سیستمی حوکمرانی باشووری کوردستان چییە و چۆنە؟
لێکدانەوەیەکی ئابووریی
سسیتمی حیزبیی باشوور [فئودالیزمی نوێ] یە و پەرلەمان دەسەلاتی شەشەمە!!
[ئەمەی خوارەوە تازە بەرچاوم کەوتەوە بریتییە لە بەشێکی چاوپێکەوتنێک کە لە تەمووزی 2009 دا پێش هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی، رۆژنامەنووسی زیرەک و جەربەزە و سەرۆکنووسەری ڕۆژنامەی [بۆچوون] کاک ئەسعەد عەلی لەگەلی کردم و لە رؤژنامەکەدا بلاوکرایەوە. پرسیارەکانی زیرەکانە بوون و ڕایکێشام باسی جۆری سیستمی حوکمرانیی باشوور بکەم لە روانگەیەکی ئابوورییەوە، کە باوەڕم وایە تا ئەوساش و ئێستاش ئەم جۆرە لێکدانەوە و ناساندنە ئابوورییەی دەسەلاتی مافیای حیزبیی نەکراوە. ئایا گەر سیستمێک بە شیوەیەکی زانستیی بابەتیی نەناسین و بنەما و پێکهاتەکانی و ڕەوشی بوون و کارکردنی تێنەگەین چۆن دەتوانین بیگۆرێن؟ تکایە بە وردی بیخویننەوە و بزانن فشەخانەی گۆڕان هیچی گۆڕی یان خۆشی بوو بە کلکێکی نەگریسی پیسی ئەم دەسەلاتە. جاوپیکەوتنەکە دوور و درێژە و بە دوو بەش بلاوکرایەوە . ئەمە تەنیا ئەو بەشەیە لە سەر سیستم]
================
دکتۆر كه‌مال میراوده‌لى كاندیی پۆستی سه‌رۆكایه‌تی هەرێم ده‌ڵێت، ئه‌و كارانه‌ی تا ئێستا به‌ناوی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمەوە كراوه سیستماتیك نییه، چونكه ئه‌گه‌ر سیستم بوونی هه‌بێ دەبێ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان به پێی یاسا و ده‌ستور بجوڵێنه‌وه، كه ئه‌مه‌ش تا ئێستا رووى نه‌داوه. دکتۆر كه‌مال میراوده‌لى له‌م دیداره‌دا هێما بۆ ئه‌وه ده‌كات، كه هه‌ندێك له كاندیده‌كانی تری پۆستی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم بۆ دژایه‌تی كردنی ئه‌و دروست كراون. دکتۆر كه‌مال میراوده‌لى سه‌ره‌ڕای ئه‌مه ئاماژه به‌وه ده‌كات، كه ده‌سه‌ڵاتی ئێستا ده‌سه‌ڵاتێكی فیودالی مۆدێرنه سه‌باره‌ت به په‌رله‌مان و كاره‌كانی ده‌ڵێت: هه‌ڵبژاردن په‌یمانێكی ئه‌خلاقییه و په‌یمانێكی مرۆییه، ده‌بێ نوێنه‌رى گه‌ل بن، ده‌بێ نوێنه‌رى ئاواته‌كانیان بن، ده‌بێ ئه‌و یاسایانه په‌سه‌ند بكه‌ن، به‌رژه‌وه‌ندی میللهتهكهیانی تێدایه، ده‌بێ چاودێرێكی ئازا و چالاكی حكومه‌ت و وه‌زاره‌ته‌كان بن به تایبه‌تی ده‌بێ له مه‌سه‌له‌ى بودجه و خه‌رجییه‌كاندا پارێزه‌رێكی راسته‌قینه‌ی هه‌ر تاكه دۆلارێكی ئه‌م میلله‌ته بن و بزانن ئه‌و دۆلاره بۆ هه‌ژاران یان مناڵانی ئه‌نفال، ئاوه‌دانكردنه‌وه، پێگه‌یاندنی نه‌وه‌ى نوێ ده‌چێت، به‌ڵام ئه‌وان ته‌نها مۆری ئه‌و یاسایانه ده‌كه‌ن، كه خزمه‌تی بنه‌ماڵه و فیۆداله مۆدێڕنه‌كان ده‌كات.
ئا: ئه‌سعه‌د عه‌لى
سەرۆکی خێڵ
به‌داخه‌وه سه‌رۆكی هه‌رێم وه‌ك سه‌رۆك خێڵ هه‌ڵسوكه‌وتی كردووه.
بۆچوون: ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت كاركردنی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم له ماوه‌ی رابردودا بخه‌ینه ناو رسته‌یه‌كه‌وه به مه‌به‌ستی پێناسه كردن له دیدێكی زانستی یانخود ئایدۆلۆژییه‌وه، ده‌توانین چۆن ناوی به‌رین و به چی پێناسه‌ی بكه‌ین؟
دکتۆر كه‌مال میراوده‌لى: من پاش ووردبوونه‌وه‌یه‌كی زۆر ده‌بێ ئه‌وه بڵێم، به‌داخه‌وه سه‌رۆكی هه‌رێم وه‌ك سه‌رۆك خێڵ هه‌ڵسوكه‌وتی كردووه.
