شێرزاد شێخانى: بژاردەکانى یەکێتى لەدژى حکومەتى پارتى.
ماوەیەکە سەرکردایەتى یەکێتى رۆژانە فشارێکى زۆر ئەخەنە سەر سەرکردایەتى پارتى لەبارەى کێشەى کەرکوکەوە. زۆرجاریش فشارەکان ئەگەنە ئاستى هەڕەشە لەکابینەى داهاتووى حکومەتى هەرێم و، بەشێک لەسەرکردەکانى یەکێتى بەراشکاوى باس لەهەندێ بژاردە دەکەن لەحاڵەتى بەدەنگەوە نەهاتنى پارتى بۆ داواکارییەکانیان.
جارێ پێش هەمو شتێک کێشەى دانانى پارێزگارێک بۆ کەرکوک، کێشەیەکى ئەوەندە گەورە نیە ئاییندەو چارەنووسى هەموو هەرێمى کوردستان بخاتە مەترسییەوە، چونکە نزیکەى دوو ساڵە کەرکوک بێ پارێزگارێکى کوردە، جگە لەوەش ماوەیەکى زۆریش نەماوە بۆ هەڵبژاردنەکانى داهاتووى ئەنجومەنى پارێزگاکان، بە واتایەکى روونتر ئەم کێشەیە دواى ماوەیەکى کەم خۆى لەخۆیدا چارەسەر ئەبێ بە هەڵبژاردنى ئەنجومەنێکى تازەو دانانى پارێزگارێک لەلایەن ئەو ئەنجومەنەوە.
لەلایەکى تریشەوە لیستى کوردى لەئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک لەچەند لایەنێک پێکهاتوە، لانیکەم هەر لایەنێک مافى ئەوەى هەیە بەشدار بێت لەهەڵبژاردنى ناوێک بۆ ئەو ماوە کورتەى لەبەردەم پارێزگار دایە، بەواتایەکى تر ئەبێ سازانێکى گشتى هەبێت لەنێوان لایەنەکانى لیستە کوردیەکە لەمبارەیەوە.
بەشێک لەسەرکردایەتى یەکێتى کە هەڕەشەى بایکۆتى پرۆسەى سیاسى و حوکمڕانى لەکوردستاندا ئەکەن، هەندێ بژاردە ئەخەنە بەردەم خەڵکەوە کە پێموایە هیچیان بژاردەى واقیعى نین ئەگەر مەحاڵیش نەبن.
بەپێی زانیاریەکانى خۆم، ئەو بژاردانە لەسێ تەوەردا خۆیان دەنوێنن، ئەگەرچى تا ئێستاش بەراشکاوى ئەو بژاردانە ئاشکرا نەکراون، بەڵام بەپێی زانیاریە دزەپێکراوەکان بەشێکیان باسیان لێوە ئەکرێت لەناو سەرکردایەتى یەکێتیدا.
بژاردەى یەکەم: بایکۆتى بەشداریکردنى یەکێتییە لەکابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێم بەسەرکردایەتى پارتى و گەڕانەوە بۆ بەغدا. بەپێى ئەم بژاردەیە یەکێتى ناچێتە ناو حکومەتى داهاتووى هەرێم و هەوڵئەدات مووچەى فەرمانبەرانى زۆنەکەى خۆى بخاتەوە سەر بەغداو لەسەر ئەساسى پارێزگاکان مامەڵە لەگەڵ بەغدا بکات. بەڵام ئەو بژاردەیە ناواقیعیەکەى لەوەدایە کەوا بەغدا ئەگەر بشتوانێ مووچەى فەرمانبەران بەپێێ پارێزگاکان بۆ زۆنى سەوز بنێرێ، بەڵام ناتوانێ بودجەى ساڵانەى هەرێم بکاتە دوو کەرتەوەو بەشى زۆنەکەى یەکێتى پێبدات، چونکە بەپێی یاسا بەغدا لەگەڵ هەرێم مامەڵە ئەکات، ئەمەش لەدەستوورو یاساى بودجەدا جێگیرکراوە، کەواتە زۆنەکە لەرووى خزمەتگوزارییەوە ئەکەوێتە ناو قەیرانێکى قووڵى داراییەوە کە دانیشتوانەکەى بەرگەى ناگرن و ئامادەش نابن بەرگەى بێ بودجەییش بگرن.
