ئارپاك سه‌رگه‌تی: به‌هاری ئازادی و هیوای جه‌ماوه‌ر.
له‌گه‌ڵ هاتنی به‌هار،هه‌موو خه‌ڵكی باشوور پێكه‌وه ئاماده بوون بۆ به‌رنگاربوونه‌وه‌ی زستانێكی سارد. ساردی و سه‌هۆڵبه‌ندانێكی درێژخایه‌ن باڵی به‌سه‌ر ژیاندا راكێشابوو. به‌ڵام خه‌ڵك و جه‌ماوه‌ر هه‌ستان به ده‌ستپێكی ژیانێكی نوێ. ژیانێك له تینی خۆر به هێزتر و ئاوابوونی درنگتر. بۆیه بڕیار ده‌ده‌ن به ڕاپه‌ڕینی سه‌رتاسه‌ری بۆ به‌دیهێنانی خه‌ونی چه‌ن هه‌زار ساڵه‌ی ئه‌م گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یه. دروست كردنی ده‌وڵه‌تێكی ئازاد و سه‌ربه‌خۆ و به هێز له سه‌ر خاكی باب و باپیران، به مه‌به‌ستی دابین كردنی ژیانێكی ئاسووده و ئارام بۆ نه‌وه‌كانی داهاتوو وه كۆتایی هێنان به بیرۆكه‌ی كوشتن و ڕاگواستن و گرتن و بردن و ئه‌تك كردن.
بووكی ئازادی به خۆشی و شادیه‌وه، بۆ شایی و زه‌ماوه‌ندێكی فراوان بانگهێشت كرا بۆ ئه‌وه‌ی كه هه‌وێنی ئه‌م خۆشی و شادیه بێت. هیواو ئومێد زیندوو ده‌بێته‌وه و ده‌ستی ڕه‌شی ده‌سه‌ڵاتداری سه‌ركوتكار له‌م خاكه پیرۆزه بنه‌بڕ ده‌كرێت. له به‌هاری ئازادی‌دا، هه‌موان سه‌رخۆش و دلخۆش بوون، چوون كاوه‌ی ئاسنگه‌ر له‌به‌رانبه‌ر زه‌حاكی (ئه‌ژده‌هاك) زه‌مانه به‌ره‌و سه‌ركه‌وتن هه‌نگاوی ده‌نا، هه‌موو نیشانه‌كان پێناسه‌ی ژیانیكی خۆش و ئارامیان ده‌كرد بۆ هه‌موو تاكێكی كورد له‌م وڵاته‌دا.
به‌ڵام زۆر به داخه‌وه ئه‌م خۆشیه درێژخایه‌ن نه‌بوو، هه‌وری ڕه‌ش ئاسمانی پاكی ئه‌م ولاته‌ی داپۆشیه‌وه. سه‌ر له نوێ خۆر له پشت چیاكانه‌وه به‌ره‌و ئاوابوون ده‌ڕۆیشت و تاریكی دووباره هه‌موو شه‌قام و كۆڵانه‌كانی داگرته‌وه. دووباره گرتن و كوشتن و ئه‌تك كردن له سه‌ر هه‌موو به‌رزایه‌ك و له‌سه‌ر هه‌موو سه‌كۆیه‌ك ده‌ستی پیكرده‌وه. پاسه‌وانانی رووناكی كه بڕیار بوو پارێزه‌رانی ژیانێكی ئاسووده بن، ده‌بنه به‌شێك له سوپای تاریكی و پێشێلكارانی یاسا. قۆرخ كاری و پاوانخوازی له هه‌موو بواره‌كاندا و به شێوازێكی نوێ و فراوانتر ده‌ستی پێكرد. بێ هیوایی و بێ ئومێدی وه‌كوو بایه‌قوژ له ئاسمانی ئه‌م وڵاته هێلانه ده‌كات و گرتووخانه‌كان پڕده‌بن له مۆمی ئازادی و گڵۆپی ڕووناكی له زانكۆكان ده‌كوژێنه‌وه. شه‌ق وه‌شێن و كوته‌ك به‌ده‌ست ڕابه‌رایه‌تی كاروانی به‌خته‌وه‌ری ده‌كه‌ن. په‌نا بردنه به‌رده‌م دادگا، كارێكی شێتانه ده‌بێت، چوون دادگاكان ده‌بنه موڵكی پێشێلكارانی یاسا. بۆیه له‌كه‌ش و هه‌وایه‌كی به‌م جۆره‌دا، شێعر نووستنی پێ خۆشتره، مۆمه‌كان ده‌كوژێنه‌وه و هه‌وره ڕشه‌كانی ئاسمانی ژیان فراونتر ده‌بن، زه‌حاك له تاودانی ئه‌سپی سه‌ركێش و كاوه له خه‌ونێكی درێژخایه‌نی زستانیدایه و نازانرێت كه ئایا ده‌بێت چاوه‌ڕوانی هه‌ستانه‌وه‌ی كاوه بین یان ڕاپه‌ڕینی به‌هار له به‌رانبه‌ر زستانێكی سارد یان هاتنی شنه‌ی به‌ره‌به‌یان بۆ لابردنی هه‌وره ڕه‌شه‌كان له ئاسمانی ئه‌م وڵاته.