هەرێم سسیتمی نییە ، سیستم بە بێ دەستوور دروست نابێت
بۆچوون: ئایا ئه‌و كارانه‌ى تا ئێستا دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم كردوویه‌تی، تۆ به نموونه‌یه‌ك له‌به‌رچاوی ده‌گرى بۆ ئه‌وه‌ى ره‌خنه‌ی لێبگریت و چاكسازی تێدا بكه‌یت یان ره‌تی بكه‌یته‌وه؟
د. كه‌مال میراوده‌لى: به گشتی ئه‌وه‌ى له رابردوودا هه‌بوه به‌شێك نه‌بووه له سیسته‌مێك، كه پێی ده‌گوترێت سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم. ئه‌گه‌ر سیسته‌م هه‌بێ پێویسته به‌پێی یاسا و ده‌ستورێك بجوڵێته‌وه، له‌به‌ر ئه‌مه و له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌ستور نه‌بووه جۆرێك بووه له تاكڕۆیی، ئۆتۆكراتی و نه‌بوونی هیچ به‌رپرسیارێتییه‌ك به‌رامبه‌ر به یاسا، ده‌ستور، په‌رله‌مان، ویژدان و میلله‌ت.
حوکمرانی کوردستان فیودالیزمی نوێ یە. پەرلەمان دەسەلاتی پێنجەمە یان شەشەم
فیودالیزمی نوێ
بۆچوون: دوو بۆچوون هه‌یه به‌رامبه‌ر به سیسته‌می حوكمڕانی له كوردستان له دیدی پێناسه كردنییه‌وه، یه‌ك ئه‌وه‌یه، كه پێی بگوترێت فیدراسیۆنی عه‌شیره‌ته‌كان و ئه‌وه‌ی تریش سیسته‌مێكی فیۆدالى، ده‌كرێ له‌م دیده‌وه سه‌یری سیسته‌مى حوكمڕانی له كوردستاندا بكرێت؟
دکتۆر كه‌مال میراوده‌لى: ده‌توانین بڵێین”فیودالیزمێكی نوێ”، به پێویستیشی ده‌زانم ئه‌مه شى بكه‌مه‌وه: له سیسته‌می ئێمه‌دا ئه‌وه‌ی پێی ده‌گوترێت په‌رله‌مان ده‌سه‌ڵاتى پێنجه‌مه.
ده‌سه‌ڵاتی یه‌كه‌م فیودالى گه‌وره‌یه که سه‌رۆکی دوو حیزبه‌کانن. ئه‌وان خاوه‌ن سه‌رمایه و ماڵیكی ناشه‌رعی بێژومارن، خاوه‌ن میلیشیان. ده‌توانن هه‌ر كه‌سیان بوێت دایمه‌زرێنن یان ده‌ریبكه‌ن، حه‌زیان له هه‌ر كوێیه‌كی ئه‌م كوردستانه و ئه‌م سێ پارێزگا نه‌گبه‌ته بوو ده‌توانن ده‌ستى به‌سه‌ردا بگرن. ده‌توانن بكوژن و ببڕن ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت به‌بێ ئه‌وه‌ى بچوكترین لێپرسینه‌وه‌یان به‌رامبه‌ر بكرێت هه‌روه‌ک له شه‌ڕی براکوژیدا به راسته‌وخۆ و دواییش به ناراسته‌وخۆ کردوویانه. ده‌توانن گه‌وره‌ترین كۆبوونه‌وه به كه‌مترین كات به‌ڕێوه‌به‌رن، ده‌توانن ئه‌ندام په‌رله‌مان لابه‌رن، حه‌زیان له هه‌ر سامانێكی سه‌رزه‌وی و بن زه‌وی بێت ده‌توانن له‌گه‌ڵ كۆمپانیا ده‌ره‌كییه‌كان ده‌ریبهێنن به‌بێ ئه‌وه‌ى كه‌س بزانێت. ده‌توانن هه‌ر چه‌شنه رێككه‌وتنێكی نهێنی و ئاشكرا له‌گه‌ڵ وڵاتاندا ببه‌ستن به‌بێ ئه‌وه‌ى په‌رله‌مان رۆڵى تێدا هه‌بێت و بۆچوونی وه‌ربگیرێت. ده‌توانن ده‌یان بڕیار بده‌ن به‌بێ ئه‌وه‌ی كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی بگرن و دوو رۆژنامه‌نوسى ئازا پرسیاریان لێبكه‌ن و قه‌ڵس نه‌بن و كۆنفڕانسه‌كه به‌جێ نه‌هێڵن.
دەسەلاتی بێ دۆکیومێنت
مرۆڤ له سه‌ره‌تای مێژووه‌وه دۆكیۆمێنتی هه‌بووه و له‌سه‌ر ئه‌شكه‌وت به زمانى وێنه نوسیوویانه چی‌یان كردووه، به‌ڵام ئه‌مان ئێستاكه‌ش ده‌یان كۆبوونه‌وه ده‌كه‌ن به‌بێ ئه‌وه‌ی پاش خۆیان دۆكیومێنت به‌جێ بهێڵن له كاتێكدا عێراق یه‌كه‌مین وڵاتى خاوه‌ن یاسا بووه، یاساى حهموڕابى. ئێستا ئه‌م ده‌سه‌ڵاته ره‌ها، فیۆداله، مۆدێڕنهى كورد هه‌مو شتێك ده‌كات به‌بێ ئه‌وه‌ی یه‌ك بست دیكیومێنت به‌جێ بهێڵیت. كۆبوونه‌وه‌كانى دوكان و سه‌رى ره‌ش هیچ دیكیومێنتێك پاش خۆیان به‌جێ ناهێڵن. وه‌ك دزێكی هه‌ره زیره‌ك، كه هه‌مو شتێك دەبێت، به‌ڵام شوێن په‌نجه‌ى خۆی ده‌سڕێته‌وه. بۆ نموونه له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو خوێنڕێژی و خزمهتكردنهی ئه‌مریكا، یه‌ك دۆکیومێنت بوونی نییه، كه بڵێت به‌رپرسیارێتی ئه‌مریكا به‌رامبه‌ر به كورد چییه، دۆكیومێنتێك، كه ده‌وڵه‌ت یان لایه‌نێكی سێیه‌می تێدا بێت یان په‌رله‌مان بڕیاری له‌سه‌ر دابێت، ته‌نها له مێشكی خودی تاڵه‌بانی و بارزانیدایه، كه له‌گه‌ڵ بۆش و دیك چینی و بریمه‌ر و خه‌لیلزاده و ئه‌وانه‌ی دواى ئه‌وانیش چۆن چۆنی ساخته و سه‌ودایان كردوه. ده‌چن بۆ ئێران ده‌ڵێن په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ ئێران باشه، ئه‌ی كوا به‌ڵگه؟ دێن بۆ ئه‌وروپا ده‌ڵێن ئه‌وروپامان له‌گه‌ڵه له‌كاتێكدا من ده‌زانم كاتێ سه‌رۆكی هه‌رێم هات بۆ له‌نده‌ن و دوو هه‌فته له‌وێ مایه‌وه و، به هیمه‌تی پاره و لۆبیش سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌ریتانیا ئاماده نه‌بوو بیبینێ. دواجار به‌ریتانییه‌كان خۆیان به ئه‌نقه‌ست چوون بۆ لایان و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا پێی گوتن ئێوه وڵاتێكن زۆر له عێراق دواكه‌وتوون، بێ ده‌ستور ، بێ یاسا، بێ مافپه‌روه‌ریی و پڕ له‌گه‌نده‌ڵى و هه‌مو شتێ ده‌خرێته ژێر پێ و خۆتان، خۆتانتان تووشی ئه‌م به‌زمه كرد و له پێشه‌وه ده‌بێ ماڵێ خۆتان چاک بکه‌ن و هه‌ر ده‌بێ گرفته‌کانی خۆتان له‌گه‌ڵ عێراق جارهسهرکهن.
دەسەڵاتی ڕەهای دوو زەلام
ده‌سه‌ڵاتى دووه‌میش، كۆى ئه‌و ده‌سه‌ڵاته ره‌هایه‌ی ئه‌و دوو سه‌ركرده‌یه‌یه، كه باوه‌ڕیان به هیچ که‌سێک و هێزێکی تر نییه بێجگه له بنه‌ماڵه‌كه‌ی خۆیان. واته ده‌سه‌ڵاتی دووه‌م ده‌سه‌ڵاتی بنه‌ماڵه‌یه به‌رجه‌سته‌کردن و به‌رده‌وامکردنی ده‌سه‌ڵاتی خۆیانه له بنه‌ماڵه‌که‌یاندا. سه‌رجه‌م هێز و ده‌سه‌ڵاته گه‌وره‌كانى پاش پۆسته‌كانی خۆیان به‌خشیوه به بنه‌ماڵه‌كه‌یان، ئه‌و هێزانه‌ی، كه زۆر سه‌ره‌كی و مه‌ترسیدارن وه‌ك ئاسایش، چه‌ك و پێشمه‌رگه له ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆیاندایه. سه‌رجه‌م سه‌رمایه و پاره‌كانی كوردستان لاى خۆیانه، ده‌یان كۆمپانیای ساخته‌یان هه‌یه، كه ته‌نها به ناو بوونیان هه‌یه بۆ پاره وه‌رگرتن، وه‌به‌رهێنان و پرۆژه‌کان هی ئه‌وانن. کۆنتراکته‌کان بۆ خۆیانن. فرۆشتنی قاچاغی نه‌وت گیرفانی بێ بنی ئه‌وان پر ده‌کات. ئه‌مه‌ش جیا له‌و پاره‌یه‌ی كه خۆیان دانیان پێدا ناوه و مانگانه هه‌ر یه‌كه له یه‌كێتی و پارتی 30 ملیۆن دۆلار وه‌رده‌گرن. من خۆم په‌یوه‌ندیم به ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی هه‌ر دوو حزبه‌كه‌وه کردووه ده‌ڵێن، هیچكامێكمان نازانین حزب چه‌نده پاره وه‌رده‌گرێت بێجگه له سه‌ركرده‌كان و له یه‌كێتیدا ته‌نها تاڵه‌بانی ده‌زانێت ئه‌و 30 ملیۆنه چی لێدێت و له پارتیشدا ته‌نها مه‌سعود بارزانی ده‌زانێت ئه‌و بڕه پاره‌یه چی لێدێت. ئه‌مه‌ش جگه له پاره‌كانی تر كه وه‌ریده‌گرن، بازرگان له خۆیانه، كۆمپانیای ساخته له خۆیانن.
به‌ڕێز تاڵه‌بانی له كۆنفرانسێكدا له ده‌ره‌وه گوتی، كوردستان چه‌ندین ملیاردێری تێدایه. به راستی من تووشی شۆك بووم. له لایه‌كی تره‌وه له رۆژنامه‌ی رووداو عه‌بدوڵا حاجی سه‌عید یاریده‌ده‌ری سكرتێری یه‌كێتی بۆ كاروباری بازرگانی ده‌ڵێت، هیچ پڕۆژه‌یه‌كی ئابوری به بێ بوونی ئه‌و سه‌ر ناگرێت. ده‌وری بنه‌ماڵه دروستکردنی بلیۆنێرهو ملیؤنێره شهریکهکانه له سه‌ر حیسابی خوێن و ماف و که‌رامه‌تی میلله‌ت و ئاوه‌دانکرنه‌وه‌ی کوردستان. له‌و لاشه‌وه له پارتی ئه‌وه‌ی ده‌بێته ئه‌ندامی ئه‌و حزبه له هه‌ر پله و پۆستێكدا ئه‌وه قبوڵ ده‌كات، كه ئه‌و كۆیله‌ى بنه‌ماڵه‌ى بارزانییه.
فیودالیزمی نوێ لە دەسەلاتی سەدەکانی نێوەند خراپترە
ده‌سه‌ڵاتى سێیه‌میش، كه به راستی ناكرێت پێی بگوترێ ده‌سه‌ڵاتی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاستش، فیودالیزمی مۆدێڕنه‌یه. بۆچی فیۆدالیزم ده‌بێ به مۆدێرنیزم، شتێكی دروست كردوه پێی ده‌گوترێ مه‌كته‌بی سیاسی. ده‌سه‌ڵات ده‌سه‌ڵات و حزبی بنه‌ماڵه‌یه ــ به‌داخه‌وه یه‌كێتی وانه‌بوو ئێستا وایلێهاتووه، هه‌ڵبه‌ت توێژێكی نه‌ك هه‌مووى ــ له دنیادا وایه، كه حزب له خواره‌وه بۆ سه‌ره‌وه دروست ده‌بێت و دواجار ده‌گاته ئه‌و بناغه رێكخراوه‌ییه، به‌ڵام لێره ده‌سه‌ڵاتی بنه‌ماڵه‌یه و له خوار خۆیه‌وه ناوه‌ندێكی به ناوی مه‌كته‌ب سیاسی دروست كردوه. مه‌كته‌ب سیاسییه‌كانی ئێستا كه‌سانی پیری په‌ككه‌وته‌ی، ئێكسپایه‌ری، دواكه‌وتوی سه‌رده‌می شاخ و عه‌سری حه‌جه‌ری و دهیناسۆڕین. ئه‌مانه باكیان نییه ته‌نها وه‌ك ده‌یناسۆڕه‌كان شت بگرن و ببه‌ن و بخۆن. به ناوى حیمایه‌وه له كه‌سوكاره‌كانی خۆیسن سوپا داده‌مه‌زرێنن، سه‌رچاوه‌ی ئابووری و زه‌وی و… داگیر ده‌كات و هیچ بهرپرسیارێتییهكیشی به‌رامبه‌ر به ده‌ستور و یاسا و میلله‌ت و ویژدان نییه، به‌ڵكو ته‌نها یه‌ك ئه‌رك و به‌رپرسیارێتی هه‌یه، كه سه‌ر نه‌وی بكات بۆ ده‌سه‌ڵاتی سه‌رووی خۆی. هیچ ئه‌ندامێكی مه‌كته‌ب سیاسی نییه وه‌ك كۆیله سه‌یری سه‌رووی خۆی نه‌كات. ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌شی جیا بوونه‌ته‌وه، وه‌ك عومه‌ری سه‌ید عه‌لى دوای جیا بوونه‌وه‌شی ده‌ڵێ”تاڵه‌بانی وه‌ك باوك سه‌یرمان بكه”، واته بۆ ئه‌وه جیا بووه‌ته‌وه، كه وه‌ك باوك سه‌یری نه‌كردوون، ئه‌مه‌ش یه‌عنی سه‌ركرده به‌رزه، ترۆپكه، ئاسمانه و خوایه، هه‌روه‌ها ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت، مادام ئه‌و ئه‌وه ده‌كات تۆش بۆ خوارووی خۆت چۆنی ببه و چۆن ده‌سه‌ڵات دهڕمێنیت بیڕمێنه.
حکومەت وەک دەسەلاتی چوارەم
دوای مه‌كته‌بی سیاسییه‌كانه‌وه ده‌سه‌ڵاتی چواره‌م دێت، كه حكومه‌ته. له هه‌موو وڵاتاندا ده‌بێ حكومه‌ت له ژێر چاودێرى په‌رله‌ماندا بێت، به‌ڵام لێره حكومه‌ت ده‌سه‌ڵاتی له په‌رله‌مان زیاتره. بۆچی ده‌سه‌ڵاتی زیاتره، یه‌كه‌م چونكه سه‌رۆكی حكومه‌ت له بنه‌ماڵه‌یه و ده‌بێ قودسییه‌تی بنه‌ماڵه و فیۆدالییهكه بپارێزن. دووه‌میش له‌به‌ر ئه‌وه‌یه، كه وه‌زیره‌كان راسته‌وخۆ پاره‌یان ده‌درێتێ خه‌رجی بكه‌ن، واته ده‌بنه كاتبی دارایی بنه‌ماڵه، له‌به‌ر ئه‌وه ده‌بێ ده‌سه‌ڵاتیان په‌یوه‌ست به بنه‌ماڵه‌وه بێت. بۆ نموونه چه‌ندین یاسا هه‌یه، كه چه‌ند ساڵێكه ده‌رچووه و نێردراوه بۆ حكومه‌ت، به‌ڵام تا ئێستا كاری پێنه‌كراوه و په‌رله‌مانیش ناتوانێ لێپرسینه‌وه له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی حكومه‌ت یان وه‌زیرێكدا بكات.
دەسەڵاتێکی سەیر و نامۆ پێی دەوترێ پەرلەمان
ئینجا دواى ئه‌مه‌ش ئه‌و ده‌سه‌ڵاته سه‌یر و نامۆیه له كوردستاندا دروست ده‌بێت، كه په‌رله‌مانه. گوایه به هه‌ڵبژاردن دروست كراوه، كه‌چی په‌رله‌مانێكی بێ هێز، بێ رۆح، دواكه‌وتو و بێ ویژدان و بێ به‌رپرسیارێتییه به‌رامبه‌ر به مرۆڤ و راستی. ئێستا سه‌رده‌می ته‌كنه‌لۆژیا و زانیارییه. بڕۆ له هه‌ر فه‌رهه‌نگ و قاموسێكدا بۆ وشه‌ی په‌رله‌مان ده‌گه‌ڕێی بگه‌ڕێ. په‌رله‌مان پێكهاتوه له كۆمه‌ڵێ مرۆڤی خاوه‌ن ویژدان و رۆشنبیرن، له لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه هه‌ڵبژێردراون، هه‌ڵبژاردن په‌یمانێكی ئه‌خلاقییه و په‌یمانێكی مرۆییه و، ده‌بێ نوێنه‌رى گه‌ل بن، ده‌بێ نوێنه‌رى ئاواته‌كانیان بن، دەبێ ئه‌و یاسایانه په‌سه‌ند بكه‌ن، به‌رژه‌وه‌ندی میللهتهكهیانی تێدایه، دەبێ چاودێرێكی ئازا و چالاكی حكومه‌ت و وه‌زاره‌ته‌كان بن به تایبه‌تی دەبێ له مه‌سه‌له‌ى بودجه و خه‌رجییه‌كاندا پارێزه‌رێكی راسته‌قینه‌ی هه‌ر تاكه دۆلارێكی ئه‌م میلله‌ته بن و بزانن ئه‌و دۆلاره بۆ هه‌ژاران یان مناڵانی ئه‌نفال، ئاوه‌دانكردنه‌وه، پێگه‌یاندنی نه‌وه‌ى نوێ ده‌چێت، به‌ڵام ئه‌وان ته‌نها مۆری ئه‌و یاسایانه ده‌كه‌ن، كه خزمه‌تی بنه‌ماڵه و فیۆداله مۆدێڕنه‌كان ده‌كات.
دەسەلاتی یەکەم دەولەتە ئیقلیمییەکان
به‌ڵام دەبێ ئه‌وه‌ش بزانین، كه له سه‌رووی ئه‌و دوو سهركردهشهوه ده‌سه‌ڵاتێكی تر هه‌یه، كه پێی ده‌گوترێت ریمۆت كۆنتڕۆڵ یان كۆنتڕۆڵ له رێی دووره‌وه [واتە دەسەلاتی دەولەتە ئیقلیمییەکان و دەزگا نهێنییەکانیان]، كه واته ده‌توانین بڵێین په‌رله‌مان ئێستاكه ده‌سه‌ڵاتی شه‌شه‌مه.
لە کۆیلایەتی زەوییەوە بۆ داگیرکاری فیودالی بنەمالەیی
به‌و پێیه‌ی په‌ره‌وه‌رده، هێزی چه‌كدار، پاره و سه‌روه‌ت و سامان له خزمه‌ت ئه‌و دوو سه‌ركرده و ئه‌و دوو بنه‌ماڵه‌یه‌دایه، چ له شیكاریی سۆسیۆلۆجیدا ده‌توانین ناوی كۆیلایه‌تی زه‌وی لێ بنێین، ئه‌م سیسته‌مه‌ش ئێستا له كوردستاندا بوونی هه‌یه، واته خاكه‌كه به‌سه‌ر چه‌ند به‌شدا دابه‌ش ده‌كه‌یت و كۆمه‌ڵێ خێزان داگیری ده‌كه‌ن و ده‌یكه‌نه سه‌رچاوه‌ی داهات و سه‌روه‌ت بۆ خۆی، به‌ڵام ئێستا وانییه بۆیه پێی ده‌گوترێت فیۆدالى نوێ. فیودالى كۆن زۆر پێشكه‌وتوتر بوو، چونكه كۆمه‌ڵێ جوتیاری زۆری به‌كار ده‌هێنا، ئامێری بۆ دابین ده‌كردن و فیری ده‌كردن بۆ ئه‌وه‌ی به‌روبومی كشتو‌كاڵى به‌رهه‌م بهێنن و به‌رهه‌مه‌كه‌ش بفرۆشن و ئینجا به هۆیه‌وه ده‌وڵه‌مه‌ند بن، به‌ڵام فیودالى نوێ ئه‌وه‌ی ناوێت، ته‌نها خاكه‌كه به‌ش به‌ش ده‌كاته‌وه بۆ خۆی، سه‌رمایه‌یه‌كی به‌لاشی له بودجه‌ی كوردستانه‌وه، له فرۆشتنی نه‌وت و له گومركه‌كانی كوردستانه‌وه بۆ دێت. هه‌موو ئه‌مانه ده‌چێته گیرفانی فیودالى مۆدێرن و بنه‌ماڵه‌كه‌ی. ئه‌م سهرمایەیانه گه‌لێ مه‌ترسیان بۆ سه‌رمان هه‌یه. هه‌ر بۆ ئه‌و سه‌رمایه‌یه گه‌نجی ئه‌م وڵاته‌یان ته‌فر و تونا كرد، جه‌یشی به‌عسیان هێنا بۆ پاره‌ی ئیبراهیم خه‌لیل، هێزى توركیایان هێنا بۆ پاره‌ی ئیبراهیم خه‌لیل، ئینجا وه‌ره پاره‌ی نه‌وت له‌گه‌ڵ داهاتی ئیبراهیم خه‌لیلدا به‌راورد بكه، كه ئه‌وه‌ی ئیبراهیم خه‌لیل زۆر كه‌متره له نه‌وته‌كه. جا خۆ ئه‌گه‌ر ئێستا هێزه‌كانی ئه‌مریكا و به‌ریتانیا نه‌بووایه‌ن و خه‌ڵكه‌كه‌ش شوكر ئێستا وشیاره و كونسولى وڵاتان لێره نهبووایهتن و كوردستان نه‌بووایه بە به‌شێك له جیهانی مودێرن، ئه‌مانه ئاماده‌ن سوپای هه‌ر وڵاتێك بێنن بۆ ئه‌وه‌ی سه‌روه‌تی خۆیان بپارێزن.
ئێستاش وه‌ك پێم ده‌گوترێت نه‌هاتومه‌ته‌وه بۆ ته‌حه‌دای كه‌سێك یان بۆ ئازایه‌تی نواندن. ئه‌مه پرۆسه‌یه‌كی دیموكراسییه ده‌مانه‌وێت به هه‌موو هێزێكی میلله‌ت ئه‌و پرۆسه‌یه سه‌ربخه‌ین و ده‌نگی میلله‌ت ببێته هێزێكی كاریگه‌ر، ببێته هێزێكی مۆدێرنی شارستانی، كه به‌رامبه‌ر ئه‌و فیوداله مۆدێرنانه بوه‌ستێته‌وه.
بازاری ئازاد مۆنۆپۆلی حیزبییە و بۆ قۆناغی ئێستا باش نییە
بۆچوون: ئه‌گه‌رچی ئه‌و پۆسته‌ی تۆ خۆتت بۆ كاندید كردوه پۆستی سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ت نییه بۆ ئه‌وه‌ی كابینه پێك بهێنی، به‌ڵام سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌توانی به چه‌ند مكانیزمێكهوه پرۆژه بخاته به‌رده‌م په‌رله‌مان و هه‌ندێ بڕیاری په‌سه‌ند كراویش ره‌ت بكاته‌وه، به‌ڵام به‌رنامه‌ی ئابووری تۆ بۆ كوردستان چییه؟ چونكه ئه‌و وتانه‌ی سه‌روه‌ت زۆربه‌یان به ته‌وه‌رێكی ئابووریدا ده‌سوڕایه‌وه.
د.كه‌مال میراوده‌لى: به رای من ئێستا باوی چه‌ند چه‌مكێكى ئایدۆلۆژی نه‌ماوه، كه له‌و دیده‌وه سه‌یری ئابووری بكه‌ین، به‌ڵێم لێره شتێك هه‌یه پێی ده‌گوترێت بازاڕی ئازاد، بۆیه به هیچ شێوه‌یه‌ك بازاڕی ئازاد بۆ ئێره ناشێت. بازاڕی ئازاد چه‌مكێكه له خزمه‌تی بازاڕی مۆنۆپۆلیدایه. واته ئازادی ده‌ست به‌سه‌ر گرتنی هه‌موو شتێك له لایه‌ن فیودال و حزبه‌كانه‌وه. بۆ وەستان بەرامبەر ئەمە، وه‌ك ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆكی هه‌رێمیش پێشنیاری یاسا ده‌كه‌ین. یاسا چه‌كێكی گه‌وره‌یه به ده‌سته‌وه. بۆیه مه‌سه‌له‌ى پاشه‌ڕۆژی میلله‌ت و ژیانیان ده‌بێته ئه‌ركێكی سه‌ره‌كی و ئه‌خلاقیم. له‌و روه‌شه‌وه من دوو ده‌سه‌ڵاتم هه‌یه، ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان و ده‌سه‌ڵاتى پێشنیار كردنى پرۆژه‌كان، مه‌به‌ستم پرۆژه‌ی ئابوارییه. یاسادانان ناوه‌ندی خۆی هه‌یه، به‌ڵام بۆ پێشنیار كردنی پرۆژه ئه‌وه په‌یوه‌ندی به سه‌روه‌ت و سامان و داهاتى كوردستانه‌وه هه‌یه و ئه‌مانه‌ش پێكه‌وه به‌ستراون.
سیستم هەیکەلی ئاژەلێکە داڵی تێهاڵاون
به‌ڵام كێشه ئێستا له سیستهمهكهدایه. ئێستا ئێمه ههیكهلهكهمان هه‌یه، به‌ڵام وه‌ك ئه‌وه وایه كه له دووره‌وه ئاژه‌ڵێك ده‌بینی، به‌ڵام كه ده‌ڕۆیته پێشه‌وه ده‌بینی ئاژه‌ڵەكه كه‌وتوه و چه‌ند داڵێك سه‌ری تێكردوه. كه گه‌ڕامه‌وه كوردستان به‌رپرسێك پێی گوتم ئه‌و كوردستانه‌مان وه‌ك كه‌لاكێك لێكردوه ئه‌وه‌ى ده‌نوكی درێژ بێت زیاتری لێده‌خوات. راسته ئێمه په‌رله‌مانمان هه‌یه، سه‌رۆكی هه‌رێم و حكومه‌تمان هه‌یه، پێشمه‌رگه و هێزی چه‌كدارمان هه‌یه، ده‌كرآ ده‌وڵه‌تی لێ دروست بكرێت، چه‌ندین جۆر حزبمان هه‌یه، ناوه‌ندی زانكۆ و كۆمه‌ڵگایه‌كی مه‌ده‌نی و میدیای ئازادمان هه‌یه، بازاڕ و په‌یوه‌ندی دیبلۆماسیمان له‌گه‌ڵ وڵاتاندا هه‌یه، جالییهیهكی به‌هێزمان هه‌یه، كه خه‌ڵكانی به توانا كاری تێدا ده‌كه‌ن و ناوه‌ندی ئاینییمان هه‌یه، سه‌رجه‌م وڵاتانی جیهانیش هه‌ر ئه‌مانه‌یان هه‌یه، به‌ڵام لاى ئێمه هیچیان ناوه‌ڕۆكیان نییه. وه‌ك ئه‌وه وایه كۆمه‌ڵێ قاپی زێڕین بهێنی بۆ میواندارێتی كردن، به‌ڵام ئه‌و قاپه زێڕینه لاى ئێمه پڕ كراوه له زبڵ. ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی كه حزب وه‌ك گه‌رایه‌كی پیس رژاوەتە ناو هه‌موو شتێك و ته‌نانه‌ت رێكخراوه‌كانی مەدەنیشەوە. ئه‌مڕۆ گه‌نجێكم بینی ده‌یگوت، ئه‌مانه دهرچنهوه تا چوار ساڵى تر زۆربه‌مان به جه‌ڵده ده‌مرین، واته كه‌سایه‌تی مرۆڤی كوردیان تا ئه‌و راده‌یه شكاندوه، نادادپهروهرییهكه گه‌یشتۆته لوتكه. خه‌ڵكی ده‌ڵێن وا سه‌یر مه‌كه كه هه‌موومان له‌ش و رواڵه‌تمان هه‌یه و ده‌گه‌ڕێین، به‌ڵكو له ناوه‌وه هه‌موومان داڕزاوین.
ئه‌و جۆره‌ی كه حزب رۆچووه‌ته ناو هه‌موو شتێكه‌وه، ئه‌م ده‌سه‌ڵاته فیوداله مۆدێڕنه، حزبی كردوه‌ته ئامێر و كهرەستهیهك، كه مرۆڤ بكاته كۆیله.. جاران كۆیله‌ى زه‌وی هه‌بوو، كه ته‌نها به نانه سك له سه‌ر زه‌وی كیڵگهكان كارى ده‌كرد و به‌رهه‌مه‌كه ده‌ڕۆشته خزمه‌تى فیودالهوه وه‌ك چۆن ئێستاش له هه‌ندێ وڵاتى وه‌ك پاكستان بوونی هه‌یه، كه منداڵه‌كه‌ى خۆیان به زنجیر ده‌به‌ستنه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵنه‌یه‌ت و كاره‌كه‌ی بكات. لێره‌ش سه‌یر ده‌كه‌ى فه‌رمانبه‌ر و مامۆستاى زانكۆت هه‌یه، به‌ڵام ئێستا ئه‌مان كۆیله‌ى مووچه‌ن له جیاتی كۆیله‌ى زه‌وی، ئه‌مه‌ش له كاتێكدایه، كه ده‌بوا موچه‌ی خودی تاڵه‌بانی و بارزانیش له په‌رله‌مان ده‌ستنیشان بكرابایە. ئه‌وان به مووچه داگیرت ده‌كه‌ن، سه‌رجه‌م ناوه‌نده‌كان قۆرخ ده‌كه‌ن، بۆ نموونه بڕۆ له په‌روه‌رده سه‌دان دكتۆرا و ماجسته‌ری حزبیان دروست كردوه، بۆیه زۆربه‌یان بۆشن و ته‌نها ده‌بنه عه‌بدی به‌رپرسێكی لق یان مه‌ڵبه‌ندی حزب.
سسیتمی یان کۆیلەبوون یان نانبڕین
ئێستاش سیسته‌مه‌كه‌مان بۆ ده‌ركه‌وت، واته تۆ كار بۆ من نه‌كه‌ی نانت ده‌بڕین. مرۆڤ بریتییه له دوو شت بیر و ژیان. بۆیه ئه‌مان ده‌ڵێن نابێ بیر بكه‌یته‌وه و مێشكت نابێ كار بكات ئه‌گینا نانت ده‌بڕین. به‌رای من ئه‌و جۆره كارانه و نان بڕین له كۆیلایه‌تی خراپتره. ئۆباما و ژنه‌كه‌ی هاتن بۆ به‌ریتانیا هه‌ردووكیان شانازیان به‌وه‌وه ده‌كرد ده‌گه‌ڕێنه‌وه سه‌ر خێزانێك، كه كۆیله بوون. ئه‌وان كۆیله بوون بۆچى شانازی پێوه ده‌كه‌ن؟ چونكه ئه‌وان ته‌نها كۆیله‌ى جه‌سته بوون و هه‌میشه بیریان ئازاد بووه و خه‌ونیان به ئازادییه‌وه ده‌بینی. بۆیه توانیان ئازاد بن و ئێستاش گه‌شتونه‌ته سه‌رۆكایه‌تی، به‌ڵێم لای ئێمه مامۆستاكانی زانكۆ، رۆشنبیران، نووسه‌ران و پارێزهرهكانمان كراونه‌ته كۆیله‌ى بیر و مێشك. جه‌سته‌یان كار ده‌كات، به‌ڵام مێشكیان سڕ كراوه، ناتوانێ و ناوێرێ بیر و رایه‌كی ئازاد ده‌رببڕێت ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی نانى نه‌بڕدرێت. به‌راستی ئه‌م سیسته‌مه ده‌كرآ بڵێین ته‌نها له چه‌ند وڵات‌دا ماوه وه‌ك لیبیا، سوریا و كۆریای باكور. به‌ڵام دیسانه‌وه ناتوانین به‌راوردی بكه‌ین، چونكه بۆ نمونه كوریای باكور سیسته‌مێكی تۆتالیتاری شمولییه، به‌ڵێم سیسته‌مێكه له‌سه‌ر زانست و ته‌كنه‌لۆژیا دانراوه و توانی ئه‌تۆم دروست بكات. ئه‌مانه‌ش سه‌رجه‌م تواناكه‌یان له‌وه‌دایه كۆمه‌ڵێ ده‌مانچه له كرواتیا بكڕن وه‌ك به‌رتیل بیده‌ن به خه‌ڵك بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگیان بۆ بده‌ن. ئه‌مه سه‌رجه‌م توانای پیشه‌سازیی و سهربازییهكهیانه، كه به‌كاری ده‌هێنن، كه‌واته جه‌هاله‌تى ئه‌مان له‌و په‌ڕی توانای خۆیدایه له هه‌مووی روویه‌كی وه‌ك كارگێڕی و به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت و….هتد. له سوریاش حزبی به‌عس هه‌یه و ترسی هه‌یه، به‌ڵام خه‌ڵك له بازاڕ كار ده‌كات و نه‌ڕۆشتوه بازاڕ بۆ خۆی قۆرخ بكات. به‌ڵام ئه‌و كاره‌ی ئه‌مان له رووى ترسه‌وه‌یه، ته‌نها بۆ مانه‌وه‌ی خۆی واده‌كات و هه‌ر ئه‌و ترسه‌ش ده‌یڕوخێنێ. من دوو ساڵ لهمهوپێش گوتم نه شۆڕش و ئینقیلاب دەبێ، نه سیستـێمێکت هه‌یه ، به‌ڵكو گه‌نده‌ڵى لە ناوەوە دەترزینێت و دهتڕوخێنێت.