دیار عومەر کاکە: بۆچی ئێستا کاتی خۆپیشاندانی فراوانی کوردی کەرکوکە؟
یاریکردن لەسەر هەڵەی دوژمن، یەکێکە لەو فاکتەرە گرنگانەی کە سیاسەتی لەسەر بونیاد ئەنرێت، هەروەها هەلێکی گرنگە ئەکرێت بقۆزرێتەوە تا دەسکەوتی گرنگی هەبێت، بۆ نمونە، دەسەڵاتدارانی شیعەی عێڕاق سەرکەوتوبون لەسەر یاریکردن لەهەڵەی ڕیفراندۆم، بۆیە توانیان بیقۆزنەوەو نزیکی نیوەی خاکی کوردستان داگیر بکەن بە پشتیوانی وڵاتە زلهێزەکان، بەڵام ئەگەر ئەو هەوڵەیان بدایە لە کاتێکی تر لەوانەیا بەو شێویە سەرکەوتو نەبونایە.
لە دوو ڕۆژی ڕابردودا خۆپیشاندانی عەرەبی سوننە لە کەرکوك دژی دانانی پارێزگارێکی کورد زۆر خراپ شکایەوە بەسەریان و هەڵەیەکی کوشندە بو، بەشێك لە بەشداربوانی خۆپیشاندانەکە بەعسی و سەدامی کۆن بون کە ناسروان لەو شارە، بە ئاشکرا لە خۆپیشاندانەکە ئەیان وت ئێمە بەعسی و سەدامین! بۆیە وەك خۆپیشاندانی بەعسی و سەدامیەکان ناسرا دژی پارێزگارێکی کورد.
ئیستا کاتی ئەوەیە کوردیش سیاسەت بکات و ئەم هەلە بقۆزنەوەو سود وەرگرن لە هەڵەی دوژمن، ئەوەش بە ئەنجامدانی خۆپیشاندانێکی فراون بە دروشمی” نا بۆ دوبارەبونەوەی حوکمی بەعس و سەدام و تەعریب”. ئەمە زۆر گرنگە لە چەند ڕویەکەوە:
١- ئەتوانرێت ئەو نامەیە بگەیەنێت بە دەسەڵاتدارانی شیعەی عێڕاق کە عەرەبی سوننەی کەرکوك زۆرینەیان بەعسی و سەدامین، لەوانەیا سۆزی چەند لایەنێکی شیعە رابکێشیت، بەتایبەتی موقتەدا سەدر وعەماڕ حەکیم و چەندەها لایەنی تر.
٢- پاڵپشتیەکی بەهێز ئەبێت بۆ پارێزگاری نوێی ئەو شارە کە لە ئەنجامی رێککەوتنی پارتی و یەکێتی دانراوە.
٣- هەڵسانەوەیەکی گرنگ ئەبێت بۆ کوردی ئەو شارە پاش شکستی ١٦ی ئۆکتۆبەر، هەروەها گەڕانەوەی هیوایە بۆ کوردی ئەو شارە.
٤- هەلێکە بۆ ڕێککەتون لەگەڵ تورکمان، بە پێدانی پۆستی سەرۆکی ئەنجومەن بۆ تورکمان و سزادانی عەرەبی سوننە بە تۆمەتی پاڵپشتیان بۆ بەعس و داعش، یا ناچارکردنیان بەڕازیبونیان بە پۆستی جێگری پارێزگار.