کاوسێن بابەکر: سەرۆکی حکومەتی نوێ و چوارساڵی نائارام!
لەکۆتاییدا یەکێتی و پارتی و گۆڕان کورسی حکومەتیان خستەسەر پشتی ڕەشەباو هیچ بیریان لەئەنجامەکانی نەکردەوە، بەتایبەت پارتی ئەرکی خۆی لەزەمینە خۆشکردن بۆ حکومەتەکەی مەسرور بارزانی، کەدوای 20 ساڵ حوکمڕانی ئامۆزاکەی بڕیارە حکومەت پێکبێنێ و خەڵک چاوەڕوان بوون بزانن ئەزمونیان لەگەڵ ئەم کوڕەگەنجە کەپێگەیەکی بەهێزی لەناو حزبەکەیدا هەیە چیان بۆدەکات، لەبیرکردوو، هەر بە غروریەکەی جاران ئەو ڕێکەتننامانەی کە لەگەڵ یەکێتی ئیمزای کردبوون بەتایبەت مەسەلەی دانانی پاریزگاری کەرکوک کە لەمستەحەقاتی یەکێتیە و دانانی هەرچی زووتر ڕێ لەو تەعریبە نوێیە دەگرێ کە لەوسنورە سەری هەڵداوەتەوەو، کەسیش نییە دەستی پارێزگاری داسەپاو بگرێ و بیوەستێنێ، پاشەکشەی کردوو بەو بیانوەی گوایە کاک کۆسرەت ڕازی بووە فەرەیدون عەبدوقادر دابنرێ و پەشیمان بۆتەوە ئەویش پەشیمان بۆوە! لەکاتێکدا کاندیدانی یەکێتی سێ کەسی کەرکوکی بوون و بۆ ڕازیکردنی پارتی داوایان لەکاک مەسعود کردبوو ئەو یەکیک هەڵبژێرێ، بەڵام لەکۆتاییدا بایاندایەوە سەر ناوبراو کە دەمێکە دەستی لەیەکیتی کێشاوەتەوەو بۆخۆی کاری بازرگانی دەکات!
هەموو ئەو کێشانە بەرەو لێکترازانێکی هەڕەشەئامێز دەڕوات، ڕێک لەکاتێکدا کەناوچەکە بەهۆی هاتنی هێزەکانی ئەمریکاو گرژبوونی زیاتری نێوانی لەگەڵ ئێران و بێ ئاسۆیی شەڕ لەسوریاو سەرهەڵدانەوەی داعش لەناوچە جێناکۆکەکان، کورد پێویستی بە یەکڕیزی و تەبایی زیاترو حکومەتێکی بەهێزە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەریکی نەخوازراو، ئەو لێکترازانە وەکو ئەوە وایە کورسی حوکمڕانی بەسەر پشتی ڕەشەبادا ڕادەست بکرێ! پێموایە پارتی زوڵم لەو کادیرەی خۆیان دەکەن و هەرلەئێستاوە بەدانانی ڕێگرو کۆسپ و دەروو، دەیانەوێ حکومەتەکەی لەبێشکەدا بخنکێنن و لەکۆتاییشدا ئەودەستانەی لەتاریکیدا کاردەکەن شکستی سەرۆکی حکومەت بەپیتی گەورە بۆبەرچاوی ڕای حزبەکەیان و ڕای گشتی هەڵواسن.
پێموایە نەچووە بچێ و هێشتا کەسانی نێشتمان پەروەرو خەمخۆر زۆرن و هیوادارم هەردوک حزبەکە هەرچی زووترە فریا بکەون و ئەو کۆسپانە تەخت بکەن کە بوونەتە ڕێگرو یەکێک لەو کادیرانەی یەکێتی کەبەفەرمی پێشنیار کراون دابنێن و هەموان بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێزو خزمەتگوزار دەست بەکاربن.