تێکۆشەر خالید: له‌باره‌ی ڕۆمانی ( وێڵگه‌ی یاده‌وه‌رییه گریمانكراوه‌كان )ی یوسف عزەدین-ەوە.
فاین ذاتك عنى حیث كنت ارى
فقد تبین ذاتى حیث لا این
لا انا الا انا–حه‌للاج –
ده‌ستپێك:
(من فه‌رهاد تانجوریی دووه‌مم) ئهمهدهستپێكی ڕۆمانی (وێڵگه‌ی یادهوهرییهگریمانكراوهكان)ی ڕۆماننووس ” یوسف عزه‌دین “ه، ئه‌وه‌ی گرینگه له‌مه‌ڕ ده‌ستپێك و قفڵی نووسین به گشتی و ڕۆمان به تایبه‌تی بدوێین، ئه‌و بیر و ڕایانهیه كه پێیان وایه ڕۆمانی سه‌ركه‌وتوو كه‌سی یەكه‌می كۆ (ئێمه)، كه‌سی سێیه‌می كۆ (ئه‌وان) ڕابه‌رایه‌تی ده‌كات، له كاتێكدا مه‌سه‌له‌ی گێڕانه‌وه (سرد) له نێو ڕۆماندا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ (هونه‌ری داڕشتن و جۆری نێوه‌ڕۆكی ڕۆمانه‌كه) جا نووسه‌ر له هه‌ر زمانێكه‌وه بدوێت، گرینگ گه‌یاندنی په‌یامه له بنووسه‌وه بۆ خوێنه‌ر، ڕووداوه‌كانی نێو ئه‌م ڕۆمانه له گێڕانه‌وه‌یێكی سه‌رنجراكێشه‌وه به‌ره‌و قوڵایی و نێوه‌ڕۆكی ڕاسته‌قینه‌ی مێژووی شارێك ده‌ڕوات، ئه‌گه‌رچی له‌م ڕۆمانه‌دا كات و شوێن شێوێندراون و نووسه‌ر ویستوویه‌تی له ڕێی گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوگه‌ل و بەسهرهاته مێژوویییهكانی شارێكی نوێ و ناواقیعی ڕووداوگه‌ل و بەسه‌رهاتی مێژووییی واقیعیی شارێكی كۆنمان نیشان بدات، به‌م جۆره له ڕێی گێڕه‌ره‌وه‌وه كۆمه‌ڵگه ده‌كاته پاڵه‌وانی نادیار (مجهول)ی ڕۆمانه‌كه، هه‌روه‌ك ڕۆماننووسی به‌نێوبانگی فره‌نسه‌یی (ستاندال) پێی وایه، كه ده‌بێت ڕۆمان به ته‌واوی ڕه‌نگدانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه بێت، هه‌ر بۆیه ده‌یویست تابلۆیێكی ڕاسته‌قینه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی فره‌نسه نیشان بدات، كه‌واته ستاندال واقیعی كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی ڕاسته‌وخۆ گواستووه‌ته‌وه نێو ڕۆمانه‌كانی، ئه‌وه‌ی له وێڵگه‌ی یاده‌وه‌رییه گریمانكراوه‌كان-دا ده‌ركی پێ ده‌كرێت، هه‌مان بیر و ئایدیای (ستاندال)ه، به‌ڵام به گێڕانه‌وه‌یه‌كی ته‌ماوی و هه‌ر وه‌كو ئاماژه‌شمان پێكرد، له‌گه‌ڵ شێواندنی ناو و شوێن و كات، خوازیارین له‌ڕێی ئه‌م خوێندنه‌وه‌یه‌وه، به‌شێكی ئه‌م ڕۆمانه به خوێنه‌ری كورد بناسێنین.
گفتوگۆ له‌گه‌ڵ گێڕانەوەکانی ڕۆمانه‌كه‌دا:
فه‌رهاد تانجوریی دووه‌م، كه گێڕه‌ره‌وه‌ی سه‌ره‌كیی گێڕانەوەکەیە، دوای ئه‌وه‌ی دایك و باوكی له”حه‌ج” ناگه‌ڕێنه‌وه، له‌به‌ر هۆیه‌كی نه‌زانراو ده‌ست ده‌داته كاری نیگاركێشی، كه هه‌مان كاری پێشتری باوكییه‌تی بۆ دابینكردنی گوزه‌رانی، { كه‌م تا زۆریش له‌نێو زۆربەی ڕۆمانه‌كاندا هه‌ندێك بۆنه و یادی نه‌ته‌وه‌یی و ئاینی نه‌ك له‌سه‌ریان نه‌گوتراوه بگره فه‌رامۆشیش كراون، وه‌ك نمونه: حه‌ج، جێژنی ڕه‌مه‌زان، قوربان، نه‌ورۆز، هتد… به‌داخه‌وه ده‌بێت هۆكه‌ی بۆ نائاگاییی بنووسهكانمان بگێڕینه‌وه؟!} لێره‌دا گوته‌كه‌ی ستاندال-مان بۆ ده‌سه‌لمێت، كه له‌باره‌ی ڕۆمانه‌وه ده‌یڵێت و پێشتر باسمان كرد، ده‌كرێت ئێمه ئه‌م جۆره ڕۆمانانه ناو بنێین “ڕۆمانی كۆمه‌ڵگه” له ڕاستیدا ته‌نها ڕۆمانێك ده‌مێنێته‌وه كه پێوه‌ندی پته‌وی به كۆمه‌ڵگه‌وه هه‌یه و له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌دا ده‌ژی، لێره‌وه ڕووداوی حه‌جكردنی باوك و دایكی فه‌رهاد ڕه‌وتی ڕۆمان له ده‌ستپێكه‌وه ده‌گوازێته‌وه و نه‌گه‌ڕانه‌وه‌یان ده‌بێته‌هۆی چوونه نێو ڕووداوه‌كانه‌وه، وه‌ك گوتمان پیشه‌ی نیگاركێشی بۆ خۆی هه‌ڵده‌بژێرێت، لێره‌وه بازرگانێكی بیانی ده‌ناسێت، تابلۆ و نیگاری نێو دوكانه‌كه‌ی به نرخێكی زۆر زیاد لێ ده‌كڕێت، بازرگانه‌كه كه نێوی”شه‌هرام”ه كتێبی سۆفییه‌كی ده‌داتێ، ئه‌وه‌ی ده‌بێته جێی سه‌رنجی شه‌هرامی بازرگان ئه‌وه‌یه كه فه‌رهاد كتێبه‌كه ده‌خوێنێته‌وه، چونكه پێی وایه ئه‌و كتێبه هیچی لێ نه‌نووسراوه و به‌ئاسانیش ناخوێندرێته‌وه، لێره‌دا ده‌ڵێت:
“وشه‌كان به‌شێك نین له دونیای ده‌نگی ڕاسته‌قینه، به‌ڵكو ته‌نیا وههمێكن و هیچ پێوه‌ندییه‌كیان به‌و شتانه‌وه نییه كه قه‌وله گوزارشتیان لێ بكه‌ین و ئێمه‌یش پێمان وایه گوزارشت له‌و شته ده‌كه‌ن”ل ١٤
پێوه‌ندی نێوان په‌یبردن و بینین نه‌هێنده لێكه‌وه دوورن جوێیان بكه‌ینه‌وه؛ نه هێنده‌ش نزیكن پێكه‌وه باسیان بكه‌ین، لێ پێم وایه شتێكی تازه‌م هه‌یه له باره‌ی بینین و تێڕوانینهوهو ئه‌م ڕۆمانه‌یش كتێبێكی دانسقه‌یه بۆ ئه‌و شته تازه‌یه و به‌نموونه وه‌رگرتنیشی سوودی نه‌بڕاوه‌یه، له به‌شی واقیع و ناواقیعدا خستوومه ته‌ڕوو:
پاشان شه‌هرامی بازرگان داوای لێ ده‌كات كه به وێنای سۆفییه‌كه وێنه‌ی”ئیبلاس”ی بۆ بكێشێت، وێنای سۆفیهكهیش وه‌هایه: [هه‌ر هێزێك بیه‌وێت له ڕێی وشه‌وه زاڵ بێت و باڵاده‌ستیی خۆی بسه‌پێنێت، ئه‌وه له ڕاستیدا هێزێكه خۆی وه‌ك خۆی نییه و ئه‌وه ئێمه‌ین درووستمان كردووه]
وێنای سۆفییه‌كه له‌مه‌ڕ (هێز- وشه)ه‌وه پێوه‌ندی بهتێڕوانینمانهوه هه‌یه و ته‌واو ڕاسته، لێره‌وه نووسه‌ر ده‌یه‌وێت ههقیقهتێكمان نیشان بدات و هه‌ر له‌ڕێگه‌ی گوته‌ی سۆفییهكهوه پێمان بڵێت، ئه‌و هێزه‌ی له ڕێگه‌ی وشه‌وه زاڵ بووه و باڵاده‌ستیی خۆی سه‌پاندووه، ئه‌و هێزه خۆی وه‌ك خۆی نییه و ئێمه درووستمان كردووه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌بێت بگوترێت ئه‌مه‌یه: ( شەیتان تەنها یەک وشەشی نییه!) قەشە ئۆگستین -له كتێبی شاری خودا –دا باس لەوە دەکات و هەروەها باسی ئه‌وه ده‌كات كه مرۆ له ژیانیدا هاووڵاتی دوو شاره، یه‌كه‌میان شاری زه‌وی، ئه‌وی تریان شاری ئاسمان- خودا، كه شاری یه‌كه‌م شاری “شه‌یتان”ه به هه‌موو ماناكانییه‌وه، ئێمه‌یش له‌م شارهداین و كاریگه‌ریی ئه‌ومان به‌سه‌ره‌وه‌یه. بۆیه بیرگهلێكی وه‌ها له باره‌ی خودا و شه‌یتانه‌وه شتێكی ئاسایی و دروسته.
