جیهاد موحەمەد: هەڵە ستراتیژییە سیاسییەکان کوشندەیە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەڵەی ستراتیژیی، هەڵەیەکی کوشندەیە، دەبێت بە نەخۆشیەکی درێژخایەن، هەتا ژیانی سیاسیی ئەو حیزبە، یان ئەو بزووتنەوەیە، یان هەڵگرانی ئەو فەلسەفە و دیدگایە بمێنێت لە کۆڵیان نابێتەوە، وەک دەڵێن هەتا مردن لەگەڵ نەخۆشەکەدایە و نەخۆش ناتوانێت خۆی لێ ڕزگار بکات. هەڵەی تاکتیکیی، کە زۆر جار دەشێت ئەم هەڵەیەش کوشندە بێت، شکستهێنەر بێت، وەلێ ئاسانترە لە هەڵەی ستراتیژیی و دەتوانرێت لە قۆناغێکدا حیزبی هەڵەکار خۆی لێ دەربارز بکات. هەڵەی ستراتیژیی لە دەستدانی دەرفەت و بواری جێبەجێکردنی دیدگا و جیهانبینیە بەلسەفییەکانە، بۆ هەرچ حیزب و بزووتنەوەیەکی هەڵەکار. جگە لە لەدەستدانی دەرفەت و بوار و دەریچەکانی ڕزگاری و ئازادی و سەرفرازی چین، یان نەتەوەی چەوساوە، کە حیزب و بزووتنەوە هەڵەکارەکان هەڵگری ئەو دروشمانە بوون، لە پێناویاندا هاتوونەتە ئاراوە. جار هەبووە حیزبی هەڵەکار خاوەنی خەباتێکی دوورودرێژ بوون و بە مەلاین خەڵکی ستەمدیدەی چینە چەوساوەکان، یان نەتەوە چەوساوەکانیان کردووە بە سوتەمەنی خۆیان، بەڵام بە هەڵە ستراتیژییە سیاسییەکانیان، چ لە تیۆرییدا، یان لە پراکتیکیدا، هەرچییان کردووە و هەرچیان هۆنیوەتەوە و چنیویانە بە جارێک هەڵوەشێنراوتەوە و، هەموو خەڵکە ستەمدیدەکەش بوون بە ئاردی ناو دڕک و پەرت و پەرتەوازە بوون لە یەکتری. ئیتر ئەم دەردە کوشندەیە دەیان ساڵی خایاندوە و بێ متمانەیی و بێ باوەڕیەکی زۆر گەورە لە ناو خەڵکدا تەشەنەی کردووە، هەم بە ڕابەر و پێشەوا و حیزبە سیاسییەکان، هەم بە ئیرادەی خۆیان. ئەم بێ متمانەیی و بێ باوەڕیە تەنها خودی حیزبەکانی نەگرتووتەوە، بەڵکو درێژەی کێشاوە بۆ بێ متمانەبوون بە فەلسەفە و جیهانبینیەکەیان، بە ئایدۆلۆژییەکەیان، بەو بنەما تیۆریانەی کە لەسەری کاریان کردوە.
