نەوادى موهەندیس: با کەرکوک بکەینە خاڵى کۆکەرەوە نەک پەرتبوون.
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی
لەچوارچێوەى ئەم نوسینەمدا دەربارەى کەرکوک و گرنگیەکەى وەک بەشێکى دانەبڕاو لە جەستە و لاشەى کوردستانى گەورە،نامەوێت بگەڕێمەوە ڕابووردووى دوور و نزیک و ناشمەوێت برینەکان هەڵبدەمەوە و گەرەکیشم نیە لاپەڕە ڕەش و خوێناویەکان و پڕ لەململانێ ناڕەواکانى نێوان سەرکردە و هێزە سیاسیەکانى ڕابووردوو پەڕە پەڕە بکەم،بەڵکو گەرەکمە لە ئێستاوە و لەخاڵى چەقبەستووى نزیکەى 2 ساڵەوە دەستپێبکەم و هەنگاوێکیش بەرەو ئایندەیەکى ڕۆشنتر هەڵنێم.
کەرکوک شارێکى کوردستانیە و دەکەوێتە چوارچێوەى جوگرافیا مێژووکردەکەى کەى باشورى کوردستانەوە، بەڵام تەواو کورد نشین نەبوە و نیشە و لە ئایندەشدا نابێت، بۆیە ئەرکى کورد و هەموو پێکهاتەکانى ترى عەرەب و تورکومان و کلدۆ ئاشوریەکانە پێکەوە بگەڕێن بە شێوێن چارەسەرێکى گونجاودا بۆ ئەوەى بەردەوامى بە ژیان و مان و بونى خۆیان بدەن لەو شارەدا، وەکو نمونەیەکى پێکەوەژیانى نەتەوە و ئاین و ئاینزا جیاوازەکان، با هەموان پێکەوە وڵاتێکى وەکو سویسراى ناوجەرگەى ئەوروپا بکەینە نمونە بۆ پێکەوە ژیان کە 5 نەتەوە و زمان و کەلتور و بەرژەوەندى جیاوازى تیادا دەژى، بەڵام بەبێ ئەوەى تائێستا بچوکترین ناکۆکى و ململانێى توند لە نێوانیاندا ڕوویدابێت، نەک هەر ئەوە بەڵکو نمونەیەکى گەشە لەهەموو دونیادا بۆ پێکەوە ژیان و ئاشتى و ئارامیش.
جا باکورد وەک نەتەوەیەکى گەورە و زۆر و وەکو ئەوەى کە کەرکوک کەوتۆتە جوگرافیاى کوردستانەوە و وەک خاوەنى ڕاستەقینەو خەمخۆرى شارەکە لەدێر زەمانەوە و وەک ئەوەى کە قوربانیەکى زۆر و گەورەى داوە لە پێناو مانەوەو بەزیندوو هێشتنەوەى شارەکەدا لە 100 ساڵى ڕابووردوودا، با لەخۆیەوە دەستپێبکات،با هێز و سەرکردە و پارتە سیاسیەکان ڕابووردوو لەبیر بکەن و بەرەو ئایندە بڕوانن و هەنگاو هەڵنێن، با هەریەکەیان کەمێک دوور بکەونەوە لە بەرژەوەندى تەسکى حیزبى و ئیمتیازاتى پلە و پۆستەکان، با هەمووان گیانى کوردایەتیەکى ڕاستەقینە پاڵنەریان بێت بۆ ڕێککەوتن و لێکنزیکبونەوە و دۆزینەوەى چارەسەرى هەموو کێشە و ناکۆکیەکانى کە 2 ساڵە کەرکوک و کەرکوکیەکان بونەتە قوربانى سەرەکى. با هیچ لایەک ئەوى تر تاوانبار نەکات بە خیانەت و وڵاتفرۆشى و دەستێکەڵکردن لەگەڵ دوژمناندا، چونکە بەداخەوە مێژوو و ڕابووردووى کەم هێز و سەرکردەى سیاسى هەیە بەدوور بێت لەو کارانە، بۆیە گەر دەتانەوێت کەرکوک بگەڕێتەوە باوەشى دایکى کوردستانى نیشتیمان و کەرکوک ببێتەوە بە دڵ و قودسەکەى کوردستان، دەى لە بەیانى زووتر نیە کە هەردوو لایەنى سیاسى یەکێتى و پارتى ڕێکبکەون و کێشەى دانانى فەرمانبەرێک بەناویشانى((پارێزگار)) مەکەنە خاڵى چەقبەستن و لێکدورکەوتنەوە و دڕدۆنگى و لێکدابڕانى زیاتر، دەى حیزبە سیاسیەکانى ترى کوردستانى لەکەرکوک ئێوەش پاڵپشت و پشتیوان بن لەدۆزینەوەى ڕێگا چارەسەرێکدا، نەک وەک ئێستا تەنها تەماشاکەر و دوورە پەرێز بن، چونکە کەرکوک بۆ هەموانە و بەشى هەموانى پێوەیە و هەموانیش بە ڕاست بێت یان نا لەقۆناغى خەباتەکانتاندا کەرکوک و جێگەکانى ترى ناوچە دابڕاوەکانتان کردۆتە دروشمى هەڵمەتى هەڵبژاردنەکان و دەنگتان پێوە کۆکردۆتەوە، جا باهەریەکەتان بەهێندەى قەوارە و قورسایى و جەماوەرى خۆى لەکەرکوکدا هەوڵ و هیمەتى چارەسەریش بدات.