بژاردەى دووەم/ وەکو هەندێ لەسەرکردەکانى یەکێتى ئاماژەى پێئەدەن بێ ئەوەى بوێرن بەروونى بیخەنە بەردەم جەماوەرەکەیانەوە، ئەویش بژاردەى راگرتنى هەناردەى نەوت و گازە لەناوچە جێنفوزەکانى خۆیەوە، وەکو ئابڵوقەیەکى ئابوورى بەسەر حکومەتى داهاتوى هەرێمەوە. تەنانەت هەندێکیان باس لەوەش دەکەن کە خۆیان هەوڵئەدەن نەوت بفرۆشن و داهاتەکەی بۆ زۆنەکەى خۆیان ببەن. ئەمەشیان دیسان بژاردەیەىکى سەخت و مەحاڵیشە. چونکە راگرتنى نەوت واتاى برسیکردنى میللەت و بێبەشکردنى ملیۆنان مووچەخۆرى ئەم هەرێمەیە لەبژێوى ژیانیان. لەلایەکى تریشەوە تورکیا وەکو هاوبەشێک لەپرۆسەى هەناردەى نەوتى هەرێم، هەڵبەت بێدەنگ نابێت ئەگەر رێگە لەو داهاتانەى بگیرێت کە لەرێگەى هەناردەى نەوتى هەرێمەوە دەستى ئەکەوێ، بەتایبەتیش چەندین رێکەوتنى نەوتى لەگەڵ حکومەتەکانى پێشووترى هەرێمدا هەیە، بۆیە مەحاڵە تورکیا بێدەنگ بێت لەم ئابلوقەى یەکێتى بەسەر نەوتەوە. لەلایەکى تریشەوە تەنانەت یەکێتى ناتوانى لەرێگەى تەنکەریشەوە نەوت هەناردەى ئێران بکات، چونکە ئێستا ئابڵوقەى ئەمەریکا بەسەر ئێراندا سات لەدواى سات تووندتر ئەبێت، ئەمریکا رێگا نادات نەوتى هەرێم لەرێگەى ئێرانەوە ساخبکرێتەوە، یاخود مامەڵەى بازرگانى زۆنى سەوز لەگەڵ ئێرانى دوژمنیدا بگاتە ئاستێک زیان بە بەرژەوەندییەکانى ئەمەریکا بگەیەنێت لەناوچەکەدا.
بژاردەى سێیەمیان/ دوو ئیدارەییە. ئەو سەردەمەى کە دوو ئیدارەیی لەهەرێمدا دروست بوو، هەلومەرجێکى ناوخۆیی و ئیقلیمى و تەنانەت نێودەوڵەتیش هەبوو کە یارمەتیدەر بێت بۆ قبووڵکردنی دوو ئیدارەیی لەهەرێمى کوردستاندا، بەڵام سەرەنجام بینیمان ئەمەریکا بەهەموو سەنگى خۆیەوە هاتە ناو پرۆسەکەو هەردوو حزبی پارتى و یەکێتى ناچارکرد کەوا حکومەتەکەیان یەکبخەنەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەى ئەمریکا پێی خۆش نەبوە دوو ئیدارەى جیاواز هەبێت لەهەرێمدا، جا ئەو کاتى هێشتا سامانى نەوتیش لەهەرێمدا دەرنەکەوتبوو، دوژمنایەتى ئێرانیش لەئارادا نەبوو، ئێستا ئەمریکا کە هەموو توانایەکى خۆى خستۆتەگەر بۆ دابینکردنى ئاسایشى باخچەکەى دواوەى، واتا ئەو ناوچەیەی ئێستا لەعیراق و هەرێمیشدا وەکو ناوچەیەکى دۆستى خۆى تەماشاى دەکات، بخاتە حاڵەتێکى شێواوەوە کە کاریگەریەکى خراپى هەبێت بەسەر پلانەکانى لەناوچەکەدا. جارێ لەلایەکەوە خەریکى پلانێکى گەورەیە دژى ئێران، لەلایەکى تریشەوە مژوولى پلانێکى ئیقلیمى گەورەترە بۆ چارەسەرى کێشەى ئیسرائیل و فەلەستینیەکان، هەڵبەت رێگا نادات کێشەیەکى ئاوا گەورە لەناوچەکەدا قووت بێتەوەو پلانەکانى بخانە مەترسییەوە. بۆیە ئەم بژاردەى دوو ئیدارەییش سەر ناگرێ و بژاردەیەکى ناواقیعیانەیە لەم هەلومەرجە ئیقلیمى و دەوڵەتییەوە.
