كەمال محەمەد: ڕۆژئاوای كوردستان ململانێ لەپێناو مانەوەدا.
پێگەیشتنی ڕۆژئاوا و بڕینی مەودایەكی ئەوتۆ كرانەوەیەكی مەزن بوو بەڕووی ئەو پارچەیەی كوردستاندا، بینینی ڕۆڵێكی سەركەوتوانە لە بەرێوەبەرێتی و ڕێكخستنی پەیوەندییە سیاسی و دیبلۆماسییەكان نزیكی بەمەحاڵ بوونە بە جۆرێك كە چاوی چەندان وڵات و كەسایەتی سیاسی جیهانی بەلای خۆیدا ڕاكێشاوە، ئەوەی ئەو پرۆسەی بەرهەم هێنا خواستی زۆری رۆژئاواییەكان بو بۆ لیبڕاڵییەتی سیاسی و ئابوری و خۆبەرێوەبەری كوردان وەك نەتەوەیەكی لەمێژینەیی لە خاك و جوگرافیاكەیاندا، ژیانەوەی هەنوكەی ئەزمونی خۆرئاوا كاردانەوەی وڵاتانی بەدوای خۆیدا هێنا كە چۆن توانیویانە سەركەوتنێكی بێوێنە بەدەست بهێنن لەمیانەی ئەو سیستەمەی پێشكەشی ئەكەن تەواوی ئەم هەوڵانەش ململانێ بوە لەپیناوی دانپێدانان و ڕێزگرتنیان وەك گەلێكی خاوەن قوربانی و ئارەزومەند بۆ ژیانێكی شەرەفمەندانە كە بەهاكانی مرۆڤایەتی و كۆمەڵگایەكی دیموكراتی خاوەن خاكیان بۆ دەستەبەر بكرێت.
دانوستانەكانی ئەمریكا و توركیا بۆ دروستكرنی ناوچەی ئارام دوای چەن كۆبونەوەیەك هیچ ئەنجامێكی لێ نەكەوتەوە، ئەمریكا بە دانانی ناوچەیەكی ئارام بە درێژایی پێنج كیلۆمەتر و توركیاش بە دانانی نەوەد كیلۆمەتر هۆكاری پێكنەگەشتنی هەردو لایەنن لەسەر رۆژئاوای كوردستان و باكوری سوریا، ئێستا مۆدێلی دەولەتانی ناوچەكە بۆ هەژمونگەرایی بەمەبەستی بەدەستهێنانی كاریگەرییەكی گرنگ لە دنیا و ناوچەی رۆژهەڵات كەوتونەتە جوڵە، ململانێی نێوان بلۆكی ڕۆژهەڵات و رۆژئاوا ڕێگەی لەوە نەگرتوە كە نەخشەی سیاسی ناوچەكە وەك خۆی بمێنێتە، بەكارهێنان و هێرش كردنە سەر رۆژئاواش لەلایەن توركیاوە هەمان سیاسەتی وڵاتانی ناوچەكەیە، لەمبارەیەوە ئەمریكا هۆشداریئامێزی بە توركیا داوەو بەئاگای هێناوە لە مەترسی، كە ئەگەر هاتو هێرش بكاتە سەر كوردەكانی سوریا.
توركیا دەیەوێت لەكێشەی كورد و گەیشتن بە ناسیۆنالیزمی كوردی لە خۆرئاوا رزگاری ببێت، ناچار لەسەر ئەو بنەمایە سیاسەت و كردەوەكانی لەو خاڵەدا كۆئەكاتەوە كە چانسی نەتەوەیەكی كوردی بەگشتی و خۆسەری رۆژئاوا بەتایبەتی لەم قۆناغەدا كەم بێت، بۆیە ئەو ڕۆڵەی لە دیبلۆماسییەتی ڕۆژهەڵاتی ناویندا بۆ كوردان تاڕادەیەك بەڕەوا بینراوە بوە بە پیۆن و كارتێك لەبەردەمیدا كە هەوڵی دابڕان یان بێ بەشبونی كوردان لەو پەیوەندیانەدا بدات و چانسی چارەسەری كێشەكانی ئەمڕۆی كورد بەلاوازی بهێڵێتەوە. سەرباری ئەوەی خۆرئاوا خۆڕاگرییەكی بێ وێنەی ئەنجامدا بەرامبەر توركیای ئەندامی ناتۆ بەڵام بەهۆی هەڵكردنی گڵۆپی سەوزی روسییەوە بۆ توركیا عەفرین دوای نزیكەی دومانگ روبەروی لەدەست چون بویەوە، بێ گومان ئەمەش هۆكاری ئەو ڕێكەوتنە بو لەگەڵ روسیا بۆ كڕینی S400 لەلایەن توركیاوە ئاكامی هەمو ئەمانەش سەنگی هێز بو بەڕوی بلۆكی ڕۆژهەڵاتیدا كە روسیا ڕابەرێتی.
فشارەكانی ئەمڕۆكەی روسیا و چین بۆ سەر ئەمریكا ڕۆڵی ئەو وڵاتەی خستۆتە بارێكی لاوازییەوە ،ئێران و توركیا وەك دو هێزی كاریگەری ڕۆژهەڵاتی ناوین لەباوەشی روسیادان ئەوەی تەنها بەدەست ئەمریكاوە بێت لەناوچەكە كوردەكانە كە باشترین پاساوی مانەوەیەتی و هیچ پشتگیرییەكی دیكەی بەدەستەوە نەماوە بلۆكی روسی لە ئەفریقا و رۆژهەڵاتی ناوین بەرەو هەڵكشان هەنگاوئەنێت ئاماژەكان پێمان ئەڵێت: ڕەنگە بەرەو دەوڵەت _ نەتەوە بگەرێینەوە. چونكە هەرچییەك بێت هەمویان دەوڵەت _نەتەوەیان خستۆتە سەرو ئامانجە سیاسییەكانیانەوەو دورنییە نەتەوەی كودیش ببێتە قوربانی ئەو سیاسەتەیان بكەوێتە دۆخێكی نەرێنییەوە. روسیا دەیەوێت سیستەمی بەهێزبونی خۆی بخاتە ژێر گەرەنتییەوە بەرامبەر ئەمریكاو ئەوروپای رۆژئاوا بۆیە هەوڵی تەواوی خستنە ئامێزی توركیا و ئێران ئەدات و تارادەی سەركەوتنیش هەنگاوی بۆ هاویشتوە، ئەم رەوشە پیشانی ئەدات كە زەرورەتی رێكەوتنەكان دایكی بەرژەوەندی و داهێنانە سیاسی و ستراتیژییەكانی ناوچەكەو جیهان.
ئەمریكا لە پێناوی مانەوەی هەژمونی لە ناوچەكەدا لەهەوڵدایە دۆخی بەرجەستەبونی پەیوەندییەكانی لەگەڵ كوردەكان و توركیا هاوسەنگ بكات و بیپارێزێ بۆئەوەی جیابونەوەی زیاتری ئەمریكا بەسودی بلۆكی روسی پەرە نەسێنێت و نەبێتە هۆی كۆتایی هاتنی خۆی، بۆیە ئامادەی دروستكردنی ناوچەیەكی ئارامە بەهاوبەشی لەگەڵ توركیا بەدرێژایی دە كیلۆمەتر هەم بۆ ئەوەی كوردەكان پارێزراو بن هەمیش توركیا وەك هاوبەشییەك بێت بۆ مانەوەی لەگەڵیدا ئەمەش لەدواین لێدوانی وەزیری بەرگری ئەمریكا و ئیدارەی پێنتاگۆن جەختی لەسەر كراوەتەوە، بەشێوەیەكی گشتی ئەمریكا ستراتیژییەتێكی ڕوونی لە سوریادا نییە و شتێك بەناوی گوتار و كردەی یەكگرتوو نەماوە كاتێك هەڵسەنگاندن بۆ هەڵوێست و بڕیارەكانی پێنتاگۆن و كۆنگرێس و خودی ترامپیش بكەین جۆرێك لە شپرزەییان پێوە دیارە بەهۆی زۆری فشارەكانەوە، لەلایەكەوە دەیەوێت ئاساییشی ئیسرائیل بپارێزێ و كاریگەری ئێران لە ناوچەكە و سوریا كەم بكاتەوە لەلایەكی دیكەشەوە ئەیانەوێت كوردەكان پارێزراو بن وەك هاوپەیمانێكی هەرێمی، بەڵام لەهەمان كاتیشدا ئامادە نین جەنگی لەسەر بكەن، چونكە هەمیشە كورد وەك هێزێكی یەدەگی خۆبەخش بەكارهێنراوە بۆیە دورنییە لە كاتی دوركەوتنەوەی توركیا لە روسیا ستراتیژییەت و سیاسەتی ئەمریكا بەرامبەی نەگۆڕدرێت لەسەر حسابی كوردەكان، بەڵام لەژێر حوكمی توركیای ئەردۆغانی گۆڕینی وەها هاوكێشەیەك ئاسان نابێت. هەر ئەمەشە وایكردوە رۆژئاوا تاكە بنكەی پارێزراوی ئەمریكا بێت لە ئێستادا، بەڵام گۆڕانكارییەكان و رێكەوتنەكان لە داهاتودا ئاسان نابێت بزانین چی روئەدات.
پێویستی هەوڵەكانی كورد لەم دۆخەدا چییە؟
كوردەكان ئەتوان بەدو شێواز ململانێی ئەم قۆناغە بكەن لەپێناو مانەوەدا ،یەكەم بەگڕخستنی زیاتر و پێویستی پەیوەندی دیبلۆماسی و دوەمیش بەگڕخستنی جەماوەری چ لەناوەوە و دەرەوە بۆئەوەی فشار بۆسەر وڵاتانی ئەوروپا جوڵەو پاساوی بەشدارییان بهێنێتەوە ئاراوە، بۆئەوەی ڕۆڵ و هەڵوێستیان هەبێت، هەرچەندە چاوەڕوانیكردن لە هەڵوێستی ئەڵمانیا ئەستەمە بە هۆی بونی مەترسی توركەكانی ئەو وڵاتەوە، هەماهەنگی نێوخۆیی كورد و بەستنی كۆنگرەی نیشتمانی و نەتەوەیی پێویستییەكی گرنگە بۆ دەرباز كردنی دۆخی تەڵەزگەیی ئێستا بۆئەوەی خستنە ڕوی كێشەكان و ئەگەرەكانی چارەسەری تا دوا ڕادە ڕۆشنكەرەوە بێت.