نەوزادى موهەندیس: تاک چەندە ئازاد بێت هێندەش بەخشندە و داهێنەر دەبێت لە کۆمەڵگادا.
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی
ئاشکرایە کۆمەڵگا مرۆڤایەتیەکان لەچەندین چین و توێژى جیاواز پێکهاتوون و هەریەکەشیان بە ڕۆڵى خۆى هەڵدەستێت بە ئامانجى پێشکەوتن و گەشەپێدانى کۆمەڵگا لەڕێگەى داهێنان و بەخششەکانیەوە، جا هەر کۆمەڵگایەک خاوەنى تاک یان گروپ و دەستە و ڕێکخراوى پیشەیى یان دیموکراسى و مەدەنى چستوچالاک بێت و ئاشنا بێت بە ئەرک و مافەکانى و وەکو تاکێکیش ڕێز و شکۆمەندى بپارێزرێت و وەکو مرۆڤێکى خاوەن ئیڕادە لێیبڕوانرێت، ئەوا بەدڵنییایەوە هەمیشە هەنگاو بەرەوپێشەوە دەنێت و لەکۆمەڵگایەکى دواکەوتوو و هەژار و نەخوێندەوارەوە دەبێتە کۆمەڵگایەکى پێشکەوتوو و داهێنەر و گەشەکردو ئەوکاتیش وڵات ئاوەدان و کۆمەڵگاش خۆشگوزەران دەبێت.
بەهەمان شێوە هەرکات کۆمەڵگا مرۆڤایەتیەکان خاوەنى سیستەمێکى حوکمڕانى دیموکراسى بن کە تیایدا مافەکانى تاک و دەستە و کۆمەڵەکان پێشێل نەکرێن و ڕێزیان لێبگیرێت و هاوکارى و کارئاسانیشیان بۆ بکرێت و تەواوى ئازادیەکانیان بۆ فەراهەمبکرێت لەهەموو بوارەکانى سیاسى و ئابورى و کۆمەڵایەتى و ئەدەب و فەرهەنگ و توێژینەوە زانسیتیەکان و… هتد. بەدڵنیایەوە ئەو کۆمەڵگایە دەبێتە کۆمەڵگایەکى کراوە و ڕزگاربوو لەکۆتوبەندە باو و بەسەرچوەکان. چونکە دەسەڵات و جۆرى دەسەڵات و حومکڕانیەکان زۆر گرنگ و کاریگەرن لەسەر چۆنێتى بیرکردنەوە و هزرى مرۆڤەکان،جا لە سیستەمى حوکمڕانیە دیموکراسیەکاندا لەبەر ئەوەى تاک و گروپەکان پنتى سەرەکین لەبەرنامە و پلانى دەسەڵاتدا هەربۆیە تاکیش ڕۆڵى سەرەکى و میحوەرى هەیە و بەو پەڕى توانا و وزەکانیەوە کاردەکات هەریەک لەبوار و پسپۆڕى و شارەزایى خۆیداو هەربۆیەش ئەو کۆمەڵگایانە کۆمەڵگایەکى بەرهەمهێننن نەک بەرخۆر و بەکاربەربن،بەپێچەوانەشەوە لە سیستەمە شمولى و داخراو و توتالیتارى و تاکڕەوەکاندا چونکە تەنها سەرکردە و حیزب و بڕیاردەر و پلاندانەر و جێبەجێکەریشن و هیچ مەودا و مانایەکیان نەهێشتۆتەوە بۆ تاک و گروپەکان، هەربۆیەش هەمیشە کۆمەڵگایەکى دواکەوتوو و پێشنەکەوتون،چونکە کۆمەڵگا بەتەنها بە دەستەبژێرێکى بچوکى ئاینى یان بنەماڵەیى یان ئەرستۆکراتى ناچێتە ڕێوە بەڵکو پێویستى بەتوان و وزەى هەموان هەیە.
جا هەرکات تاک ئازادبوو ئەوا ئازادانەش بیردەکاتەوەو ئازادانەش داهێنان دەکات و بەهەمان شێوەش ئینتیماشى بۆ وڵات و کۆمەڵگاش تۆخدەبێتەوە و هیچ ئینتیمایەکیشى بۆ سەرکردە و حیزبە سیاسیەکان نامێنێت و ناچێتە چوارچێوەیەکى تەسکى بەرژەوەندى کۆمەڵێک یان کەسان و بنەماڵەیەکى دیاریکراوەوە کە تەنها بۆ بەرژەوەندى خۆیان بەکاریى بهێنن،تاک هەرکات ئازاد بوو ئازادانەش دەبێتە خاوەن بڕیار و کەسایەتى سەربەخۆى خۆى و ملکەچى هیچ داب و نەریت و بڕیارە هەڵەى سیاسیەکان نابێت و نابێتە ڕۆبۆتێک کە کۆنتڕۆڵەکەى بەدەست کەسانى ترەوە بێت و لەدوورەوە هەڵیبسوڕێنن. هەر لەبەر گرنگى ڕۆڵ و کاریگەرى تاکە لە کۆمەڵگادا، کۆمەڵگا پێشکەوتوەکانى ئەوروپا و ئەمریکا و دیموکراسیخوازەکانى دونیا هەموانیان فەلسەفە و ڕێبازى تاکگەراییان پیادەکردوە لە پێکەوەنانى کۆمەڵگاکانیاندا، چونکە بە ئەزمونى ڕۆژگار ئەو ڕاستییەیان بۆ دەرکەوتوە کە چەندە تاکەکان ئازاد و سەربەست بن ئەوەندەش دەبنە خاوەنى داهێنان و ئەنجامیش وڵات و کۆمەڵگاش پێشکەوتوو و گەشەکردوو دەبێت.
لە قۆناغى ئێستاو ئەم سەردەمەشدا،پنتێکى ترى تاکگەرایى لەپاڵ ئازادى و دەسەڵاتدا بریتیە لەڕێزگرتن لە ژینگە و پاراستنى و پاکوخاوێن ڕاگرتنى و هەوڵى نەشێواندنى و فشار دروستکردنە بۆ سەر کۆمپانیاو وڵاتان و کارگە بەرهەمهێنەکان بۆ کەمکردنەوەى بڕى گازە ژەهراویەکان و هەوڵدانە بۆ زیاتر ڕۆشنبیرکردنى تاکەکانە بەرامبەر ژینگە، چونکە بەبێ ژینگەیەکى پاکوخاوێن تاکێکى ساغڵەم و تەندروست دروستنابێت و بەبێ ژینگەیەکى سەوز و ئاوهەوایەکى پاکژ تاکێکێکى داهێنەر و بەخشندە و بیر ئازاد پێکەوەنانرێت،بۆیە سەردەمى ئێستا سەردەمى گرنگیدانە بەژینگە،و زەویش وەکو ماڵێکى گەورەى هەموان لێى دەڕوانرێت و مافى بەسەر هەموانەوە هەیە بەبێ جیاوازى ڕەگەز و ڕەنگ و وڵات و کۆمەڵگاکان لەدواکەوتوو و دەوڵەمەندەکانەوە،جا هەرکات ژینگەى زەوى بەپاکژى مایەوە ئەوا تەمەن و تەندروستى تاکەکانیش درێژدەبن و بەخشش و داهێنانەکانیان بەردەوام دەبێت.
بۆیە هەموو تاکێکى کۆمەڵگا پێویستە ئەرکى نەتەوەیى و نیشتیمانى لە فەلسەفە و ڕێباز و دونیابینى تاکگەراییدا ببینێتەوە و خۆى بکاتە تاکێکى داهێنەر و بەخشندە و ئازاد بۆئەوەى بتوانێت باشترین خزمەت پێشکەش بە نەتەوەو نیشتیمان و کۆمەڵگا بکات،جا ئەم ئەرکى تۆخکردنەوە و کردنى بە ڕێبازى کارکردنى بیر و هزرى تاکگەراییە پێویستە لەسەر ئەستۆى هەموو تاک و گروپ و چین و توێژەکان بۆئەوەى هەموان پێکەوە و بەیەک تەکان و توانا کۆمەڵگایەکى خۆشگوزەران و یەکسان و دادپەروەرى بنیات بنێن، بەوهیوایەى تاکەکان کارى گەورە و داهێنانى زیاتر بکەن. چونکە تەنها سیاسى و سیاسەتمەداران و دەسەڵات و دەسەڵاتداران ناتوانن وڵات بەڕێوەبەرن و پێشیبخەن و حوکمڕانیەکى تەندروست و ساغڵەمیش بەرهەمبهێنن بەبێ هاوکارى چین و توێژ و کۆمەڵ و ڕێکراوە مەدەنى و دیموکراسییەکان و تاکە بەخشندە و چالاکەکانى ناو کۆمەڵگا.چونکە تاک بۆخۆى بەردى بناغەى پێکەوەنان و دروستکردن و بەرزکردنەوەى دیوارى پتەوى تەلارى کۆمەڵگایەکى پێشکەوتوو یەکسانخواز و دادپەروەرە.
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی
- بابەتەکانی تری نەوزادی موهەندیس
نەوزادی موھەندیس: سەرژمێری گشتی دانیشتوانی عێراق و ھەرێمی کوردستان، لەنێوان ترس و دڵەڕاوکێدا.!
-نەوزادی موھەندیس: پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا لە نێوان ڕاستگۆیی و فێڵ و فریوداندا.
-نەوزادی موھەندیس: سیناریۆکانی بەردەم پێکھێنانی کابینەی دەھەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان چین؟
- All Posts