دکتۆر کەمال میراودەلی: ئابووریی و سیاسەت. بەشی دووەم.
سیاسەت و سەرمایەی عەقڵ لە بنزەمینەوە بۆ سەرووی ئاسمانەکان
( 1 )
حکومەت و سیاسەتیی ئابووریی
ڕاستیی هیچ حکومەتێک نییە راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ کارتێکی لە سەر سیاسەت و گەشەی ئابووریی نەبێت. زەقتر بڵێین بە بێ سیاسەت ئابووری دانامەزرێت. بەڵام بە خۆتێگەیاندن یان فەرمانئابووریی نا.
بە بێ چاودێریی دەستووریی دیمۆکراتیی و بەڕێوەبردنی عەقڵانی دیمۆکراتی هەردوو بوارە پێکەوە بەستراوەکانی سیاسەت و ئابووریی و پێوەندییە گلۆبالییەکانیان، فەرمانئابووریی هیچ ئاکامێکی نابێت.
ئایا ئەوەندە بەسە وڵاتێك گاز و نەوت و سەرچاوەی ئابووریی زەبەندی هەبن تا بتوانێت گەشە بکات و سەربەخۆ بێت؟
نا، پێشکار سیاسەتە یان بابڵێین عەقڵی سیاسیی.
1- سیاسەتی ئاسایشی نەتەوەیی: لە پێش هەموو شتێکەوە پاراستنی ژیان و کەرامەتی هاو- وڵاتان و سەقامگیری سیاسیی ناوخۆیی و ناوچەیی و جیهانیی
2- سیستمی حوکمرانیی دەستووریی یاسایی بەرپرس و خاوەنی سیستمی ئیداریی و دارایی و نەخشەسازیی ئابووریی درێژخایەن و جێگەی متمانە بۆ پرۆژەکانی گەشەداریی و ڕاکێشانی سەرمایە و وەبەرهێنانی بیانیی
3- سیستمێکی پەروەرەدیی گەشەیاریی کە [ عەقڵ] وەک گەورەترین سەرمایەی نەتەوەیی وەبەربێنێت و مرۆڤ لە زیندەی غەریزەیی غەیببەندی دوعاکەر و بەکاربەرەوە بکاتە مرۆڤی عەقڵیاری داهێنەر و بەرهەمهێنەر.
بێگومان نەخشەسازیی نێوەندیی هەمیشە دەورێکی ستراتیجی دەبینێت، بەڵام نەخشەسازیی بێ سەرچاوە و سەرمایە و بنخان کار ناکات. ئەمانەش بێ سیاسەت کار ناکەن. سیاسەتیش وەک لە بەشی پێشوودا وتم چیتر ناوخۆیی و خزاوی ناو چوارچێوەی سنووری نەتەوەیی و هەرێمیی نییە، چونکە سیاسەت ئابوورییە و ئابووریی جووڵەی سەرمایەیە و سیاسییە و فرە- ناوچەیی و نێودەوڵەتیی و گلۆبالییە.
کەواتە نەخشە و پرۆژەسازییە ئابوورییەکان بێ تێگەیشتنێکی زیرەکانە و بابەتییانە و هۆشمەندانەی پرسە سیاسییەکان نەک هەر سەرناگرێت، بەڵکو بواری دەستپێکردن و بەردەوامیی و گەشدەوامیی نابێت.
( 2 )
یەکەم/ سەرمایەی هەر وڵاتێک ئاسایشە
دەوری یەکەمی سیاسەت یان ڕاستتر دەوڵەت، دەسەڵات، حکومەت دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیریی سیاسیی و کۆمەڵیی و سەپاندن و سەلماندنی حوکمی یاسایە. کە ئەمە هەلومەرجی [ متمانە] بە وڵاتەکان و ئابوورییەکانیان دروست دەکات و هانی سەرمایەدارانی بیانیی و ناوخۆ دەدا لە بوارە جیاوازەکانی ئابووریی ئەو وڵاتەدا وەبەرهێنان بکەن.
بێگومان ئاسایش و سەقامگیرییش بیرۆکەی ڕووت نین، بەڵکو لە سیاسەتی ئابووریی دروست و پرۆسەی یاسایی بابەتیی و سەربەخۆی بەڕێوەبردنی دارایی وڵات و بەتایبەتی سەربەخۆیی بانکی نێوەندی دەوڵەت و دەستنەخستنە ناو پرۆسە و میکانیزمەکانی بازاڕی ئازاد دا خۆیان دەنوێنن.
دەستنەخستنە ناو پرۆسە و میکانیزمەکانی بازاڕی ئازاد و ئازادیی پرۆژەسازیی و کاسبسازیی بە فەرمانی سیاسیی یان بە پرۆسەی فەساد و بەرتیل و ڕێکەوتنی ژێر بە ژێر و گرێبەستی ژوورە تاریکەکان بەدی نایەن. بەڵکو بە بوونی حوکمی یاسا و پرۆسەی یاسایی روونکار و ڕوونبڕیار و روونڕێ زامن دەکرێت. ئەمانەش لە سیستمی سیاسیی و سەقامگیریی سیاسیی جیا ناکرێنەوە.
دووەم/ سەقامگیریی سیاسیی و سیستمی سیاسیی
سەقامگیریی سیاسیی و ئاسایشی کۆمەلایەتی بە بوونی سیستمێکی سیاسیی دێتە ئەنجام کە مەرجەعییەتی دەستوور و حوکمی یاسا و خۆبەستنەوە بە پرۆسە یاسایی یە جیهانییەکان دەخاتە کار. سەربەخۆیی دادوەریی و داواکاری گشتیی و متمانەداریی یاسایی و دەستوورییبوون و شەرعییبوونی بڕیارە سیاسییەکان و ڕێکەوتنە بازرگانییەکان هەنگاوی گەوهەریی و گرنگن بۆ دڵنیابوون لە بوونی لایەنی هەرەکەمیی متمانە بۆ وەبەرهێنان و پەیمانبەستیی ئابووریی.
دەوڵەت بڕیاری سیاسیی خۆی دەخاتە کار بەڵام دەوڵەتێک کە روونکارە، ڕوونبڕیارە، خاوەن دەستوور و دەزگای دەستوورییە، خاوەن یاسا و سەروەریی حوکمی یاسایە، خاوەن دەداوەریی و دادگای دەستووریی سەربەخۆیە، خاوەن دامودەزگای ئابووریی سەربەخۆیە لە سەرووی هەموویانەوە بانکی نێوەندیی و دەسەڵاتەکانی خاوەن بڕیاردانی دارایی وەک وەزارەتی دارایی و ئابووریی و پرۆسە رووندیارەکانی [ شەفافەکانی] گرێبەستیی و دەوری یاسایی کاریگەری کۆمیسیۆنەکانی چاودێری دارایی و دەستپاکیی.
ئاسایش و سەقامگیریی سیاسیی یەکەم سەرمایەی وڵاتانە و پێش نەخشەسازییە ئابوورییەکان دێت. کە وڵاتێک ئاسایش و سەقامگیریی سیاسیی دوورخایەنی نەبێت، نابێتە جێگەی متمانە و ناتوانێت بەردەوامیی بە کۆنترۆلی سەرچاوە و جیۆپۆلیتیکی ئابووریی و جوگرافیی و هەلومەرجەکان و پرۆسەکانی بەرهەمهێنان و کڕین و فرۆشتن، بدات.
کەواتە یەکەم مەرج و یەکەم ئەرکی دەوڵەت ئاسایش و سەقامگیریی سیاسییە ئەمەش بە بێ بوونی دەستوور و ئازادیی و مافەکانی مرۆڤ و سەربەخۆیی دادوەریی و حوکمی یاسا و دەستاودەستکردنی ئاشتییانەی دەسەڵات و بنخانی بەهێز و دادپەروەریی کۆمەلیی و سسیتمێکی پەروەردەیی عەقڵانی مۆدیرن و پتەویی کۆمەلگای شاریاریی و ڕوونکاریی بڕیارە سیاسییەکان و ئابورییەکان و گرێبەستەکان و پرۆسەکانی بەرهەمهێنان و بازرگانیی و فڕۆش و کڕین بەدی نایەت.
( 3 )
نموونەی بەریتانیا
سەرمایەی مەزنی بەریتانیا ئاسایش و حوکمی یاسا و سیستمی پەروەردەیەتی.
سەرمایەی یەکەمی بەریتانیا وەک خڕبۆوەیەکی مێژوویی، ئاسایش و سەقامگیریی سیستمەکە و وڵاتەکە و سەروەریی حوکمی یاسایە. ئەمە ئەو سەرمەرج و بنمەرجەی متمانەدارییە کە فەزای فراوانی بۆ هەموو دەسکەوتە سیاسیی و ئابووریی و زانستییەکانی تر خۆشکردووە و ملیارەها پارەی بیانیی بۆ ناو وڵاتی خۆیان رادەکێشن کە بە بێ ئەو وەبەرهێنان و پارەهێنانەی دەرەوە گومانی نییە ئابووری بەریتانیا و ئەوسا سیستمە سیاسییەکەی هەرەس دێنێت.
[ بەریتانیا لە نێوان سالی 2015- 2018 دا زۆرتر وەبەرهێنانی بیانیی ڕاستەوخۆی لە هەر وڵاتێکی تری ئەوروپا ڕاکێشاوە. 3،900 پرۆژەی وەبەرهێنان لە ماوەی ئەو سێ ساڵەدا 140 ملیار دۆلار سەرمایەی بۆ ئەو وڵاتە هێناوە.www2.deloitte.com/uk/en
بێگومان لە پشت ئەو ئاسایش و سەقامگیرییەشەوە عەقڵی سیاسیی- قانوونیی-مێژوویی کارا هەیە.
وڵاتەکان و تەنانەت هاووڵاتی وڵاتەکانی دنیاش کە کێشەیەکی یاسایی گرێبەستیی نیوان دوو وڵات یان زیاتریان دەبێت، یان تەنانەت کێشەیەکی شەخسی وەک تەڵاق و پاشگرفتەکانی بۆ ملیۆنەرەکان دروست دەبێت، پەنا بۆ دادگا و سیستمی یاسایی بەریتانیا دێنن چونکە سەدان ساڵە لەکار دایە، سەربەخۆ و پرۆفێشناڵە و لە دەرەوە و سەرووی سیاسەتی و کارتیکردنی گەندەڵییە.
( 4 )
دووەم سەرمایەی وڵاتان مرۆڤە
ئابووریی لە بنەڕەتدا پێوەندیی نێوان تەکنۆلۆجی جەستەی مرۆڤ[ چاو و گوێ و هەست و قاچ و دەست] و خاکە چونكە لە سەرەتاوە ئابووری هەوڵی مرۆڤە بۆ پەیداکردنی بژێویی لە سروشت، بەڵام ئەمە ڕەوشی سەرەتایی پێوەندیی هەموو زیندەوەرانە بە سروشتەوە. واتە هەموو زیندەوەران پێوەندیی پەیداکردنی بژێویی [خۆراک] یان بە سروشت و دوەروبەرەوە هەیە و بە شێوەیەکی زۆر سەرنجڕاکێش و زیرەکانە و جوانکارانە دەیکەن.. ئەوەی وای کردووە پێوەندیی مرۆڤ لەو ئاستە سروشتییە سەرەتاییە غەریزەییە تێپەڕینێت، بوونی بیرکردنەوە و عەقڵ و فێربوونی بەردەوام لە ئەزموون و پرۆسەکان و توانستی هاوکاریی کۆمەڵیی و گۆڕینەوە و بەدواداگەڕان و بەدەستهێنان و بەکارخستنی زانیاریی و شارەزایی و زانستەکانە.
کەواتە عەقڵ گەورەترین سەرمایەی مرۆڤە – سەرمایەیەکی خواداد، ئازاد، یەکسان، خۆیار، بەرکار، بێ سنوور و مەودا، بە درێژایی ژیان لە بننەهاتوو.
تا عەقڵ نەکەوێتە کار، چالاکی ئابووریی ڕێکخراو دروست نابێت یان لە ڕەوشی سەرەتایی پەیداکردنی بژێویی بەرچاو و ئاسانبەدەستهاتوو تێپەڕ ناکات.
مرۆڤی سەرەتایی، سەرەتایی ژیان و ئەزموون و عەقڵ، بێگومان درەختی بەردار دەناسێ و دەتوانێ بەرەکەی بخوات. هەموو شتێکی سەر زەوی تا ئەو ئاستەی بە چاو و هەستەکان دەیناسێت و راستەوخۆ بۆ دابینکردنی نیازەکانی پێویستە، دەتوانێ بەردەستی بکات و بەکاریبێنێت. بەڵام چاو و هەستەکان تەنیا تا مەسافەی غەریزەیی عەقڵ فەراهەم دەکەن، مەودای جوغزیی قەفەزیی خۆگر. مەودای ئاژەڵیی بەڵام بێ ئازادیی خۆڕسک و زیرەکیی غەریزەیی ئاژەڵ.
لە قورئاندا ئەوانەی عەقڵ بەکارناهێنن بە [ گومڕاتر لە ئاژەڵ] وەسفکراون.
مەسافەی غەریزەیی خۆجوغزیی عەقڵ ئەو ماسافەیە کە تێیدا دین [ وەک بیرکردنەوەی ئەفسانەیی مرۆڤی سەرەتایی] عەقڵ وەک غەریزەیەکی سەرەتایی تێکەڵی کوێرەعەقیدە و خەرافات و غەیببەندیی و خۆکۆیلەکردن و پاشکۆیی، قفڵ دەدات یان سڕ و بڕ دەکات. بەڵام گەشەی عەقڵ پێویستی بە عەقڵیکە باوەڕی بە بوونی خودا بێت لە خود دا، بەزاڵبوون بە سەر ترسی غەریزەیی لە غەیب و نەزانراو، بە بوونی چاوێکە بۆ سەرەوە بڕوانێ و نهێنیی ئەودیو ئاسمانەکان ببینێت، بۆ سەر زەمین بڕوانێت و بە ناخی زەمیندا بۆ قوولاییە بێبنەکان، تەکنۆلۆجی ڕوانینی تیژکاتەوە، پێویستی بە هەستێکە نەبینراو ببینێت، نەزانراو بزانێت، نە بیسراو ببیسێت، دوورەدەست بەردەست بکات، نەکار بخاتە کار، گیان [بزاڤ] بدات بە بێگیان و ژیانی تا دوا لەحزە خۆشبوێت و بە پیرۆز و ئەرکی ویژدانیی و کۆمەڵیی بزانێت.
واتە عەقڵ خۆی و جیهان خودکار [ئۆتۆنۆمی] بکات. لە جیاتی ئەوەی هێزی خودی خۆی بدا بە خودایەکی غەیبیی [ ئاشی نەزان خوا دەیگێڕێ ] ، هێزی خودایی خۆی بەکاربێنێت و ئاشی عەقڵی بخاتە کار.
ئەمە ئەو بێدارییە ڕێنایسانسە عەقڵانییەیە کە ئەوروپاییەکان لە سەرەتای سەدەی چواردەوە تا کۆتایی سەدەی حەڤدە پییدا تێپەڕین تا عەقڵیان کردە خودکار و زانستیان کردە هاوکار و تەکنۆلۆجی ئاسمانگریان داهێنا.
( 5 )
لە تەکنۆلۆجی جەستەوە بۆ تەکنۆلۆجی عەقڵ
مرۆڤ بە بێ گەشەی عەقڵ ناتوانێ پەڕە بە سەرچاوەی زێدەی ئابووریی و دروستکردنی سەرمایە و هۆکار و هەلومەرجی پەڕەسەندن بدات.
واتە بەکاربردنی تەواوی سروشت وەک مەیدانێک بۆ بژێویی و دۆزینەوە و ئابووریی رێکخراو، بە بێ گواستنەوە لە تەکنۆلۆجی جەستەوە [ دەست و قاچ و هەستەکان] بۆ تەکنۆلۆجی عەقڵ، بیرکردنەوەی داهێنەرانە و خەیاڵی ئازاد، بە ئاکام ناگات.
با ژێر زەمین پڕ بێت لە نەوت ، گاز، یۆرانیۆم، کانی کانزایی، شار و شوێنەواری هەزاران ساڵە شاراوە.
با سروشت زەبەند بێت بە هەزاران هەزار جۆری گژ و گیا و ڕەگوڕیشە و، رووەک و نەمام و درەخت و ماسی و بالندەو زیندەوەر..
کە مرۆڤەکان لە ئاستی ئاژەلیی یان تەنیا کەمێک سەرووی غەریزەی ئاژەلیی پپێشکەوتە نەبن، غەیبەند و خەرافیی بن و لە سنووری بەکاردبرنی غەریزەیی دەست وهەستدا مابنەوە، ئەوا هەموو ئەو زەمینە و ئەو سروشتە وەک غەیبستان دەمێنێتەوە. تەنانەت شتەکان ناونانرێن، هیچ شتێکیش تا نەدۆزرێتەوە ناو نانرێ، تا ناونەنرێ نابێت بە بابەتی زانین.
( 6 )
گەشتی عەقڵ لە زەمینەوە بۆ دەریا
ئابووری کلاسیكی بە بەرهەمەکانی خاک/ زەوی و سنعەت و پیشە خۆماڵییەکانەوە بەند بوو.
بەرهەمی کشتوکاڵی لەگەڵ دروستبوونی بازاڕەکانی گۆڕینەوە و فرۆشتن لە ئاستی جیهانییدا زیاتر و زیاتر گرنگیان پەیدا کرد. ئێستاش مادام بازاڕ و داوا جیهانیی و گلۆبالە بەرهەمەکانی سەوزە و میوە و دانەویڵە سەرچاوەیەکی گرنگی بەدەستهێنانی قازانجی مفت و سەرمایەن بە تایبەتی ئەو بەرهەمانەی پێیان دەوترێ [ کاشەبەر- کاشکرۆپس ] واتە یەکسەر لەسوپەرمارکێتەکاندا بە کاش/ دۆلار دەگۆڕدڕێنەوە، وەک ئەڤۆکادۆ، مۆز، فستەق و… هتد. بۆ نموونە گەر لە کوردستانەوە بتوانی بەرهەمەکانت بگەیەنیتە بازاڕی لەندەن ئەوا یەکسەر دەبنە کۆشە کاشەدۆلار: بۆ هەر شوتییەک سێ پاوەند، بۆ هەر کاڵەکێک دوو پاوەند، بۆ هەر هەنارێک پاوەندێک، بۆ هەر سێ هەنجیر پاوەندێک، بۆ هەر کیلۆیەک ترێ سێ پاوەند بۆ هەر دوو خەیار یەک پاوەند، بۆ هەر کیلۆیەک تەماتە دوو پاوەندو… هتد.
بۆیە ئابوورییەک تا بتوانێ ئەوپەڕی پێگەشەکانی بەرکار بکات، دەبێت ڕێگایەک بۆ خۆبەستنەوەی بە بازاڕی گلۆبالی سەرمایەدارییەوە ببەستێتەوە.
یەکێک لە شەڕەکانی نێوان بیری ئازادیی ڕەهای بازاڕ و سیاسەتەکانی بازاڕپارێزیی/ پرۆتیکشنیزم هەوڵی وڵاتانە کە بەرهەمی سەرەکیی خۆماڵیی گرنگی خۆیان لە مونافەسەی بەرهەمی هەرزان یان هەرزانتری هاوردەکراو بپارێزن.
دەتوانین بەرهەمی کاشسەرمایە بە هۆکاری بەخت دابنێین. هەندێ وڵات بەختدارن خاک و کەژ و هەوایان یاریدەدەری بەرهەمهێنانی کۆمەلیک کاشبەری گرنگە. هەروەک چۆن هەنذی وڵات بەختدارن نەوت و گازیان هەیە. بەڵام پرۆسەی بەرهەمهێنان لە هۆکاری عەقڵی سنعەتی و تەکنۆلۆجی دابڕاو نییە. تا تەکنۆلۆجی نوێ بۆ بەرهەمهێنان ، چنینەوە و هەڵگرتن و داکردن و گواستنەوە هەبێت دیارە بەرهەم و لەمەوە قازانج و توانستی مونافەسە زیاتر دەبێت. لە لایەکی تریشەوە نابێت هۆکاری یەکەم: سەقامگیریی سیاسیی و سیستمی عەقڵانی دەستووریی یاساییمان وەک مەرجی یەکەمی بەرهەمهێنانی ساغ لە بیر بچێتەوە.
کێڵانی گاجووت و خەرمانی دروێنەی داسبەدەست، لەگەڵ کارسازە تەکنۆلۆجییە نوێکاندا بەروارد بکە. جیاوازی لە سەدا سەد تاسەدی هەزارە و پتریش.
ئەم جیاوازە مەسافەی عەقڵە. جیاوازیی عەقڵی کارا و عەقڵی قفڵدراوە. ئەم جیاوازییە بۆ هەزاران فەزاو کەرتی ئابووریی و کۆمەڵیی و سنعەتسازیی و پەروەردەیی و پێگەیاندنی مرۆڤ و کۆمەلگای نوێ حیساب بکە، ئەوسا کاری بێبن و بێ سنووری عەقڵی مرۆڤ و موعجیزە تەکنۆلۆجییەکانیت بۆ دەردەکەوێت.
لە بەرهەمی کشتوکاڵیی سەر ئەرزەوە بۆ بنئەرز، بۆ کانزاکان و بەتایبەتی نەوت و ئێستا گازیش. پارە/ سەرمایە لە خاکەوە هەڵدەقوڵێت. بەڵام بە بێ فاکتەری عەقڵ، نە نەوت و گازەکە دەدۆزرایەوە، نە توانستی دەرهێنان و پاڵاوتن و گواستنەوەی بە بۆڕیسازیی سەرزەمین و بنزەمین و سەر دەریا و بندەریا ئەنجام دەدرا.
هەر ئەمەشە پێوەندییەکانی دەسەڵاتی لە سەردەمی یەکەم بەرمیلە فرۆشراوەکانی نەوتەوە بە پوختی کردە پێوەندی نێوان ئەو گەلانەی خاوەن عەقڵی باڵا و کاران و ئەوانەی خاوەن عەقڵی نزم و خەوتوون، ئەوانەی عەقڵ/ تەکنۆلۆجیا بەکاردێنن و ئەوانەی عەقڵ قفڵ دەدەن و لە تەکنۆلۆجیا بێ خەبەرن و لە ئاژەڵ گومڕاتر دەژین.
( 7 )
سیاسەت و ئابووری: نموونەی میسر
دیارە هێشتا ئەو سەرمایە زەبەندە مفتەی لە خاکەوە و ئێستا لە دەریاکانیشەوە هەڵدەقوڵێت، یەکجار ستراتیجیی و گرنگە و جوگرافیای سیاسیی و ئابووری وڵاتان و جیهان دەگۆڕێت.
بۆ نموونە میسر، میسری هەژاری کەمدەرامەتیی خاوەن 100 ملیۆن زاری برسی! ئێستا لە مانگی ئەیلوولی 2018 ەوە خۆتێرە لە نەوت و گازدا. بەڵکو دەشیفرۆشێت.
[ وەزارەتی پێترۆلی میسری سەرکەوتنی میسری لە بەدیهێنانی بەرزترین نێوپلەی ( معدل) ی بەرهەمی سامانی پێترۆلیی لە میژوویدا بەدیهێناوە، بە گەیشتن بە 1،9 ملیۆن بەرمیلی بەرامبەر، لە زەیتی خاو و گاز وخەستەمەواد دا، لە مانگی حوزەیرانی ئێستادا.
وەزیری نەوتی میسری طارق الملا ڕایگەیاند کە گەیشتن بە خۆتێریی وزەیی و فرەکردنی بەرهەمی نێوخۆیی، لە ئەنجامی بە ئەنجامگەیاندنی 27 پرۆژەی گەشەپێدانی بێستانەکانی گازی سروشتیی بەدیهات، گرنگترینیان کێڵگەکانی ظهر و رۆژاوای دەلتا و نورس و ئاتول بە سەرمایەیەکی وەبەرهێنان کە گەیشتە 21 ملیار دۆلار و رۆژانە 6،8 ملیار پێ/ سێجار گاز بەرهەمدێنێت لەگەڵ 41،3 هەزار بەرمیل خەستەمەواد، و گازی نێوخۆیی لە سالی 2018 دا بە بەروارد لە گەڵ ساڵی 2016 دا، بە رێژەی %50 زیادی کردووە و ساڵی داهاتوو بە رێژەی %100 زیاد دەکات. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە حکومەت [ ی میسر] هەوڵ دەدات 11 پرۆژەی تر بۆ گەشەپێدانی بێستانەگازی نوێ بە وەبەرهێنانی ١٥ ملیار دۆلار تا نیوەی ساڵی 2022 جێبەجێ بکات] ئار.تی عەرەبی، 11- 6- 2019
ئەم سەرکەوتنەش ئەنجامی سێ شت بوو: سەقامگیری سیاسیی و ڕزگاربوونی میسر لە وەحشیییەتی ئیسلامیی ئیرهابیی ئیخوانیی، عەقڵی سیاسیی/ پرۆژەسازیی سیسی و تێگەیشتنی جیۆپۆلیتیکی جیهان و دوورەپەرێزیی و خۆتێنەگەیاندن لە کێشە ناوچەیی و جیهانییەکان و دروستکردنی هاوپەیمانیی و هەلومەرجی لەبار بۆ وەبەرهێنان و ڕاکێشانی سەرمایەی دەرەوە هاوکات لەگەڵ بەهێزکردنی بەردەوامیی هێزی سەربازیی میسر.
میسر یەکەمین هێزی سەربازییە لە ناو وڵاتانی عەرەبیی و ئەفریقییدا و 12 یەمینە لە ئاستی جیهانییدا، بەڵام سیسی لەگەل ئەو هەموو یاریدەش کە لە سەعودییە و ئەماراتی وەردەگرێت، بەشداری شەڕی یەمەن نەبوو ، لە سوریاش تاکە دەوڵەت بوو کە خۆی دوورەپەرێز گرت. بە پێچەوانەی ئەردۆگان کە سۆزانییانە لە نێوان روسیا و ئەمریکا یاری دەکات، سیسی توانیوێتی ڕێز و هاوکاری روسیا و ئەمریکا پێکەوە بەدەست بێنێت و باشترین چەک و مەشق و هاوکاری ستراتیجیی لەگەڵ هەردووکیان بەدەستبێنێت. لە کاتێکیشدا میسر زیرەکانە دەستپێشخەری کرد و بۆ وەبەرهێنانی گازی دەریای ناوەڕاست هاوپەیمانی لەگەڵ یۆنان و قوبرس و لە پشتەوە ئیسرائیلیش بەست و ئێستا بەرەکەی دەخوات، تورکیا هەر بە دوژمنایەتی کوردەوە خوێنمەست بوو ، هەموو شتێکی دی لە بیر بردبۆوە و لە بیربردۆتەوە و ئێستا لە هەر چوار دەورەوە دەستڕنی دڕک دەکات.
بێگومان پرۆژە گازیی و پیترۆلییەکانی میسر تەنیا لایەنێکن لە چەندین پرۆژەی پیشەسازیی و ئاوەدانیی و بیناسازیی مەزن وەک پرۆژەکانی کەناڵی سوێس و دروستکردنی شارێكی ئیداریی نوێ لە قاهیرە، کە لێرە جێگەی باسکردنیان نییە.
بەڵام هێشتا بۆ تێرکردنی سەد ملیۆن زار، میسر پەنا دەباتە بەر قەرزی دەرەوە، ئەمەش خۆی لە خۆیدا خەتەرناکە، بەڵام گەر بتوانێت سەرمایەی یەکەم واتە ئاسایش و سەقامگیریی سیاسیی بپارێزێت و پرۆژە بنخانییە مەزنەکان سەرکەون، و سیاسەتێکی ئابووریی عەقڵانیی ڕەچاو بکات و وەبەرهێنان لەعەقڵ و سەرمایەی مرۆڤیی گەلی میسردا بکات، ئاسۆکانی گەشەکردن گەشاوەتر دەبن.
( 8 )
گەشتی عەقڵ لە دەریاوە بۆ ئاسمان و فەزاکان
وتمان چالاکی یەکەمی عەقڵ ڕۆداچوون بوو بە بنزەویی و دەریادا بۆ دەرهێنان و وەبەرهێنانی سەرچاوە زەبەندەکانی نەوت و گاز و سامانی کانزایی و دەریایی.
پارە لە خاک هەڵدەقوڵێ: کشتوکاڵ، دار و درەخت و نەوت و گاز و کانزاکان
پارە لە دەریا هەڵدەقولێت: گاز و سامانە دەریاییەکان
بەڵام لەم سەدەیەدا زۆرترین پارە لە ئاسمانەوە دەبارێت.
بەڵام ئەوە عەقڵی زەمینە کە پارەی ئاسمان دەبارێنێت.
نەک تەنێ پارە و هێز و قودرەت و ڕەنگە دۆزەخیش لە ئاسمانەوە ببارێت.
[ لە دوا وتارییدا پۆتین وتی: دەزانن ئێستا فەزا خۆی دەشێ بۆمبی ئەتۆمی ببارێنێت]
هەندی کۆمپانیا و حکومەت ملیارەها دۆلار لە پرۆژەگەلێکدا سەرف دەکەن کە ڕاستی لە سەرەتاوە نازانن ئەنجامی چ دەبێت.
ئەوانە پرۆژەکانی تەکنۆلۆجی ئینتەرنێت و سەتەلایت و ئێستا زیرەکی دەسکرد یان عەقڵی خۆسازە.
لە پرۆژەیەکی سەیارە دروستکردن، یان بینسازیی دەزانی چ ئەنجامێکت دەست دەکەوێت. بەڵام لەو ملیارانەی لە تاقێگە ولابۆراتۆری زانکۆ و ئەکادیمیا و کارخانەکاندا بۆ باسکاریی و داهێنان و پەرەپێدانی تەکنۆلۆجی نوێ بەکاردێت، ئامانجەکە لە سەرەتاوە دیار نییە، زیاتر قومارە، یان خەونە، بەڵام کە سەری گرت وەک داهێنانی گوگل، ئینتەرنێت، ئەپل. مایکرۆسۆفت، تەکنۆلۆجی نوێی سامسۆنگ، هاوای ، فەیسبووک، تویتەر، واتسئاپ، ئینستاگرام و… هتد، ئەوسا ئەمانە دەبنە بیرەنەوتی بێ بن و لە ئاسمانەوە ڕێژنەبارانی پارە هەڵدەڕێژن.
ئاسمان مڵكی هەموومانە. ئەوە بە خەیاڵ. بەڵام راستی تەنیا هی ئەوانەیە کە خاوەن قودرەتی عەقڵن. ئەوانەن کە بەردەوام لە شێوەی سەتەلایت و سمارتفۆن و ئینتەرنێت و کۆمپیوتەر و حیاسابی بانک [سویفتکۆد] و فەیسبووکو… هتد، ئاسمانت پێدەفرۆشن و چاریشت نییە بێ ئاسمان ناتوانی بیگوزەرێنی.
عەقڵی ئازاد خەیاڵی بێسنوور دەیجوڵێنێت.
زۆربەی بەرهەمە تەکنۆلۆجییەکان کە بوونە بابەتێکی رۆتینی و ئاسایی وەک تەلەفزیۆن، تەلەفون، کارەبا، سەیارە، تەیارە، درۆن، سارۆخی فەزایی، ڕۆبۆت و… هتد، یەکەمجار وەک بابەتێکی خەیاڵی ئەفسانەیی لە رۆمانە زانستییەکاندا سەریانهەڵداوە. بەڵام ئەم خەیاڵە دوورەئاسۆیە بەس بووە تا ختوکەی عەقڵی ئازاد بدات و خەیاڵ بکاتە وابوو – و خەون ڕاو بکات.
( 9 )
تەکنۆلۆجی مەحاڵ
پرسیارێک: ئایا دەکرێ مێشکی مرۆڤ دروست بکرێت؟
واتە دەکرێ کارسازێک/ جیهازێک دروستبکرێت کە هەموو ئەرکەکانی مێشک لە هەست، بیرکردنەوە، بڕیاردان، دەرچوون لە تاقیکردنەوەکانی قوتابخانە، نووسین، پلاندانان و… هتد، ئەنجام بدات؟
مادام ئەم پرسیارە بوو بە پرس، بوو بە بیر، بێگومان دەشبێت بە بەرنامە و پرۆژەی جێبەجێکردن. ئاخر عەقڵی ئازاد ئاوا کار دەکات.
پۆل گاردنەر ئاڵن [ 1953- 2018] ئەو مرۆڤەیە کە لەگەڵ بیڵ گەیتس لە ساڵی 1975 دا مایکرۆسۆفتی داهێنا و بەمە شۆڕشی مایکرۆکۆمپیوتەری بەرپا کرد. دوایی بوو بە گەورەترین کۆمپانیای سۆفتوێری کۆمپیوتەر کە نیسانی ئەمساڵ بەهاکەی گەیشتە یەک تریلیۆن [ هەزار ملیار] دۆلار! بەلێ هەزار ملیار دۆلار!
ئاڵن مرۆڤی خەونە گەورەکان و پرۆژە هەرە مەزنەکان بوو. بەداخەوە لە تەمەنێکی هێشتا گەنجدا لە 15 ئۆکتۆبەری 2018 دا کۆچی دوایی کرد. ئەو لە بەدیهێنانی مەحاڵەکان دەگەڕا. لێرە جێگەی نییە باسی کارە سەیر و مەزنەکانی بکەم. کە مرد سامانەکەی 20 ملیار و 300 ملیۆن دۆلار بوو. هەمووی بەری ڕەنجی مێشکی خۆی بوو! هەموو کارەکانی بۆ چاکەی مرۆڤ و پێشکەوتنی مرۆڤایەتیی و سەلماندنی هێزی بێسنووری عەقڵی داهێنەری مرۆڤ بوو. دوو ملیار دۆلاری بۆ کاری چاکەخوازیی بۆ پێشخستنی پەروەردە و پاراستنی ژیانی كێویی و هونەر و تەندروستیی و خزمەتگوازرییە کۆمەڵییەکان و زۆر کاری خێرخوازی تر بەخشی. بەڵام هیوایەتی شەخسیشی هەمیشە بەدیهێنانی مەحاڵ بوو!
لە دوای ریزێک لە داهێنانی هەرە مەزنی جیهانگۆڕ، ئالن ئەو خەونەشی هەبوو مێشکی مرۆڤ دروست بکات! ئاوا واشنتۆن پۆست لە ئەیلوولی 2015 دا، واتە سێ سال بەر لە مردنی، باسی ئالن و پرۆژەی مێشکسازییەکەی دەکات:
[ ئاڵن زۆربەی تەمەنی لە کتێبخانەکاندا بە خوێندنەوەی رۆمانەکانی خەیاڵزای زانست [ سایەنسفیکشن] بەسەر دەبرد. [ واتە ئەو رۆمانانەی باسی داهێنانی سەیر و سەمەرە و موعجیزە دەکەن کە تەنێ لە خەیاڵی نووسەردا هەن] .. ئەو ڕۆمانانەی کە تێیدا ڕۆبۆتەکان کاروباری ناوماڵ بەڕێوە دەبەن، نەشتەرکاریی دەکەن و وەک سوپەرپاڵەوان بە سەر شارەکانەوە بۆ فریاگوزاریی و یارمەتی مرۆڤەکان دەفڕن. لە خەیاڵی پۆل ئاڵن ئەو مرۆڤانە دەبنە راستیی، لە نێو ئێمەدا، وەک ئامۆژگار و دۆست و هاودەممان دەژین.
ئێستا پۆل ئاڵن تەمەنی 62 ساڵە و خاوەنی 17 ملیار و 700 ملیۆن دۆلارە. ئەو هاو- دامەزرێنەرەی مایکرۆسۆفت، هەندێ لەو سامانە زەبەلاحەی خۆی بۆ ئەوە بەکاردێنێت لە دوو پرۆژەی مرڤدۆستیی جیا کار بکات بۆ پێکەوەلکاندنی نیۆرۆزانست و زیرەکی مرۆڤکرد و هیوای وایە پێکەوەبوونی ئەو دووانە ئایندەی دروستکردنی مێشکی مرۆڤ نزیکتر بکاتەوە.
یەکەم پرۆژەی دروستکردنی مێشکێکی دەستکردە لە سفرەوە کە بتوانێ تاقیکردنەوەی خوێندنی ئامادەیی ببڕێت. ئەمە لەم سەدەی تکنۆلۆجییەدا ڕەنگە وەک شتێکی زۆر سەخت سەیر نەکرێت، بەڵام فێرکردنی ئالەتێک کە نەک تەنیا لە بەرکات و بزانێت بەڵکو بۆ خۆی بیر بکاتەوە و عەقڵانی کار بکات، یەکێکە لە سەختترین هەوڵی ئەندازەسازیی سۆفتوێر کە زۆر لە هەوڵە سەرکەوتووەکەی پێشووی بۆ ئەندازەسازیی سسیتمی کۆمپانیای ئیشپێکردنی ویندۆز ئاڵۆزترە و دەوترێ 50 پەنجا ملیۆن خەتی کۆدی تێدایە!
پرۆژەی دووەم: هەوڵێکە بۆ تێگەیشتنی ژیریی بەوەی لە ئاقاری پێچەوانەوە بۆی بێیت – بە دەستپێکردن لە سروشتەوە و هەڵوەشاندنەوە و شیکردنەوەی پارچەکان و کردنیان بە مۆدێل و خرۆشاندنیان. ئاڵن لە چاوپێکەتنێکدا دەلێت: خەیاڵ بکە، کە پەڕەکاغەزێکی سپییت بە دەستەوەیە و هەموو ئەو شتە سەرسوڕێنەرانەی مرۆڤ دەیانکا دەیاننووسێتەوە.!
ئاڵن توانیوێتی باسکاری زیرەکیی مرۆڤکرد[ ئەرتیفیشیەڵ ئینتێلیجنس- ئەی- ئای] لە زانکۆی واشنتۆن ئۆرن ئێتزیۆنی ڕازی بکات ڕێبەریی تیمی مێشکسازیی بکات. لای ئەو و ئەو لەشکرە بچووکەی زانایانی خاوەن دکتۆرا کە بۆ ئاڵن کار دەکەن، خولیای تێگەیشتنی ڕەوشی کارکردنی میشکی مرۆڤ ئەزموونێکی پێشووی هاوشێوەی لە سەرەتای سالەکانی 1900 دا هەیە: ئەو کاتەی کە مرۆڤ بیری لەوە کردەوە چۆن پارچەئاسنێک/ مەکینەیەک فێر بکات بە ئاسماندا بفڕێت.!
واتە چۆن فڕۆکە دروست بکات! بە لاساییکردنەوەی باڵندە یا بە دروستکردنی شتیكی زۆر جیاواز لە باڵندە.
مرۆڤ توانیوێتی زۆر لە پارچەکانی لەشی مرۆڤ دروستبکاتەوە: مێشک دوا مەرزی جەستەی مرۆڤە کە مرۆڤ خۆی بتوانێت کۆنترۆڵی بکات و بەرکاری بکات بۆ ئەوەی مرۆڤەکان بتوانن باشتر بژین، تەمەندارتر بژین، و پرسیارە جەوهەرییەکان دەربارەی شوێن و ئەرکی مرۆڤ لە گەردووندا وەڵام بداتەوەا
واشنتۆنپۆست 30 ئەیلوولی 2015 www.washingtonpost.com
( 10 )
ڕازی فرۆکەسواریی
نازانم پرۆژەکە دوای مردنی گەیوەتە کوێ و دیارە مەبەستم ئەوە نەبوو زانیاری دەربارەی پرۆژەکانی دروستکردنی مێشکی مرۆڤ بدەم. مەبەستم تەنیا وروژاندنی پرسیارەکە بوو وەک ئەو شتانەی لای عەقڵی غەیبیی قفڵدراو بە سەرووی مەحاڵ دادەندرێ و بۆ سەلماندنی ئەوەش بوو کە مرۆڤان و لاتانی عەقڵیار وەک وتم سەرمایەی زەبەلاح بە ملیار لە پرۆژەی تازە و پر تەحەددا و موعجیزەیی سەرف دەکەن گەرچی ئەمە سەرەتا وەک قوماریش بێتە بەرزەین.
ئایا کە مێشکی مرۆڤکرد/ تەکنۆساز دروست بوو، توانی سەر بەخۆ کار بکات و هەموو ئەو توانستانەش بەکاربێنیت کە مرۆڤی بەندی کۆتەکانی ژیان و تەمەن و جەستە ناتوانێت بەکاریان بێنێت، ئەوسا هەر مێشکە بە چەند دەفرۆشرێت، چۆن جیهان دەگۆڕێت؟ چۆن ئەو دەوڵەتانەی پێشتر مێشکەکە دروست دەکەن دەتوانن، گەر بیانەوێت، بۆ ئامانجی خۆیان و کۆنترۆڵی گەلانی تر بەکاری بێنن؟
ڕاستیی بەراوردی پرۆژەی مێشکسازییەکە بە دروستکردنی تەیارە تێگەیشتنەکەی ئاسانتر دەکات. بۆ مرۆڤ بتوانێ ئاسن بە ئاسماندا بفڕێنێ نەتوانێ مێشکی خۆی دروستبکاتەوە؟
قەت لە سەفەر- بە تەیارە نەترساوم. بەڵام ڕاستیی ئێستا کە سەفەر دەکەم ترسێکی ناچاریی هەیە، رەنگە بەری تەمەن بێت و ڕەنگە لەبەر ئەوەش بێت ئێستا زیاتر رادەمێنم: هەموو کاتێ کە بەر لەوەی بە جانتاکەمەوە بە سەر پێپیلکەکاندا بۆ ناو فڕۆکەکە سەرکەوم: کەمێ لەو پارچە ئاسنە زەبەلاحە کە گیانی خۆمانی پێدەسپێرین بە وردیی و بە وردەترسێکێشەوە ڕادەمێنم. لە سەر زەوی بە باڵە دڕێژەکانیەوە و لوت و کلکە ماسییەکەیەوە تەخت وەستاوە. گیانی لەبەردا نییە. ئێمە ئەو هەموو خەڵکە و جانتایە خۆمانی پێدا دەکەین. ڕەنگە لە ئاسمانەکاندا تۆف و زریان بێت، ڕەنگە بارەکەی قورس و گران بێت، ڕەنگە مەکینەسازیی و تەکنۆلۆجییەکەی عەیبدار و نوقسان بێت، ڕەنگە فڕۆکەوان مەست و خەواڵوو و نەزان بێت، بەڵام دوای ماوەیەک دەکەوێتە گڕەگڕ و ڤڕەڤڕ و بۆ سەرەوە هەڵتدەگرێت، دەبێت باوەڕت بەو پاڕچە ئاسنە و بەو تەکنۆلۆجییەی ناو هەناوی و بە سیستمی سەلامەتی مۆدێرن هەبێت کە بە سەلامەتیی بە ناو ئاسمانەکاندا لەگەڵ ئەو کۆمەلە موسافیرەی قەت نەتدیون و نەتناسیون، دەتگەیەنێتە مەڵبەندی مراد!
بە کورتی دەبێت باوەڕت بە موعجیزەی عەقڵ هەبێت کە زانستە.
باوەڕێکە بە چاو دەیبینیت و بە تاقیکردنەوە دەیسەلمـێنێت و ڕۆژانە بەرەکەی دەخۆیت و بەکاریدێنیت.
بەڵام بێگومان بەری تەکنۆلۆجی عەقڵ لە سەرووی باوەڕەوەیە، باوەڕت بە تەیارە و سەلامەتی نییە چ دەکەی؟ سەفەری پێناکەی.. بەدیلت چییە کە سەفەر بە تەیارە بۆتە پێویستییەکی ژیانی مۆدێرن؟ واتە عەقڵ بە بەرە زانستەکەی وەک عەقیدەی غەریزەیی لیدێت و بە بەڵگە بەرچاو و بەرە سوودبەخش و ژیانبگۆرەکانی کە دەبیتە جەوهەری ژیان خۆی.
ئەم تاقیکردنەوە بکە:
با بڵێین لە ناو تەیارەکەتدا لەگەڵ تۆ و هاوڕێکانت، 300 نەفەر هەن ئەوانە هەموویان لە سەربژاردەی زانا هەرە گەورە فتوادەرەکانی ئیسلامن و هەموو قورئانیان لە بەرە و سەدان جار خەتمیان کردووە و مریدێکی دڵسۆزی بوخاری و سەلەفی ساڵحیشن و باوەڕیشیان وایە هەموو عیلمی غەرب لە قورئانەوە سەرچاوەی گرتووە. تەیارەکەت تووشی کێشەیەک دێت و ترس شالاو دێنێت، تەیارەچییەکان دادەمینن و هاوار بۆ ئەو سێ سەد زانایە مەزنە دەبەن بەشکم ئەو خودایەی بە درێژایی ژیانیان بازرگانییان پێوە کردووە بێتە فریاتان و پێتان دەڵێن تاکە دوا- چارەیەک لە نێوان مان و نەمان و ئاگرگرتنی تەیارەکەدا، قودرەتی خودایی دوعا و نزا و نوشتەی ئەو پیاوچاکە قورئانخۆرانەیە؟
تۆش مرۆڤێکی دینیی و تەنانەت باوەڕت بە میزە- حوشترەکەش بووە و تامەست بووی خواردووتەوە، ئێستا چۆن باوەڕ بە قودرەتی ئیلاهیی سەلەفیی موقەددەسی 300 زانای هەرە مەزن ناهێنی؟
ئایا ئەو 300 زانا قورئانییە، تەیارەکە و سەرنشینان بە عیلمی رۆحانیی و ئیلاهییان ڕزگار دەکەن و بە سەلامەتی دەگەیت؟ یان لەگەڵیان دەڕۆی بۆ بەهەشتی فیردەوس و حۆرییەکان؟
( 11 )
مەحاڵێکی تر
مادام باسی تەیارەم کرد، با بگەڕێینەوە بۆ خواستی بەدیهێنانی مەحاڵ لای پۆل ئاڵن.
ئەفلاتون دەڵێت هەموو شتێک وێنە ئایدیالە نموونەییەکەی لە جیهانی بیر دا هەیە. ئەمە گەر میتافیزیکی لێکینەدەینەوە دروستە. بیری مرۆڤ قەت بە دوا بەرهەم قنیاتی نایە، بە دوای باشتر، چاکتر، گەورەتر، گرانتر، بەهادارتر، نموونەییتردا دەگەڕێت. خەیاڵ ڕێبەری عەقڵی کراوەیە بۆ ئەم ئاکامە.
ئەو فرۆکەی ئاسایی سەفەری پێدەکەین یان بۆینگ ـە یان ئێرباس
بۆینگی 777 تەنیا 365 کەس دەگرێت. درێژییەکەی 73،9 مەترە، پانایی باڵەکانی 64،8 مەترە.
ئایا بە خەیاڵتدا نایەت بتوانی گەورەترین فڕۆکە دروست کەیت و بشفرێت و تاک بێت و وێنەی نەبێت؟
ئەمەش خەونیکی پۆل ئاڵن بوو کە بەدیهێنا.
ڕاستی ئەمڕۆ [15- 6 ] فڕۆکە تاکەکەی لە لایەن گروپی کۆمپانیاکانی [فولکان] بۆ فرۆشتن جاڕ دراوە بە 400 ملیۆن دۆلار. ئەمە نرخی فڕۆکەکە و خاوەنیتی مافی داهێنانەکەشیەتی.
ئەمە خەونێکی تری ئالن بوو کە گەورەترین فڕۆکە لە جیهاندا و لە مێژوودا دروست بکا و دروستی کرد!
[ فڕۆکەکە گەورەترینە لە جیهاندا لە درێژیی باڵەکانییدا، کە ماوەی نێوان باڵەکانی هێندەی نزیکەی ڕووبەری یاریگایەکی تۆپی پێی ئەمریکییە.
درێژیی فڕۆکەکە لە بالێکەوە بۆ باڵەکەی تر 117 مەترە، بە شەش مەکینەی نەفاسە کار دەکات، تەواوکردنی هەشت ساڵی خایاند و بۆ یەکەم جار و تاکە جار
بە بەرزایی 17000 حەفدەهەزار پێ بە سەر کالیفۆرنیادا بۆ ماوەی دوو سەعات فڕی و بە سەرکەوتووی نیشتەوە. ئێستا لە فرۆکەخانەی کالیفۆرنیایە.
[ سکای نیوز- عەرەبی – 15- 6- 2019
أكبر طائرة في العالم للبيع. تعرف على “السعر الخرافي”
( 12 )
مونافەسەی تەکنۆلۆجی و سەرمایەی عەقڵ
تەکنۆلۆجی بەرەکاشی عەقڵە چۆن هەنار بەرەکاشی دارهەنارە. بەڵام دارهەناری عەقڵ لای هەموو کەس بەر ناگرێت و لای کۆمەلگای ئیشاڵڵا و ماشاڵڵا لە دنیایەکەی تردا پاداشتی خۆی وەردەگرێت. عەقڵ لەمە زیاترە بە دراو و پارە بپێورێت. بەڵام سەرمایە سەرمایە دروست دەکات و پرۆژە مەزنەکان پێویستییان بە سەرمایەی مەزنە.. موغامەرەش بە سەرمایەی مەزن بۆ پرۆژەی مەزن بەشێکە لە خولیای عەقڵ بۆ داهێنانی مەزنتر و مەحاڵتر.
لەگەڵ جیهانی ئینتەرنێت و تەکنۆلۆجیای سەتەلایت و کۆنترۆلی ئاسمانەکان، تەکنۆلۆجی بۆتە سەرچاوەیەکی مەزنی داهێنان و لێشاوەبارانی سەرمایە.
بۆیە کۆمپانیاکانی [ فانگ] ڕەواجدارترین و بەفرۆشترین ستۆکن لە پشکەبازاڕەکاندا.
[ فاانگ ناوی گروپی پێنج کۆمپانیای تەکنۆلۆجی هەرە مەزن و پارەدارن بە پێی پیتی یەکەمی ناوەکانیان ئەو کۆناوەیان دراوەتێ کە بریتین لە: فەیسبووک، ئەمازۆن، ئەپڵ، نێتفلیکس و ئەلفابێت گووگ . لە مانگی مارتی 2019 دا سەرمایەی بازاڕیی ئەو پێنج گروپە سێ تریلیۆن و ملیارێک دۆلار بوو. [ سێ هەزار ملیار و یەک ملیار دۆلار ] و ڕۆژانەش ملیۆنان دۆلاریان بە سەردا دەڕژێت.]
What are FAANG Stocks?
Facebook (FB), Amazon (AMZN), Apple (AAPL), Netflix (NFLX), and Alphabet (GOOG) are the five technology giants trading publicly in the market. As of March 2019, the market capitalization of these companies was equal to $3.1 trillion.
شەڕی ئابووریی/ بازرگانی ئێستا شەڕی تەکنۆلۆجییە. کۆمپانیای [هاوایی] چینی گەرچی بەهای بازاڕی هێشتا کەمتر لە دە ملیار دۆلارە، بەڵام مونافەسەی ئەپڵ دەکات کە بەهاکەی یەک تریلیۆن [ هەزار ملیار] دۆلارە و جێگەی ئەپلی وەک دووەم سمارتفۆنی زۆرفرۆش دوای سامسونگ گرتۆتەوە. ئەویش بەهۆی سەرکەوتنی لە بەرهەمهێنانی تەکنۆلۆجی نەوەی پێنجەمی ئایفۆن، هەر ئەمەشە ئەمریکای والێکرد تەنگی پێهەڵبچنێ و ڕیگەی گەیشتن بە تەکنۆلۆجی رۆژاوایی و هاوکاری کۆمپانیاکانی لێبگرێت.
خەیاڵ دەبێتە پرۆژە، پرۆژە دەبێتە بەرهەم، بەرهەم دەبێتە کۆمپانیای بلیۆنیی.
ئەمە لە پەروەردەی زانستیی و خەیاڵی داهێنەرەوە دەستپێدەکات. کە ئەمە بوو بە پرۆژە یان داهێنان سەری گرت خاوەنەکەی وەک ملکی تایبەتی خۆی تۆماری ئەو بەرهەمە عەقڵییە دەکات ئەمەش پێی دەوترێت: پەیتنت.
پەیتنت مافی تایبەتیی و مۆنۆپۆلی داهێنانی داهێنەرە.
پەیتنت نیشانەیە بۆ رادەی زیندوویی و چالاکیی و سەرکەوتوویی عەقڵیی میللەتان.
هەر وڵاتێ سالانە پەیتنتی زیاتر تۆمار کردبێت، لە داهێنانی زانستیی و تەکنۆلۆجیدا لە پێشتر و بەهێز ترە.
دە وڵاتی خاوەن زۆرترین پەیتنت [ داهێنانی زانستیی] لە 2018 دا ئەمانەن:
ئەمریکا: 55،981 واتە پەنجاوپێنج هەزار و نۆسەد و نەوەد و یەک داهێنانی نوێ لە یەک ساڵدا.
چین: 53،340
یابان: 49،703
ئەڵمانیا: 19،750
کۆریا: 17،017
فەڕەنسا: 7،915
بەریتانیا:5،641
سویسرا: 4،561
سوید: 4،163
هۆلەندا؛ 4،138
لەمەوە بۆت دەردەکەوێت هێز و پێشکەوتوویی گەلان بە گەورەیی و بچووکی خاک و دانیشتووان نییە، بە گەورەیی و چالاکیی عەقڵە.
یابان 126 ملیۆنە خاوەنی 703،49 پەتنتی داهێنان بووە لە سالی 2018 دا. میسر 100 ملێۆنە لە سالی 2017 دا تەنیا 581 پەیتنتی هەبووە. ئەویش 450 ی بۆ خەلکی بیانیی بووە لە میسر و تەنیا 96 بۆ میسرییەکان بووە.
سەعودییە یەکەم دەوڵەت لە نەوت و لە چەککڕیندا، لە سالی 2017 دا 664 پەیتنتی هەبووە، هەموو دەوڵەتە عەرەبییەکانی تر پێکەوە نیوەی ئەم ژمارەیان هەبووە.
https://cic.org.sa/2018/04/saudi-arabia-granted-664-patents-2017-double-arab-countries-combined/
ئاماژەیەکی تر بۆ زانینی ئاستی سەرمایەی عەقڵ دەستپێکی کۆمپانیا تەکنۆلۆجی یونیکۆرنەکانە واتە خاوەن سەرمایەی سەروو یەک بلیۆن دۆلار.
زۆرترین پرۆژەی بلیۆن دۆلاریی هی دەستپێکە تەکنۆلۆجییەکانن. ئەوانەی لە سەرووی یەک بلیۆنن پێیان دەوترێ: دەستپێکی تێکی یونیکۆرن [ یونیکۆرن تێک ستارتئاپس].
مونافەسەیەکی تری نێوان وڵاتانی عەقڵ لەوەدایە کامیان زۆرترین دەستپێکی یونیکۆرنیان هەیە.
سەرنجێک لە ژمارەکان لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا وەلامەکان دەستنیشان دەکات:
ئەمریکا: 703 [ واتە 703 کۆمپانیای تەکنیکسازیی لە سەرووی بلیۆنەوە]
چین: 206 کۆمپانیای تەکنۆلۆجی یەک بلیۆنیی
بەریتانیا: 72
ئەڵمانیا: 29
هیندستان: 26
تەنیا لە مانگی یەکەوە [ کانوونی دووەم] تا ئێستا [حوزەیران] وەبەرهێنەرانی بەریتانیی پێنج ملیار دۆلاریان بۆ پرۆژەی دەستپێکی تەکنۆسازیی هەڵڕشتووە. ئەمە وای کردووە بەریتانیا لە پێش هەموو وڵاتانی تری ئەوروپییەوە بێت و شوێنی خۆی وەک پێنجەم ئابووریی بەهێزی دنیا بپاڕێزێت. بەڵام هێشتا بە بەراورد لەگەڵ چین زۆر لە دوواوەیە، چینیش بە بەروارد لەگەل ئەمریکا کە وەک یەکەم دەوڵەتی سەرمایەی عەقڵ بە 703 کۆمپانیای نوێی سەرووی یەک ملیاری لەم دوو دەیەی دواییدا خۆی دەسەلمێنێت.
لای خوێندەورای ساوێلکەش ئەمریکا تەنیا وەک جەنگ و ئیمپریالیزم ناسراوە. ئەمریکا وڵاتێکە لە داگیرکردنی خاکی خەلک دروست بووە، نە دینی هەبووە نە کتێبی ئاسمانی، نە سەلەفی ساڵەح، و تەنیا لە ڕۆژی 4 ی تەمووزی 1776 دا سێزدە کۆلۆنی بەریتانیا لە ئەمریکا سەربەخۆبوونیان وەک دەوڵەتێکی فیدرالی راگەیاند.
واتە تەمەنی ئەمریکا وەک دەوڵەت تەنیا 243 ساڵە! تۆزێ بیر لەمە بکەوە؟
سەیری یەکەمیی ئەمریکا لە پەیتنت و لە پرۆژەی تەکنۆسازیی یەک بلیۆنییدا، لە چەکسازییدا، لە سەرمایەدارییدا، لە دیمۆکراسیی و لیبرالیزم و لە یەکسانیی دەرفەت و لە زانست و تەکنۆلۆجیی و ئاستی زانستیی زانکۆکانییدا لە پێش هەموو دنیاوەیە. بە بێ تەکنۆلۆجی و بازاڕی ئەمریکا، چین یش نەیدەتوانی بگاتە ئەو شوێنەی ئێستای.
گەمژەکانی جەهالەتیش سەری زمان و بنی زمانیان ئەوەیە: دوو ملیار مسلمان هەیە.
دوو ملیار= چەند پەیتنت، چەند یونیکۆرن، چەند کەللەسەر کە مێشکی ئیشکەریان تێدایە؟
ئەو مناڵانەی ئەمساڵ لە کوردستان و لە ئەمریکا لە دایک دەبن. وەک یەک مرۆڤی خاوەن عەقڵ و توانستی عەقڵین.
بەڵام لە دوو کۆمەڵدا لە دایک دەبن، و دوو دەرفەتی جیای ژیانیان دەبێت و بیر لە شتی زۆر جیاواز دەکەنەوە.
گەر جیگۆڕکێ بکەن ڕەنگە چارەنووسیشیان جێگۆڕکێ بکات.
ئایا ئەوە باشتر نییە لە ئەزموونی ئەمریکا فێر بین و بزانین چ حیکمەتێک ئەوانی لە تەنیا دوو سەد ساڵدا گەیاندۆتە ئێرە؟ یان لە چین، یابان، کۆریا، ئەڵمانیا، سوید؟
( 13 )
مونافەسەی ئایندەی پێشبڕكیی پێشکەوتنی وڵاتان/ مرۆڤایەتی لە دوو بواری تری گرنگدا دەبێت:
1- ژیریی/ عەقڵی دەسکرد/ مرۆڤکرد و
2- بایۆتەکنۆلۆجی
هەر دووکیان یەکجار بۆ چارەنووسیی مرۆڤایەتیی خەتەرناکن.
پار سەرکی ڕوسیی پۆتین باس- وتار [ موحازەرە] یەکی 27 چرکەیی بۆ منالانی قوتابخانەیەکی سەرەتایی رووسی دا؟
باسی چی بۆ کردن؟
باسی ژیان و گەورەیی و دەسکەوتەکانی خۆی؟
باسی مێژووی ڕابردووی مەزنی ڕوس و شەڕی ستالینگراد؟
باسی دین و و خوداپەرستیی و پێویستی پاراستنی مەسیحییەتی ئەرسۆدۆکسی وەک شوناسی میژوویی و نەتەوەیی ڕوس؟
باسی کێشەکانی دنیا و خەتەری جەنگی ئەتۆمی؟ باسی ئەخلاق و پیویستی جگەرەنەکێشان و درماننەخواردن و زۆر نەخواردنەوەی ڤۆدکا و سەما و بەزم نەکردن؟ باسی وەرزش و سەرکەوتنی ئۆلەمپی یاریزانانی روس؟
نا.. هیچ کام لەمانە نا. بە وردی بۆ منالانی روون کردەوە کە شەڕی ئەمڕۆ شەڕی زانستە و هەر گەلێک لە بواری [ ژیریی/ زیرەکیی دەسکرد دوا کەوێت هەموو شتێ دەدۆڕێنێت لە بەر ئەوە ئەوە ئەرکی ئەو مناڵانەیە وەک نەوەی ئایندە و خاوەنی ئایندەی روس کە خۆیان بە بابەتی ژیریی دەسکردەوە خەریک بکەن و تێیدا ببنە شارەزا و پسپۆڕ و مەنافەسەی ئەمریکا و یابان و ئەوروپا بکەن.