نەوزادى موهەندیس: هەر لایەک براوەى ئاستەنبوڵ بێت، خاوەنى هەموو تورکیاش دەبێت!
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی
دواى ئەوەى کە لە 31/3/2019دا یەکەمین هەڵبژاردنى شارەوانیەکان لە تورکیا لە دواى گۆڕینى سیستەمى حوکمڕانى لە پەڕلەمانیەوە بۆ سەرۆکایەتى ئەنجامدرا، هەموو حیزب و سەرکردە سیاسیەکانى تورکیا کەوتنە خۆ بۆ بردنەوەى زۆرترین ژمارەى شارەوانیەکان لە 81 ولایەتدا. ئەم هەڵبژاردنە بۆ هەمووان گرنگى گەورە و تایبەتى هەبوو، بەڵام بۆئەردۆگان و ئاکاپە لەهەمووان زیاتر، چونکە سەرۆکایەتى کۆمار و پەڕلەمان و شارەوانیەکانیشى لەیەک کاتدا لەلا دەبوو، وەدەیتوانى بە سانایى هەموو پلان و بەرنامەکانى خۆى جێبەجێ بکات، بەڵام ئەوەى کە ڕوویدا پێچەوەوانەى خواست و ئاواتەکانى ئەردۆگان و ئاکاپە بوو،بەهۆى لەدەستدان و شکستخواردنى ئاکاپە لە 3 شارى گەورە و گرنگى وەکو ئەنقەرە و ئاستانبوڵ و ئیزمیر،کە هەرسێکیان گرنگى تایبەتى سیاسى و ئابورى و کەلتوریان هەیە گەر لاى هەر حیزبێک بن.
دواى ئاشکراکردنى ئەنجامە بەراییەکان و دەرکەوتنى شکستى ئاکاپە لەو 3 شارەدا و بەتایبەتیش لە شارى ئاستەنبوڵدا، ئەردۆگان و ئاکاپە توشى هیستریا بوون و هەر زوو کەوتنە ڕەتکردنەوەى ئەنجامەکان و داواى دووبارەى جیاکردنەوەى دەنگەکان و لەئێستاشدا و دواى زیاتر لەمانگ و نیوێک تێپەڕبوون بەسەر ئەو هەڵبژاردنەدا لەلایەن ئەنجومەنى باڵاى هەڵبژاردنەکان لەتورکیاوە ئەنجامى شارەوانى ئاستانبوڵ ڕەتکرایەوە و بڕیارە لە 23/6/2019دا دووبارە بکرێتەوە، کەئەم کار و هەنگاوەى ئەردۆگان لەلایەک بۆ گێڕانەوەى هەیبەت و شکۆى شکاوى خۆى و حیزبەکەیەتى و لەلایەکى تریشەوە بۆ ڕێگەگرتنە لە هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان و بەتایبەتیش جەهەپە کە سەرکەوتنى گەورەى وەدەستهێناوە سەرەڕاى ئەو هەموو فشار و ڕێگریانەى کە ئاکاپە و دەسەڵات سەپاندبویان بەسەر هەموو هێزە ئۆپۆزسیۆنەکاندا لە عیلمانى و ئاینى و کورد و تەنانەت نەتەوەییەکانیش.
پرسیار لێرەدا ئەوەیە، بۆچى ئەم هەموو گرنگیە بە شارەوانى ئاستانبوڵ دەدرێت لەلایەن حیزب و سەرکردە سیاسیە گەورەکانەوە و بەتایبەتى ئاکاپە و جەهەپەوە؟ چ جیاوازیەک هەیە لەنێوان ئاستانبوڵ و شارەکانى تردا؟ ئاستانبوڵ بۆ ئاکاپە و جەهەپە چى دەگەیەنێت و بەماناى چى دێت؟ ئایا ئەوە دەهێنێت کە ململانێى دیموکراسى توندى لەسەر بکەن؟ و دەیان پرسیارى تریش.
