتایی دێت. [سایتی ئارتی عەرەبیی 15/5]/ لە هەمان کاتیشدا گوایە پۆمپیۆ لە ڕێگای حکومەتی عێراقییەوە پەیامێکی بۆ ئیران ناردووە کە ئەمریکا نیازی جەنگی نییە و داوای گفوگۆی کردووە.
4- قسەخوانێک بە ناوی سەفارەتی ئەمریکی لە بەغدا باس لە هەڕەشەی نزیک و جددی لە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەکات. بۆیە داوا دەکات فەرمانبەرانی سەفارەت و کۆنسلیان لە هەولێر عێراق بەجێبێڵن.
5- دوابەدوای ئەمریکا، ئەلمانیا و هٶلەندا، ئەرکی سەربازیی خۆیان لە عێراق کۆتایی پێهێنا. [ئارتی ئینگلیزیی 15.5]. تەنیا بەریتانیا رایگەیاند کە حەشدی شەعبی لە عێراق هیچ هەڕەشەیەک بۆ سەر هاوپەیمانەکان و رۆژاوا دروست ناکات، ئەمریکا بە توندی ئەمەی ڕەتکردۆتەوە. [تایمزی بەریتانی/ 15/5]
6- ئەرمەگادۆنی جەنگی دەریا و زەمینی رۆژهەلاتی نیوەندی تەنیوە. ئارینگتۆن، فرۆکەهەلگری لینکۆلن کە 90 فڕۆکە و هیڵیکۆپتەری جەنگی هەلگدەگرێت، بی 52، سسیستمی پاتریۆت و تەنانەت کەشتییە-خەستەخانەیەکی دەریایی کە 1000 تەختی بۆ نەخۆش/ بریدار تێدایە کە ئەفسەریکی میسری دەیبینێ: هاوار دەکات [اللە یستر] خودا لە بەڵا و قەزا بمانپارێزێت [ ئار تی 14/5]
گەرچی دوێنێ ترامپ ئەوەی بە درۆ خستەوە کە 120،000سەرباز بۆ خەلیج بەڕێوەیە، بەلام وتی ئەم ژمارە هیچ نییە، گەر ئێران چۆک دانەدا زۆر زیاتر دەنێرم. [هەموو سایتەکان].
7- بە پێی راپۆرتێکی نیویۆرک تایمز ئەو نەخشەیەی لە لایەن تیمی ئاسایش و پنتاگۆنەوە بۆ ترامپ بۆ لێدانی ئێران کێشراوە، هەمان شێوەی نەخشەی داگیرکردنی عێراق و رووخاندنی سەددام حوسەینە بێگومان بە جیاوازیی هەلومەرج و ئەکتەرەکان. [نیویۆرک تایمز، 13/5] واشنتۆن پۆستیش دەلێ شەڕی ئێران کە ببێت چەند قات لە شەڕی عێراق خراپتر دەبێت.
( 5 )
لە هەمووی گرنگتر: بەڵێ جەنگ دەستی پێکرد بەلام یەکلایەنە!
جەنگ دەستی پێکرد. ئێران یەکەم جەولەی بردەوە!
راستە ئێران بە دەیان بنکەی سەربازیی وئەستۆلی هیزی دەریایی ئەمریکی دەورەدراوە.
بەلام ئێران سەعودی عەرەبیی نییە کە چوار ساڵە نەیتوانیوە لە یەمەن پایتەختیک لە خێڵێک بستێنێتەوە.
ئێران ستراتیجی جەنگیی و نەخشەی پێشدەستیی/ استباقی هەیە و تا مقاش هەبێت پەنجەکانی خۆی ناسووتێنێت. مقاشیش زۆرن. میلیشیا و شانەی نووستوو و چەکی دەستوەشاندنی نوێی بەکار و تێکدەر.
ئەمریکا گەمارۆی ئێرانی داوە، بەلام ئێرانێش گەمارۆی ڕۆحی ئەمریکای داوە: سەعودیە و ئەمارات و نەوتی خەلیج و بۆڕییەکان و ڕێگاکانی گوازتنەوەی. هەر هۆرمز نییە کە لە ژێر مستەکۆڵەی سارۆخیی ئێران دایە، هەر هەموو خەلیج بە عێرا ق و سوریا و لوبنانیشەوە.
پێویست بە ئەبراهام لینکۆلن و بی -52 و پاترۆت ناکا و ، نە ئەمانەش دەیوەستێنن، تا ئەو بۆڕیانە لە کار بخەیت و ئەو ڕێگایانە پەک بخەیت.
ئێران و سەعودیە و ئەمارات و بەحرەین ئەوەندە لە یەکەوە نزیکن وەک کۆمێنتەوانێکی ئێرانی وتی: دەتوانن بە تفەنگ و کلاشینکۆف تەقە لە یەکتر بکەن.
ئەمەش تاکە یەک هەڕەشەی مانادار و لۆجیکیی بە ئێران داوە: گەر من بسووتێم ، خزمینە هەمووتان لەگەڵ خۆم دەسووتێنم = جەنگی شموولیی = ئەرمەگەدۆن.
ماوەیەک لەمەبەر ئێران مووشەکە دوورهاوێژەکانی بە سارۆخبارانی دیمۆکرات لە کۆیە و بنکەیەکی داعش لە سوریا تاقیکردەوە. هەردوو زۆر سەرکەوتوو بوون. ئەوەی ویستیان لە دوورمەوداوە پێکایان.
بە ڕای من هۆیەکی ستراتیجی بڕیاری کشانەوەی هێزی سەربازیی ئەمریکیی لە سوریا پەیامی خەتەرناکی ئەو پەلامارە مووشەکییەی ئێران بوو.
ئەمریکا دەترسێت گەر کار لە کار ترازا، بنکەکانی بکەونە بەر شالاوی سارۆخیی کە دەشێ لە هەر بنکەیەکی نەزانراوە وە لە ناو خاکی ئێرانەوە بیانکرێتە سەر.
بۆیە کاتێ ویستی لە سوریا بکشێتەوە ، هێزەکانی تەنیا بۆ ناو عێراق جووڵاندن.
بۆیە گەرچی خاکی رزگارکراوی ڕۆژهەلاتی سوریا دەشێ بە هی خۆی بزانێت و پێویستی بە ڕوخسەتی کەس نییە بنکەی تێدا دابنێت، بەلام ئەمریکا عێراقی پێباشترە کە لە پەنا حکومەتی عێراق و بە تووشکردنی، بنکەکانی دابنێت گەرچی عێراق بە خواستی خۆی بێت ڕازی نابێت!
( 6 )
کەوایە چۆن ئێران جەولەی یەکەمی بردەوە؟
گەر مەسەلەکە نەوت و گاز و بۆڕی و ڕیبازەکانی گواستنەوەیان بێت، ئەوە هەر هێزێک بۆ زەبروەشاندن لەمانە کاریگەریی خۆی دەنوێنێت.
لە کاتێکدا ئێران بە گەمە وگوڕەشە باسی داخستنی هورمزی دەکرد، کەچی لە شوێنی چاوەروانەنکراو بە جووڵاندنی سەرەمەقاشێک پەیامێکی کاریگەرتری لە پەیامی ئەبراهام لینکۆلن، بە ئەمریکا و دەستوپیوەندە خەلیجییەکانی دا.
دوو کاری سەبۆتاژ/تیکدان لە یەک کاتدا لە دوو خاڵی هەرە خەتەرناک و ستراتیجی گواستنەوەی نەوت.
یەکەم : سەبۆتاژی ئەلفجیرە.
کاری تێکدان دژ بە چوار کەشتی بازرگانی ولاتی جیا، لە ناو ئاوی ئیقلیمی ئەمارات لە کەناری رۆژەلاتی نزیک ئەمارەتی ئەلفجیرە. گرنگی و خەتەرناکی تێکدانەکە هێندە لە کارەکە خۆیدا نییە وەک لە گرنگی ستراتیجی نیشانە هەڵبژیردراوەکەدایە. ئەلفەجیرە بە گەورەترین بەندەری دەریایی لە ئەمارات دادەندرێ لە ساڵی 1978 دەست بەدروستکردنی کراو لە ساڵی 1983 کەوتە کار. دوازدە کۆمپانیای پسپۆری بواری عەمبارکردن و مامەلەکردنی نەوتی تێدان و پرۆژەی هێلی بۆرییەکانی نەوت بۆ مەودای 400 کیلۆمەتر چوارگۆشە درێژ دەبێتەوە و لە پرۆژە ستراتیجییەکانی ئەماراتە، و گرنگتین بەندەری گوازتنەوەی نەوتە و لە گەورەترین نێوەندی فەراهەمکردنی سووتەمەنییە بۆ کەشتییە بازرگانییەکان. هەروەها لەوێوە %70 ی نەوتی ئەبوزەبیی دەگوازرێتەوە بێ ئەوەی پێویستی بە تەنگاوی هۆرمز بێت.
گەرچی ئاژانسی هەوالی فەرەنسی ڕایگەیاند کە پسپۆرانی ئەمریکیی و فەرەنسیی و نەرویجیی و سەعودیی لەگەڵ ئەماراتییەکان خەریکی لێکۆڵینەوەی سروشتی ئەم تێکدانە و سەبەبکارەکانین، تا ئێستا وەک نهێنییەک پارێزراوە و کەس وەک گومانیش پەنجە بۆ کەتنکاران نابات. بۆیە زیاتر ڕێپێدەجێت ئەمە کاری ئیسرائیل بێت چونکە بەس ئیسرائیل و سەهیۆنییەکان دەتوانن بە ئارەزۆی خۆیان دنیا بێدەنگ بکەن، هەرچٶنێ بێت ئەم کارە لە بەرژەوەندی ئێرانە و ئاگادارکردنەوەیەکی جەرگبڕی ئەمارات و دەوڵەتانی خەلیجە کە نەک هەر بە سەلامەت دەرناچن بەلکو تێدا دەچن.
دووەم: لێدانی ئەرماکۆی سەعودیی
خۆ گەر کەتنکارانی ئەلفجرە نەناسراو بن ئەوا هی ئەرامکۆ بانگی ئاشکرا دەدەن.
هیرشێکی نەوعیی ستراتیجی چاوەڕینەکراو لەلایەن حوسییەکانەوە بۆ سەر دوو ئێستگەی نەوت دەرپەراندنی سەر بە کۆمپانیای زەبەلاحی ئەرامکۆ بە حەوت فڕۆکەی بەڕێخراوی بێ فڕۆکەوان لە یەک کاتدا و بە بڕینی مەسافەی سەدان کیلۆمەتر تا گەیشنیان بە نیشانە و ئامانجەکانیان لە قووڵایی خاکی سەعودیەدا. گرنگییەکە لێرەدا لە هەردوو لایەنەکەدایە: مەزنیی و خەتەرناکیی و سەرکەوتوویی ستراتیجیی هێرشەکان و دووەم دیسانەوە گرنگی ستراتیجیی بێوێنەی ئامانجە هەڵبژێردراوەکان. گرنگیی ئەو شوێنە لەوەدایە کە بە هێڵی بنەڕەتیی بۆ گوازتنەوەی نەوتی سەعودیی بە سەدان کیلۆمەتر لە کێڵگەکانی بەرهەمهێنانەوە لە ڕۆژهەلاتی ولاتەوە بۆ بەندەرەکانی هەناردەکردن لە سەر کەناری دەریای سوور لە رۆژاوای ولات، دادەندرێ. درێژیی ئەم هێلە بە نزیکەی 1200 کیلۆمەتر دادەندرێ و ڕۆژانە پێنج ملیۆن بەرمیلەنەوتی پێدا دەڕوات و، بۆ سەعودیە بەدیلێکە بۆ تەنگاوی هورمز. سەعودیە ئیعتیرافی بە هێرشەکە و ئاگرکەوتنەوە لە پەمپخانەکان و زیانی زۆر کرد بە هۆی تێکدان و وەستاندنی پەمپکردنی نەوتەکان.
( 7 )
براوەیی ئێران
لەگەڵ ئەوەشدا کە ئێران ئامانجە و گەمارۆی چەندین سالی لە سەرە و لەهەر چوار دەورەوە بە دوژمن و بنکەی سەربازیی و هیزی دەریایی ئەمریکیی دەورەدراوە، بەلام تا ئێستا کارێکی سەبۆتاژ و تێکدانی وا لە ناو ئێران یان دژ بە ئێران لە دەریادا نەکراوە. بۆیە دەکرێ بڵێین شەر بە هەموو جۆرەکانی ئابووریی، بازرگانیی، سیاسیی، سایکۆلۆجیی، میدیایی و ئاگرچێنیی بەردەوامە و نەگەیشتۆتە سەر شقارتەی تەقاندنەوە. لە جەولەی یەکەمیشدا ئێران براوەیە و تۆپە گەرمەکە لە گۆڕەپانی ترامپ دایە. ئێران هێشتا مقاشی زۆری هەن بە کاریان بێنێ و گەورەترین و گەرمترین و ترسناکترینی لە عێراق دایە بۆیە ئەمریکا وا شپرزە بووە. گەر ئێران بتوانێ ئەو کەتنە گەورە و ستراتیجییە بە حوسییەکان لەو دوورەوە بکات ئەی چی دەتوانێ بە حەشدی شەعبی لە عێراق بکات کە فرزەندە و پەروەردەی خۆنی و سارۆخی کوشندەشی پێداون؟
شەڕەکە ببێت یان نەبێت عێراق تا بینەقاقا تووش بووە. گومانی نییە کە حەشدی شەعبی وەک بەشێک لە پاسدارانی ئێرانیی، کە ئەمریکا بە تێرۆریستیان دەزانیت، کار دەکات.
وەک ئەفسەرە میسرییەکە دەبێ بڵێین: اللە یستر.. خودا عێراقی بریندار لەم قەزا و بەڵایانە دوور خاتەوە!