ئارام هادی: ئه‌ردۆغان به‌پشتیوانی كێ واده‌كات؟
ئه‌ردۆغان به هه‌ر نرخێك بوو ده‌یویست له‌ژێرناوی دروستكردنی (ناوچه‌ی ئارام) ته‌واوی ڕۆژئاوای كوردستان داگیربكات، به‌ڵام ئه‌مریكیه‌كان ڕێگه‌یان پێنه‌دا و خواستی ئه‌ردۆغان نه‌هاته‌دی، له‌به‌رامبه‌ردا پێده‌چێت ئه‌مریكیه‌كان پاڵپشتی له ئه‌ردۆغان بكه‌ن له‌و (كوده‌تا سپی)یه‌ی كه له‌دوێنێوه ده‌ستی پێكردوه، به‌لادانی سه‌رۆك شاره‌وانیه‌كانی (ئامه‌د. وان. ماردین) و دانانی (سه‌پێنه‌ر) له‌جێگه‌یان، له‌م باره‌شه‌وه جه‌هه‌په‌ش نه‌یشارده‌وه كه ترسیان هه‌یه هه‌مان سیاسه‌ت له‌سه‌ر سه‌رۆك شاره‌وانیه‌كانی ئه‌وانیش له (ئه‌سته‌نبوڵ. ئه‌نقه‌ره)جێبه‌جێبكرێت.
بۆ هه‌رێمی كوردستانیش واریده توركیا له داهاتویه‌كی نزیكدا فراوانتر له ڕابردوو له هێرشه‌كانی به‌رده‌وام بێت بۆ سه‌ر قه‌ندیل و ده‌ستوه‌ردانی زه‌قتریش له كار و باری ئیداری هه‌رێمی كوردستاندا بكات و ڕێگریش بێت له ڕێككه‌وتنی نێوان (هه‌ولێر. بغداد) له‌سه‌ر نه‌وت و بودجه و موچه.
گۆڕانكاریه‌كانی ئه‌م ناوچه‌یه هه‌موویان وه‌ك ئه‌ڵقه‌ی یه‌ك له‌دوای یه‌ك و پێكه‌وه به‌ستراون و په‌یوه‌ندیان به‌یه‌كه‌وه هه‌یه، هاوكاریكردنی ڕووسه‌كان بۆ به‌شار ئه‌سه‌د له گرتنه‌وه‌ی شاری (خان شێخون) و ده‌ركردنی سوپای توركیا و گروپه‌كه تیرۆرستیه‌كانی سه‌ربه توركیا، كاردانه‌وه‌ی سیاسه‌تی پوتینه له ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین به‌رامبه‌ر به‌و ڕێككه‌وتنه‌ی (ئه‌مریكا و توركیا) له‌سه‌ر ناوچه‌ی ئارام له‌ڕۆژئاوای كوردستان!.
ئه‌ردۆغان له‌ناوخۆی توركیا به پاڵپشتی (ئیسلامیه توند ڕه‌وه‌كان و نه‌ته‌وه‌په‌رسته‌كان) هه‌ركارێك ده‌كات كه پێی خۆش بێت، بۆئه‌مه‌ش ئیسلامیه توندڕه‌وه‌كانی له ده‌وری خۆی كۆكردۆته‌وه و هه‌رچی نه‌ته‌وه پهرستهكانیشه له‌ڕێگه‌ی هاوپه‌یمانێتی (مه‌هه‌په)وه پاڵپشتیانی بۆخۆی مسه‌وگه‌ر كردوه.
له‌سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌شیدا (ئه‌مریكا. ڕوسیا) به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی خۆیان پاڵپشتی لێده‌كه‌ن، هه‌رچی په‌یوه‌ندی به ئه‌وروپاشه‌وه هه‌یه جگه له به‌ریتانیا، ئه‌ردۆغان حساب بۆ هیچ وڵاتێكیان ناكات به (ئه‌ڵمانیا و فه‌ڕه‌نسا)شه‌وه.
كورد وه‌ك ڕابردوو له‌ناو گفتوگۆكاندا نیه، خه‌تای سه‌ره‌كیش خودی كورد خۆیه‌تی كه تائێستاش نه‌یتوانیوه نوێنه‌رێكی هه‌ڵبژێردراوی سه‌رجه‌م لایه‌نه سیاسیه‌كانی هه‌رچوار پارچه‌ی كوردستانی هه‌بێت، بۆ گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ وڵاتانی ناوچه‌كه و جیهان سه‌باره‌ت به پرسه چاره‌نوس سازه‌كان، هه‌ر ئه‌مه‌شه تائێستا كوردی له یاریه لۆكاڵیه‌كان هێشتۆته‌وه و شه‌ڕه له‌سه‌ر دانانی پارێزگارێك، گه‌ر كورد خۆی كۆنه‌كاته‌وه و له ده‌وری پرۆژه‌یه‌كی هاوبه‌شی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی خۆی ڕێكنهخات، مه‌ترسی ئه‌وه‌ش هه‌یه له ئاینده‌دا ئه‌و ده‌سه‌ڵاته لۆكاڵیهش له كورد وه‌ربگرنه‌وه به‌تایبه‌ت له هه‌رێمی كوردستاندا.
سه‌رباری ئه‌مانه‌ش، ئاستی ناڕه‌زایی له‌به‌رامبه‌ر سیاسه‌تی سه‌رده‌ستی توركیا له‌مه‌ڕ ناوچه‌كه، تادێت له‌ناو هه‌ناوی توركیاوه به‌رزتر و به‌هێزتر ده‌بێت، ئێستا سیان له به‌رپرسه كاریگه‌ر و به‌تواناكانی پێشوی حزبه‌كه‌ی ئه‌ردۆغان به‌په‌له له‌سه‌ر لادانی سه‌رۆك شاره‌وانیه‌كان ڕه‌خنه‌ی توندیان له ئه‌ردۆغان گرت، هاوكات جهههپهییهكانش سه‌رباری ڕه‌خنه‌كانیان له ئه‌ردۆغان به هه‌ستیاریه‌وه له دۆخه‌كه ده‌ڕوانن، به‌ڵام پێناچێت به‌م زوانه هێزی ئه‌وه‌یان هه‌بێت كه ستۆپ به ئه‌ردۆغان بكه‌ن.
جیهان به‌گشتی و ئه‌م ناوچه‌یه به‌تایبه‌تی، خۆی له خولێكی تری شه‌ڕی قورسی درێژخایه‌نی هێزه ناوچه‌یی و جیهانیه‌كان ده‌بینێته‌وه و له‌به‌ر ده‌رگامانه، ئه‌وه‌ی گرنگه كورد به‌له‌به‌ر چاوگرتنی هه‌ڵه‌كانی ڕابردوو چۆن خۆی ئاماده ده‌كات و كامه‌یه ئه‌و پرۆژه و خاڵه هاوبه‌شانه‌ی كۆیان ده‌كاته‌وه بۆ به‌گژداچونه‌وه‌ی دوژمنان، گه‌ر كورد یه‌كگرتووبێت، ده‌بێته هێزێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی سیاسه‌تی ئه‌م ناوچه‌یه.