ئارام هادی: بغداد وەک دوا دەرفەت.
٭ تۆ کە هەرێمێکی فیدراڵی و بەپێی دەستوور بەشێکی لە عیراق، هەم مافت هەیە و هەم ئەرک، ئەرک و مافەکانت چین، تا چەند ئەرکەکانت بەجێگەیاندوە و مافەکانت وەرگرتوە، ئەمە جێگەی گفتوگۆکردنە لەگەڵ بغداد.
٭ مادەی 140ی دەستوور، فرۆشتنی نەوت بەسەربەخۆ، ئیدارەدانی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان، بودجەی گشتی و پێشمەرگە، شێوازی چۆنیەتی دەسەڵاتەکانی هەرێم لەمەلەفی دەرەوە و چارەسەرکردنی خاڵە سنوریەکان و پاراستنیان، ئەمانە ئەو پرسانەن کە تائێستا بەهەڵواسراوی لەنێوان (هەولێر. بغداد)ماوەتەوە و چارەسەری بنەڕەتی بۆ نەدۆزراوەتەوە.
٭ تاچەند زەمینە سازی کراوە تا لایەنە سیاسیەکوردیەکان بە یەک ئاڕاستە لەگەڵ بغداد گفتوگۆی لەسەربکەن؟، کامەیە ئەو پاکێجە هاوبەشەی کە لایەنە کوردیەکان لەسەری کۆکن؟، تائێستا کوتلە کوردیەکانی پەرلەمانی عیراق نەیانتوانیوە ناوەندێکی هاوبەشی بڕیاردانیان هەبێت!!، وە نەیانتوانیوە کارنامەیەکی کاتیشیان هەبێت!!، لەهەمووی گەڕێ تاچەند کورد نیەت پاکی بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ بغداد نیشانداوە و ڕێگریەکانی بغداد کامانەن؟، کەس ئاگای لە وردەکاریەکەی نیە تەنها ئەوەنەبێت، لەدانیشتنەکانیاندا واهەست دەکەی دنیا شامی شەریفە و کەچی هیچ ڕێککەوتنێکی بەدوادانایەت!.
٭ حکومەتی هەرێم لە ڕابردوودا و لەسیاسەتی فرۆشتنی نەوت بەسەربەخۆ شکستی هێنا باجی دەرئەنجامە خراپەکانیشمان دا، لەئیدارەدانی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان ناکرێت تەنها کورد لەبەرچاو بگیرێت، چونکە ئەمەش تاقیکرایەوە و ئێستاش حاڵی ئەو شارە لەبەرچاوانە.
٭ بۆ کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان پێش ڕێککەوتن لەگەڵ بغداد پێویستی بە ڕێککەوتنی سیاسی و کۆمەڵایەتیە لەگەڵ (عرب و تورکمان)، تا بیان کەی بەشەریکی دەسەڵات لەشارەکەدا، بۆ کۆتایی هێنان بە قەیرانی دارایی پێش ڕێککەوتن لەگەڵ بغداد، هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی پەنجا ساڵەی (هەولێر و ئەنقەرە)یە، وەک چۆن پێش جێبەجێکردنی مادەی 140کارکردنە بۆ بە هەرێمکردنی کەرکوک، هاوشێوەی هەرێمی کوردستان با (هەرێمی کەرکوک)یش هەبێت، ئەمەش زیاتر پاڵ بە عیراقەوە دەنێت بۆ لامەرکەزی هەرێمەکان و هاوکات دەبێتە پاڵپشتی زیاتریش بۆ هەرێمی کوردستان.
٭ ئەو جا دروستکردنی ناوەندێکی بڕیار بۆ کوتلە کوردیەکانی پەرلەمانی عیراق و تیمی کورد لە کابینەی حکومەتی بغداد زۆر گرنگه، بەمەبەستی بڕیاردانی بەرپرسیارانە لەئاست ئەو پرسانەی ڕۆژانە دێتە بەردەمیان، ئەم ناوەندی بڕیارەش بەجۆرێک دەسەڵاتی پێبدرێت تا بەبێ گەڕانەوە بۆ لایەنە سیاسیەکانیان و بەپێی بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان توانای بڕیاردانیان هەبێت، نەک وەک یاسای هەڵبژاردنی پارێزگاکان لە دوا دەقیقەی پێش دانیشتنی پەرلەمان کوتلەی پارتی بە بڕیاری حزبەکەیان بایکۆتی دانیشتنەکەیانکرد.
٭ دواجار دروستکردنی ناوەندێک بۆ تیمی پەرلەمان و حکومەتی عیراق، لە کوتلە و بەرپرسە کوردیەکانی بغداد هاوکات بە هاوبەشی لەگەڵ حکومەتی هەرێم، دەتوانن ڕۆڵی ئیجابی ببینن لە چارەسەرکردنی کۆی کێشەکانی (هەولێر. بغداد).