نوری کەریم: یەکێک لە بنەماڵە دێرینەکانى سلێمانى، بنەماڵەى شێخ ئەمینى وەتراخچى/ کۆتابەش.
دواى کۆچیدوایى ئەویش بەچەند ساڵێک ناتەبایی 9 نۆ(وەرەسە)ساڵى 1960/1961بەیاساى سڕینەوەى فرەبەشى(ڕزالەالشیوع) بەشەکان جیاکرانەوەومڵکەکە خرایە موزایەدەوە بەڵام باوکم هەرزو ئاگادارى ئەوکەسانەى کردبو کەنیازى کرینەوەیان هەبو، وەک خوالێیان خۆشبێت حاجى مارفى بازرگان( باوکى دکتۆر ئەوڕەحمانى حاجى مارف)، نورى عەلى دەرمانساز، یەحیائەفەندى وێنەگر، کەتکایە رۆژى موزایەدە نرخەکەبەرزمەکەنەوە چونکە خۆمان هەڵیدەگرینەوە .رۆژى موزایەدەکە لەخۆمان بەولاوە هیچ کەسێک نەهاتبو،خوورەوشتى کۆمەڵایەتى ئەوسەردەمەى سلێمانى وەهابو، بەوجۆرە یەکێک لەمامەکانم بە کەمترین نرخى موزایەدەکە(ئەوەڵ مەزاد)وبەبڕى 500پێنج سەددینارهەڵیگرتەوە لەکاتێکدا لەورۆژەدانرخەکەى دەگەیشتە3،000ــ3،500دینار، دواى ماوەیەک ئەویش فرۆشتى بەکوڕێکى گەڕەکى خۆمان بەنێوى (عەزیز مەحموود قازى)کە لەگەڵ خوالێیخۆشبێت باجى فاتمەى دایکیدا دەژیاوئێستا یەکێکە لە بازرگانە گەورەکانى خورى وبەروبوومى وشکە وزەنگین وساماندارە ناسراوەکانى سلێمانى .خانووەکە ئێستاش روکارى دەرەوەى هەروەک ساڵى1963ماوە بەڵام نازانم لەناوەوە چەند گۆڕانکارى بەسەرداهاتووەو حەزیشم دەکرد بزانم ولەسەردانەکانمدا بۆکوردستان جارێکى دیکە بەچاوى خۆم بیبینمەوە، بەڵام هێشتا ئەوهەلەم بۆنەڕەخساوە…ماوەتەوە سەرئەوەى سنوورو دراوسێکانمان کێبوون؟
لەپشتمانەوە (خۆرهەڵات): ماڵى کاک (حاجى دارتاش)کەدووکانەکەى دەکەوتە شوێنى ئێستاى وێنەگرەکانى بەرامبەر مزگەوتى گەورە، دزوستتر دەڵێم بەرامبەر چێشتخانەى حەسەن مووسا، یەکەمین دارتاشیش بو مەکینەى دارتاشین وداربڕین و(کان وزمانە)ى هێنایە سلێمانى. هەروەها ماڵى کاک ئەحمەد باوکى کاک عەزیزى قسەخۆش ونوکتەزان وکوڕى ناسراوى شارەکە،کەناسرابو بەعەزەى ئەحەبۆق.
تەنیشتى دەستەراستمان: خانەکەى یەحیا ئەفەندى( شەتڵگەکەى کەریم والى) (5) و ماڵى کوڕەکانى حاجى قادرى مەڵکەندى بەردهەڵکەند (عومەر، عەبدوڵا، مەحمود. کاک عومە باوکى دکتۆر ئەبوبەکرە لە بەشی زمانی کوردیی زانکۆى سلێمانى )، ماڵى باوکى مامۆستا سیروان نورى عەزیز (سەرۆکى پێشوى یەکێتى مامۆستایانى کوردستان ـ لقى سلێمانى .
تەنیشتى دەستەچەپمان (باشوور): کۆڵانەکەى دەچێتەوە سەرمزگەوتى بنتەبەقى هەرمنى و ماڵى هەردوبرا شێخ محەممەد باراوى (باوکى هونەرمەندى شانۆکار مامۆستا تەها باراوى) و مامۆستا کەریم باراوى (لێپرسراوى پێشوترى یەکێتى مامۆستایان ـ لقى سلێمانى).
بەردەم و بەرامبەرمان (خۆرئاوا): ئەو کۆڵانەى لەمزگەوتى سەیید نورى نەقیبەوە سەردەکەوت و دەگەیشتەوە بەوکۆڵانەى لە نێوەراستى شەقامى پیرەمێردەوە بەبەردەم قوتابخەنەى غازى (قوتابخانەى شێخ مەحموود) ولانەى هەتیوان(مەیتەمەکە) ئێستا بارەگاى کۆمەڵى هونەرو وێژەى کوردییە، درێژدەبووەو دەگەیشتەوە بە گەڕەکى شێخ جافرو شەخسەکەو کۆتایى شەقامى کاک ئەحمەدى شێخ. ئەم ماڵانەش بەرامبەرمان بون: ماڵى شاعیر و نیشتیمان پەروەرى ناسراو عەبدولواحید نورى، نورى عەلى دەرمانساز، وەستا عەبدوڵاى دارتاش (باوکى هونەرمەندى شانۆکارى ناسراو بەدیعە دارتاش) و ماڵى شەهید یاسین حەمەحەسەن (یاسینەرەش)، ماڵى حەمەخورشەى ناڵبەند (باوکى لەتیف و خەزورى ئەفسەرى پۆلیس قادر صاڵح براى چیرۆکنوسى ناسراو مستەفا صاڵح کەریم(6)، ماڵى مامۆستاو رابەرى وەرزش و دیدەوانى و یەکەمین لێپرسراوى یاریگاى سلێمانى (مەلعەبەکە) مامۆستاعەزیز محەممەدو وەستا ئەرکانى براى، ماڵى شێخ ئەنوەرى شاعیرو وەهبى براى (باوکى هونەرمەندى گۆرانیبێژ ئەژدەر)، ماڵى کاک داراى بەڕێوەبەرى کەشناسیىی سلێمانى، ماڵى وەستا قادرى چایچى، ماڵى شەهید جەمال سابیر (ژنبراى شەهید شێخ محەممەدى هەرسین )، رێک بەرامبەریشمان ماڵی شێخ حسەین ی سەعاتچی بو، لەدامێنیسەوە ماڵی حەمەمینی حاجی سلۆ، حاجی مارف(باوکی دکتۆر ئەوڕەحمانی حاجی مارف، فەخری واسیف بەگ، مامۆستا مەجید سەعید(مەجی سەعە دز کوژ)، حاجی ئەمین (باوکی شەهید عیزەت یەکپارچە و مامۆستا فەهمی ئەمین، ماڵی هەردو برا، دەروێش ئەمین ی بەقاڵ و عەزیزی چایچی ناسراو بە عەزەبابیی، مام فەتاحی دوکاندار و بەرەو خوارتریش ماڵی هونەرمەند کەریم کابان و مەجید میسریی. بنەو بارگەى ئەم خانەوادە دێرینانەى شار کەناوم هێناون دەکەونە زومى کارێزى ئەحمەد زەنگەنەى سەربە گەڕەکى شێخان کەئەویش بەشێکە لەگەڕەکى مەڵکەندى و لە جێنزرگەکەى یادى بەخێر وەستا حەمە جەلیلى سیوجگەرچى یەوە دەستى پێدەکردکە ئێستاش شوێنەکەى کوێرنەبۆتەوەو یەکێک لەکوڕەکانى کردوویەتى بە دووکانى خواردەمەنى برژاو، لەوێوە بەبەردەم مزگەوتى (ئەوقاف)دا بۆ ماڵەدڵگیر و گەورەو فراوانەکەى شێخ رەوفى سەیید نورى نەقیب(حەفید) بەرەوژور دەبووەوە و دەنووسا بە دیوارى پشتەوەى سەراى سلێمانى(شوێنەکۆنەکەى دادگا). ئەمەبەرى دەستەراست، لەوبەریشەوە بە(دوکانە لەوح)ەکەى حەمەرەشید دەستى پێدەکرد، سەیر لەوەدابو ماستاوى کوڵکنى دەفرۆشت لەکاشى شینداو نەوتیشى بەقاپى شووشە(نزیکەى0،30لیتر)دەفرۆشت و نرخى هەریەکەشیان دە 10فلس بوو! دواى ئەو دیوارى گەراجەکە بو، گەراجى حەمەى فەرەج ئەفەندى یادى