تیشکۆ زەند: مەنجەڵی گیپەکە زۆری نەماوە بکوڵێ!
ووڵاتێک، کۆمەڵگایەک یان حزبێک کەدەسەڵاتی سیستەمی نیپۆتیزم و باڵباڵێن بێت، هەبێ و نەبێت دەبێت ئەو دەسەڵاتەش هەمیشە لە خەمی پاوەنخوازی ورگ و گیرفان و ناوگەڵدابێت، کۆمەڵگاکەش با بە هەر دوو دەستی سنگی خۆی بکوتێت، ئاو، نان، موچە، ئاسایش، باری تەندروستی و بژێوی ژیانیان هەیە یان نیە، مێرمنداڵ و گەنجەکانیان دەکەوێتە بەر کەڵبەی چ جانەوەرێک بۆ ئەوان گرنگ نیە، ئەوەی کە گرنگە چۆن شەن و کەوی پۆستەکان بۆ بەرژەوەندی خۆیان دەستەبەربکەن و چۆن لە ڕێگای میدیای سێبەری سەقەت و بێ مۆڕاڵەوە بتوانن کۆنترۆڵ و یاری بە مێشکی کۆمەڵگایەکی دەبەنگ بکەن کە لە خەڵوەتی خەودایە.
بۆ ئەم کابینە نوێیەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە بە کابینەی نۆ دەژمێردرێت، ئەگەر دەست بەکاربێت ڕەنگبێت لاوازترین و بێهێزترین کابینە بێت لە ماوەی شانزە ساڵی ڕابوردوی کابینەی مشەخۆرەکانی تردا، چونکە سیاسەتی ناوچەیی و هەرێمی دەکەونە گەورەترین دوژمنایەتی و نەیاری ئەم کابینە نوێیە.
من دوو گریمانەم هەیە کە گریمانەی سێیەمی تیادانیە.
یەکەم/ ئەگەر هاتو جەنگی ئەمریکا و ئێران ڕویدا و ئەگەریش ئاخوندەکانی ئێران نەیەنە ژێرباری بڕیارەکانی ئەمریکاوە ئەوە جەنگ ڕودەدات و ئەمریکاش بە دەستێکی زۆر پۆڵاینی بەهێز لە ئێران دەدات و ڕەنگبێت ئێران بە سەد ساڵیتریش نەیەتەوە سەرخۆیی و جوگرافیەی جێپۆڵتکی و ژینگەیەکەشی گۆڕانکاری هەمیشەی بە سەردابێت، ئەمریکا، ئێران وەک ئێراق ناکاتە پڵنگێکی بریندار، چونکە ئەمریکا پەیامێکی زۆر گەورەتری پێیە بۆ تورکیا، چین، ڕوسیا و کۆریای باکور، ئەو چەکە نوێیانەی کە ئەمریکا بەرهەمی هێناون لەم چەند ساڵانەی دووایدا، کە زۆر بە Hi-Tech ترن لەو چەکە فوتێکراوانەی S400 کە شۆسیال میدیای گومڕای دژ بە ئەمریکا باسی دەکەن، دەرهێنانی ئەو چەکە نوێیانەی ئەمریکا لە ژێرزەمینەکانی ناوچەی Area 51 لە وولایەتی نێڤادە، بۆ گەمەی منداڵان یان بۆ پرۆڤە و مناوەرەی سەربازی نیە کە ئەمریکا شەهیدی بۆ بداتو ووڵاتانیتر بۆی بێنە سەر سفرەی حازر، ئەم جەنگە ئەگەر ڕوبدات جەنگی یەک لاکەرەوەی تۆڵەی شەڕی Normandy دوەمی جیهانی ساڵی 1944 کە ئەمریکا سەدان هەزار قوربانیدا و یەکێتی سۆڤێتی ئەو کاتەی پێقوتاربوو لە دەست داگیرکاری نازی، ئەم جەنگە ئەگەر ڕوبدات تۆڵەی دە هەزار شەهیدی ئەمریکایە لە جەنگی کەنداوی دووی 2003 بۆ 2011 کە ووڵاتانی ناوچەکە سودمەندبوون وەک ئێران، بۆیە دەبێت هەر وەک چۆن میلی کاتژمێرەکەی دەست بە جوانی دەخولێتەوە، دەبێت ئاواش حساب بۆ بابەگەورەی جیهان بکرێت، هەر وەک ئەمریکایەکان دەڵێن؛ eye by eye یان you’re either with us, or against us بۆیە ئەم کابینە نوێیەی کوردستان دەبێت زۆر بە زویی و زۆر بە پەرۆشەوە ئەم کابینەیە دەست بەکاربکەن و ناکۆکی بچوک وەلانێن.
دووەم/ ئێران یاری دوو فاقی دەکات و حەزناکات ئەم کابینە نوێیەی کوردستان دروست بێت، بەڵکو هەوڵدەدات دوو بەرەکی بخاتە نێوان لایەنەکانی کوردستانەوە، ئەگەر بۆشی بکرێت شەڕی براکوژیش دروستدەکات، هەر هیچ نەبێت ئێران بە بەردێک دوو چۆلەکە دەکوژێت، وەک چۆن، با بگەڕێینەوە بۆ ساڵی 2001 کە ئەمریکا هێرشیکردە سەر تالەبان لە ئەفگانستان، ئەمریکا پێویستی بە ناوچەی ئازاد هەبو بۆ ئەو پرۆسە سەربازییە بۆیە ڕۆژهەڵاتی باکوری ئەفگانستانی بەکارهێنا، چونکە چەکدارەکانی شەهید ئەحمد شا مسعودی تاجیک لە وولایەتی تخار دژ بە تالەبان لەوێ دەجەنگان و بەکارهێنا و سەرکەوتوش بوو تیادا، جەنگی کەنداوی دووەمی سالی 2003 هەروەها کوردستانی باشوری بەکارهێنا لەوەشدا هەر سەرکەوتبو.
ئەمریکا ئەگەر لە ئێران بدات، ئەوە باشترین شوێن کە بەکاری بهێنێت کوردستانی باشور (کە سەربازی خۆی لێی هەیە) و کوردستانی ڕۆژهەڵاتە، بۆیە ئێران باش لەوە تێگەیشتوە هەر چونە ژورەوەیەکی پیادەی سەربازی ئەمریکا کە ڕوبدات ناوچەی کورد نشینەکانە کە دەرگای سەرەکی دەبێت بۆ ئۆپەرەسیۆنەکە و هەروەها ئەو ناوچانەش بۆ ئەمریکا ئارامترین و ئاسایشترین شوێدەبێت بۆ سەربازەکانی، چونکە هەر دوو پارچەکەی کوردستان کەم تا زۆر داخ لە دڵن بەرامبەر ڕژێمی سێدارەی ئێران و کەم تا زۆریش هاوسۆزیان بۆ ئەمریکا هەیە، کەواتە ئێران دەیەوێت بە بەردێک دوو چۆلەکە بکوژێت، یەک شەڕ بخاتە نێو ماڵی کوردەوە، دووەم ئەمریکا مەژخوڵ بکات و نەپرژێتە سەر ئێران و پرۆسەی چەنگەکە هەڵبوەشێنێتەوە یان دوایبخات تا دەستی بە چەکی ناوکی ئەتۆمی بکەوێت، یان سیاسەت لە بەرژەوەندی خۆی بگۆڕێت، بۆیە دەبێت کوردیش باشتر بیربکاتەوە و ژیرانەتر خوێندنەوەیان بۆ پێشهاتەکان هەبێت و کورد نەکەن بە پۆڕی خوراو، چونکە دنیای سیاسەت بەرژەوەندیە، تاکتیک و ستراتیجیەتە، دوعا و نوشتە نیە.