پشکۆ ناکام: چەتر.
ئەڵێن جارێکیان پیاوێکی دز کە دزی لە هەموو ئەهلی گەڕەک کردبوو ئەگیرێ، ئەیبەن بۆ لای حاکم، حاکم هەموو دزی و حوکمەکانی بۆ ئەخوێنێتەوە، بەڵام پێش هەر شتێ پێی ئەووترێت کە ئەبێ بەڵێن با کە چیتر دزی ناکا، دزەکەش وەرەقەیەک ئیمزا ئەکا و ئەڵێ قوربان زۆر سوپاس من خواحافیز. حاکم ئەڵێ بۆ کوێ ؟ دزەکە ئەڵێ گەورەم بە قەبری ڕەحمەتی ئیتر دزی ناکام و ئەوەتا بۆشم ئیمزا کردوون، حاکم ئەڵێ ئەی ئەو هەموەی کە دزیوتە کوا؟! )
حیکمەت لەم بەسەرهاتەیا ئەوەیە کە ڕێک وەک وەزع و هەڵوێستی بە ناو حکومەتی هەرێمەوە وایە، کە وەعدی یاوە چیتر پارەی مووچە لرف لێ نەیا، بەڵام پێمان ناڵێ ئەو هەموو داهاتەی زیاتر لە بیست ساڵی ڕابردوو چی لێ هاتوەو لە کام قاسەو کام بانک و بە ناوی کام لە ئەندامانی بنەماڵەوەیە.! ئەمە جگە لەوەی نە لە سەغێتی و نە لوتفی بە ناو حکومەتی هەرێمەوەیە کە چەن مانگێکە خەڵکی بەشخوراوی کەمێک گیرفانیان گەرم بۆتەوە و مانگانە مووچە، کە مافی ڕەوای خۆیانە وەرئەگرن، بەڵکو ئەوە پابەن بوونی بەغایە بە گفت و بڕیاری خۆیەوە کە مانگانە مووچە بنێرێ لە بەرامبەریشا هەرێم نەک نەوت” ماستی هەولێر” یشی نەناردوە بۆ بەغا و پێی وایە ئیتر بەم” ئەبو جاسم” یە بۆی ئەچێتە سەر و، لەبیری چوو چەن ساڵێک پێش ئێستا لەسەر نە ناردنی نەوتی هەرێم بۆ بەغا هیچ مووچەیەک نەئەهاتە هەرێم و ” ئەندازارییەکانی نەوت ” چۆن ئەپاڕانەوە و داد و بێ دادیان بوو و سەریان کرد بە کۆشی دەیان لا و کەس تا بەغا ئاوڕیان لێباتەوە کەچی هەر نەیان دەووت سەرەگەورە و هۆکاری سەرەکی ئەو وەزعە کێ و چی بوو..
رەنگە بەناو حکومەتی نوێنەری بنەماڵەی دەسەڵات وایان لە خەیاڵا بێ کە خەڵک ئیتر ڕاهاتوە لەسەر نەبوون و پاشەکەوتی مووچە، بۆیە ئەگەر ئەمجارەش ئەم بەناوبەغا لەڕووی یاسایی و دەستوری و بڕیارەکانی پارلەمانی عێڕاق مووچە نەنێرێ ئەوە زۆر ئاساییە و بەخەڵک بڵێ نەفەستان درێژ بێ ” وەک درێژ بوونەوەی حوکمی خۆیان” و ئەوا دیسان شۆڤێنی و ئەوانەی چاویان بە کورد لە بەغا هەڵنایە مووچەی فەرمابەر، خانە نشین، کەس و کاری ئەنفال و شەهیدانیان بڕی..! ئەم بەناو حکومەتە ئەوەنە لە ویژدان بێ بەشە چاوی تەنانەت لەسەر ئەو مووچانەیە کە ئەگاتە هەرێم و گەر کەشف بوونیان نەبێ ئەوانیش خەشنۆش ئەکەن و خۆیان ئەکەن بە كەڕەی شەربەت تا دەستیان ئەکەوێتە ڕوو جا ئەو کاتە لە پشتی مایکەکانەوە وەک دەستکەوتێکی حکومەتە بێ دەستکەوتەکە باسی لێ ئەکرێ.