بەخێر، کەیەکێک بوو لەهەرە پیاوماقوڵانى شارو کوردپەروەرو دەوڵەمەندە دەستودڵ کراوەکان بۆشۆڕشى ئەیلول لەیەکەمین رۆژى هەڵگیرسانییەوە، من بەچاوى خۆم دیومە پڕبەلۆرییەک نان و شەکروچاو مەنجەڵى زنجیرى خواردنى لێنراوى دەنارد بۆپشتى چیاى ئەزمڕو شارۆچکەى چوارتا. (7) ئینجا گەراجى ئوتومبیلەکەى(جۆرى جێبى ئینگلیزى)شێخ رەوفى سەید نورى نەقیب(حەفید)، ماڵى نەنەحەبێ(دایکى دایکم و دایکى کەسایەتى نیشتمان پەروەر و ناسراوى سلێمانى مامۆستافەرەج ئەحمەدبابان(دواترلە1962دا ماڵى شەهید دڵشاد مەریوانى کڕییان و تێیدانیشتەجێبون )ئینجا ماڵى حەمەسەعید چنارەیى، ماڵى جەمال رەفعەت، ماڵى گوڵچین خانى بابەجان و بەتەنیشتیانیشەوە ماڵە زۆرگەورە وفراوانەکەى شیخ قادرنورى کە کەتبووە گۆشەوەو رویەکى لە سینەماى رەشید(شوێنى رەشەمۆڵ) بو، رویەکیشى بەرامبەر بەشى پشتەوەى سەراى سلێمانى بو(شوێنە کۆنەکەى مەحکەمە)و ماوەى 30مەترێک بەرەوژور درێژدەبووەوە.
ژێدەرەکان:
1- مەتکەبلى: مەکتەبلى،قوتابى، خوێندکار.
2- یەحیا ئەفەندى: خەڵکى سلێمانى دەیانوت ئیحیافەنى.
3- چیغ: پەرژینێک بو لەقامیش دەچنرا و هاوینان لەسەربان بەکاردەهات (دەیانگێڕا) بۆ دیارنەبونى خێزانەکان لەیەکدییەوە لەکاتى نوستندا.
4- تەڕاو: چەند کیلۆیەک گڵگەچ (گڵ ـ گەچ) لەسەتڵێک ئاودا دەگیرایەوە و بەپارچەیەک جلەکۆن روکەشى دیوارەکان سپى دەکرانەوە.
5- کەریم والى: ئەم پیاوە بەڕەچەڵەک عارەب و خەڵکى شاری عەمارەی ئەو خوارانەى عێراق بو، شەهید ئەحمەدحەللاق کوڕى حاجى مەحمودى دەلاک لەبنەماڵەناسراوەکانى سلێمانین، بەوهۆیەوە کە یەکێک بۆ لەسەرکردەکانی پارتى کۆمۆنیستی عێراق، ماوەیەک لەماڵى کەریم والى دا خۆى دەشارێتەوە، ئەویش یەکێک لەخوشکەکانى شەهید ئەحمەد حەللاق مارە دەکات و دواى شەهیدکردنى ئەحمەدحەللاق، مالومنداڵەکانى دێنەوە سلێمانى، کەریم والیش بۆخۆپاراستن بنەوبارگەى دێنێتە سلێمانى و بەشێکى حەوشە گەورەکەى (خانەکەى یەحیافەنى)دراوسێمان دەکاتە پرۆژەیەکى بازرگانى بۆ بەرهەمهێنانى شەتڵ و فرۆشتنى ئینجانەگوڵ و دەبێتەخاوەنى یەکەمین پرۆژەى گوڵ و ئینجانە لەسلێمانى.
6- ئەفسەرى پۆلیس: ئەوسەردەمە بە قۆمیسەر ودواتر بە موعاوین ناودەبرا.
7- مەنجەڵى زنجیرى: جۆریک مەنجەڵى مسى قەبەوگرانە بۆ لێنانى بڕێکى زۆرخواردن بۆ ژمارەیەکى زۆر مرۆڤــ بەتایبەتى بۆنەى ئاهەنگ و زەماوەند، پرسەوماتەم، هێزیکى چەکدار.
تێبینى: کاتی خۆی ئەم نوسینەم خستە بەرچاوى بەرێز ئەکرەمى ساڵحى رەشە، بەو هیوایەى لە دەرفەتێکدا، ئەوەندەى پەیوەندیى بە کتێبە بە نرخەکەى سلێمانییەوە ەیە جێگەى بکاتەوە.