پێشەکى دەبێت باش لە گرنگى و کاریگەرى شارى ئاستانبوڵ بگەین ئەوکات وەڵامى پرسیارەکانمان چنگ دەکەوێت و ئەوکات دەزانین کە بۆچى ئەم هەموو ململانێیانە لەسەر ئاستانبوڵ دەکرێت.
شارى ئاستانبوڵ لەڕووى مێژووییەوە خاوەنى 8500 ساڵە و دێرینترین شارى دونیایە و پایتەختى سیاسى دێرینى خەلافەتى عوسمانى و لە ئێستاشدا پایتەختى ئابورى و دارایى و پیشەسازى و گەشتیارى و کەلتورى تورکیایە.
ئاستانبوڵ گەورەترین شارى تورکیایە لەڕووى ڕووبەرى زەوى تەواوى پارێزگاکەوە 5467کم دووجا و 40 شارەوانى لەخۆدەگرێت و بەتەنها 27 شارەوانى لەناو سەنتەرى شارەکەدایە.
ژمارەى دانیشتوانى 16 ملیۆن کەسە کە دەکاتە 5ر18% لە کۆى ژمارەى دانیشتوانى تورکیا کە 80 ملیۆن کەسن و نیوەیان لە ژێر تەمەنى 30 ساڵیەوەن.
ژمارەى دەنگدەرانیشى 10 ملیۆن کەسە لەکۆى 57 ملیۆن دەنگدەر.
ئاستانبوڵ بەتەنها دەتوانێت 20% هەلى کار بڕەخسێنێت.
22% بەەشدارى لەداهاتى نەتەوەییدا دەکات.
40% باجى هەموو وڵاتى تیادا کۆدەکرێتەوە.
55% دەتوانێت هەناردەى زۆربەى کەلوپەل و بەرهەمە پیشەسازى و کشتوکاڵى و خۆراکى و خزمەتگوزاریەکان بکات.
54% هاوردە دەکات بۆ ناو تورکیا.
38% کەرتى پیشەسازى هەموو تورکیا لە خۆدەگرێت.
لەساڵى 2013دا زیاد لە 10 ملیۆن گەشتیار ڕوویان تێکردوە.
لەساڵى 2014شدا بڕى 175 ملیار دۆلار داهاتى کۆى تورکیاى وەدەستهێناوە.
داهاتى مانگانەى تاک لە ئاستانبوڵ بریتیە لە 640 دۆلار کە بەرزترینە لەهەموو تورکیادا.
ئاستانبوڵ ژمارەیەک پڕۆژەى زۆر گەورە و ستراتیژى تیادا بونیاتنراوە کەلەسەر ئاستى ئەوروپا و دونیاشدا یەکەمن،وەک فڕۆکەخانە نوێیەکە کە 60 وڵات دەبەستێتەوە بە ئاستانبوڵەوە وسێیەم فڕۆکەخانەى گەورەیى نێودەوڵەتیە لە ئاستانبوڵدا.
دەتوانێت ساڵانە بڕى 20 تریلیۆن دۆلارى ئەمریکى داهاتى هەبێت.
پڕۆژەى کەناڵى ئاستانبوڵ کە بە پڕۆژەى سەدە دەناسرێت لەسەر ئاستى جیهان یەکەمە.
پڕۆژەى کەناڵى ئۆراسیا کە هەردوو بەرى ئاستانبوڵ بەیەک دەگەیەنێت لەژێر ئاودا بەدرێژایى 6ر14 کم.
پردى سوڵتان سەلیم و مۆڵى ئۆف کە بەگەورەترین موڵى هەموو ئەوروپا دادەنرێت.
بەم شێوەیە دەبینین کە ئاستانبوڵ بنکەیەکى گەورە و گرنگى ئابورى تورکیایە و پێگەیەکى جیۆسیاسى گرنگى نێوان ئاسیا و ئەوروپاى هەیە و لەسەر ڕێگاى وشکانى و دەریاییە. ناپلیۆن و بۆناپارت وتویەتى ( گەر دونیا یەک وڵات بێت ئەوا بەبێ ڕکابەر دەبێت ئاستانبوڵ پایتەختەکەى بێت) لەبەر گرنگى سیاسى و ئابورى و جوانى سروشتەکەیەوە.
کەواتە ئاستانبوڵ بەم هەموو گرنگیە سیاسى و ئابوریەوە کەهەیەتى ئەوە دەهێنێت کە هەموان شەڕى بردنەوەى بکەن لەهەڵبژاردنەکاندا، ئیسلامیەکان لەساڵى 1994وە ئاستانبوڵیان بەدەستەوەیە و ئاکاپەش لەساڵى 2002وە ئەم شارەى بۆخۆى پاوان کردوە و جەهەپەش ماوەى 25 ساڵە لێى دابڕاوە و ئەم سەرکەوتنەى جەهەپە لە هەرسێ شارى ئەنقەرە کەپایتەختى سیاسى و ئاستانبوڵ پایتەختى ئابورى و گەشتیارى و کەلتورى و ئیزمیر شارى دەریایى و پیشەسازى و بازرگانى ناوەکى و دەرەکى تورکیا بەماناى بردنەوەى هەموو تورکیا دێت و زۆر جاران ئەرۆدگان خۆى وتویەتى ( ئەوەى ئاستانبوڵ بباتەوە وەکو ئەوە وایە هەموو تورکیاى بردبێتەوە). کەواتە بەم پێیە بێت جەهەپە توانیویەتى گەورەترین سەرکەوتن لە 25 ساڵى ڕابووردوودا وەدەستبێنێت و ئاستانبوڵ و تورکیاش بۆخۆى مسۆگەر بکات و ئاکاپە و ئەردۆگانیش لە تورکیا و ئاستانبوڵەکەیان دووربخاتەوە.چونکە گرنگى ئەم 3 شارە گەورەیە لەوەدایە لەلایەک قەوارە و دەسەڵات و پێگەى جەماوەرى حیزبەکان دەردەخات و دەتوانن کاریگەرى گەورەیان لەسەر ڕەوتى ڕووداوەکان و بەرنامە و سیاسەتى حکومەتەکان هەبێت.و لەلایەکى تریشەوە لە ڕووى مادیەوە ئەو حیزبەى باڵادەست بێت دەبێتە خاوەنى گەورەترین سەرچاوەى داهات و دەتوانێت زۆرترین پڕۆژە و لایەنگرانى خۆى جێگە بکاتەوە و هەلى کاریان بۆ بڕەخسێنێت وەک ئاکاپە لە 17 ساڵى ڕابووردوودا کردویەتى.
ئەنقەرەى پایتەختى سیاسى هەرزوو ئاکاپەى ڕەتکردەوە کاتێک لە ڕیفراندۆمى سەر گۆڕینى سیستەمى حوکمڕانى لە ساڵى 2017دا دەنگى بەنەخێردا و ئیدى لەوکاتەوە گڵۆڵەى ئاکاپە کەوتۆتە لێژى و ئەنجامەکەش لە 31/3دا وەدەرکەوت، هەرچى شارى ئیزمیریشە کە سێیەم ولایەتى گەورەو گرنگە هەمیشە پێگەى هێزە ئۆپۆزسیۆنە عیلمانیەکان بوە و ئاکاپە هیچ گەشەکردنێکى تیادا وەدەستنەهێناوە،هەربۆیە ئاستانبوڵ بۆ هەموان گرنگ بوو چونکە خاڵى یەکلاکەرەوەى کاندید و حیزبى گەورە و بەهێز و سەرکەوتوو بوە هەمیشە.
لە ئێستاوە تاکو 23ى حوزەیران کە تەنها کەمتر لە40 ڕۆژى ماوە هەموان و بەتایبەتى ئاکاپە و جەهەپە کەوتونەتە خۆیان بۆئەوەى ئاستانبوڵ بەلاى خۆیاندا کەمەرکێش بکەن و تاجى سەرکەوتنە گەورەکەیان لەسەر بنێن و خۆیان بەبراوەى گەورە و یەکەم دابنێن و شانازى و مەستى سەرکەوتنەکەشیان پیشانى هەموان لەناوخۆ و دونیاشدا بدەنەوە.ئەردۆگان و ئاکاپە کەوتونەتە خۆ بۆ ئەوەى زۆرترین دەنگى ئەو 10 ملیۆن دەنگدەرە بۆ خۆیان مسۆگەر بکەن بەدڵنیایى و دوور لە ڕاڕایى بردنەوە مسۆگەر بکەن، جالەو پێناوەشدا و لەبەرئەوەى شارى ئاستانبوڵیش هەمە چەشن و هەمە جۆر نەتەوە و ئاین و مەزهەبى تیادا نیشتەجێیە هەر لە تورک و کورد و عەرەب و ئیسلام و مەسیحى و ئەرمەن و چەرکەس و شیعە و سونە و کاسۆلیک و ئەرسۆدەکس و …هتد. ئەوا هەموان و هەر دەنگێک گرنگى و کاریگەرى گەورەى دەبێت،ئەوەتا ئاکاپە لە دواى زیاد لە 5 ساڵ لە قەدەغەکردنى سەردانى ئۆجەلان یەکەم هەنگاو و بینینى ڕێکخست تەنها لە پێناو ڕاکێشانى دەنگ و سۆزى کوردانى ئاستانبوڵدا کە تەنها وەکو تاکتیک بەکاریدێنێت نەک وەک ستراتیژێک بۆ چارەسەرى مەسەلەى کورد و دانوسان لەگەڵ پەکەکەداو بەم جۆرەش بەردەوام دەبێت و دووریش نیە پەنا بباتە بەر هەڕەشە و فێڵ و گزیکارى و….هتد. هەرچى جەهەپەشە هەوڵى خۆى دەدات کە دووبارە سەرکەوتن مسۆگەر بکات و ئەویش پەنا بۆ هەموو هاوکارى و پشتیوانى و پشتگیریەک دەبات و زۆر باش دەزانێت کە کوردەکانى ئاستانبوڵ قورساییان چەندە و بردنەوەى ئەم جارەشیان هەر بەڕێکەوتن بوو لەگەڵ هەدەپە و کورد و عیلمانى و چەپەکاندا.
لەکۆتایدا هەموان چاوەڕوانى هاتنى 23ى حوزەیرانى داهاتوو دەکەین بۆئەوەى ببینین کە کێ و کامیان لە ئاکاپە و جەهەپە گرەوى سەرکەوتنى ئاستانبوڵ بۆخۆیان مسۆگەر دەکەن و لەڕێگەى ئاستانبوڵیشەوە هەموو تورکیا دەخەنە ژێر ڕکێفى خۆیانەوە.دۆڕاندن و شکستى ئاکاپە زۆر کاریگەر دەبێت بۆ ئایندە و لانى کەم بۆ 5 ساڵى داهاتووى ئاکاپە و ئەردۆگان وەکو سەرۆک کۆمار و زۆرینەى پەڕلەمان، چونکە لەتورکیادا شارەوانیەکان خاوەنى دەسەڵاتى زۆر و فراوانن و لەڕووى ئابوریەوە و دەتوانن گەلێک خزمەتى گەورە بەسەرجەم چین و توێژەکان بکەن بۆ خزمەتى حیزبەکەیان و باشترین بەڵگەش 17 ساڵى ڕابووردووى ئاکاپە بوە کە توانیویەتى لە 2002وە سەرکەوتنى گەورە و حکومەتى بەهێزى تاک لایەن بۆ 4 خولى پەڕلەمانى مسۆگەر بکات.بۆیە بەدڵنیایى دەنگەکانى کوردان لاى هەر لایەک بێت سەرکەوتن مسۆگەر دەکات، بەوهیوایەى کە کوردانى باکور بە عەقڵ و ژیرى و مەنتیقەوە بیربکەنەوە و باشترین هەڵبژاردەى خۆیان دیاریبکەن کە بتوانن لە ئایندەدا مافەکانى کورد لەو شارە گەورانە و تەواوى تورکیاشدا مسۆگەر بکەن.
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی