هۆشیارجەمال: شیعرە دڵداریەکەی نەوشیروان مستەفاو، سەرنجێک.
هەمووان ڕوح شاد نەوشیروان مستەفامان وەک سیاسیەک لەسەرەتاداو پاشان وەک مامۆستایەکی زانکۆ و مێژوونوسێک و ڕۆشنبیرێکی ڕەخنەگر ناسیوە، بەڵام لەچەند ساڵەی ڕابردوودا لەیەکێک لەگۆڤارەکاندا شیعرێکی کەم بینراوی سەردەمی لاوی بڵاوکرایەوە بەناوی “توڕەبوونی گەل” کەدیسان لەکاتی خوێندنەوەیدا زیاتر لایەنی سیاسی و بارودۆخی چینایەتی بەسەردا زاڵە، بەڵام ڕیالیزمە(واقعی)وێنای ئەوکاتەی بارودۆخی کوردستانی کردوە و، باس لەڕق و قینی هەژاران دەکات و، بەهیواوە دەڵێت کۆشکی زۆرداران دەهێنێتە لەرزە.
وەک چۆن شیرکۆ بیکەس شاعیری گەورەی کورد و کوڕان و کچانی مامۆستائەحمەد هەردی شاعیر چەند بەتوانابن دواجار لە سێبەری چرایەکدابوون کەباوکیان بووە، ئاواش ڕوح شاد نەوشیروان مستەفا لەسێبەری چرایەکدابوو کە باوکێتی بە خوێندەوارەیەکی کەمەوە شارەزانی سێ زمان بووە و کتیبخانەی هەبووە کە ڕێنیشاندەرێکی باش بووە بۆ ڕوح شاد نەوشیروان مستەفا تازووتر هزری گەشەبکات.
لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا بۆ یەکەم جار شیعرێکی کەم بینراوی سەرەتای لاوی کەتەمەنی (18)ساڵ بووە بڵاوکرایەوە بەناوی”تۆوی هیوا” گەر بەوردی بیخوێنتەوە جگە لە هەستێکی پاکی دڵداری نوسەر، کە خۆی وەک دڵشکاوێک وێناکردووە، ئەم چیرۆکە دەبەستێتەوە بەو چینایەتیە زەق و بەرچاوەی ئەو کاتە لەعێراق بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی هەبووە، و دەنوسێت
ئای کە بای ڕق و قین و تووڕەییت
هەڵی کرد، هەستای، چەن بێ بەزەییت!
بە شەنی سزا و ئەشکەنجە و دووری
کەوتیتە وێزەی خەرمانی سووری
شادی و ئاوات و خۆشبەختی و هیوام
بێ پەروا هەمووت بەدەم بادا دام
ئەو بەروبوومەی کەبەماندووبوون
بەئەرک و رەنج و سزای تاڵ و توون
پێم گەیاندبوو، بەرهەمم هێنا
تۆ شەنی خۆتت، بێ پەروا، تێ نا
دانەی ئاوات دام بەدەم بادا
هەموویت پژاند بەم لاو بەولادا
چۆن ئاغا و بەگ و جەردەی زۆرداری
دێهاتەکانی ناو کوردەواری
ئارەق رشتن و ئەرک و زەحمەتی
رەنجدەرەکانی، برسی و سەرپەتیی
کورد ئەبەن، ئەرۆن. بەفیرۆی ئەدەن
وەرزێرەکانی لێ بێ بەش ئەکەن
وەهاش تۆ دڵرەق، رەنجت بەبادام
سەرای بەختیاریت ڕووخانم، تاسام
چۆن لەچینێکی گەورە و زۆردار بووی
نەریتیان چۆن بوو، رەوشتیان هەمووی
لەتۆدا دەرکەوت، خۆت بۆ من نووان
لەباخچەی دڵما ئازارت ڕووان
کەباس لەستەمی ئاغاو دەرەبەگی ئەوکاتە دەکات کەچۆن ڕەنج و ماندوونی جوتیارانی گوندەکانیان دەبرد و ماندووبوونیان بەهەدەردەچێت، بەڵام نوسەر بێ هیوانابیت و دەنوسێت
بەڵام هەرچەندە تۆ داخت کردم
سەرمایەی شادیت بە تاڵان بردم
خۆشبەختی منت تووڕدایە لاوە
دڵم هەر تۆوی هیوای تیا ماوە
سەرەڕای داخ و ماتەمین و سوێ
چاوەریی وەرزی بەهارە، بڕوێ
بەوپەری هیوا و بڕوا و ئومێدەوە لەئایندە دەڕوانێت کە خۆی وەک چاوەڕێی وەرزی بەهاردەبینێت کەوەرزی ژیانەوەیە، و بەهیوای ئەوەیە دووبارە تۆوی هیوای بڕوێتەوە کە ئەمە سیفەتێکی جوانی نوسەرەکە دواتر لەوێستەگەکانی ژیانیدا ڕەنگ دەداتەوە، نائومێدی و ئەو وەک دوودوانەی لێکدابڕاو دەبن.
ئەم شیعرە ئەو وتەی نوسەر و ڕۆمان نوس بەختیارعەلی بیرخستمەوە کەدەڵیت “کەسی مەعشوق هەموو توانا شاراوەکانی کەسی ئاشق دەردەخات”.
ئەم وتەیە ڕاستە بۆشاعیرێکی گەورەی وەک نالی کەخۆشەوستی بێ سنوری بۆحەبیبە جگەلەوەی کردبی بە شاعیر لەڕێگای شیعرەکانیەوە زۆرترین خزمەتی بە زمان و ئەدەبی کوردی کرد، هەروەها مامۆستا ئەحمەد هەردی شاعیر کەخۆشەویستی ست فاتمە وای لیکرد بەکەمترین شیعر زۆرترن مانابدات بەدەستەوە و شیعرەکانیش ببنە وێردی سەرزاری دڵداران لەدوای کۆچی دوایشیان ناویان هەر بەبەرزی و دروشاوەی بمێنتەوە لە ناو ئەدەبی کوردیدا.
هەربۆیە لەکاتی خوێندنەوەی هۆنراوەی “تۆوی هیوا”دا چرۆکیی عەشقێکی سەرنەگرتوو بەدی دەکرێت لەسەرەتایی تەمەنی لای ڕوح شاد نەوشیروان مەستەفادا کەدواتر دەبێتە هۆی تەقینەوەی سەرجەم تواناکانی لەبواری ڕۆژنامەنوسی مێژوونوسی و ڕۆشنبیری و دواتر سیاسیەکی ڕەخنەگەری یاخی، کەوەک چۆن لەشیعرەکانیدا دژی ستەم و ناعەدالەتی بووە لەجوتیاران و کرێکاران و دژی جیاوازی چینایەتی بووە ئاواش لەشاخ و لە ناو شۆرش خەباتی لەو پێناوەدا کردووە.
لەدوای شۆرش و ڕاپەرینیش لەهەر بۆنەیەک و جێگایەک بووبێت قسەی خۆی دژی چینایەتی و نادادپەروەی کردووە، بەڵام لەسەردەستی دەسەڵات تادەهات چینایەتی زیادی دەکرد.
بەشێکی زۆری بەرپرسەکان و چینێکی چواردەوریان بەسامانی خەڵکی هەژارو بەفرۆشتنەوەی شەرعیەتی شۆرشگێری بوونە خاوەنی فێلاو، شوقە، باخ، مۆڵ بازاڕی گەورە، کە تالەسەرتر سەیری خەڵکیان بردایە خەڵکیان بچووکتر دەبینی، وە گەرەکە کۆنەکانی شار ناودەبران بەماڵەفیرعەونەکان!
ئا لەم کاتەدا بەتەمەنێکی زۆرو سەرێکی سپی، بەڵام بەبیرێکی تیژەوە بەهەمان وزەو توانای کاتی نوسینی شیعری “تۆوی هیوا و توڕەبوونی خەڵک”وە هەواڵی لەدایک بوونی بزووتنەوەیەکی مەدەنیدا لەهەرێمی کوردستان و بۆ یەکەمجار ئۆپۆزسیۆنی دروستکرد و دەنگە ناڕازیەکانی لەخۆی کۆکردەوە و خەباتی دژی چینایەتی لەهەرێمی کوردستان دەست پێکرد و لەماوەی هەشت ساڵیشدا بەرنامەیەکی تۆکمەی ستراتیجی داڕشت لەپێناو ئەوەی دوای مردنیشتی خەبات لە دژی نایەکسانی و ستەم و چینایەتی بەردەوام بێت.