لوقمان غه‌فوور: نیقاب و راشی و دۆشاوی خورما.
ئێواره‌ی رۆژی 18ی دیسێمبه‌ر (مانگی 12)ی 2014 له فرۆكه‌خانه‌ی شیكاگۆ دابه‌زین. له‌ریزی خاڵی پشكنینی پاسپۆرت-دا، ژن و پیاوێك وه‌ستابوون، ژنه‌كه یه‌كپارچه جه‌سته‌ی ره‌شی ئه‌كرده‌وه، ته‌نیا دوو كون كرابووه شوێنی چاوه‌كانی، به‌كورتی نیقاب- پۆش بوو، پیاوه‌كه‌ش ریشێكی درێژی هێشتبۆوه، توند ده‌ستی ژنه‌كه‌ی گرتبوو.
كیسه‌یه‌ك به‌ده‌ستی ژنه‌كه‌وه بوو كه لۆگۆی رێكخراوی (*IOM) ی پێوه بوو كه رێكخراوێكی نیوده‌وڵه‌تییه بۆ كاروباری په‌نابه‌ران، دیاره وه‌ك په‌نابه‌ر له ئه‌مریكا په‌سه‌ندكرابوون. كه‌وتمه بیركردنه‌وه، ئه‌مریكا ئه‌مه‌ی بۆچییه؟ چۆن رێگه به‌مه ئه‌دات بێته وڵاته‌كه‌یه‌وه؟ ئه‌مه خۆی مێرده‌كه‌ی چی بۆ ئه‌مریكا ئه‌كه‌ن؟ ده‌یان پرسیار مێشكی ته‌نیم و ئهمهێناو ئه‌مبرد. له‌و ساته‌دا هیچ وه‌ڵامێكم چنگ نه‌كه‌وت، به‌ڵام یه‌كه‌م خاڵی تێگه‌یشتنم بوو له مانای دیموكراتی ئه‌مریكا.
ئه‌وه سه‌ره‌تای ئه‌و شۆكه‌ی دیموكراتی ئه‌مریكا بوو بۆ من. هه‌رچه‌نده كه ئێمه گه‌یشتین هه‌موو شتێكمان بۆ ئاماده‌كرابوو ته‌نانه‌ت ئه‌و ئه‌پارتمانه‌ی كه له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه بۆشمان به كرێ گیرابوو، فلچه و مه‌عجونی ددانیشی تێدابوو، وێرای ئه‌وه‌ی به‌فرگره‌كه پڕ بوو له‌خواردن. به‌ڵام من له بیانوو بووم، هه‌ر رۆژه‌ی داوای شتێكم له “كه‌یس ۆركهرهكه” ده‌كرد كه كچێكی ئه‌مریكی بوو، رۆژێكیان به وهرگێرهكهم وت: “من راشی و دۆشاوی خورمام ئه‌وێت!” وه‌رگێره‌كه كوڕێكی خه‌ڵكی دهۆك بوو، وتم تۆ له هه‌موو كه‌س له تامی دۆشاوی خورما و راشی تێئه‌گه‌یت چونكه له موسڵ-ه‌وه نزیكن. سه‌ری سوڕما، وتی:”كاكه راشی و دۆشاوی چی؟ تۆ ئه‌بێت به‌یانیان له‌مه‌ودوا پینهبتهر و ئیگ سه‌نده‌ویج و فرێنچ تۆست و ئینگلش موفن … بخۆیت”. كۆمه‌ڵێك ناوی خواردنی ترشان به‌سه‌ریه‌كدا كه من یه‌كه‌مجار بوو ناویم بیستبوو.وه‌ڵامێكی مه‌جازیم دایه‌وه كه دڵنیام تێنه‌گه‌یشت، پێموت:”ئه‌گه‌ر من راشی و دۆشاوی خورمام له‌م ئه‌مریكایه ده‌ست نه‌كه‌وێت كه‌واته ئه‌و دیموكراسی-یه‌ی باسی ده‌كه‌ن، درۆیه‌كی گه‌وره‌یه”. داوام له‌كچه ئه‌مریكییه‌كه كرد كه ته‌نیا بمگه‌یه‌ننه دوكانێكی ئاسیا-یی، به‌هه‌ق كه چوومه دوكانه‌كه‌وه 10 جۆر دۆشاوی خورما و ترێ و راشی ریزكرابوو. ره‌نگه ئه‌م سه‌رگوزشته‌یه پێكه‌نیناوی بێت، به‌ڵام له هه‌قیقه‌تدا ئه‌مه نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه ئه‌و وڵاته چۆن رێز له ژنه نیقاب پۆشه‌كه ده‌گرێت به ئازادی بێته وڵاته‌كه‌یه‌وه ئاوا رێز له حه‌زی منیش ده‌گرێت كه ده‌چمه وڵاته‌كه‌یه‌وه ده‌یان جۆر دۆشاوی خورما و راشی بۆ ئامادهكردووم.
بۆ رۆژی دواتر چوومه سۆپه‌رماركێتێك دنیایه‌كی جیاوازتر له‌وه‌ی دوێنێ، كچێكم بینی به‌و زوقم و سه‌رمایه به شۆرتێكی كورته‌وه ئه‌سوڕایه‌وه له‌كاتێكدا له‌به‌شی سه‌ره‌وه‌ی قه‌مسه‌له‌ی پۆشیبوو، چه‌ند مه‌ترێك رۆیشتم كچێكی سۆماڵ-یم بینی سه‌رتاپای پێچابۆوه. له دڵی خۆمدا وتم ئه‌بێت هاوین چی رووبدات خوایه گیان؟! به‌راستی به‌رگپۆشین، خواردن، دانیشتن، هه‌ڵسوكه‌وتكردن، دهموچاوڕێكخستن و قژ رێكخستن… به‌ده‌ر له مه‌سه‌له‌ی ئه‌ته‌كێت، جگه له لایه‌نه سایكۆلۆژییه‌كه‌ی، وابه‌سته به ئازادی ئینسانه‌كانه‌وه. ئه‌وكاته‌ی كه نیقاب پۆشه‌كه‌م له فرۆكه‌خانه‌ی شیكاگۆ بینی، بیرم چووه سه‌ر ئه‌وه‌ی تا له كوردستان، پۆشینی جلوبه‌رگ ئازاد نه‌بێت، ئه‌وا دڵنیابن عه‌قڵ ئازاد نابێت، ئه‌و ئازادیی و دیموكراسییه‌ی باسیشی ئه‌كه‌ن درۆیه‌كی گه‌وه‌ره‌یه.
كۆتا روانینی من ئه‌وه‌یه، نابێت كێشه‌ی ئێمه ته‌نیا له نیقابی ئه‌و كچه خوێندكاره بێت كه به‌شداری له ئاهه‌نگی ده‌رچواندا كردووه و گوایه له‌به‌ر نیقابهكهی براوه‌ته ریزی دواوه، ئه‌گه‌ر باوه‌ڕمان به ئازادری پۆشین هه‌بێت ئه‌بێت له‌گه‌ڵ نیقاب پۆشهكهدا، شۆرت لهبهرێكیش به‌ته‌نیشت یه‌كه‌وه بوه‌ستن. هه‌قیه‌قه‌ت ئه‌وه‌یه ئه‌بێت ئێمه قسه‌ش له‌سه‌ر ئه‌و كچه‌ش بكه‌ین كه حه‌زی له ته‌نوره‌ی كورته و ناتوانێت بیپۆشێت. ئه‌بێت قسه له‌سه‌ر ئه‌و كچه بكه‌ین حه‌زی لهشۆرتێكی كورته و ده‌یه‌وێت به شه‌قامی پیره‌مێرد-ی سلێمانی-دا بێته خواره‌وه، به‌ڵام ناتوانێت، چونكه هه‌موو خه‌ڵك چاوی دهرهپۆقێ، وا ده‌زانن له سه‌ر مانگه‌وه دابه‌زیوه. هه‌رچه‌نده ئه‌م قسه‌ی من ره‌ها نییه، به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌و به‌رگه‌ی ئێستا ژنی كورد له‌شاره‌كانی كوردستان ده‌یپۆشن 90%ی به ئازادی نایپۆشن، جۆرێكه له زۆره‌ملێی كۆمه‌ڵایه‌تی و راگرتنی دڵی یه‌كتر. ئه‌وانه‌ی پێیانخۆشه كه نه‌یانهێشتووه نیقاب پۆشه‌كه له‌ریزی پێشه‌وه بێت، ئه‌بێت ئه‌وه‌نده‌ش خه‌مبار بن كه هاوڕه‌گه‌زی نیقابپۆشهكه ناتوانێت شۆرتێكی كورت بپۆشێت. ئه‌و گه‌نجه خوێنگه‌رمه ئیسلامییه‌ی دڵگرانه به دۆخه‌كه و هه‌ستده‌كات سوكایه‌تی به كچه نیقاب پۆشه‌كه كراوه، ئه‌بێت ئه‌وه‌نده‌ش دڵگران بێت به‌وه‌ی سوكایه‌تی به‌و كچه ده‌كرێت كه له شه‌قامی ئیسكانی هه‌ولێر به ته‌نوره‌یه‌كی كورته‌وه له ئۆتۆمبێلێك داده‌به‌زێت و ده‌یه‌وێت بچێت كه‌مێك پشوو بدات له كافتریایه‌ك، نه‌ك به‌هانه‌ی بێ بنه‌ما بێنێته‌وه كه ئه‌م به‌رگه له‌گه‌ڵ دابونه‌ریت و ئاینی ئێمه ناگونجێت، ئه‌گه‌ر وا بێت نیقاب پۆشهكهش له‌گه‌ڵ دابونه‌ریتی ئه‌مریكا و ئاینی مه‌سیحی ناگونجێت.