کاوسێن بابەکر: کورسی سەرۆکایەتی حکومەت کورسی سەرۆکایەتی پارتی بۆ مەسرور بارزانی مسۆگەردەکات؟
حکومەتێکی بەهێز، نەهێشتنی گەندەڵی، چارەسەری کێشەکانی بەغدا- هەولێر، چاکسازی، حوکمڕانیەکی باش.. ئەو دروشمانەن کەسەرۆکی حکومەت بەرزیکردونەوە. هەرچەند باسی گێڕانەوەی موچەخوراوەکانی فەرمانبەران و بەسیستەمکردنی دامودەزگاکانی حکومەتی نەکرد. بەڵام بەگشتی ئەو دروشمانە ئەگەر بەکردەوە جێبەجیبکرێن، ئەوحکومەتە جیاواز دەبێ و بە پێچەوانەی تانەو تەشەرەکانی هێندێک لەکادیرانی پارتی، کە گرنگیدانی پارتی بەکابینەی نۆیەم ڕەخنەدەکەن، میلادی حکومەتێکی نوێ دوور نابێ.
ڕەنگە ئەوانەی باش لەگرتنەدەستی مەسرور بارزانی بەستافێک، کە بژاردەی خۆیەتی باش ووردنەبوبنەوە هەر بەحکومەتێک لەریزی حکومەتەکانی تر ئەژماری بکەن. بەڵام ئەم حکومەتە بۆ مەسرور بارزانی جگە لە نمایشی هێزو دەرخستنی جیاوازیەکانی لەگەڵ حکومەتەکانی پێشوی ئامۆزاکەی، وەک ئەزمون و پراوەیەک بۆ بەدەستهێنانی کورسی دەستەڵاتی پارتی و جێگرەوەی مەسعودبارزانی باوکی شتێکی تر نییە. بەڕاستیش ئەگەر مەسرور بارزانی بتوانێ ئەو دروشمانەی بەرزیکردونەوە بەدیبێنێ و موچەخوراوەکانی موچەخۆران بەشێوەیەک لەشێوەکان بگێڕێتەوە، دەتوانێ حکومەتەکەی بەشاهیدی دۆست و دوژمن جیاواز پێشان بداو بەمەش کلیلی دەستەڵاتی سەرۆکایەتی پارتی بەدەستبێنێ و، بەیارمەتی باوکی و دەزگای پاراستن و ئاسایش، کە لە دەستی خۆیدایە لەسەر کورسی دەستەڵاتی گشتی پارتی دابنیشێ و بەمەش گرەو لەئامۆزاکەی دەباتەوە و، بێ ئومێدی دەکات لەگرتنەدەستی دەستەڵات لەجێگای مەسعود بارزانی مامی، ئەگەر خەیاڵێکی ئاوای لەسەردابێ.
لەگەڵ ئەمانەشدا پێموانیە ڕێگای بەردەم مەسرور بارزانی هەر گوڵ و گوڵزارە، بەڵکو بەهەمان ئەندازەش پڕە لەدڕک و داڵ. بەڵام وای بۆدەچم ئاسۆکەی ڕوونتر بێ لەوی دی.