ئەم بەناو حکومەتە ئەڵێ بەغا بەدەست خۆی نیە و ئیمزای کردوە کە مووچە بنێڕێ، بەڵام باس لە ئیمزاکەی خۆی ناکا کە ئەبێ لەبەرامبەرا نەوت ڕادەستی ناوەند بکا، دوو ئیمزا یەکێکیان حەڵاڵ و ئەوی تریان حەرام، هەرچی داوا بکرێ لە هەرێم مەمنوعە و هەرچی پارەیەک بێتە هەرێم مەسموحە! بەناو حکومەتی هەرێم لە قاوەیەک ئەچێ دەرگای کردنەوەی نیە پارەی لێ دەربێنی، کونێکی هەیە تەنها بۆ پارە تێکردن. گەر پاساوی بەناو حکومەتی هەرێم ئەوەیە کە قەرزارە، بۆ ئەبێ خەڵک و مووچەخۆرانی هەرێم و بەغا باجەکەی بەن؟، ئەی کاتێ بەناو سەرۆکی بەناو حکومەتی هەڕێم هەر هەفتەی جارێک لە ئەنقەرە ئیمزای بەتاڵان بردنی نەوتی هەرێمی ئەکرد، کێی لەگەڵ بوو جگە لە خۆی! نە بەغا و نە خەڵکی هەرێم نە لە بریار و نە نە بەشداری ئەو بەتاڵان بردنەی نەوتی هەرێمن کە جۆرێکە لە خیانەت ئابووری نیشمانی. با بنەماڵە و کاربەدەستانی هەرێم پێمان بڵێن بەڵام تو قەبری ڕەحمەتی بە سەراحەت: ئەگەر ئەوەی هەرێم بەرامبەر بەغا ئەیکات پێچەوانە بوایە، واتە ئەبوایە بەغا نەوتی بناردایە و نەیناردایە چی رووی ئەیا و موعادەلەکان چۆن ئەگۆڕان؟! لەو باوەڕەیام بە سوپای پاسداران و جەندرمەی تورکی چارەسەریان بکردایە.
بنەماڵە و دەستەڵاتدارانی هەرێم لە بیریان چۆتەوە تا خەڵک ڕاپەڕینی نەکرد و” لەودیو سنوور” نەهاتنەوەو تا هەرێم نەبوو بە خاوەنی نەوت (خۆزگە قەت نەبوایە ) وەزعیان چۆن بوو؟ رەسمەکانی دوێنیان ماوە، ئەو بۆینباخەی ئەمڕۆ ئەیبەستن گرانترە لە هەموو جل و بەرگی دووسەد کەسیان! كە خەڵک نارازی ئەبێ ئەڵێن ” با هەڵپەڕن ..” .. نەوتیش نایەن بەغا، ئەو مووچەیەشی کە لە بەغاوە یەت بەشێکی ئەخرێتە گیرفانە شاراوەکانی کەواکانیان. داهاتی گومرگ جنۆکە ئاسا کەس نایبینێ. ڕۆژی دەیان کەس ئەبنە قوربانی خراپی رێگا و بانەکان” ئەم خراپ بوونە شمولی بلە و بارزان ناکا” گوایا بودجە بەش ناکا. بەڵام ئاهەنگی دەرچوونی کوڕی بەرپرسێک لە سویسرا بە مەلایین دۆلار تەواو ئەبێت.! جا نازانین پارەی ئەو ئاهەنگە لە کام فەقەرەی کام وەزارەتەوە خەرج کرواە؟.
بەرپرسیارێتی مانەوەی ئەم دەسەڵاتە لە ئەستۆی خەڵکایە، چونکە دەمێکە دەست لە حیزبەکان شۆراوون، ئیتر خەڵک خۆی بڕیار ئەیا ئەگەر بارانی ئازادی باری ئەمان” چەتر” هەڵئەگرن یا نا.!
- Latest Posts by
پشکۆ ناکام: بەرد…
-پشکۆ ناکام: دەستکێش..
-پشکۆ ناکام: دوور لە خوا.
- All Posts