دواتر فه‌رهادی نیگاركێش كه خوێندنی باڵای به‌شی مێژوو ته‌واو ده‌كات پاش ململانێیه‌كی زۆر له‌گه‌ڵ خۆیدا بڕیار ده‌دات كه وێنه‌ی “شیڤا”ی خواوه‌ند بكێشێت، ئه‌و خواوه‌نده‌ی باپیری له وێنایدا دروستی كردبوو، خواوه‌ندێك كه سه‌ماكارێكی بێوێنه و جگه له‌وه‌ش چوارسه‌د كچۆڵه‌ی ناسك سه‌مایان له‌گه‌ڵدا كردووه، كه تیرماها دیارترینیانه، به‌ڵام دواجار ناتوانێت ئه‌و وێنه‌یه بكێشێت، شه‌هرامی بازرگان‌یش وه‌ك ئه‌وه‌ی ده‌ركی به‌وه كردبێت یان بینیبێتی، نایه‌ته‌وه لای فه‌رهاد تانجوریی دووه‌م.
فه‌رهاد خوێندنی باڵای مێژوو ته‌واو ده‌كات! لێ گومانی له گێڕانه‌وه‌ی مێژوو له وێنای خۆیدا، وا ده‌كات كه خوێنه‌ر- مرۆ گومانی لا درووست ببێت، پێشی وا بێت له دونیادا مرۆ بێ گومانكردن بوونی نییه و ناتوانێت هه‌ست به شته‌كانی ده‌وروبه‌ری بكات، دواتر كێشان و نه‌كێشانی وێنه‌كه و نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی بازرگانه‌كه جۆرێكه له‌و گومانه‌ی له ناخی بنووسدا حه‌شاردراوه، وه‌ك ئه‌وه‌وایه تۆ نه‌زانیت بۆ ئه‌م بابه‌ته ده‌خوێنیته‌وه، له ڕاستیشدا تا دوا دێڕیت خوێندووه‌ته‌وه.
فه‌رهاد له كه‌سێكی ئاسایییه‌وه ده‌بێته كه‌سێكی نائاسایی، ئه‌مه‌یش دوای ئه‌وه‌ی مه‌زاری پیرمه‌نسور هه‌ڵده‌ده‌نه‌وه و ئێسك و پرووسكی ده‌رده‌هێنن؛ به‌و دره‌خته سهرسوڕهێنهرهیشهوه كه له به‌رده‌م مهزارهكهیدا بووه، به مه‌به‌ستی درووستكردنی هێڵی ئاسنین، (ئاسایی بوون و نه‌بوون مه‌سه‌له‌یه‌كی زۆر قوڵ و باكگراوندێكی ئێجگار سه‌یر و فه‌لسه‌فی له پشته‌وه‌یه، له ڕاستیدا چوونه دۆخی نائاسایی بوونه‌وه به هۆی ڕووداوی هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕی ئه‌و زاته مه‌زنه‌وه، لێ وردبوونه‌وه‌ی پێویسته، لێره‌وه بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه نووسه‌ر له‌ڕێی بەشێک لەخاپوركراوهكان و فهرامۆشكراوەکانی یاده‌وه‌رییه‌كانی مه‌زاری پیرمهنسووره؛ وا دیاره كه‌زۆر پەیوه‌سته به‌و شوێنه‌وه و كاریگه‌ری لا به‌جێ هێشتووه.
بیرمان نه‌چێت پێوه‌ندیی بنووس ده‌گه‌ڵ هه‌ر كارهكتێرێكیدا پێوه‌ندییه‌كی پێوه‌ندیداره به ڕۆحییه‌وه، ئه‌وجا پێوه‌ندییه‌كه به‌كار ده‌هێنێت بۆ خۆی، یاخود بۆ شتێكی ده‌ره‌كی، ئه‌وه شتێكی دیكه‌یه. پیرمه‌نسوور: ئه‌و زاته‌یه كه هه‌ر كه‌سێك منداڵی نه‌بێت و داوای لێ بكات، ئه‌وا منداڵی ده‌بێت، به‌ڵام به نیشانه‌یه‌كی خۆیه‌وه، بۆ نموونه په‌نجه‌كانی ده‌ستی یان قاچی منداڵه‌كه زیاتره له په‌نجه‌ی منداڵی ئاسایی و ئه‌و دره‌خته سهرسوڕهێنهرهیش هه‌رگیز گه‌ڵاكانی زه‌رد نابن و دره‌ختێكی هه‌میشه‌سه‌وزه.
له ڕاستیدا نووسه‌ر لێره‌وه ئاشنامان ده‌كات به پیرۆزی ئه‌و زاته و له یاده‌وه‌ریماندا ده‌یچه‌سپێنێت، وه‌ك له گفتوگۆیه‌كی نووسه‌ری ئه‌م ڕۆمانه زانیم كه‌وا پیرمه‌نسور پیاوێكی زه‌رده‌شتییه، هه‌ر له باره‌ی پیرمه‌نسور یان داری پیرمهنسورهوه كه‌م تا زۆر نووسه‌رانی دی له‌باره‌یانه‌وه دوواون، جگه له “یوسف عزه‌دین”، نالی-ش به‌جۆرێكی دی له باره‌ی پیرمه‌نسور و داره ئهفسوناوییهكهیهوه ده‌دوێت، كاتێك له وڵاتی غه‌ریبی، كهف و كوڵی دووری و داخی دڵی پڕ خوێنی بۆ ته‌نیاییی خۆی، به نامه‌یه‌ك كه به چامه‌كه‌ی نالی به‌نێوبانگه ده‌نێرێت بۆ سالمی شاعیر و تیایدا پرسیار له باره‌ی پیرمهنسوورهوه ده‌كات و نووسیویه‌تی:
داخۆ ده‌روونی شه‌ق نه‌بووه پردی سه‌رشه‌قام
پیر و ئوفتادهتهن نه‌بووه داری (پیرمه‌نسوور)
هه‌روه‌ك چۆن “سالم”ی شاعیریش له وه‌ڵامدانه‌وه‌كه‌یدا پیرمه‌نسور له‌یاد ناكات و كه‌شی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌وكاته‌ی ده‌خاته ڕوو:
ڕۆمی ئه‌وه‌نده شوومه له شه‌خسیش ده‌خه‌ن زه‌ره‌ر
وه‌ك پیری ساڵخورده، خه‌مه، داری (پیرمه‌نسوور)
لێره‌شدا ئه‌وه‌مان بۆ ڕوون ده‌بێته‌وه و بۆمان ده‌سه‌لمێنێت كه‌وا ناو و كات و شوێن شێوێندراون، لێ به جۆرێكی دی ئاڕاسته‌ی دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و نادیارانهمان بۆ ده‌دۆزرێته‌وه، به‌ڵگه‌ش مه‌زاری پیرمهنسوره كه له سلێمانییه و تا ئێستایش ئه‌و مه‌زاره پیرۆزه ماوه‌ته‌وه، به‌ڵام داخه‌كه‌م به فه‌رامۆشكراوی…
شه‌قامی میسیۆدۆبری، له ڕاستیدا كۆمه‌ڵێكی زۆر له ڕووداوه‌كان لێره‌دا ڕوو ده‌ده‌ن، دوای ئه‌وه‌ی ئه‌و پیاوه‌ی كه شه‌یتان ده‌چێته نێو لاشه‌یه‌وه و بهڕهڵایییهكی بێ ئه‌ندازه ڕوو ده‌كاته ئه‌و شه‌قامه، كه به نێوی ئه‌و پیاوه‌وه ناو ده‌برێت: میسیۆدۆبری.. بۆیه حیكایه‌تخوانی ڕۆمانه‌كه ده‌ڵێت: (گه‌ر ده‌تانه‌وێت دوای زیندووبوونه‌وه‌ی مه‌سیح به‌م شه‌قامه‌دا تێپه‌ڕێت، ده‌بێت ئه‌م شه‌قامه بسوتێندرێت…ل27)
وه‌ك پێشتریش باسمان كرد، گێڕانه‌وه‌كانی فه‌رهاد تانجووری گێڕانه‌وه‌یه‌كی تا ڕاده‌یه‌ك خۆویستانه‌یه، به‌ڵام هه‌ندێ جار ناچار ده‌بێت به گێڕانه‌وه وه‌ك خۆی، ئه‌و كاته‌ی له‌گه‌ڵ ژینادا له نێو دارستانه نائاسایییهكهدان، به وێنای ئه‌وان باران ده‌بارێت و ده‌كه‌ونه گفتوگۆیه‌كی نه‌ویستراوه‌وه، ( ئه‌گه‌ر خورافیاتیش بێت، ده‌بێت قه‌ناعه‌ت به خۆمان بكه‌ین كه خورافیات نییه و ڕاستییه، تا بتوانین یاده‌وه‌رییه‌كانمان، وێنه و دیمه‌نه زهینییهكانمان بكه‌ینه وشه و دێڕ و پهرهگرافهكانهوه و به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان بیگێڕینه‌وه. هه‌ر چه‌ند باوه‌ڕ ناكه‌م له نێو وشه‌كاندا جێیان بێته‌وه… ل 30) لێره‌یشدا زیاده‌ڕه‌ویی و خۆویستی گێڕانه‌وە بەرچاو ده‌كه‌ون، لێ قه‌ناعه‌ت كردن به‌و شته‌ی كه تووشی دێت له دونیا و له كاتی ڕێكردنی لەژیاندا شتێكی نه‌ویستراو و ناچارییه. دوابه‌دوای ئه‌مه ڕه‌وتی ڕۆمان دابه‌ش ده‌بێت به‌سه‌ر دوو گێڕانه‌وه‌دا ئه‌ویش گێڕانه‌وه‌كانی فه‌رهاد تانجوریی دووه‌م و ژینا-ن به‌هاوبه‌شی، لێ فه‌رهاد هه‌میشه تا كۆتایی پاڵه‌وانی ڕۆمانه‌كه‌یه، هه‌ندێجاریش ده‌رك به‌وه ده‌كه‌یت كه گێڕانه‌وه‌كانی ژینا له گێڕانه‌وه‌كانی فه‌رهاد ده‌چن و یه‌كن، دواتر كۆمه‌ڵێك شه‌هرام ناوی دی تا كۆتایی به دووی یه‌كدا دێن، كه ڕه‌وتی ڕۆمانه‌كه زیاتر به‌ره‌و مه‌به‌ستگه‌رایی و ڕوونكردنه‌وه‌ی مه‌سه‌له‌كه ده‌به‌ن، هه‌روه‌ك هاتنی مێجه‌رسۆن و خۆناساندنی به‌میرزا، باسی زه‌مه‌نی پێش شێخ ڕه‌زا و هه‌روه‌ها باسكردنی شێخی سپی، كه وا ده‌كات ته‌واو دڵنیا ببین له‌وه‌ی باس له‌سلێمانی ده‌كرێت، چونكە شێخی سپی به پێی گێڕانه‌وه‌كان مه‌به‌ست له شێخ مه‌حمودی حه‌فید مه‌لیكی كوردستانه، سیناریۆی بهئهفسانهكردنی شێخ مه‌حمود له پێناو ئینگلیزه‌كان خۆیان ل 73- 74، ئاماژه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی نووسه‌ر هه‌ڵگری ئه‌و بیر و باوه‌ڕه‌یه كه جه‌میل صائیب له ڕۆمانی “له‌خه‌وما”دا به‌یانی كردوون، هه‌روه‌ك ئه‌و كه سه‌رده‌می حوكمڕانیی شێخ به خه‌ونێكی ناخۆش وه‌سف ده‌كات و تیایدا هه‌قیقه‌ته‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه بۆ مێژوو ده‌گێڕێته‌وه. ئه‌م ڕۆمانه‌یش به‌شێك له وێناكانی پێوه‌ست ده‌كات به‌و مێژووه‌وه. دیاره ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه بۆ مێژوو ئه‌وا دڵنیا ده‌بین له‌وه‌ی دەیان میر و فه‌رمانڕه‌وا و هاوکات به ده‌ستی خۆمان و نه‌زانینی ئه‌وان؛ كۆتایی‌یان به مانەوەی فهرمانڕهواییەتەکان هێناوه، ته‌نانه‌ت شێخ مه‌حموود به‌هۆی وابه‌سته‌بوونی به‌ئاینی سه‌پێنراوه‌وه، قۆڵ له قۆڵی “عوسمانییه توركه‌كان” ده‌نێت و پشت له ئینگلیز ده‌كات، له كاتێكدا ئینگلیزه‌كان ده‌یانتوانی به ته‌نیا درووستكردنی نه‌خشه‌یه‌ك بمانكه‌نه ده‌وڵه‌ت و بگره تا ئێستا ده‌بووینه وڵاتێكی به‌هێز له هه‌موو بواره‌كاندا.
جۆرێكی تر له شێواندنی ناو و شوێن و به‌رچاوڕوونی بۆ ده‌رخستی ئه‌و شوێنه‌ی كه ده‌یه‌وێت مێژووه‌كه‌ی بگێڕێته‌وه:” گۆڕینی ناوی كانیی ئاسكان و لابردنی په‌یكه‌ری دوو ئاسكهكهیه، له جێی كانیی ئاسكان ده‌بێت كانیی به‌رازان و له جێی پهیكهرهكهیش، په‌یكه‌ری به‌راز داده‌نرێت، ئه‌و لافاوه بێوێنهیهش كه بۆ یه‌كه‌م جار ڕووده‌دات هه‌مان ئاماژه‌یه… ل٧٥”.
به‌ستنه‌وه‌ی ڕووداوی به‌به‌ردبوونی ئاسكه‌كان به پیرمهنسوورهوه كارێكی سه‌رنجراكێش و ورده‌كارییه‌كی جوانه:
(دوای ئه‌وه‌ی پیرمه‌نسور و موریدانی بۆ ساڵانێكی زۆر له نێو گه‌ڕه‌كه نهبینراوهكهیاندا ده‌ژین، له‌به‌ر هۆیه‌كی نه‌زانراو بهرەبهیانێك دوو ئاسكی نێو باخه‌كه‌ی میر هه‌ڵدێن و په‌رژینه‌كان تێپه‌ڕده‌كه‌ن و به‌مه‌ش گه‌ڕه‌كه‌كه ته‌ڵسمی نهبینراویی خۆی له ده‌ست ده‌دات، كاتێك پیرمه‌نسور پێده‌زانێت كه كار له‌كار ترازاوه، له‌و كاته‌دا هه‌رچه‌نده توڕه نابێت به‌ڵام ده‌فه‌رموێت ئه‌ی ڕۆحی ڕه‌ها سه‌به‌بكار بكه به به‌رد، له‌و كاته‌دا كه دوو ئاسكه‌كه تێر ئاو ده‌بن له یه‌كێك له كانییه نزیكه‌كان له شوێنی پێشوویان هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی شتێك دوور ده‌كه‌ونه‌وه و به گچكه تهپۆڵكهیهكدا هه‌ڵده‌زنێن و ده‌بنه به‌رد.)
هه‌ر له‌نێو ئه‌م ڕۆمانه‌دا كه‌م تا زۆر قسهلهبارهی مه‌رگ و ژیانهوهدهكرێت.
A- له‌باره‌ی مردنه‌وه: كه ئێمه مه‌حكوم بین به‌مه‌رگ بۆ ده‌بێت بژین، بۆ ده‌بێت هه‌بین و هه‌موو ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌یه‌ك بكێشین، چ وه‌همێكه ئه‌و ژیانه‌ی تێیدا ده‌ژین، چ بێمانایییه ئه‌وه‌نده هه‌بین تا وه‌ك خۆمان وه‌چه ده‌خه‌ینه‌وه و ئه‌وانیش گه‌وره ده‌بن و ده‌بێت به‌جێیان بهێڵین و بڕۆین به‌ره‌و نادیار”مه‌جهول” ناشوێن، نازهمهن، به‌ره‌و تاریكی و نه‌بینین، به‌ره‌و دونیای نه‌بینین و قسه‌نه‌كردن، له هه‌مووشی سامناكتر ئه‌و ئهفسانانهن كه باس له زیندووبوونه‌وه‌مان ده‌كه‌ن، بۆ ده‌بێت زیندوو بكرێینه‌وه له پێناو چیدا ده‌بێت حه‌ق و حسابمان له‌گه‌ڵ بكرێت، ئێمه چ ئیختیارێكمان له هه‌ڵبژاردنی ژیاندا هه‌بووه تا دواجار به‌بێ ویستی خۆمان به‌جێیبهێڵین. لێره‌وه كه له باره‌ی مردنه‌وه ده‌دوێت بێگومان ده‌كه‌وینه نێوان ئه‌و گومانه‌ی كه خۆیشمان نازانین چمان پێده‌كرێ ده‌گه‌ڵ ئه‌م ژیانه بێمانایە، مردن كه بێ‌پرس وه‌ك شتێكی بێ‌مانا خۆی ده‌گه‌یه‌نێته لات و به‌یه‌ك جاری ده‌تخه‌وێنێت، له پووچی زیاتر هیچی دی نییه، ئه‌گه‌ر ژیانێكی تر هه‌یه كوا؟ ئه‌گه‌ر لەمهریخه با نه‌مرین و كۆچ ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وێ، ئه‌گه‌ریش هه‌موو ده‌بینه نه بینراو با پێكڕا بڕۆین، ئه‌وێك كه هه‌موو شتێكی به ده‌سته؛ (كون فیكون)ە، پرسیاركردن شتێكی ئاساییه، وه‌ك چۆن له كن دوكتورێك ده‌رده‌دڵی خۆتی هه‌موو بۆ دهڕێژییه خوارێ ئه‌وهاش، كه ئه‌و خۆی به خاوه‌نمان ده‌زانێ ده‌بێ قبوڵی ئه‌و بیر‌و بۆچوونانه بكات.
B- له‌باره‌ی ژیانه‌وه: زه‌مه‌ن ته‌نها شوێنی گۆڕانی ڕووكار و ده‌موچاو گۆڕینی ماسكهكانه – له نێو زه‌مه‌ندا هیچ ڕوو نادات – ئێمه‌ین زه‌مه‌ن بۆ خۆمان درووست ده‌كه‌ین .. ئێمه‌ین كاتژمێره‌كان داده‌هێنین و میقاتیان ده‌كه‌ین. رۆژی له‌دایكبوونمان دواڕۆژی ژیانمانه چونكه له‌و ڕۆژه‌وه به‌ره‌و مه‌رگ ده‌چین- هۆشمه‌ندی به‌ڵایه‌كی گه‌وره‌ی مرۆڤه- له‌وه‌ته‌ی هه‌م؛ نه‌فره‌ت له حامۆرابی ده‌كه‌م، ئه‌و خوێنڕێژه‌ی یاسا و قوتابخانه‌ی بۆ ئێمهدانا، ئه‌و پیاوه‌ی ده‌ستبڕین و كووشتن و هه‌ڵواسینی كرده یاسا و ئه‌و یاسایه‌ش له‌مڕۆدا و تامردنیش دهستهبهردارمان نابێت هێنده‌ی ژیان بۆ خۆی بێمانایه ئه‌وه‌نده‌ی تر بێمانای ده‌كات، – نازانم چ حیكمه‌تێك له بوونی ئێمه هه‌یه جگه له ناشرین كردنی دونیا – هتد ل 104-110.
كاتێك ئه‌و ڕستانه ده‌خوێنیته‌وه چ له باره‌ی مردنه‌وه چ له باره‌ی ژیانه‌وه دڵته‌نگی داتده‌گرێت، هه‌ست بهزیادهبوونی خۆت ده‌كه‌یت، بیروباوه‌ڕی ئانارشیزمهكانیش له‌م بیر و ڕایه‌وه نزیكه كه نووسه‌ر ئاماژه‌ی پێده‌دات، هه‌ر وه‌ك چۆن دادایزمییهكان باوه‌ڕیان وابووه كه یاسا نه‌مێنێت، لێره‌وه ده‌گه‌ینه ئه‌و بیر و باوه‌ڕه‌ی كه پێویستمان به‌یاسا نییه، پێویسته به‌و جۆره بین كه بووین، ئاخر ئێمه چ پێویستمان به یاسا و ڕێكخستنی ژیانێكی پووچ هه‌یه كه له ڕاستیدا ئێمه مرۆیه‌كی چه‌شنه ئه‌لیكترۆنی بین و هیچ شتێك بۆ ئێمه ئه‌وه نه‌بێت كه نابێت ببێت. دواتر فه‌رهاد ده‌بێته موریدی ڕێگه‌ی دۆزینه‌وه‌ی نه‌بینراوه‌كان، شه‌هرام ل120 سه‌ر له‌به‌ری موریده‌كانی فێری گریان ده‌كات:
(گریان بۆ بوونمان گریان بۆ هه‌موو ئه‌و خراپه‌كاریانه‌ی ئه‌نجامی ده‌ده‌ین، گریان بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی كه ده‌یانكوژین، گریان بۆ ئه‌و ئاژه‌ڵانه‌ی كه به ناحه‌ق سه‌ریان ده‌بڕین و گۆشتیان ده‌خۆین”-بڕوانه مرۆڤ یان ئاژه‌ڵ-صادقی هیدایه‌ت- له ڕاستیدا گریان تاكه هۆكاره بۆ خاوبوونه‌وه و كه‌مێك ئاسوده‌بوون، هه‌روه‌ك چۆن دیسان له‌باره‌ی ژیانه‌وه ده‌دوێت ل131 ، ژیان سیحره، به‌بێ فێربوونی سیحر مه‌حاڵه له‌م دونیایه‌دا بتوانیت بژیت).
واقیع ناواقیع + فه‌لسه‌فه‌ی بینین:
له‌نێو ئه‌م ڕۆمانه‌دا ده‌رك به‌وه‌ده‌كرێت كهفهرهاد تانجوریی دووه‌می حیكایه‌تخوان و ته‌نانه‌ت كاراكتێره‌كانی تریش زۆر جاران له‌هه‌وڵی به‌واقیع كردنی ناواقیعدان و به‌پێچه‌وانه‌وه، ئه‌گه‌ر بۆ ئه‌م گوته‌یه پرسیار بكه‌ین، چۆن؟
– فه‌لسه‌فه‌یه‌كی قوڵ و نه‌بینراو له‌نێو گوته‌ی كاراكتێرهكاندا ئاماده‌گی هه‌یه ئه‌ویش به‌وه‌ی زۆر جاران فه‌رهادی دووه‌م پێی خۆشه-یان ده‌یه‌وێت به‌تێڕوانینی خۆی شته‌كان بگێڕێته‌وه، كه‌ئه‌مه له‌نێو زۆرێك له‌ڕۆمانه بیانییه‌كاندا ده‌ركی پێده‌كرێت، نمونهشههرامی بازرگانه کەداوای كێشانی وێنه‌ی ئیبلیسی لێده‌كات، فه‌رهاد پێی وایه كهشههرام زانیویه‌تی كه‌ناتوانێت ئه‌و وێنه‌یه بكێشێت، دواجار ڕه‌نگه وێنه‌كه‌یشی كێشابێت، یان له‌وێنای هه‌موو مرۆكانی دی‌دا وێنه‌كه كێشرابێت، لێ له‌بنه‌چه‌شدا ڕەنگە كه‌س وێنه‌كێشی ئه‌و نیگاره نه‌بووبێت، لێره‌وه ده‌گه‌ینه ئه‌و پرسیاره، ئایا ئه‌وه‌ی مرۆڤێك ئه‌نجامی ده‌دات، له‌به‌رامبه‌ری وی‌دا یه‌كێك پێی وایه دروسته‌و یه‌كێكی دی به‌پێچه‌وانه‌وه؟ ئه‌م دوو تێڕوانیینه، دروست، نادروست، ناكاته ئه‌وه‌ی گومان له‌بینینمان بكه‌ین و پێمان وابێت ئه‌وه‌ی ئه‌و ده‌یبینێت و ئەوەی تۆ ده‌یبینیت، جیاوازن!؟ ئه‌ی گوایه دوو ته‌فسیری جیاوازتان نییه؟ ڕه‌نگه ئێره شوێنی ئه‌وه نه‌بێت لێ بنۆڕه هه‌ریه‌كه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌یبینێت و قسه‌ی له‌باره‌وه ده‌كات سووربوونه له‌سه‌ر بۆچوونی خۆی، كه‌واته بینینی ئاسایی كه‌سمان وه‌كو یه‌ك نین و ڕه‌نگه ئه‌و ڕووخساره‌ی تۆ له‌ئاوێنه‌دا ده‌یبینیت و پێت وایه خۆتیت، هیچ مرۆیه‌ك به‌و جۆره نه‌تبینێت، ئه‌م ڕۆمانه پڕه له‌و پرسیاره سه‌یرانه‌ی ئه‌گه‌ر به‌قوڵی بیانخوێنیته‌وه.. گرنگییه‌كه‌ی و وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه‌ت ده‌ستده‌كه‌وێت، وه‌هه‌روه‌ها ئه‌م ڕۆمانه ده‌روازه‌یه‌كی باشه بۆ دۆزینه‌وه‌ی فه‌لسه‌فه؛ یان بیر و باوه‌ڕێكی نوێ كه‌ده‌كرێت ناوی بنێین “فه‌لسه‌فه‌ی بینین، یانیش ته‌نها بینینه‌كان”.
نمونه‌ی زیندوو له‌نێو ڕۆمانه‌كه‌وه”دارستانهنائاساییهكه”یه، كاتێك گێڕه‌ره‌وه له‌گه‌ڵ ژینا قسه له‌باره‌ی دارستانه نائاسایییهكهوه ده‌كه‌ن، دووبینین یان تێڕوانینی جیاواز به‌ریه‌ك ده‌كه‌ون، كه‌له‌لای یه‌كێكیان دارستانه‌كه وه‌همه‌و له‌لای ئه‌وی دی بهواقیعیی ده‌بینرێت، ل28-29″.
ته‌نانه‌ت به‌جۆرێك قووڵ ده‌بنه‌وه ده‌چنه نێو ناواقیعهوه كهلهژێر باراندان و ته‌ڕ نابن، تا فه‌رهاد تانجوریی دووه‌م ده‌ڵێت:” تۆ بڵێی باران نه‌بارێت و ئه‌وه‌ی ده‌یبینین وێنایه‌كی من و تۆ بێت، ل30″ دواجار له‌گێڕانه‌وه‌ی یه‌كه‌می ژیناوه ئه‌وه ڕوون ده‌بێته‌وه كه‌چه‌ند به‌وردی ئه‌و فه‌لسه‌فه‌یه یان دونیابینییە شیکار ده‌بێته‌وه، نا ئاسایی بوونی شاره‌كه‌ی بۆ ڕوون ده‌بێته‌وه و پێی وایه ئه‌وانه‌ی بینیوویه‌تی ته‌نها وههم بوون، ئه‌و كه‌سانه‌ش كهلهگهڵیان دوواوه تارمایی بوون و ڕه‌نگیشه مردووی ئه‌و شوێنه بووبێتن، بۆنا.. ڕه‌نگه ئێستا ئێمه له‌گه‌ڵ مردووه‌كان گفتوگۆش بكه‌ین و وه‌ڵامیشیان بده‌ینه‌وه، بێ ئاگاش بین، حه‌قیقه‌تێكی تاڵه، ئه‌و كچه كچێكه له‌وه‌هم و ئه‌ندێشه كردنه‌كانی خۆت، ڕه‌نگه به‌و شێوه‌یه بوونی نه‌بێت كه‌تۆ وێنای ده‌كه‌یت، هه‌رچه‌ند گرنگ وێناكردنی خۆته ل44″.
لێرهوهڕووباری خه‌یاڵدان شه‌پۆلی ده‌گاته كه‌ناری گومان و پێشمان وا ده‌بێ كه‌ژیان له‌وه پووچتره كه‌بیری لێده‌كه‌ینه‌وه، هه‌روه‌ك “دیكارت” ده‌ڵێت: چۆن دڵنیا بین له‌وه‌ی كهژیانمان هه‌مووی خه‌ونێك نییه‌و به‌مردن هه‌قیقه‌ت ده‌ست پێ ده‌كات؟! بێگومان زۆر به‌شاراوه‌یی كاراكتێرانی نێو ئه‌م ڕۆمانه له’نامۆ’ی ‘ئه‌لبێر كامۆ’ نامۆتر و لهسیزیف بێ هیواتر و خۆشبهختتریشن، كه‌من نمونه‌ی وه‌ك ئه‌م ڕۆمانه‌و له‌نێو ئەدەبیاتی كوردیدا هه‌رگیز نەمبینیوە، مه‌گه‌ر بۆ له‌مه‌ودوا و چاو له‌ته‌كنیك و ئاڕاسته هونه‌ری ڕه‌وتی ئه‌م ڕۆمانه‌و ستایله‌كه‌ی بكرێت و ئه‌مه‌یش په‌یوه‌ندی به‌تێڕوانینی خۆمهوهههیه.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه ‘یه‌ك كه‌س’ بوونی دوو شههرامهكه، ئه‌وه‌لای خوێنه‌ر دروست ده‌كات كه‌زۆر دوور بێت له‌واقیعه‌وه ل54-55، لێ له بنه‌چه‌دا ئه‌گه‌ر خودی واقیع نه‌بێت زۆر نزیكه له‌واقیعه‌وه، ئه‌وه مرۆیهكه هێنده لاوازه( و لقد خلقنا الانسان ضعیفا ) ناتوانێت وێنای ئه‌وه بكات كه‌پێمان وایه له‌واقیعه‌وه نزیكه.. ته‌نانه‌ت مردبێتین و پێمان وابێت هێشتا نه‌مردووین، مرۆ هێنده لاوازه ئه‌گه‌ر سووریش بزانێت كه‌باوه‌ڕی به‌شتێك نییه له‌كه‌مترین ماوه‌دا په‌نای بۆ ده‌بات.
مه‌به‌ستگه‌رایی:
له‌دوای “كانت”ه‌وه ئیدی مه‌به‌ستگه‌رایی گرنگترین و باوترین پرسی فه‌لسه‌فه‌و نووسین بووه، له‌نێو ئه‌م ڕۆمانه‌دا مه‌به‌ستگه‌رایی تا ڕاده‌ی داگیر كردنی ئه‌تمۆسفێری ڕۆمانه‌كه پێڕه‌و كراوه، به‌جۆرێك كه‌له‌گه‌ڵ خوێندنه‌وه‌ی هه‌ر په‌ڕه‌گرافێكدا مه‌به‌ستێكی نوێ ده‌دۆزیته‌وه:
(شاره‌كه له‌و سه‌رده‌مه‌دا پایته‌ختی مه‌مله‌كه‌تێكی كورد بووه، كهلمی بیابانی به‌شتێكی ئه‌فسوونی زانیوه‌و پاره‌و پووڵێكی زۆری مه‌مله‌كه‌تی داوه‌ته ئه‌و بازرگانانه‌ی كهلهجێی هێنانی مسك و به‌هارات و خشڵ و زێڕ و زیو و شتی سه‌یر وسه‌مه‌ره‌ی دونیا، ڕهوهحوشتریان به‌ره‌و بیابان پێش خۆیان داوه‌و لهوێوهچهندیان پێ بهاتایه‌ته‌وه گوێنییه لمیان بۆ میر هێناوه‌ته‌وه)، (ده‌یان ئه‌ستێره‌ناس و ئه‌ندازیار و بیرمه‌ند و نووسه‌ری هونه‌رمه‌ند هه‌بووه)، (ده‌یان قه‌ڵا و قولهو پرد و كۆشك و شوێنی سه‌یروسه‌مه‌ره‌ی لهمیتاڵ درووست كراوی هه‌بووه)، تێڕوانینی ئێمه سه‌باره‌ت به‌و ڕووداوه‌و خولیای میر، گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ مێژووی كورد، دواتر شێواندنی جوگرافیای وڵات! به‌ده‌ستی خۆمان و درووستكردن و بنیاتنانی مێژوویه‌كی تاكڕه‌ویی خۆكارانه، به‌رده‌وام نووسه‌ر به‌جۆرێك كه‌ره‌سته‌و ده‌سته‌واژه‌ی مه‌به‌ستیی داده‌ڕێژێت، كه‌پێمان وایه زیاد له‌ته‌فسیر و ڕایه‌ك هه‌ڵده‌گرن، بۆیه ده‌بێت ئه‌وه‌ش بڵێین میر لێره‌دا له‌جێی هێنانی مسك و زێڕ و زیو و به‌هارات كهئهوروپییهكان بۆ به‌ده‌ست هێنانی به‌هارات.. ته‌نانه‌ت لەڕێی هه‌وڵه‌كانیان، گەیشتنە دۆزینه‌وه‌ی شوێنی جوگرافی نوێ وه‌ك ده‌زانین- رأس ألرجال صالح- له‌ئه‌نجامی گه‌ڕانی ئه‌وروپییه‌كان بۆ دۆزینه‌وه‌ی ڕێگایه‌كی نوێ كهبهژێر دەسەڵاتی حوكمڕانی عوسمانییه توركه‌كاندا نه‌ڕوات.. بۆ به‌ده‌ست هێنانی به‌هارات.. دۆزرایه‌وه.
له‌جێی ئه‌مانه کارەکانی ئه‌م میره كوردەی ناو ڕۆمانەکە( كلتور و زمان و تێكه‌ڵكردنی وڵات، جوگرافیا، مێژوو، ئایینی عه‌ره‌به‌كانی لێده‌كه‌وێته‌وه.. ئه‌ویش ته‌نیا به‌وه‌ی كهخۆڵ “لمی بیابان” ی هێناوه‌و تا دوایی دێته‌سه‌ر چێ كردنی ڕه‌شماڵ و كڕینی ئافره‌تێكی سه‌ماكه‌ری عه‌ره‌ب لهشێخولعهرهبێك، كه‌ئه‌مه ده‌لاله‌تێكی ته‌واوه‌و له‌ڕاستی باسه‌كه‌مان نزیكمان ده‌كاته‌وه)
تەقدیسکردنی پیرمه‌نسوور
A- له‌لایه‌ن خوداوه:
دوای ئه‌وه‌ی ئه‌و كۆمه‌ڵه زاته‌ی له‌سه‌ر ناونانی شاره بێناوهكه ڕێك ناكه‌ون و یه‌كێك له‌وان به‌خه‌نجه‌ر ده‌كوژرێت، دواتر ده‌نگێك لهغهیبهوهدێتهقسه و ده‌ڵێت: دەبێت بیر له‌ته‌نیایی ئه‌به‌دی و ئه‌زه‌لی خۆم بكه‌مه‌وه…، بۆ ده‌بێت ناچار بم چاكه‌ی چاكه‌كاران بده‌مه‌وه‌و خراپه‌كارانیش سزا بده‌م، له‌كاتێكدا نه‌هیچ خۆشییه‌كم به‌چاكه‌ی چاكه‌كاران دێت و نهبهخراپهی خراپه‌كارانیش په‌ست ده‌بم.
( إنً الله بًرٍیٌ من ألمُشركیٍن..)….هه‌ر پاش ناشتنی كوژراوه‌كه ده‌بینن چۆن دره‌ختێكی ناوازه‌و ئێجگار سه‌یر له‌پاڵ گۆڕه‌كه‌یدا به‌حه‌وادا ده‌چێت، ئه‌و دره‌خته هه‌رگیز هیچ كه‌س بۆی نییه بیبڕێته‌وه(مه‌به‌ست داری پیرمهنسوره)، هه‌ر بۆ باوهڕهێنانتان و “په‌رجوو” موعجیزه‌یی ئه‌و دره‌خته هه‌ركه‌س له‌نه‌وه‌ی ئێوه به‌لایدا بڕوات گوێی بهگهڵایهكم ده‌شوبهێنم و نیشانه‌ی تایبه‌تی له‌سه‌ر ده‌ست و په‌نجه‌و هه‌ندێجار به‌شه‌كانی تری جه‌سته‌ی ده‌ده‌م… تكایهجار جار بۆ ڕووكاری سێگۆشهیم بگرین ، من ته‌نیا به‌بوونی سێگۆشه‌كان ده‌مێنمه‌وه؟! لێره‌وه پیرۆزكردنی پیرمه‌نسوور سه‌ر هه‌ڵده‌دات، هه‌رچه‌نده بێجگه له‌مه، سه‌لماندنی كات و شوێنیشه به‌ته‌نیشت نه‌مركردن و پیرۆزكردنی پیرمهنسوورهوه، دواتر به‌جێمانی ئاسه‌وار و لكاندنی به‌و نهوهیهوهو سێگۆشه‌كان “سێگۆشه، ده‌كرێت مه‌به‌ست لهنووشتهبێت: شێوه سێگۆشهیهو ئایه‌ت و دوعای تێدا ده‌نووسرێته‌وه‌و هه‌ڵده‌واسرێ یان له‌مل ده‌كرێ” .
B- له‌لایه‌ن نووسه‌ره‌وه:
له‌لایه‌كی دیكهنووسهر له‌ڕێگه‌ی خۆی و كاره‌كته‌ره سهرهكیهكهیشیهوه هه‌وڵی نه‌مركردنی پیرمهنسووری داوه، و ئێمه‌یش له‌به‌شی گفتوگۆ له‌گه‌ڵ گێڕانەوەکانی ڕۆمانه‌كه باسمان كرد، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی ئه‌گه‌ر ئه‌فسانه‌یش بێت، بهحهقیقهتكردنێكه كه‌جێگه‌ی تێوردبوونهوهیه ئه‌وه چه‌ندین ساڵه ئه‌و دره‌خته هه‌یه، ته‌نانه‌ت نائاسایی بوونی فه‌رهاد تانجوریی دووه‌م ته‌نها پلانی پلان دانان بۆ ڕووخانی مه‌زاری حه‌زره‌تی پیرمهنسووره، به‌مه‌به‌ستی كه‌وتنه‌به‌ر درووستكردنی هێڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ر له‌كاتێكدا له‌دیوه بینراوهكهیهوه كارگه‌و هێڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ر ئهستهمهبكهوێته ئه‌و شوێنه جوگرافییه‌وه، لێ له‌دیوه نهبینراوهكهیهوه ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌وا ڕهنگهئهمهیش جۆرێك بێت له‌و تێكشكانه ده‌روونییه‌ی و دواتر ئه‌و جیاوازییه كهلهتهسهوری فه‌رهاد داهه‌یه؛ بۆ تێكشكاندنی ماڵی خوداكه‌ی و لابردنی دره‌خته‌كه‌ی، ته‌نانه‌ت له‌نێو ڕۆمانه‌كه‌دا پیرمه‌نسور ده‌توانێت زینده‌وه‌ر بكاتهبهرد ل78. ده‌كرێت ئاماژه به‌وه‌ش بده‌ین كه‌وا له‌نێو ڕۆمانه‌كه‌دا ته‌نها حه‌وت جار ناوی پیرمه‌نسوور هاتووه ئه‌ویش له‌لاپه‌ڕه‌كانی (16-76-77-78-82-91) ئه‌مه‌و چه‌ند جارێكی دیكه‌ش ناڕاسته‌وخۆ له‌باره‌یه‌وه ده‌دوێت.
تێبینی و سه‌رنج : پێویسته ئه‌وه‌ش بڵێین زۆر له‌باره‌وه گوتن و درێژكردنه‌وه‌ی پێناسه‌و ته‌عریفكردنی كه‌سایه‌تی و شوێن گه‌ر بگاته پله‌ی تەقدیس كردنیش، خوێنه‌ر به‌ره‌و گومانێكی نادروست و بیركردنه‌وه لهموبالهغه”زیادەڕهوی” ده‌بات و زۆر جاران لهخوێندنهوهكه بێزار ده‌بیت، وه‌ك ده‌شبینین به‌ته‌نها حه‌وت جار ناوهێنان، له‌زه‌یندا پیرمه‌نسوور دهبێتهشتێكی دی ، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌زه‌ینی مندا ئێستا هه‌یه. له‌ڕاستیدا “درێژدادڕی” درێژكردنه‌وه‌ی هه‌ر شتێك له‌نێو ڕۆماندا كوشتنی بڕستی خوێنه‌ره. كهواتهنووسهر و ڕۆماننووس(یوسف عزه‌دین) ئه‌و تێبینی و سه‌رنجه‌ی ئێمه‌ی ده‌به‌ر چاو گرتووه‌و ده‌كرێت له‌م ڕووه‌وه.. له‌زۆر ڕۆماننووسی دیكهجوێ بكرێته‌وه‌و زێده‌تر بخوێندرێته‌وه.
ناونیشانی ڕۆمانه‌كه
ده‌گه‌ڕێینه‌وه بۆ ناونیشانی ڕۆمانه‌كه”وێڵكهی یادهوهرییهگریمانكراوهكان” ده‌توانن سوود له‌واقیع و ناواقیع ببیننه‌وه كه‌پێشتر باسمانكرد، چونكه پێوه‌ندی به‌ناونیشانی ڕۆمانهكهوهههیه، “وێڵگه‌ی یادهوهرییهگریمانكراوهكان” خودی گرێ.. كهتهفسیرێكه بۆ ناوه‌ڕۆكی ڕۆمانه‌كه، له‌ڕاستیدا گه‌مژه‌كان نازانن حه‌قیقه‌تیش خه‌یاڵێكه تێده‌په‌ڕێ، به‌بۆچوونی من ئه‌و گرێ- یه به‌مه‌به‌ستی دركاندنی ئه‌مه‌یه:
ده‌كرێت ئه‌و ڕووداوانەی به‌یانی ده‌كه‌م گریمانكراو بن، له‌ڕاستیشدا حه‌قیقه‌تن و ڕەنگە تێکەڵ بەتێڕوانینی بینینم بن، یانیش هیچیان نین و تهفسیرێكی دیكه‌ی هه‌یه. ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ین فه‌رهاد تانجووری دووه‌م، به‌گومانه دووه‌م فه‌رهاد بێت، یاخود شه‌هرام.. یانیش ..فه‌رهاد تانجوریی یه‌كه‌م..فه‌رهاد تانجووری دووه‌م؛ پێچه‌وانه‌ی ڕه‌فتاری تانجووریی یه‌كه‌مه..ل138″وه‌ك خۆیشی ده‌لێت:
ڕهنگهئهوه من نه‌بم له‌ساته‌وه‌ختێكدا هه‌موو چوارده‌وری خۆم به‌و شێوه‌یه بێته‌پێش چاو و ئیدی له‌مه‌ولا نه‌توانم بچمهنێو وێڵگه‌ی یاده‌وه‌رییه گریمانكراوه‌كان-ه‌وه، تا نه‌توانم یادهوهرییهگریمانكراوهكانی خۆم وكه‌سانی تر بگێڕمه‌وه!
ئه‌نجامی ئه‌م وته‌یه ئه‌مه‌یه:
A- ئه‌وانه‌ی ده‌یگێرێته‌وه ته‌واو ڕاستن به‌ڵام به‌و جۆره ده‌یگێڕێته‌وه كه‌خۆی ده‌یه‌وێت یان ده‌یبینێت.
B- ئه‌وانه‌ی نه‌یگوتوون له‌باره‌ی ئهوانهوەو یانیش گومانی لێیان هه‌یه، ته‌نیا بینینن.
كهواتهڕووداوهڕاستهقینهكانی كه‌خۆی تێیدا به‌شداره گومانی لێده‌كات، كه‌چی گومانه‌كانیشی به‌ڕاستی راسته‌قینه دێته‌پێش چاو له‌ڕاستیدا ئه‌مه‌یه”فه‌لسه‌فه‌ی نه‌بینراوی بینین”.
ناوی كاره‌كته‌ر و شتی دیكه.
له‌ڕاستیدا به‌یه‌كێك لهپلهنێزیكهكان ئه‌وه‌ی وات لێده‌كات به‌رده‌وام بیت له‌گه‌ڵ خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمانێك، به‌ته‌نیا ناوی کاراکتێره‌کانی نێو ڕۆمانه‌كه‌ن، چونكه ئه‌گه‌ر ڕووداوێكی بێزاركه‌ر ته‌نانه‌ت بێماناش له‌نێو چیرۆكی ڕۆمانه‌كه دروست ببێت، ئه‌وا تێده‌په‌ڕێت، به‌ڵام ناوی کاراکتێره‌کان تا كۆتایی هاوڕێت ده‌بن، من بۆ خۆم چوار جار ڕۆمانی دڵێكی لاوازی دیستوفسكی-م خوێندووه‌ته‌وه و ئێستایش به‌ته‌واوه‌تی ناوی كاراكته‌ره‌كان نازانم، ته‌نانه‌ت له‌كاتی خوێندنه‌وه‌یدا پێم وابوو هه‌موو یه‌ك شتن و شۆره‌تی كه‌سایه‌تییانم تێكه‌ڵ ده‌كرد، خۆ ڕه‌نگه ئه‌وه هۆكار بووبێت بۆ تێنگه‌یشتن و ئاڵۆزبوونی كه‌ئه‌و ناوانه ڕوسین، لێ ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستی منه ئه‌مه‌یه له‌نێو كورددا، كه‌ده‌بێت داتاشینی ناوی نوێ به‌و جۆره‌بێت كه‌خوێنه‌ر بیانناسێته‌وه، جا ئه‌گه‌ر ناوێكی باویش بێت و له‌ناوی سرووشتی و داتاشراویی سرووشتییه‌وه وه‌رگیرابێت ده‌بێت له‌ڕووی دركاندن و مانا و گونجاندنی كه‌سێتیی کاراکتێرهكهوه گونجاو و شیاو بێت.
له‌باره‌ی ناوی كاراكته‌ره‌وه ده‌كرێت پێش هه‌موو شت بڵێین ، كه‌نووسه‌ر زۆر شاره‌زایانه و وه‌ستایانه كار له‌سه‌ر ناوی كاراكته‌ر-كه‌سایه‌تی نێو ڕۆمانه‌كانی ده‌كات، ئه‌م ڕۆمانەشی یه‌كه‌مین نمونه‌ی نییه، هه‌ر له‌ڕووی ئه‌و خاڵه گرنگه‌ی ڕۆمانه‌وه پێم وایه له‌نێو كورددا، وردبینی له‌هه‌ڵبژاردنی ناو بۆ كاراكته‌ر نهكراوهیان.. یان زۆر به‌كه‌می نووسه‌رانمان خۆیان پێوه‌سه‌رقاڵ كردووه، ده‌كرێت ته‌نها بڵێین: ” یوسف عزه‌دین، به‌ختیار عه‌لی، كاروان كاكه‌سوور…” بەپهنجهی ده‌ست هه‌ن كهگرنگییان به‌م خاڵهداوه.
“یوسف عزه‌دین” له‌ڕۆمانی “ماجه‌راكانی سه‌لمانی فارسی” دا ناوی شارێك ده‌هێنێت كه”ینامێلس”ه، ئه‌گه‌ر پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه بخوێنینه‌وه”سلێمانی”ده‌رده‌چێت و هه‌ر له‌و جۆره ناوه‌ی دروستی كردووه، كهكارامهیی نیشان ده‌دات شیعری “لافنا”یه كه‌ئه‌ویش پێچه‌وانه‌كه‌ی “انفال”ده‌رده‌چێت، ئه‌وه‌ی دركی پێده‌كرێت له‌ڕۆمانه‌كانی نووسه‌ردا، ئاڵۆز كردنی ناوی كه‌سایه‌تییه‌كانه، به‌ڵام به‌و جۆره‌ی كه‌حه‌ز بكه‌یت به‌دوایاندا بڕۆی، تا دۆزینه‌وه‌یان.. بۆ نمونه له‌م ڕۆمانه‌ی خستوومانه‌ته به‌ر خوێندنه‌وه، ده‌بینین فه‌رهاد تانجوریی یه‌كه‌م، فه‌رهاد تانجوریی دووه‌م، هه‌ریه‌كه‌یان ڕۆڵێك و كه‌سایه‌تییه‌كی هه‌یه، وه‌ك بووشرا كه‌سنه‌زانی ئاماژهبهناوی كاراكتێره‌كانی ڕۆمانی ماجه‌راكانی سه‌لمانی فارسی بنووس ده‌دات و ده‌ڵێت: له(ماجه‌راكانی سه‌لمانی فارسی)دا وه‌ك ڕۆمانێكی سه‌ر بهڕیالیزمی جادوویی، له‌گه‌ڵ هێنانی ناوه‌كانی” ساتیاسیا مه‌نسوری، سیاوڵهشارۆخی، سه‌یفه‌دینی چوچانی ) كه‌دوو ناوی كۆتایی كه‌سێتی ڕاگوزه‌ر و لاوه‌كین، ناوی سه‌ره‌كی سه‌لمانی فارسی دێت كه‌پانتایی ڕۆمان به‌و ڕووداوه ده‌گرێته‌وه، له‌ناوناندا نووسه‌ر زۆر جار و له‌زۆربه‌ی كاره‌كانیدا ڕه‌چاوی فۆنه‌تیكی ده‌كات و پیتی (س) وه‌ك پیتێكی دووباره‌بووه‌وه لهناوهكاندا سازاندنی تیا ده‌بینرێت له‌گه‌ڵ كاره‌كانی دیكه‌شیدا، ئه‌م ناوانه وه‌ك پرۆسه‌ی ناوی جادووی نییهكهلای به‌ختیار عه‌لی ده‌بینرێت. هه‌ر له‌و ڕۆمانه‌دا ناوی سه‌لمانی فارسی وه‌ك ناوێكی مێژووی ئاینی، كۆمه‌لێك كه‌سێتی بونیاد ده‌نێت. “سه‌لمانی فارسی یه‌كه‌م-سه‌لمانی فارسی مێژوو نووس-سه‌لمانی فارسی حه‌وته‌م-دوایه‌مین سه‌لمانی فارس) كهبهدهر له‌مانەش سهلمانێكی نه‌ناسراویش باس ده‌كات.
له‌نێو ئه‌م ڕۆمانه‌یشدا له‌سه‌ره‌تادا “شه‌هرام”ناوێك دێته‌ناو ڕۆمانه‌كه‌وه، كه‌سێكی بیانی و بازرگانه ل11، دواتر “شه‌هرام”ناوێکی تر كاره‌كته‌رێكه خوداناس و “شه‌هرام”ێكی دیكه‌ش به‌ته‌نیشت ئه‌مه‌وه جادووگه‌ر و ساحیره ل54-55، دیسانه‌وه كاره‌كته‌رێكی دیكه دێته خه‌ونی فه‌رهاد تانجوریی دووه‌م ئه‌ویش هه‌ر ناوی “شه‌هرام”ه ل116، هەروەها ناوی “شه‌هرام”ێكی دیكه دێتهپێشمان ل120، ئه‌مه‌و هیچ شههرامێكیشیان له‌یه‌كدی ناچن و هه‌ریه‌كه‌و بیروباوه‌ڕێكیان هه‌یه، ده‌بێت ئه‌وه‌ش بڵێن كه‌له‌نێو ڕۆمانه‌كه‌دا مامۆستایه‌كی به‌ته‌مه‌ن هه‌یه كهوتارێك بڵاو ده‌كاته‌وه‌و تیایدا ئاماژه‌به‌وه‌ده‌كات كه‌وا جگهلهشههرام ئه‌سفه‌هانی، هیچ شههرامێكی دیكه بوونی نییه، ده‌كرێت لێره‌دا وه‌ڵامی ئه‌وه‌مان ده‌ست بكه‌وێت كه‌بۆچی له‌زۆربه‌ی ڕۆمانه‌كانیدا نووسه‌ر به‌و جۆرهكار له‌ناوی ڕۆمانه‌كانیدا ده‌كات. بێگومان من زۆر هه‌وڵمدا هیچ جۆره ڕۆمانێكم به‌ر چاو نه‌كه‌وت كه‌وا هێنده گرنگی به‌ناو دابێت و به‌و جۆره خوێنه‌ر به‌ره‌و ئاقاری تێفكرین و زاخاوكردنی مێشك ببات، دیاره له‌كاتی خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمانه‌كه‌دا هه‌ست به‌وه‌ده‌كه‌یت كه‌وا ناوی شه‌هرام وه‌ك ناوێكی لابه‌لا هاتووه، لێ له‌به‌ره‌و ڕووچوونی ڕووداوه‌كاندا ئه‌وان هۆكاری سه‌ره‌كین، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دواجار ئه‌م ڕۆمانه له‌كه‌سێتی فه‌رهادی دووه‌م كهپاڵهوانی ڕۆمان و وه‌ك حیكایه‌ت خوانیش ده‌رده‌كه‌وێت له‌سه‌ره‌تادا ئه‌م وێنه‌یه بهرهبهرهكاڵ ده‌بێته‌وه‌و ژینا-ش وه‌ك كاراكتێرێكی سه‌ره‌كی ده‌رده‌كه‌وێت و دێتهڕێزهی ئه‌م.
هه‌ر سه‌باره‌ت به‌ناو.. خوێنه‌ر كاتێك هه‌واڵی كوشتنی “مه‌حوی” ده‌بیستێت، له‌لایه‌ن زارایستهكان-ه‌وه كهسهرچاوهو سه‌لماندنی كوشتنه‌كه‌شی ده‌ستنووسێكی كۆنه.. خوێنه‌ر تووشی شۆك ده‌كات. دوو هۆكار هه‌یه بۆ ئه‌و شۆكه‌ی باسی لێوه‌ده‌كه‌ین:
Aـ – كه‌سایه‌تی مه‌حوی شاعیر و كووشتنی
B – ناوێكی تازه”زارایستهكان” كه‌دروست كراوی خودی نووسه‌ره.
ده‌كرێت ئه‌م بهشهنووسینهی له‌باره‌ی ناوی مهحوییهوهپهیوهست بكه‌ین به‌به‌شی مه‌به‌ستگه‌رایی یه‌وه، به‌ڵام به‌بێ ته‌فسیری ئێمه!؟
جگه له‌مانه‌یش هه‌ندێ ناوی تر دێنه‌پێشه‌وه كه‌وا ده‌لاله‌تن بۆ سه‌لماندنی ئه‌و بیروباوه‌ڕه‌مان ” كه‌پێمان وایه ئه‌م ڕۆمانهبهدیوێكی دیكه‌یدا گێڕانه‌وه‌ی مێژووی شاری سلێمانی یه” هاتن و ده‌ركه‌وتنی ناوی “مێجه‌رسۆن”.. كه به‌میرزا ده‌ناسرێت ..ل 56 ، ناوهێنانی “شێخی سپی” كه‌مه‌به‌ست له”شێخ مه‌حمودی مه‌لیك” ل70-80 ، جگه‌له‌مه‌یش تیایدا ناوه‌كانی كه‌سایه‌تییه‌كان وه‌ك شێخ ڕه‌زای تاڵه‌بانی و هه‌روه‌ها ناوی خولهپیزهیش ده‌هێنێت .ل 60-62 .
سیزیف و فه‌رهاد تانجوری دووه‌م
“سیزیف” كهخوداكان بۆ سزادان تاشه‌به‌ردێكی گه‌وره‌ی پێدهبهنهسهر شاخێكی به‌رز و له‌وێشه‌وه تاشه‌به‌رد گل ده‌بێته‌وه بۆ سه‌ر زه‌وی و دووباره ئه‌م كارهئهنجام ده‌داته‌وه‌و دووباره… ئه‌مه سزادانێكی زۆر تاڵه، بێمانایه، پڕ و پووچه.. كه‌چی ئه‌لبێر كامۆ(1913-1960) ده‌ڵێت: “سیزیف خۆش به‌خته!” ڕه‌نگه سیزیفیش ئه‌م كار-سزادانه‌ی به‌لاوه په‌سه‌ند بێت كه‌وا ئه‌نجامی ده‌دات و بووه‌ته چاره‌نووسی، به‌ڵام هه‌رچی بێت بێمانایه.
فه‌رهاد تانجوری دووه‌میش كه‌له‌نێوان هه‌ندێك كار و گه‌ڕانی بێمانادا ده‌خولێته‌وه، به‌خته‌وه‌ره‌و نائومێدیش دێته‌پێش چاو، (له‌ڕاستیدا فه‌رهاد تانجوری له‌ڕێگه‌ی خۆش بهختییهكی نه‌بینراوه‌وه ده‌گاته نائومێدی-نائاسایی بوون، وه‌ك چۆن ده‌توانین بڵێین فه‌رهاد له‌نا ئومێدی و نا ئاسایی بوونه‌وه خۆش به‌ختی پێوه‌دیاره).
“پیرمه‌نسور”بۆ ئه‌و وه‌ك خوداوه‌ندێك ده‌بینرێت، به‌تێكدانی ماڵی خوداكه‌ی پووچی ژیان ڕوون ده‌بێت بۆی. ئیدی ئاسایی بوون له‌ودا بێمانایییه.. زه‌مه‌ن بۆ ئه‌و بێمانایییه. تاكهشتێک عیشقی ژینایه.. كه‌ئه‌ویش بهشێكهلهژیان یاخود ده‌لاله‌ته بۆ ژیان.
كه‌واته”سیزیف و فه‌رهاد” هه‌م له‌یه‌ك ده‌چن و هه‌میش ته‌واو پێچه‌وانه‌ی یه‌كترن. ئه‌م به‌بێڕێزی نواندنی، خوداكه‌ی سزای ده‌دات. ئه‌و به‌بێڕێزی نواندن به‌رامبه‌ر خوداكه‌ی؛ وه‌ك ئه‌وه‌یە سزای خۆی بده‌ن و ده‌بێته كه‌سێكی نائاسایی و خاڵێكی دیكه‌یش ئه‌وه‌یه سیزیف تێده‌گات ته‌نها په‌یوه‌ندییه‌ك كه‌ئه‌و له‌گه‌ڵ ئه‌م ژیانه‌دا پێوه‌ستی ده‌كات، عه‌شقی كچه لاوهكهیهتی، وه‌ك ئه‌وه‌ی فه‌رهاد به‌رانبه‌ر بهژینا تێیده‌گات.
سه‌رچاوه‌كان
1. ڕۆمانی وێڵگه‌ی یادهوهرییهگریمانكراوهكان/یوسف عزه‌دین/به‌ڕێوه‌به‌رێتی چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی سلێمانی/چاپی یه‌كه‌م 2009/چاپخانه‌ی شڤان/ژ.م سپاردن1809ی2009ی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری.
2. ڕێ‌نی دیكارت/ نووسین و ئاماده‌كردن و وه‌رگێڕانی,كاوهجهلال/ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م/چاپی یه‌كه‌م2008
3. دیوانی نالی/بڵاوكراوه‌ی كوردستان”انتشارات كردستان”/چاپی شه‌شه‌م / لێكۆڵینه‌وه‌و لێكدانه‌وه‌ی مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ڕڕیس و فاتیح عه‌بدولكه‌ریم(پیتچن و ڕێنووسی نوێ) / تكایهبڕوانهلاپهڕه194) و (هه‌ر له‌نێو ئه‌م دیوانه‌دا ده‌توانیت چامه‌كه‌ی سالمیش دوابه‌دوای چامه‌كه‌ی نالی ببینیت.
4. ئه‌فسانه‌ی سیزیف/ئه‌لبیر كامۆ/و هودا ئیبراهیم(فروزان) / چاپی یه‌كه‌م 2006 / چاپخانه‌ی هێمن”تكایهبڕوانهلاپهڕه189 و 191″
5. گۆڤاری هه‌نار/ژ.م 41/ناوی كاراكته‌ر له‌چیرۆك و ڕۆمانی پاش ڕاپه‌ڕیندا/بوشرا كه‌سنه‌زانی/تكایهبڕوانهلاپهڕه30-31
6. هونه‌ری ڕۆمان/ میلان كۆندێرا/ و,كه‌ریم په‌ڕه‌نگ/ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م/چاپی یه‌كه‌م ساڵی2008(بڕوانهلاپهڕه-127)
7. له‌باره‌ی ستاندال-هوهبابهتێك بوو ، له‌یه‌كێك له‌ژماره‌كانی “ئه‌ده‌ب و هونه‌ری” كوردستانی نوێ-دا به‌رچاوم كه‌وت … به‌داوای لێبوردن و به‌داخه‌وه ژماره‌و ناوی نووسهرهكهیم بیر نه‌ماوه.
8. دونیابینی و تێڕامانه‌كانی فه‌یله‌سوفێك /هه‌ڵبژارده‌یه‌ك له‌نووسراوه‌كانی ئارسه‌ر شۆپنهاوه‌ر/ و,سیدۆ داود عه‌لی/خانه‌ی چاپ و په‌خشی ڕێنما/ چاپه‌مه‌نی گه‌نج/چاپی یه‌كه‌م2009
9. ئه‌ده‌ب چییه؟/ژان پۆل سارته‌ر/ و,مسته‌فا غه‌فوور/ ده‌زگای توێژینه‌وه‌و بڵاوكردنه‌وه‌ی موكریان/ چاپی یه‌كه‌م 2009
10. خۆڵاصهی ته‌فسیری نامی / مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ڕڕیس / به‌رگی یه‌كه‌م / چاپی یه‌كه‌م / به‌غداد / ساڵی 2000/”تكایهبڕوانهسوڕهتی تهوبهلاپهڕه526″