دکتۆر کەمال میراودەلی: چارەنووسی ئەردۆگان لە ئەستەمبولەوە بۆ ئیدلیب. بەشی دووەم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەگەرەکانی ئیدلیب

( 1 )
ئەیلولی 2018 بوو، خەریک بوو ئیدلیبیش دەتەقیەوە. ئەردۆگان داوای کۆبوونەوەی لەگەل پۆتین کرد. لە 17 ی مانگدا لە سۆچی ئەنجام درا. پۆتین دوای کۆبوونەوەکە رایگەیاند: [ بریارماندا ناوچەیەکی چەکلیداماڵراو بە پانایی 15 – 20 کیلۆمەتر بە درێژایی هێلی بەریەککەوتن دابمەزرێنین. ئەمە لە 15 ئۆکتۆبەری ئایندەوە جێبەجێ دەبێت.
هەروا زیاتر وتی: تورکیا لە 10 ی ئۆکتۆبەرەوە هەموو گروپە جیهادییەکان لادەبات، ئەو چەکە قورسانەی هەیانە لە تانک و سارۆخ و هاوەن لێیان دەستێنێت. پۆلیسی تورکیی و ڕووسیی پێکەوە، بە پێی پێشنیازی ئەردۆگان خۆی، پاسی ئەو ناوچەیە دەکەن و هەموو گروپە چەکدارەکان، بە هەیئەی تەحریری شام [نوسرەی پێشوو] یشەوە، لەو ناوچانە دەکشێنەوە.]
ئەردۆگانیش وتی: خاڵەکانی چاودێریی لەو ناوچانە بە‌‌هێز دەکەین، بە هاوکاری ڕوسیا دژی ئیرهاب دەجەنگین، و بە خاتری ئەم رێکەوتنە نایەڵین کارەساتێکی مرۆیی لە ئیدلیب ڕوو بدات!]
بەلام ئەو دوو سەرکردە روونیان نەکردەوە چۆن گروپە میانڕەوەکان لە گروپە جیهادییە تونڕەوەکان لە تورکیا پشتگیرییان دەکات جیا دەکەنەوە.
وأضاف أردوغان: “سنعزز نقاط المراقبة في تلك المناطق ونحارب الإرهاب بالتعاون مع روسيا، وبفضل هذا الاتفاق، سنحول دون وقوع كارثة إنسانية في إدلب”.
ولم يوضح الرئيسان كيفية التمييز بين الفصائل المسلحة المعتدلة وبين الجماعات الجهادية المتطرفة والكتائب الأخرى المدعومة من تركيا.bbc.com/arabic

ئەمە هەر قسەی پۆتین نەبوو، دەقی بەندەکانی ڕیکەوتنەکە ئەمە دەسەلمێنن.

( 2 )
دەقی ئیدلیبنامەکە:
[ کۆماری تورکیی و فیدرالیی رووسیی، وەک زامنکاری سیستمی ئاگربەست لە کۆماری سوریای عەرەبیی، و بە ڕێنمایی یاداشتی دامەزراندنی ناوچەکانی [هێمنکردنەوە] لە ناو سوریادا، لە 4 ی مایسی 2017 دا و ئەو ڕێکارانەی لە پرۆسەی ئەستانا بەدیهاتن، و بە ئامانجی چەسپاندنی ئاسایش لە ناو ناوچەی هێمنکردنەوە لە ئیدلیب بە زووترین کاتی گونجاو، لەسەر ئەمانە ڕیکەوتین:
1- هێشتنەوەی ناوچەی هێمنکردنەوە لە ئیدلیب و پتەوکردنی خاڵەکانی چاودیریی تورکیی و بەردەوامبوون لێیان
2- فیدرالی رووسیی هەموو کار-راپەڕییەک دەکات تا زامنی دوورکەوتنەوە لە ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی سەربازیی و هیڕشکردنە سەر ئیدلیب، بێت و ڕەوشی ئێستا بپارێزێت.
