بەهرۆز جەعفەر: کوردستان و باڵەکانی یەکێتی.
پرسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان پرسێکی مەترسیدارە، نەک تەنها بۆ یەکێتیەکان بەڵکو بۆ کوردستانیان بەگشتی، چونکە تەندروستی و نا- تەندروستی ژیانی هەر حیزبێک پەیوەستە بە سیاسەتی گشتی و بڕیاری سیاسیەوە لە هەر وڵاتێک، بەتایبەتی گرفتەکانی ناو یەکێتی کاتێکی زۆری خایاندو، زیاتر لە دە ساڵە بەردەوامن، لەبەرئەوە ئەم پرسە ماتریاڵی قسەکردنی ئێمەیە، جگە لەوەش تەنها یەکجار کاری حیزبیمان کرد « یەکێتی بوین» و ئەندامی دوا کۆنگرە 3 بوین.
ئێستا هەزۆرم پێ سەیرە!. ئێمە لە هەرێمی کوردستان پێکەوە بە هەر هەمومان هێشتا مەعلوم نییە بتوانین لەم گێژەنگە دونیایی و هەرێمایەتیەی هەڵی کردووە شتێکمان پێ ئەکرێ یان نە!؟. ئەمێنین یان نامێنین!. چ جای ئەوەی هەر حیزبەو لە ئاوازێک بخوێنێت و، لە ناو حیزبێکی وەک یەکێتیشدا گرفتەکانی وا تەشەنەی کردبێ لە چەندین باڵ و کوتلەدا خۆی نمایش بکا.!. کەواتە دۆخی ناو یەکێتی زیان بە پرۆسەی سیاسی لە کوردستان ئەگەیەنێت لە هەلومەرجێکی دژواری وەک ئەمڕۆی عێراق و ناوچەکە.
گەردەلولێکی سەرشێتانە هەڵیکردوە کە بە کاتژمێر گۆڕانکاری گەورە ڕووئەدات، کەچی کەسانێک لە لوتکەی بڕیاری سیاسی هیچ گوێیان لەم دونیایە نیەو، سەرمەستانە دوای تەکەتولات و بەشبەشێنەی ئیدارەی بەناو گشتی و… کەوتون. هەر زۆرم پێ سەیرە!. بە پێی زانستی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان هەرێمی کوردستان بە « یەکە- وحدة- Unit» هەژمار ناکرێت، واتە ئەدەواتی تەحلیل نیە. کەچی لەناو هەرێمەکەدا چەند حیزبێک هەیە، لەناویاندا یەکێ لە حیزبەکان بیست باڵ و بیست بەناو سەرکردەی هەلپەرست و بێ ئاگا خۆیان لێ بوەتە شێری دارستان و، وا ئەزانن سیستەمی هەرێمایەتی و دۆخی ناوچەکە لە سەر عارەبانەیەک دانراوەو، ئەوان پاڵێ ئەنەن.!.
عێراق کەوتۆتە لێواری ئافاتێکی ترسناکی مرۆیی و کۆمەڵایەتی و سیاسی، کوردستانیش کەوتۆتە بەردەم کۆمەڵە سیاسی و سەرکردەی وەها کە بە ساڵێکیش کتێبێ ناخوێننەوەو، یەکی پەنجا ماستاوچی و میدیاوانی ئەهلی درۆزن و فیتنەبازیان لەخۆیان ئاڵاندوە، لەهەندێ حاڵەتیشدا هەندێک خەڵکیان لەملاولاوە بەسەرا فەرزکراوە. بەدڵنیاییەوە لە دۆخێکی وادا بە خێرا بەستنی کۆنگرەیەکی بێ تەواوفوقی و بێ چەندوچون میکانیزمی چارەسەرییە، دوای ئەمەش لێپرسینەوە لەوانەی پێشو بکرێت.
جا بۆ ئەوەی ئەمانە « هیچ» ێتی خۆیان بۆ دەربکەوێت، ئەبێت وا سەیری خۆیان بکەن کە زیاتر 60٪ هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان باوەڕیان بە هیچ حیزبێ نیەو دەنگیان نەداوە، ئەو 40٪ پارتی دیموکراتی کوردستان خاوەنی 20٪ ە. ئەودواکەشی دەنگی نەوەی نوێ و بزوتنەوەی گۆڕان و حیزبە ئیسلامیەکانە، ئەگەر وردی بکەیتەوە یەکێتی نوێنەری دەنگی 5٪ ی خەڵکی کوردستان ـە. ئینجا ئەم 5٪ چەندی سەر بە باڵی کەرکوکیەکانەو، چەندی سەر بە باڵەکانی ماڵی مام جەلالەو، چەندی هی هاویدان و بەناو جافەکانەو… تادوایی؟!. ئێ ئەکرێ نەتەوەیەک دانیشێت چاوەڕێی فوڵانە نەخوێنەواری تەکەتولچی سەر بە فیسارە کەس بێت تا هەتایە.!؟. هەریەکەی چەند ملیارێکیان کۆکردۆتەوەو سەدەها کەسیشیان لەسەر سکی حکومەت لەدەوری خۆیان خانەنشین کردووە.
- Latest Posts by بەهرۆز جەعفەر
بەهرۆز جەعفەر: لەبارەی پاڵێوگە نایاساییەکانەوە.
-بەهرۆز جەعفەر: کورد یان ئەردۆگان دەرفەتیان زۆرترە؟
-بەهرۆز جەعفەر: ئایا ئیسرائیل بەڕاستیەتی؟
- All Posts