بۆ نموونە حیزبە ناسیۆنالستیەکانی کوردستان، جگە لەوەی خۆیان کرد بە ئامانج و مەسەلە نەتەوەییەکەیان کرد بە ئامڕاز بۆ خۆ دەوڵەمەندکردن و درێژەدان بە حوکمڕانییەکی هەتا بڵێی خراپ و نادادپەروەر و نایەکسان، کە ئەمە هەڵەیەکی ستراتیژیی گەورە بوو کردیان. جگە لەم هەڵە ستراتیژیە ئیداریی و سیاسییە، هەڵەیەکی ستراتیژیی سیاسیی گەورەتریان کرد، بە دانانی سەرۆکی حیزبەکانیان بە فریادڕەس و کاریزمایەک بە وێنەی “خواوەند” بۆ پەرستن. کاتێکیش کە سەرۆک و ڕابەرە فریادڕەسە خواوەندیەکەیان تووشی شکستی سیاسیی دەبێت، وەک مەلا مستەفای بارزان، یان تووشی مردن و نەخۆشی کوشندە دەبێت وەک جەلال تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا، ئیتر حیزبەکانیان تووشی شکستی گەورەی سیاسیی و ئیداری دەبن و خۆیان بۆ ڕاست ناکرێتەوە، ئاخر کە “خوا” مرد، لە نێوان خەلیفەکاندا بۆ مێراتگریی و جێگرەوە جەنگ بەرپا دەبێت. ئەم حیزبە ناسیۆنالیستانە، وەک پارتی و یەکێتی و لەم دوایانەشدا بزووتنەوەی گۆران جگە لە قسەکردن بۆ چاکسازی و هەوڵدانێکی بێ سوود بۆ گەڕانەوە بۆ حیزبێکی مەدەنی سیاسیی، بە هیچ جۆرێک ئەم قسەکردنانەیان بۆ ناکرێت بە پراکتیک و ناتوانن ڕزگاریان بێت لەو تەنگەژە سیاسی و فەسادیەی تووشی بوون. ئەوەتا نەک هەر ناتوانن دوای ئەو ئامانجە بکەون کە لە پێناویدا دروست بوون، بەڵکو خودی حیزبەکانیشیان تووشی گەندەڵی و دەستەگەریی و ناکۆکیی گەورە بوون لە نێوان خۆیاندا. هەرچ دەستە و گروپێکیان، هەرچ سەرکردە و کەسی دیاریان ناچار بۆ خۆ پاکردنەوە، کە ناتوانن خۆیان پاکبکەنەوە، دەستە و گروپەکانی تر و کەسەکانی تر تۆمەتبار دەکەن و دەستی چەوری خۆیان بەیەکتری دەسڕن.
حیزبە ناسیۆنالستیەکانی کوردستان، دوو دەیە و نیو زیاترە بەردەوام هەڵەی ستراتیژیی دەکەن، بەردەوام وازیان لەو ئامانجە هێناوە کە لە پێناویدا دروستبوون، خودی خۆیان و حیزبەکانیان بوون بە ئامانج، خەریکی خۆدەوڵەمەندکردنن. خۆ دەوڵەمەندکردن و گوێنەدان بە هیچ ڕەخنەیەکی خەڵک، وای لێکردن تووشی دەیان فەسادی ئیداری و سیاسیی و حیزیی بوون، خەڵکیان تووشی دەردیسەری کردووە، بە هەمان شێوەی خۆیان خەڵکیان تووشی فەساد کردووە، بە تایبەتی چینی بازرگانەکان و دەوڵەمەندەکان و کاسپکارانیان تووشی فەسادی کردووە. ئێستا وا خەریکە لەسەر دەوڵەمەند بوون و پێگە فەسادیە گەورەکەیان دەبێت بە شەڕ و ئاژاوەیان، هەرچ رۆژە و لە کەناڵێکەوە کەسێکی سەرکردە بە ئاشکرا دەردەکەوێت و دەیەوێت خۆی بکات بە فریادڕەسی حیزبەکەیان و خەڵکی کوردستان.
ئەم حیزبانە بە تایبەتی یەکێتی و پارتی ناتوانن هیچ جۆرە چاکسازییەک بکەن، ناتوانن ببن بە حیزبی مەدەنی و سەردەمیانە لەگەڵ دنیای سەردەمدا بڕۆنە پێشەوە. هەرچی دەیڵێن و دەیکەن هەمووی وەک بڵقی سەر ئاو دوای ماوەیەک فش دەبێتەوە.
