بورهان شێخ ڕەئوف: ئەدلب دوا پێگەى تیرۆریستان.
ناوى ئەدلب لە ئایین و زمانى کەنعانى کۆنەوە هاتووە بە ماناى گەردەلوول و هەورە بروسکە وێران بوون ئەو وێنەشى کەوەکو لۆگوى ئەو شارەو وێنەیەکى ناودارەکە پێى ناسراوە وێنەى باڵتە و پاچ و کەرەسەکانى تێکدانى تێدایە.
ئەو جەنگەشى کە لە ئێستا و هەر چرکەساتێکدا چاوەڕوان دەکرێت ڕووبدات لە نێوان هێزەکانى ڕژێمى سوریا و هاوپەیمانەکانى لەلایەک و هەموو تاقم و گروهە توند ئاژۆ و تیرۆریستەکان کە تورکیا پشتیوانیان لێدەکات پێدەچێت کۆتایى بەو جەنگە ماڵوێرانکەرە بهێنێت کە حەوت ساڵ بەر لە ئێستا وەکو شۆڕش و بزوتنەوەیەکى ئازادیخوازى و دیموکراسى و دادپەروەرى شارستانیانە لە شێوەى خۆپیشاندانى ئاشتیانە سەرى هەڵداو دواتر بوو بە جەنگێکى ناوخۆیى کە تاقم گروپى توندڕەوى تائیفى سوارى شەپۆلەکانى بوون و شەڵاڵى خوێنیان کرد و بە دەردێکیان برد هەرچى حەکیم و تەبیبى سەر ڕووى زەوییە بۆى تیمار نەکرێت.
ئێستا ئەگەرچى هێزەکانى سوپاى عەرەبی سورى هەموو خاکى سوریایان کۆنترۆڵکردووە جگە لە پارێزگاى ئەدلب و ناوچەکانى ژێر دەستەڵاتى هەسەدە واتە کانتۆنەکانى ڕۆژئاواى کوردستان کە ئەمریکا و هاوپەیمانى نێودەوڵەتى دژ بە داعش پشتگیرییان لێدەکەن کە ئەم ناوچەیش لە ڕابردوودا جۆرێک لە هەماهەنگى یان لە گەڵ شام هەبووە و نەچوونەتە شەڕى ڕاستەوخۆەوە چاوەڕوان دەکرێت بە دیالۆگ و دانوستان بگەنە جۆرێک لە ڕێککەوتن، بەڵام ئەوەى مەترسیدارە بۆ سوریا و بۆ ناوچەکەش ناوچەى ئەدلبە کە هەموو ئەو تاقم و گروهە توند ئاژوانەى کە لە ناوچەکانى ترى سوریاوە شکستیانخوارد بە وتوێژ پاشەکشەیان کرد بۆ ئەدلب لەوێوە هەڕەشەن بۆ هەموو خاکى سوریا و بگرە عێراق و جیهانیش.
کاردانەوە مەترسى دارەکانى هێرش بۆ سەر ئەدلب لە لایەن سوریاوە
1- یەکێک لەو مەترسیە گەورانە ى کە لەوەیە ڕووبدات بەریەککەوتنى سوریاو تورکیایە لە ئەدلب لەبەرئەوەى تورکیا هێزى لەوێندەر هەیە و خاڵى چاودێرى زۆر ى بە درێژایى سنوورەکان داناوەوو پشتیوانى زۆرێک لەو هێزانە دەکات کە لەو ناوچەن، لە هەمانکاتیشدا ڕوسیا ناخوازێت ئاڵۆزى و گرژى لە گەڵ تورکیادا لە ئیستادا بخوڵقێنێت کە ئەمەش هەڵوێستى دیمەشق لاواز دەکات.
2- ڕودانى کارەساتێکى مرۆیى گەورە کە ببێتە هۆى ئاوارەو دەربەدەربوونى دەیان هەزار کەس لەو شارەو ناوچەکانى ترى سەربە ئەدلب.
3- سزادانى بە کۆمەڵ دەبێتە هۆى بەهێزبوون و سەرهەڵدانى توندوتیژ ى و توندئاژۆیى زیاتر
لە ئەدلب چەند گروپێکى چەکدارى تێدایە کەسەر بە ڕێکخراوى تیرۆریستى ئەلقاعیدەن وەکى دەستەى تەحریرى شام و حوراسى دین و کە ڕێککەوتنى سوتشیان ڕەتکردەوە کە بە هەموو ئەمانە ناکەنە 1% دانیشتوان کە نزێکەى سێ ملیۆن کەس لە باکورى خۆرئاواى سوریان واتە 99% خەڵکى ئەو ناوچە دژ بە تیرۆریستانن کە ئەمەش ستراتیجیەتیەکى هەڵەیەو دەبێتە هۆکارى بەهێزبوونى تاقم و ڕەوتە توندئاژۆ و تاوانبارەکان.
4- ناکۆکى و ململانێى نێوان ڕوسیا و تورکیا فاکتەرێکى بەهێزە بۆ درێژبوونەوەو و بوردەوامبوونى دۆخى شێواوى سوریا.
5- چەکدارە بیانیەکان و چارەنووسیان بەندە بە شەڕى ئەدلبەوە کە زۆربەیان لە ڕیزەکانى دەستەى تەحریرى شامن کە پێدەچێت تا دەکوژرێن شەڕبکەن و بە تایبەتى ئیگۆرەکان کە لە چینەوە هاتوون و ئێستا بوونەتە خاوەن تواناو شارەزاییەکى زۆر لە شەڕو وێرانکارییدا.
لە کۆتاییدا ئەگەر شەڕى ئەدلب کۆتایى بە جەنگى وێرنگەرى سوریا نەهێنێت ئەوا پێدەچێت سەرەتاى سەرهەڵدانى شەپۆلێکى دى کارەساتى مرۆیى و سەربازى لێبکەوێتەوە کە بۆ ساڵانێک درێژەى هەبێت.