3- دامەزراندنی ناوچەیەکی چەکلێداماڵراو بە قووڵایی 15- 20 کیلۆمەتر لە ناو ناوچەی هێمنکردنەوە
4- بڕیاردانی سنوورەکانی ناوچەی چەککراو دوای ڕاوێژکاریی پتر تەواو دەکرێت.
5- تا 15 ی ئۆکتۆبەر دەبێ هەموو کۆمەڵە ئیرهابییە ڕادیکالەکان دووربخرێنەوە.
6- تا 15 ی ئۆکتۆبەر، کشاندنەوەی هەموو تانک و سارۆخهاوێژی فرەزار و تۆپخانە و تۆپی هاوەن، کە تایبەتی لای گروپە شەڕکەرەکان هەن، لە ناوچەی چەکلێداماڵراو
7- هێزەکانی چەکداری تورکیی و پۆلیسی سەربازیی تایبەت بە هێزە چەکدارەکانی روسیای فیدرال، دەوریاتی هاوئاهەنگکراو دەگێڕن و هەوڵی چاودیریی دەدەن بە بەکارهێنانی فڕۆکەی بی فڕۆکەوان بە درێژایی سنووری ناوچەی چەکلێخاڵییکراو.
8- گێرانەوەی حەرەکەی هاتوچۆ /ترانزێت لە سەر هەر دوو ڕێگای ئێم 4 [حەلەب و لازقییە] و ئێم 5 [حەلەب و حەما] بە کۆتایی سالی 2018.
9- وەرگرتنی کار-ڕایی[ئیجرائات] کاریگەر بۆ زامنکرنی سیستمی بەردەوامکردنی شەڕوەستاندن لە ناو ناوچەی هێمنکردنەوە لە ئیدلیب. بۆ ئەم مەبەستەش ئەرکەکانی نیوەندی هاوئاهەنگیی ئێرانی-ڕوسی-تورکی هاوبەش چالاک دەکرێن.
10- هەر دوو لا عەزمی خۆیان بۆ جەنگان دژی ئیرهاب بەهەموو شێوەکانی لە ناو سوریا تازەدەکەنەوە.
لە سوچی لە 17ی ئەیلوولی 2018 بە دوو نوسخە ئیمزا کرا، هەر دوو نوسخە ئینگلیزیی و ڕوسییەکە هەمان بەهای یاسایی یان هەیە..
أبرم في سوتشي في 17 سبتمبر/ أيلول 2018 في نسختين، وتحمل كلتا النسختين الإنجليزية والروسية القيمة القانونية ذاتها.]]”.
سایتی بی.بی،سی عەرەبیی:bbc.com/arabic

( 3 )
سەرنجێک لە ڕێکەوتنەکە:
هەموو پەیمانێک پەیمان نییە، هەموو بەڵگەنامەیەک شایانی جێبەجێکردن نییە، هەموو ئیمزانامەیەک [یاساییبوونی] بڕاوە نییە. رێکەوتنەکان بەرهەمی هاوتایی هێزەکانن. سەرکەوتن یان پەککەوتنیشیان هەر هێز حوکم و حەکەمیی دەکات.
لەو ڕێکەوتننامەدا خالی چوارەم جێی سەرنجە:
4- بڕیاردانی سنوورەکانی ناوچەی چەککراو دوای ڕاوێژکاریی پتر تەواو دەکرێت.
ناوەرۆکی ڕێکەوتنەکە، هۆکاریی، ئامانجی ناوچەی چەکداماڵینەکەیە، ئەوانەی چەکیان لێدادەماڵدرێ، ئەو ناوچە کوێ دەگرێتەوە، کێ ئەمە دەکا، چۆن.. هیچی روون نییە. بۆ راوێژکاری دواتر واتە دواخستن. کەواتە لە سەرەتاوە دەبوو ئەوە دیار بێت، مانگێک بۆ جێبەجێکردنی کارێكی وا ئاڵۆز نە لۆجیکییە نە ڕیالیست.
بە هەر حال ئەمە گەمەکەیە. گەمەی دواخستن، ئەوەی زیاتر خەمی دواخستنی هەیە تورکیایە، ئیدلیب ئەو جەنگەیە قەت نایباتەوە، بردنەوەی دۆڕانە، تووشبوون لەگەل سوریا یانی شەڕ لەگەڵ روسیا، تێکبەردانی ئیسلامیستەکان و سوریا و ڕووس، مانای تەقینەوە و هەڵڕژان و پژان و هەڵپڕژانی دوو تا سی ملیۆن هەڵاتووی تر بۆ ناو تورکیا. لێرەدایە هەموو مریشکەکانی ئیرهاب بۆ کورککەوتن لە سەر هێلکە تورکییە ئەردۆگانییەکان دەگەڕێنەوە ناو دوا کون و دوا کولانەیان.
ئەوەی گرنگە بەم پەیمانە پۆتین پەتكێکی دوو سێگرێیی کوشندەی لە ملی ئەردۆگان کردووە: جەنگان دژی ئیرهاب [ هەر نەبێ جەبهەی نوسرە] و چەکداماڵین لە گروپە ئیسلامییەکان لە ناوچەی 15- 20 کێلۆمەترییەکە و کردنەوەی ڕیگاکانی حەلەب حەما و لازقییە بۆ رژێمی سوریی.
ئێ، 15ی ئۆکتۆبەری 2018 تێپەڕی. ئەردۆگان لە هەر سێ ئەرکەکەدا ساقیت بوو.

( 4 )
دەزانن ئیدلیب چییە؟ ئیستا ئیدلیب مۆلگەی هەموو ئەو ئیسلامیستە توندڕەو و تێرۆریستانەیە کە بە ڕێکەوتنە دوو قۆلییەکانی هێمنکردنەوەی ڕوسیا و تورکیا رازینەبوون و خۆیان و چەکەکەنیان، جگە لە چەکە قورسەکان، نەدایە دەست ڕژێمی سووریی و کشانەوە بۆ ئیدلیبی پڕ لە چەک، کە گوایە ئەوێ پارێزراوە/ مەحمیەیەکی تورکیایە و لەوێ نەک هەر خۆیان و ماڵ و مندالیان سەلامەت دەبن بەلکو میلیشیا و چەک و ئایدیۆلۆژیی و توانای جەنگانیان دژی ڕژێم و کەڵکوەرگرتن لە ڕیکەوتنی سیاسیی بە پاڵپشتی تورکیا، دەپارێزن.
كێ حەلەبی لە بیرماوە چ روویدا؟ ئەو شارە کۆنە تەخت و تاراجی نەما و لە ژیر بارانی بوردومانی بۆمبی فەزایی ڕوسیی و بەرمیلەباروتی ڕژیم و تۆپ و سارۆخ و سەیارەی بۆبمبڕێژیی ئینتیحاریەیکان دا خاپوور بوو، خانووەکان بە سەر لاشەی خێزانە پڕ مندالەکاندا دەکەوتن. هەزاران لە ناو مالەکانیاندا زیندە بەچال کران، سووتان، پارچە پارچەکران. ئاخری ئەردۆگان هات: لەگەڵ پۆتین ڕێکەوت و تەسلیمی ئەسەدی کردەوە. ئەوەی تەسلیم بە رژێم بوو مایەوە، ، ئەوی دی بە پاسی سەوز بۆ ئیدلیب.
ئەمە دووبارە بۆوە، لە ریفی دیمەشق، لە غوطەی شەرقی ، لە دەرعا، لە حەما.. کاروانی پاسە سەوزەکان بۆ ئیدلیب بە رێوەبوو. ئێستا بەلای کەمەوە پەنجا هەزار چەکداری ئیسلامی لە نوسرەوە تا موسرە لە ئیدلیب مۆڵیون. سوریا مەجبوور نییە پاسی سەوزیان بۆ هیچ کوێیەک بۆ دابینکات.

( 5 )
ئەو کات گوێم لە وتارێکی بەشار ئەسەد بوو: خڕبوونەوەیان لە ئیدلیب کارێکی باشە، کومەلکوژیان ئاسانتر دەبێت.
گومانی نییە، ئەم بیرە لە مێشکی پۆتینیشدا بوو، ئاخر ئەوانەی لە ئیدلیب خڕبوونەوە هەر بەو هەڵبژاردەی کردیان، لە خەتەرترینی ئەوانەن کە روسیا بە خەتەرترینینان دەزانێت وەک تێرۆریستە بیانییەکانی سوپای تورکمانستان.
گومانی نییە ئەوە گومانی ئەردۆگانیش بوو. بەلام ئەو بە تەما بوو لە جیاتی ئەم دوا قڕانییەی ئیسلامیستە ئیخوانیی و تورکپەرستەکان نرخێکی باڵا وەرگرێت، سەربەسەرە؟ لای ئەو لەپێشترین و گرنگترین و خواستراوترین سەربەسەرە: گۆڕینەوەی خوێنی ئیسلامییەکان و خەلکی سوریایە بە خوێنی کورد.
پۆتین بۆ ئەم تەمایە تامەتامەی دا. نەخێر زۆر لەمە زیاتر و تاوانکارانە تر: ئەو ڕێگەی دا عەفرین داگیربکات لە جیاتی فرۆشتنی ئیسلامییەکانی غۆطە و تەسلیمکردنەوەی بە ئەسەد, چونکە مانەوەی غوطە لە بەر شوێنی ستراتیجیی وەک دەروازەی دیمەشق، مانای مانەوەی ئەگەری نزیکی لەناوبردنی ئەسەد بوو، ئەمەش، پێش کۆتایی ڕیکەوتنە جیهانییەکان بە قازانجی روس، هەموو ڕیسێکی لێ دەکردەوە بە خوری.
عەفرین بۆ تۆ، غوطە بۆ ئەسەد
ئاوا پۆتین گەورەترین گەوادیی لە جەنگی سوریادا دژی کورد ئەنجام دا.
نامەیەکی 4000 وشەییم بۆ نووسی هاوارم بۆ برد ئەوەی دەیکات دەبێتە پەڵەیەکی ڕەش بەسەر ناوچەوانی خۆی و پێوەندیی نێوان کورد و روسیاوە، با فراوانتر و دووربینتر بڕوانێ، عەفرین تەنیا نییە، نوێنەری 40 ملیۆن کوردە.
بەڵام دیارە هەر دەوڵەتیک ستراتیجیی درێژخایەنی خۆی هەیە. ستراتیجی روسیا ئەوساش و ئیستاش ڕاکێشانی ئەردۆگان و تورکیایە دوور لە ناتۆ، بۆ ناو تۆڕی تەڵە ستراتیجییەکانی ڕوسیا: ئێس- 400، خەتی گازیی تورکی، دروستکردنی بنکەی ئەتۆمی، پێوەندی بازرگانی دەیان ملیاریی، سالانە چوونی تا 6 ملیۆن ڕوس بو تورکیا، جگە لە زەبری کوشندە و کۆنترۆلی دڵی ئەردۆگان لە ئیدلیب و دروستکردنی پێوەندی شەخسیی!
عەفرین تەنیا تەکتیکێکە لەم ڕێبازە، وەک حەلەب، وەک غوطە، وەک دەرعا، وەک ئیدلیبی ئێستا.

( 6 )
مایسی  2019 یە .. ئیدلیب خەریکە دەتەقێتەوە،
ئەردۆگان پیوەندی بە پۆتین – ەوە دەکات.
سوریا بێتامی کردووە ،ئەستانا و مەستانا و سۆچی دەسووتێنێت
وأشار الكرملين إلى أن المكالمة الهاتفية جرت بمبادرة من الجانب التركي.[[
من جانبها، ذكرت الرئاسة التركية في بيان لها أن أردوغان أكد في الحديث مع بوتين على أن نمو التوتر في إدلب يهدد تشكيل اللجنة الدستورية السورية، ويضر بالتسوية السياسية. كما اتهم أردوغان السلطات السورية بأنها تسعى لـ “إحباط” التعاون الروسي-التركي في إدلب، و”الإضرار” بالمفاوضات في إطار أستانا]] ئار تی 13- 5 .
بە قسەی یەکێ لە چاودێران پۆتین لێی تووڕەبووە، دیارە پێی وتووە: بڕۆ ڕێکەوتنەکەی سوچی بخوێنەوە..
ئەوەتا ئێستا لە سەرەتای ئەم مانگەوە ئیدلیب گڕی گرتووە و ئەردۆگان بێدەنگ بوو، زۆر بێدەنگ. ئاخری ئەو پیوەندییەی لەگەل پۆتین بەستووە گلەیی کردووە سوریا هێرش دەکات، خەستەخانە و قوتابخانە خاپوور دەکات، ژن و مندال دەکوژێ. بەم کارەش سوریا دەیەێت رێکەوتنی سوچی و ئاسۆکانی ئەستانا تێک بدات.
من نا، هەموو کەناڵەکانی ئیسلامیستەکان هاواریان لێ هەستاوە: هەی ئەردۆ ئەوە ڕوسیایە ئەم کارانە دەکات، سوریا تەنیا کەمتر لە پۆستالێکی پێی پۆتینە. تۆ خیانەتت پێکردین، تووشت کردین!
[تەنیا نموونەیەک سەیری ئەم بەرنامە بکە:youtube.com
گرنگ نییە ئەردۆگان چی بە پۆتین وت، ئەویش چۆن بەرسڤی داوەتەوە، گرنگ ئەوەیە بەندەکانی ئیدلیبنامەکە قسە دەکات: ئەویش دەڵێ ئەردۆگان لە ئەرکەکانی دا ساقیت بوو. کەواتە کەتنەکانی سەرەتاکانی 2011، 2012، 2013 و دواتریش ئێستا یەخەی خۆی دەگرنەوە.
بەلام هەر سایتەکانی گرۆیە ئیسلامییەکان هاوار و دادیانە: دەلێن هەر دوو سات دوای پێوەندییەکان توندترین و وێرانکەرترین هێرشی فرۆکە فەزاییەکانی ڕوس و رژێمی سوریی و هیڕشی تانک و زەمینی دەستی پێکرد.
ئێستاش هەموو بە باس وخواسی ئەگەری شەڕی ئێران-ئەمریکاوە سەرقاڵن بەلام سەختترین و تراژیدیترینی شەڕەکان ئەوانەن کە باس ناکرێن، کۆمەلگای نیودەوڵەتی بە چاوی کوێر و گوێی کەڕ بەرامبەریان دەوەستێ. ئیدلیب ئێستا لەوانەیە. بە پێی دوا بەرنامەی کەنالی ئۆریەنت، بە چەند سەعات دوای پێوەندییەکەی ئەردۆگان، سوریا بە پشتیوانی هێزی فەزایی ڕوس، هیرشێکی ئاسمانی توندی کردۆتە سەر ناوچەی تەلشوغور، 7مەدەنی کوشتوون و دەیان برینداربوون، دوای ئەوە کوشتارێک لە [مەعرە نەعمان] لە 15ی مانگدا ڕوویداوە و سوریا توانیوێتی شارۆچکەکانی کەفروبودا، جەنابرە، و قلعە المضیق و تل عثمان و شارۆچکەی حەویز لە رۆژاوای حەما داگیر بکات و ئەمەش بۆتە هۆی کوشتنی زیاتر لە 580 مەدەنیی و دەربەدەرکردنی 600,000 بەرەو باکوور / سنووری تورکیا.
ئیسلامیستەکان داد دەکەن ئەرێ بۆ کەس خەمی چارەنووسی 4ملیۆن خەلکی نییە کە زامنی ئاسایش و پاراستنیان بریتین لە تورکیا، ڕوسیا و ئێران!
بەلام هێشتا ئەردۆگان خەمێکی تری هەیە: ئەوە هیچ ئیدلبیش درەنگ یان زوو دەروا بەلام چۆن بتوانێ لە بری تەسلیمکردنی گرۆیە ئیسلامییەکان خوێن و خاکی کوردی دەستبکەوێت؟ هێزەکانی بەناو سوپای ئازادی گوازتەوە بۆ تەلڕەفعەت بۆ هیرشکردنە سەر یەپەگە. لە تەلڕەفعەت هێشتا روسیا پاسەوانی سنووری جیاکەرەوەی کورد و هیزەکانی سەر بە تورکە. ئایا ڕیگە دەدات عەفرینێکی کوردیی تر دووبارە بێتەوە؟

( 7 )
ئەنجامەکان دیارن پرۆسەکان دیار نین:
1- پۆمپیۆ و پۆتین لە کۆبوونەوەی سوچی یان دا لە 14ی مایس، دووبارەیان کردەوە کە هەر دوو دەولەت لە سەر کۆتاییهینان بە ئیرهاب لە سوریا یەک ڕان. ئەمە زیاتر ئەردۆگان تۆقاند.
من جانبه، قال بومبيو: “تحدثنا عن تخفيف معاناة الشعب السوري. ونريد أن نفعل كل ما بوسعنا من أجل ألا تكون الأرض السورية ملاذا للإرهابيين. كما بحثنا تخفيض التصعيد في إدلب بشمال سوريا”.
2- دوێنێ 17ی مایس، کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایش بوو لە سەر سوریا، تورکیاش وەک زامنێکی ئەستانەیی، بەشدار کرا.. سوریا رایگەیاند: ناچەی هێمنکردنەوەی ئیدلیب کاتییە و تورکیا داگیرکەرە و دەبێ کۆتایی بە داگیرکردنەکەی و پشتگیریی هێز ەئیرهابییەکان بێنێت.
“اتفاق خفض التصعيد في إدلب هو اتفاق مؤقت لا يمكن استدامته، ويجب أن يدرك الجميع أن الحفاظ عليه يتطلب التزاما من النظام التركي بإنهاء احتلاله لمساحات واسعة من المناطق السورية والوفاء بتعهداته ووقف دعمه التنظيمات الإرهابية في إدلب.
3- نوێنەری ورسیا رایگەیاند با رۆژاوا هەر زاق و زیقی بێت ئێمە بە توندی لە تێرۆریستەکان لە ئیدلیب دەدەین.
4- نوێنەری تورکیاش وتی هاوئاهەنگی لە نیوان روسیا و تورکیا لە ئیدلیب هەیە.
5- نەتەوە یەکگرتۆکان وتی خەریکە کارەساتێکی تراژیدیی گەورە لە ئیدلیب روودەدات، هیوادارین ڕوو نەدات، بەلام گەر روویدا، ئامادەین!
[[إن المنظمة تأمل في عدم حدوث “مجزرة” في إدلب، لكنها أشارت إلى أن زملاءها يقومون حاليا بمراجعة مستوى جاهزية المنظمة الدولية للتعامل مع أي تطور في المنطقة]] ئار.تی 16- 5.

ئەنجام
تاکە ڕیگایەکی ئەردۆگان لە غیابی پشتگیری ئەمریکیدا، ئەوپەڕی چەمینەوەیە بۆ پۆتین.