با پێکەوە پارتى و یەکێتى کەرکوک و کێشە و گرفتەکانى بکەنە خاڵى کۆکردنەوە و لێکتێگەیشتنى زیاتر لە نێوانیاندا نەک بیکەنە خاڵى زیاترى پەرتەوازەبوون و لێکدابڕان. چونکە کەرکوک زۆرى هەیە بەسەر هەمووانەوە و هەموانیش ئەرکیانە تا دەتوانن پارێزگارى لێبکەن.
پرسیار لێرەدا ئەوەیە ،بۆچى کەرکوک بۆ کورد و کوردستان گرنگە؟ بۆچى لەم قۆناغەدا لەهەموو کات گرنگتر و هەستیارترە؟ ئایا دەکرێت بەسانایى واز لەکەرکوک بهێنرێت؟ یان دروشمە دێرینەکەى خەباتى شاخ و دواى ڕاپەڕینى ساڵى 1991 بڵێینەوە ((یا کەرکوک و خانەقین یا تاماوین دەجەنگین))؟
کەرکوک هەر لەمێژەوە گرنگى جوگرافیایى و مێژوویى هەبوە و تا ئێستاش هەر ماویەتى، لەڕووى سیاسى و ئابورى و ئەمنیەوە گەلێک گرنگە، بەگەڕانەوەى کەرکوک بۆ سەر هەرێمى کوردستان و تەواوى ناوچە دابڕێنراوەکانى ترى کوردستانى باشوور لەڕووى ڕووبەرى زەویەوە فراوانتر و پانتر دەبێت و دەگاتە نزیکەى 90 هەزار کیلۆمەترى چوارگۆشە کە ئەمە بۆخۆى دەبێتە لەمپەڕێکى ئەمنى بۆ تەواوى باشورى کوردستان و لەڕووى سیاسى و ئابوریشەوە کوردستان بەهێزتر دەبێت نەک وەک ئێستا ڕووبەرى هەرێم تەنها دەگاتە نزیکەى 45 هەزار کیلۆمەترى چوارگۆشە، لەم قۆناغەدا گرنگى و کاریگەرى کەرکوک زیاتر وەدەرکەوتوە بۆ هەموان لە کورد و عەرەب و تورکومان و مەسیحیەکانیش، چونکە :
1- کەرکوک شارێکى گەورە و گرنگە لە ڕووى سیاسى و ئابوریەوە، بەهۆى ئەوەى کە لە ڕووى سیاسیەوە پێکهاتەى جیاوازى نەتەوەیى و ئاینى و مەزهەبى جیاوازى تیادایە و هەر لایەک زۆرینە بێت و باڵادەست بێت ئەوا وەکو ئەوە وایە کە عێراقێکى بچوککراوەى لە ژێر دەستدا بێت. و لەڕووى ئابوریشەوە دەوڵەمەندى خاکى کەرکوک لە سەرزەوى و ژێر زەویەکەى بەنەوت و غازى سروشتى و کانزاى گرانبەهاى تر لە هیچ لایەک شاراوە نیەوە و کەرکوک لاى هەر لایەک بێت دەتوانێت بناغەى ئابوریەکى بەهێز و خۆشگوزەرانى و گەشەو پێشکەوتن وەدیبهێنێت.
2- لەڕووى ئەمنیەوە، کەرکوک زۆر بایەخدارە،چ بۆ هەرێمى کوردستان چ بۆ عێراق وەکو دەوڵەتى مەرکەزى، چونکە ئەمن و ئاسایشى هیچ لایەکیان مسۆگەر نابێت بەبێ کۆنتڕۆڵکردنى شارى کەرکوک، بۆیە هەر لایەک هەوڵدەدات کەرکوک لەلاى خۆى بهێڵیێتەوە.
3- کەرکوک بۆتە جێگەى تەماع و چاوتێبڕینى دەوڵەتى عێراق و هەرێمى کوردستان لەناوخۆ و دواتر تورکیا و ئێران لەناوچەکە و دورتریش بۆ زلهێزەکانى ڕوسیا و ئەمریکا و بەریتانیش، کە هەموان گەرەکیانە بەشێک یان جێپێیەکیان هەبێت لەکەرکوکدا و بتوانن کۆنتڕۆڵى بکەن و بەرژەوەندیە سیاسى و ئابوریەکانیشیان بپارێزن.