سەربارى ئەم هەموو ئاستەنگەى دێنە پێشەوە لەمەسەلەى ململانێکانى یەکێتى لەگەڵ پارتیدا، پێموایە هۆکارى تریش هەن کە رێگر بن لەبژاردەکانى یەکێتى، پێش هەموشیان مامەڵەى ئێستاى بەغدایە لەگەڵ دەسەڵاتى هەرێم کە خۆى لەپەیوەندى بەغدا بە سەرۆکایەتى هەرێم و سەرۆکایەتى حکومەتەوە ئەبێنى کە دوو دامەزراوەى شەرعى هەرێمى کوردستانن و لەدەرەوەى ئەم دوو دەزگایە بەغدا ناتوانێ تاکلایەنە لەگەڵ هیچ حزبێکیتر مامەڵەى یاسایی بکات.
بۆ چارەسەرى کێشەى کەرکوک پێموایە ئەبێ یەکێتیش بایى خۆى نەرمى بنوێنێ لەبەرامبەر پارتیداو ئەو کێشەیە وا گەورە نەکات وەزعى هەرێمەکەمان بگاتە دۆخە مەترسیدارەکەى براکوژییەوە، چونکە بەڕاستى کەرکوک ئەمرؤ بۆتە بۆمبە تەوقیتکراوەکەو هەمیشە مەترسیى تەقینەوەى هەیە، بۆیە رێکەوتن و سازان لەسەر کاندیدێکى بێلایەن تا هەڵبژاردنەکانى داهاتوى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک باشترین بژاردەیە، با هەڵبژاردنى داهاتوو ئەو کێشەو ملمڵانێیەى پارتى و یەکێتى لەسەر کەرکوک حەسم بکات.
بۆ مەسەلەى بەشدارى یەکێتى لەحکومەتى داهاتووى هەرێمیشدا، پێموایە حکومەتەکە بەبێ یەکێتیش دائەمەزرێت و پۆستەکانى یەکێتى بەبەتاڵى ئەمێننەوە وەکو ئەوەى بەغدا کە زیاتر لەساڵ و نیوێک چەندین پۆستى گرنگ بەهۆى ململانێى حزبەکان پڕ نەکرانەوە، ئەوەى هەرێمیش هەر ئەمەیان چارەسەرە، کە دڵنیام لەکۆتاییشدا یەکێتى هەر ئەبێ بگەڕێتەوە بۆ ناو حکومەت، کە ئەمەش تاکە بژاردەى سەرکەوتوانەى ئەبێت.
- Latest Posts by شێرزاد شێخانی
شێرزاد شێخانی: ئاشبەتاڵ بە ئاشبەتاڵ.
-شێرزاد شێخانی: ئایا بایکۆتی هەڵبژاردن چارەسەرە؟
-شێرزاد شێخانی: پەرلەمان و فەعۆیەکانی پارتی.
- All Posts