عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا: کەرکوک، و پارێزگار و دەسەڵاتەکانی.
لەدوای (16)ی ئۆکتۆبەری ساڵی (2017) و لەدەستدانی نیوەی خاک و خەڵکی کوردستان بەکەرکوکی دڵ و قودسی کوردستانیشەوە، ئیتر ململانێیەکی نالۆژیکی و ناشەریفانە دەستی پێکرد لەسەردانانی پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکوک لەنێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، کەهەموو ئاستەکانی گرتەوە.
بەبڕوای من گەرکوردێک بکرێتە پارێزگارو وەک پشکی حیزبیش وەربگیرێت، ئەوابەرکەوتەی یەکێتی نیشتمانیە لەبەردوو هۆکار یەکەم هەموان بە پارتیشەوە ئەوەدەزانن کەیەکێتی لەوشارەدا جەماوەریترەو لەدواین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش لەکۆی (12)کورسی کەبەرکەوتەی پارێزگاکەیە یەکێتی بوەخاوەنی (6)کورسی واتا نیوەی کورسیەکانی کەرکوک.
بەڵام چەند پرسیارێک لێرەدا خۆی قوتدەکاتەوەو پێویستیان بەوەڵامی جدییە، ئیترنازانم پارتی و یەکێتی شەن و کەوی پرسیاروئەگەرەکانیان کردوە، یان لەم بابەتەشدا وەک هەموو ڕوداوو پێشهاتەکانی تر بێ پلان وبێ پیلانن.
پرسیار ئەوەیە:
ئایا کەشارەکە بەتەواوی و پێش شانزەی ئۆکتۆبەر کەئیدارەکەی لەلایەن کوردەوە بەڕێوە دەبرا بە پارێزگارو زۆربەی بەڕێوەبەرایەتیەکانیشەوە چی بۆ کەرکوک کرا؟ و سەدی چەندی ماددەی (140)ی دەستوری عێراق جێبەجێکراوە؟
ئایا لەئێستادا کورد لەو شارەدا چ دەسەڵاتێکی سیاسی و سەربازی هەیە؟ و بەهێزی و لاوازییەکەی بەبەراورد بەپێش (16)ی ئۆکتۆبەر چەندەو چۆنە؟
ئایا یەکێتی و پارتی ساڵ و نیوێک زیاترە ململانێیانەو ڕێکنەکەوتوون لەسەردانانی پارێزگارێک بۆکەرکوک، ئەوەیان زانیوە کەمترلەو ماوەیەی ماوە کە هەڵبژاردن بکرێت بۆ ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق بەکەرکوکیشەوە ؟
تۆبڵێیت گەر پارێزگارێکی کورد بۆ شارەکە دابنرێت بتوانێت ئەو کارە نایاساییانەی لەدوای (16)ئۆکتۆبەرکراون لەسنوری پارێزگاکە هەڵیانبوەشێنێتەوەوڕاستیان بکاتەوە ؟
ئایالەلایەن حکومەتی ناوەندو لایەنەپەیوەندیدارەکانیەوە تاچەند هاوکار ویاریدەدەری ئەوپارێزگارەکوردە دەبن لەکاروبارەکانیداو هەڵوەشاندنەوەی ئەوبڕیارەنایاساییانەی دەرکراون وگەڕاندنەوەی ئەوبەڕێوەبەرەکوردانەی کەلەسەرکارەکانیان دورخراونەتەوەولادراون ؟
پرسیارگەلی تری تایبەت زۆرن بەڵام ئێمەتەنها ئاماژەمان بەهەندێکیان داوە ، بۆیە بمانەوێت ونەمانەوێت ، پێمانخۆشبێت یان نا دانانی پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکوک لەم هەلومەرجەی ئێستادا گەر کوردێکی سۆپەرمان ئاساش بێت ڕایکردنی کارەکانی بەسانایی نزیکەلە ئەستەم و ڕووبەڕووی دنیایەک چەندوچون دەبێتەوەو زاڵبونیش بەسەریاندا ئاسان نیە.
بۆیە خوازیارم بەزوویی پارێزگارێکی کورد بۆ شارەکە دابنرێت، و هیوادارم بەدەمەوەهاتنی پارتیش بۆ دیاریکردن و دانانی پارێزگاری شارەکە تەنهاوت ەنها لەبەر خاتری زووپێکهێنانی حکومەتی هەرێم و چوونەژێرباری یەکێتی نەبێت و بەس بۆبەشداریکردنیان.
خوازیاریشم لەنوێنەرانی کورد لەبەغداد هاوکاروپشتیوانی ڕایکردنی کاروبارەکانی پارێزگاری نوێی کەرکوک بن و هێندە بیرتەسکانەو حیزبیانە بیرلە ئایندەی ئەو شارەو خەڵکەستەمدیدەکەی نەکەنەوەو چیدیکە خاک و خەڵکەکەی نەکەنە قوربانی ململانێ حیزبیەکانی خۆیان، چونکە کەرکوک خوێن لەجەستەی دەچۆڕێت و خەڵکەکەشی بەتەواوی نائومێددەکەن.
لەکۆتاییدا پێویستە ئەو ڕاستیە بڵێین کەلەدوای پڕۆسەی ئازادی عێراقەوە تاکو نەمانی دەسەڵاتی کوردی لەوپارێزگایەدا کورد نەتوانیبوی ئیدارەیەکی سەرکەوتوی شارەکەبکات، و نەپلانیان هەبوو بۆ ئایندەی شارەکەو ڕێگەخۆشکردن بۆ ژیانێکی پێکەوەیی لەنێوان پێکهاتە جیاوازەکانی پارێزگاکە تاکو لانی کەم سۆزێکی ڕاستەقینەیان لە زیهینیاندا بەرامبەر بەکوردو ئیدارەی کوردی بچەسپایەو بونایەتە هاوکارێکی باشی نەتەوەی کورد.
ماوەتەوەبوترێت کورد بۆ کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکان پێویستی بەکوردبون، یەکڕیزی، تەبایی و پێکەوەژیانی ڕاستەقینەیە، نەک حیزبایەتی، جودایی، ململانێی ناشەریفانەو چاڵ هەڵکەندن و پاشقولگرتن لەیەکدی.