4- کەرکوک بۆ کورد لەهەموان گرنگترە، چ لەڕووى سیاسى یان ئابورى، یان ئەمنیەوە بێت یان لەڕووى مێژوو و جوگرافیاشەوە بێت، بۆیە باڵادەستبوونى کورد لەکەرکوک خەون و خەیاڵەکانى کورد لەسەر زەمینەى واقع دەچەسپێنێت و مافە ڕەوا مێژوویەکانى بۆ دەگەڕێنێتەوە.
5- لەساڵى 2020دا لەکەرکوک و تەواوى عێراقدا هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکان سازدەدرێت و لەهەمان ساڵیشدا سەرژمێرى گشتى دانیشتوانیش ئەنجام دەدرێت، کە هەردوو پڕۆسەکە دەهێنێت کە کورد لەنێوخۆى خۆیدا تەبا و برا و یەکگرتوو بن بۆ ئەوەى پارێزگارێکى کورد هەڵببژێرن و دیاریبکەن و خزمەت بەتەواوى کەرکوک کەرکوکیەکان و کوردستانیش بکات و نمایندەى تایبەتى هیچ حیزب و سەرکردەیەکیش نەبێت. بۆیە گەرەکە پارتى و یەکێتى چۆن لەبەغداد کێشەى وەزیرى دادیان بەبێدەنگى و هێمنى و دوور لە گرژى و دەمارگیرى و بیرى تەسکى حیزبایەتى چارەسەرکرد و بوە مایەى دڵخۆشى هەموان ئاوهاش دەتوانن بەڕێکەوتنى نێوانیان و لەگەڵیشیدا پێکهاتەکانى تر کێشەى پارێزگارى کەرکوکیش چارەسەر بکەن و لەکۆتایشدا هەموان براوە و دوژمن دۆڕاو دەبێت.
بۆیە لەبەر ئەم هۆکارانە ناکرێت بەسانایى دەست لەکەرکوک هەڵبگرین و پشتى تێبکەین و بیخەینە دەستى قەدەر و چارەنوسێکى نادیارەوە و بیکەینە قوربانى ململانێ ناڕەواکانمان، و لەسەر سینیەکى زێڕین پێشکەشى نەیارانى کورد و کوردستانى بکەین و دواتریش فرمێسکى پەشیمانى بۆ هەڵڕێژین و دروشمە دێرینەکە بڵێینەوە و تادوا تنۆکى خۆێنى نەوەکانیشمان هەر لە خەباتى خوێناویدا بین، لەکاتێکدا لەئێستادا زۆر بەسانایى دەتوانین دوور لە جەنگ و خوێنڕشتن کەرکوک و تەواوى ناوچەکانى تریش وەدەستبێنینەوە گەر:
1- دەستور بکەینە بنەما و هەوڵى جدى بدەین بۆ جێبەجێکردنى مادەى 140ى دەستور ئەوەش بە یەک و یەکگرتوویى و بەهێزى و تەبایى دەبێت لە نێوان هەموو هێزە سیاسیەکان چ لەکوردستان و چ لە بەغداش.
2- یەک و یەکگرتووى و هاوپەیمانى نێوان هەموو لایەنە سیاسیە کوردیەکان و بەتایبەتیش حیزبە دەسەڵاتدارەکانى کوردستان کە خۆى لە پارتى و یەکێتیدا دەبینێتەوە وەک دوو حیزبى خاوەن هێز و نفوز و ئابورى و جەماوەرى گەورە دەتوانرێت زۆرێک لە کێشەکان چارەسەر بکرێن بەقازانجى کورد و کوردستان.
3- دەسەڵاتدارانى کوردستان بگەڕێنەوە بۆلاى جەماوەر و متمانەى گەلەکەمان وەدەستبێنەوە و حکومەت و دەسەڵاتێکى شەفاف و بەهێز و یەکگرتوو پێکەوەبنێن.
4- هەوڵى خۆشگوزەرانى و دابینکردنى هەلى کار و یەکسانى و وەکیەکى و دادپەروەرى بدەن لەهەموو بوارەکاندا.
5- دوور بکەونەوە لەگەندەڵى و پاوانخوازى دەسەڵات.و هەوڵى پێکەوەنانى دەسەڵاتێک و هێزێکى چەکدارى نیشتیمانى و دامودەزگا نیشتیمانیەکان بدەن دوور لە مۆرکى تەسکى حیزبایەتى و ناوچەگەرى.
تەنها بەم کارە دەکرێت کەرکوک و تەواوى ناوچە دابڕێنراوەکان بگەڕێنرێنەوە سەر هەرێمى کوردستان، بەپێچەوانەشەوە دەبێت تاماوین وەکو عەرەبەکان چۆن بەبێ دەسەڵاتى لە دوورەوە فرمێسک بۆ ئەندەلوسى لەدەستچوویان هەڵدەرێژن ئێمەش وەکو کورد فرمێسکى پەشیمانى و بێدەسەڵاتى بۆ کەرکوک هەڵبڕێژین.
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی