بەختیار شارەزوری و سەرکەوتی جیهاز: سیناریۆی پشتی پەردە لە نێوان (5) کیلۆمەتری و (30) کیلۆمەتری ئەمریکا و تورکیادا.
ئەگەر خەونی ئەردۆغان گەڕانەوە بێت بۆ هەوڵێکی مێژویی و، بیەوێ بەهۆی بۆشایی دەرکەوتنی داعشەوە و، بەهاری عەرەبیەوە، خەونە مێژوییەکەی ئەتاتورک جێ بەجێ بکات، ئەوا دەبێت پشتی پەردە بخوێنینەوە. ئەردۆغان دەیەوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا، کورد نەتوانی هیچ جوڵەیەک بە ئاقاری پێگەی نیشتمانی بونی بگات و. دەیەوێت کورد نەک هەر لە تورکیا، بەڵکو لە هەر چوار پارچەکە، لە بۆتەی سیاسەتی خۆیدا بتوێنێتەوەو، (خەونەکەی گەڕانەوەیە بۆ دەسەڵاتی عوسمانی). ئەگەر بمانەوێ لە ڕێککەوتنی نێوان ئەمریکا و تورکیا تێبگەین، کە هەدەسە دەیەوێت ناوچەی ئارام بە ڕێککەوتنی نێوان هەدەسە و تورکیا و ئەمریکا بێت و لە پێنج کیلۆمەتر زیاتر نەبێت و، ئەمریکاش دەیەوێت لە پێنج بۆ چواردە کیلۆمەتر زیاتر نەبێت و تورک دەیەوێ لە سی بۆ چل کیلۆمەتر بێت. ئەمانە تا ئێستا لە بازنەی ڕێککەوتنی دروستکردنی ناوچەی ئارام دەخولێتەوە. بەڵام نهێنی پشتی ئەم ڕێککەوتنە ئەوە نیە، کە لە میدیاکانەوە باس دەکرێت. چونکە ئێمە دەزانین تورک خۆی ئەگەرچی گوشار بکات کە پێشتر بە درێژایی 99 ساڵ کردویەتی هیچی پێناکرێت، بەڵکو لە دەرەوەی ئەم ڕوداوانە دەستەڵاتەکان دەجوڵێن، واتا ئەوەی تورک دەیڵێ مەرج نیە جێبەجێ بکرێت و، ئەوەشی کورد دەیڵێ مەرج نیە جێبەجی بکرێت. بەڵکو بەرژەوەندی وڵاتانی زل هێز و فرۆشتنی کارتەکانیان ڕۆڵ دەبنێت کە دەتوانین لەم چەند خاڵەدا ڕوونی بکەینەوە:
1- ئەمریکا لە چەند سەرێکەوە پێویستی بە تورکیایە و لەچەند سەرێکەوە شەڕی دەکات، بۆ نمونە پێویستی بە تورکیایە وەک کڕیار لە ڕوسیای دوربخاتەوە بەتایبەت دوای ساروخی بەرگری (S-400) و، پێویستی بەتورکیا وەک ڕێگەی گواستنەوە و، جیوپۆلەتیک و، ئابوری و، ئاوی شیرین و، بازرگانی و، پێگەی جیوپۆلەتیکی سەربازی و، جوگرافی. لەگەڵ ئەمەشدا دژیەتی لەبەر ئەوەی ڕێککەوتنی هەیە لەگەڵ چین، بۆ ڕێگەی ئاوریشمی و، یەکێکە لە کڕیارەکانی چەکی ڕوسی و، پاڵپشتی داعشی کردوە و، بنکەی ئەرجەلیک نەیهێشت بەکار بێنێ و، لە ناتۆ پابەند نیە بە بنەماکانی ڕێککەوتنەکانەوە و، کێشەی قەشە ئەمریکییەکە. هەمو ئەمانە وا دەکان ڕێککەوتن لە نێوان تورکیا و ئەمریکام کارت بێت بەرامبەر یەکتر وم دەیانەوێ لە خاڵێکدا بگەنە ڕێککەوتن.
2- تورکیا لە دیدگای بەرژەوەندی دووسەرەوە پەیوەندیە هەنوکەیی و، مێژوییەکانەوە دەڕوانێتە ئەم ناوچە ئارامە. بە پێچەوانەوە ئەمریکا کەیسی سەرەکی لەم ڕێککەوتنانەدا مەلەفی سوریا و حەلەب و، موسڵ و، کەرکوکە و، دواجار ئەمریکا ئامادە نابێت بچێتە ژێر باری داخوازیەکانی تورکیاوە. چونکە تورکیا خاڵی سەرپێچی زیاترە لە خاڵی هاوئاراستەیی لەگەڵ ئەمریکادا و، تا ئێستا لەژێر قەیدی ئەمریکادایە. بۆیە ئێمە وای دەبینین دواجار تورکیا ڕازی دەبێت بە مەرجەکانی ئەمریکا، چونکە ڕوسیاش پشتیوانی ئەمریکا دەکات لەبەرامبەر کارتی سوریا. واتا کارتی سوری ڕوسی لەبەرامبەر کارتی ئێرانی و عێراقی بۆ ئەمریکا.
3- ڕوسیا و ئەمریکا هاو ئاراستەن لە دروستکردنی سوریایەکی یەکگرتوی فیدڕاڵدا و کوردیش ڕازیە بەم مەرجە، بۆیە ئەمریکا کارێ ناکات حکومەتی ناوندی سوری پێی ڕازی نەبێت.
4- دواجار ئەمریکا بە شێوەیەکی کاڵ تر تورکیا بە خەتەر دەزانی وەک ئێران، بەوەی دژایەتیکردنی بۆ بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا لە هەڵکشان و داکشاندایە و جێگر نیە بەتایبەت دوای گەمارۆی زیرەکی ئەمریکا بۆ سەر ئێران.
5- کورد لەم نێوەندەدا دەکەوێتە سەر هێڵی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، باشترین کارتی بەهێزی دەستی ئەمریکایە و هیچ بەرژەوەندیەک گەورەتر نیە لەوەی کورد بەتەواوەتی بدات بە کارتێک، تەنها لە خراپترین حاڵەتدا بەشێکی دەدات وەک عەفرین.
6- ئەمریکا دەیەوێت عێراقێکی بەهێزی ناوەندی سەر بەخۆی و سعودیە بونیات بنێ، بۆیە کەیسی کەرکوک و موسڵ وەک خەتی سور وا دەبێت بۆ تورکیا.
دواجار ناوچەی ئارام دروست دەکرێت و تورکیا ڕازی دەبێت بەوەی ئەمریکا و ڕوسیا لە بەرژەوەندیاندایە بەتایبەت لە ڕێککەوتنی ئەستانە، ڕوس وتی: بەدوای بەرژەوەندیاندا دەگەڕین لە سوریا، هەرچی ئەمریکایە دەیەوێت تورکیا بە مەرجەکانی خۆی ڕازی بکات. بۆ تورکیا دیسان هەمان مێژو دووبارە دەبێتەوە کە خەونی 99 ساڵەی پێش ئێستای ئەتاتورک بوە، ناتوانی خەونەکەی بهێنێتە دی، لەهەر چوار ناوچە ئارامەکە. دەکرێت چەند خواستێکی بێتە دی، بەڵام بە گشتی ناتوانێ.