1- تورکیا هەموو وەرەقەکانی سووتاون، تاک کەوتۆتە گۆڕێ و خۆی و ئەو هەموو گرۆیە خوێنخۆر و خوێنرێژ و تاوانکارەی ئیسلامیی چییان لێدەکات و چییان پێدەکات. گەر لێیان گەڕێ بە گژ سوریا دا بچنەوە، گەرچی گروپی زۆر دڕ و شەڕکەر و خۆبەختکەریان تێدایە و چەکی باشیان هەیە و گەر تورکیا چەکی زیاتریشیان بداتێ گەر زۆرترین زەبریش لە رژێم بوەشینن، مادام داپۆشەی ئاسمانیی و پشتیوانی فرۆکەی جەنگییان نییە، ناتوانن بەرامبەر سوپای ئەسەد و هێزی فەزایی روسی بوەستن. کەواتە ئەنجام دۆڕان و فەوزا و هەلاتنی بەلای کەمەوە دوو ملیۆن کەسە بۆ ناو تورکیای خاوەن ئابووری هەرەسهێناو.
2- گەورەترین و بەکارترین هێزی شەڕکەری ئیسلامییەکان هەیئەی تەحریری شامە کە بە پێی رێکەوتنی سوچی و بەڵێنی ئەردۆگان خۆی دەبێ لە ناویان بەرێت پشتگیرییان بکات.
3- گەر هەر چاری نەما و تورکیا خۆشی بچێتە مەیدانی جەنگ دژی سوریا ئەوە واتە دژی ڕوسیاش، ئەزموونی تەیارە ڕوسیەکە تێیگەیاند دژایەتی ڕوسیا چ دەگەیەنێت. جگە لەوە دەبیتە پاڵپشتیکی ئاشکرای ئیرهاب و دنیا دەیوەستێنێت.
بۆیە تورکیا کە دەنگۆ هەبوو لە ئێس – 400 پەشیمان بووبێتەوە ئێستا دەڵێ: لە سەر کڕینەکە سوورین ، هەر کات ڕوسیا ئامادەبێت بینێرێت ئێمە وەری دەگرین.
5- لێژنەیەکی هاوبەشیی ڕوسیی تورکیی بۆ لێکۆڵینەوەی ڕەوسی ئیدلیب دروستبووە بەلام هەر دەبێ بە پێی بەندەکانی ئیدلیبنامە کار بکەن. ئەوەش مانای ڕووتکردنەوەی زیاتری ئەردۆگانە لە بەردەم پۆتین دا.
6- بەداخەوە لە کاتێکدا ئێوارەی ئەمڕۆ 18- 5 دوابەشی ئەم وتارەم دەنووسی هەواڵی هێرشێکی ئاسمانیی توندی تورک بۆ سەر تەلرەفعەت و هیزەکانی یەپەگە لەوێ بلاوبۆوە.[ ئارتی عەرەبی].. لەو هەموو هێرشانەی سوریا و میلیشیای ئێرانیدا بۆ سەر حەما و ئیدلیب، تورک یەک گووللەی پێوە نەناون و گەرچی چوار سەربازی تورکیشیان بریندار کرد، تەنانەت هێزەکانی چاودێری خۆشیان لەبەردەمیان کشاندۆتەوە، لە کاتێکدا خۆیان دەڵێن خەستەخانە و قوتابخانە و مزگەوت و مال نەماوە خاپووری نەکەن و 600,000 کەس دەربەدەر نەکەن. کەچی بۆ کورد کە هیچیان نەکردووە بە کوشندەترین فرۆکەی جەنگیی و بە مڕندەترین شیوە هێرشیان دەکاتە سەر لە کاتێکدا ئەمە لە قازانجی سوریایە، کە هەردووکیان، سوریا و روسیا، بە شەڕێکی ئیستینزافیی تورک و کورد، ناخۆشحاڵ نابن. ئەمە دیسان سەربەسەرەیەکی ناراستەوخۆی بێشەرەفانەیە کە روسیا رێگەی تورک بدات هێزی ئاسمانی بۆ وێرانکاریی و کۆمەلکوژیی بەکاربێنێت. بەلام ئەمە دادی ئەردۆگان نادات. ئەوە ئیدلیبە دەیسووتێنێت نەک کورد.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت