ئارام هادی: گەر پارتی شەش کورسیەکەی کەرکوکی بهێنایە!
گەرپارتی شەش کورسیەکەی کەرکوکی بهێنایە بەبێ حسابکردن بۆ “ڕای یەک بەشەر” بەبێ حسابکردن بۆ حزبە کوردیەکان دەمێک بو پشتی لەیەکڕیزی و تەبایی ناوماڵی کورد کردبو، لەگەڵ تورکمان و عەرەبەکان ڕێککەوتبو، ئێستا پارێزگارەکەی جەولەی چەند وڵاتێکیشی کردبو!.
چونکە ئەو بۆ جێگری پارێزگاری موصڵ ڕێککەوتنی لەگەڵ حشدی شعبی کرد، بەبێ گوێدانە هیچ پێوانەیەکی مرۆیی، کەپێشتر خۆیان چی نەما بە یەکێتی نەیکەن لەسەر ئەوەی پەیوەندی لەگەڵ حشدی شعبی هەیە، دنیابینی پارتی وەهایە “چیم پێ باش بو دەیکەم چیت پێ باشبو نابێ بیکەی”.
ئەوکاتیش حسک و گۆڕان لەباس نیوز و ڕووداو و کوردستان24ەوە هەر زوو دەهۆڵی ئەوەیان دەکوتا کە پارتی مافی خۆیەتی ئەوەبکات، چونکە لەناو کورددا تەنها حزبە لە کەرکوک6کورسی پەرلەمانی مسەوگەر کردوە.
بەڵام ئێستا کە شەش کورسیەکە هی یەکێتی یە، نابێت بەبێ پرسی پارتی پارێزگار دانێت و بەشی زۆری حزبەکانیتریش لێی بێدەنگن، نەکا پارتی لێیان عاجزبێت!!، هاوکات وەک ئەوەی کەرکوک لەدەرەوەی ئامانجی باڵای تێکۆشانی سەدەیەک لە قوربانی شۆڕشە یەک لەدوای یەکەکانی کوردەوەبێت.
باشترین کار و پلان کە یەکێتی بۆ کەرکوک بیگرێتەبەر، تا دواسات ڕێککەوتنیەتی لەگەڵ پارتی، گەر نەشگەیشتن بەڕێککەوتن، ئەوا سیناریۆکانی دانانی سەرۆککۆماری عیراق و وەزیری دادی عیراق باشترین چارەسەرە بۆ دانانی پارێزگاری کەرکوک.
پارتی چی لە کەرکوک و کەرکوکیەکان دەوێت؟.
پارتی پێش ئەوەی بڕیاری بەشداری نەکردنی ڕەسمی بدات لە هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکەی عیراق، باشتر لەهەرکەس دەیزانی کە دەنگ ناهێنێت، جگە لەمەش بۆ کەمکردنەوەی دەنگی یەکێتی بە هەموو هێزی خۆی لە پشتی شانۆکەوە هاوکاری دووکاندیدی غەیرە کوردیکرد، بەو حاڵەشەوە سەرکەوتونەبو.
ئێستاش پارتی هیواکانی بە عەینەکەکەی نەجمەدین کەریمەوە هەڵواسیوە و لە هەوڵی گەورەکردنیەتی، تا لەهەڵبژاردنی داهاتو لیستێکی بۆپێکبهێنێت، کەئەمەش بۆ پارتی جگە لەشکست هیچیتری لێ ناچنێتەوە.
بەدەستهێنانی دەنگی کەرکوکیەکان بەدەست تێکەڵکردن لەگەڵ وڵاتانی ئیقلیمی و پیلانگێڕان لەسەر شارەکە و پشتکردنە خەڵکەکەی بەدەست نایە، بەدەستهێنانی دەنگی کەرکوکیەکان بەوەدەبێت سوربیت لەسەر بەدەستهێنانەوەی مافەکانی کورد و پێکهاتەکانیتری کەرکوک و بەرگریکردن لە سیناریۆی بە موصڵ و حەڵەبکردنی شارەکە.
دواجار “کاکە حمە” بە نزیک لەنیوسەدە خەباتی پێشمەرگایەتی و سیاسی و ئیداریەوە، هاوکات بە شارەزاییەکەیەوە پێم سەیربو (دووربین و کەرکوک)ی پێکەوە بەستەوە!!، باشتربو بڵێ خەبات بەجۆرێکیتر بەردەوامە بۆ بەدەستهێنانەوەی کەرکوک و هیچ کات ناوەستین لە بەدەستهێنانەوەی شارەکە، نەک بڵێ دەبێت بەدووربین سەیری کەرکوک بکەین!!، کە ئەم قسەیە دەچێتە خزمەت ئەجێندای وڵاتانی ئیقلیمیەوە.
لەنەبونی چارەسەردا، باشترین چارەسەر بۆ دانانی پارێزگاری کەرکوک و ئاساییکردنەوەی ڕەوشی شارەکە، سێ بارە بونەوەی سیناریۆکانی دانانی “سەرۆککۆمار”ی عیراق و “وەزیری داد”ی عیراقیە.