یەک ڕاستی هەیە کە ئەتوانم بڵێم هەموو کەس لە کوردستاندا ئەگەر خۆی گێل نەکات دەیزانێت! ڕزگاربوون لە فەسادی ئیداری و حیزبیی و ماڵیی، ئەم حیزبانە بچووک دەکاتەوە و ئەم قەوارە گەورە زەبەلاحەیان نامێنێت، ئەمەشیان پێ قبووڵ ناکرێت، بۆیە ناتوانن خۆیان و حیزبە فاسیدەکانیان ڕاستبکەنەوە. ئەمان ناتوانن ئەم هەنگاوانە هەڵبنێن:
1- لە پێش هەموو فاسیدەکانی کوردستاندا، خۆیان بچنە بەردەم دادگایەکی عادیلانە و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت و پرسیاریان لێ بکرێت”ئەم دەوڵەمەندی و بزنسکاریی و بازرگانیەتیەت لە کوێوە هێنا؟”
2- دەست هەڵبگرن لە دەیان و سەدان پرۆژەی بازرگانێتی.
3- واز لە دەیان کەناڵی تەلەفزوێنی و ڕۆژنامەی ڕاستەوخۆ و سێبەر بهێنن.
4- واز لە دەیان هەزار موچەخۆری بندیوار بهێنن، کە بوون بە لەشکرێکی گەورە لە هەڵبژاردنەکاندا بەکاریان دەهێنن بۆ دەنگدان بەم حیزبانە.
5- دەستبەرداری فڕوفێڵی سیاسیی و ئەژنۆ شکاندنی یەکتری بن.
6- واز لە تێکەڵکردنی دەستی چەپەڵیان بهێنن لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر و عێراقدا.
7- درۆ نەکەن و ڕاستگۆیانە داوای لێبوردن بکەن لە خەڵکی کوردستان، هەرچیان هەیە لە پارەوپول و سەروەت و سامانی دزراو و قایمکراو لە ناو بانکەکانی ئەوروپا و دەوڵەتانی دەوروبەردا بگێڕنەوە بۆ خەڵکی کوردستان.
8- یاسا سەروەر بکەن و خۆشیان وەک هاوڵاتی ئاسایی یاسا بەسەریاندا جێبەجێ بکرێت.
9- لە هەڵبژاردنەکاندا ساختە نەکەن.
10- یاسای هەڵبژاردنەکان بگۆڕن بە یاسایەکی دیموکراتیانە.
11- باج و خەراج بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بخەنە سەر هەموو بازرگان و دەوڵەمەندەکان.
12- ژێرخانی ئابووری ببوژێنەوە.
13- دیموکراتی بن لەگەڵ هەموو هاوڵاتیاندا وەک یەک.
14- فەزڵی حیزبییەکانی خۆیان، یان سەرکردەکانی خۆیان نەدەن بەسەر خەڵکی تردا.
15- پاکسازی بکەن لە زیاتر 4000چوار هەزار ڕێکخراوی بەناو مەدەنیدا، کە لە سەدا 97ی ئەم ژماریە فاسیدە و هی خۆیانە.
16- کێشەکانیان لە گەڵ پەکەکە و حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتدا بە شێوەیەکی عەقڵانی و سیاسیانە چارەسەر بکەن.
پەروەردەیەکی دیموکراتی و نوێ دامەزرێنن کە بنەمای ئیدارە و حوکمڕانی و دیموکراتی پێشکەوتووە.
18- واز لە تووندووتیژی بهێنن.
19- دیموکراتیانە لەگەڵ خۆپیشاندەراندا مامەڵە بکەن.
20- لە خودی خۆیانەوە وەک سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی حیزبەکانیانەوە دەستپێبکەن بە چاکسازی و پاکسازی و لێپرسینەوە. ئەمەی ئەمان کردویانە لەماوەی حکومڕانیاندا، هەڵەی ستراتیژیی گەورەیە، خۆیان بۆ ڕاستناکرێتەوە، ناتوانن بۆ هەتا هەتایە خۆیان لەو نەخۆشییە کوشندەیە ڕزگار بکەن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت