مەحمود عەبدوڵا: 31ی ئاب و کوردایەتی.
بەر لەهەرشت پێویستە ئەوەبڵێم: ڕەخنەگرتن لە کوردایەتی، نکۆڵیکردن نییە لە بەدستهێنانی مافەنەتەوەییەکان، بەڵکو ڕێک بە پێچەوانەوەیە. بەڵام بۆ کوردایەتی موزەیەف بە خائینکردنی ئەوانەی ڕەخنەی لێدەگرن خەنجەر لەکادانە!
کێشەی ئێمە لەگەڵ کوردایەتی کێشەیە لەگەڵ خێڵایەتی و دەرەبەگایەتی، بزوتنەوەی کوردایەتی بەدرێژایی مێژووی خۆی هەڵگری کلتورێکی سیاسی نزمبووە و تائێستاش بەم شێوەیەیە. کلتوری سیاسی نزم وەک “پەنا بردن بۆ داگیرکەرانی کوردستان بۆ یەکلایی کردنەوەی کێشە ناوخۆییەکان، کردەوەی توندو تیژ لەخەباتی سیاسیدا، سەرۆکپەرستی و نەبونی خەباتی سیاسی یەکگرتو و پشتگیرانە..” ئەم کلتورە سیاسییە ڕێگرە لە پێش گەشەکردنی کۆمەڵایەتی. بزوتنەوەی کوردایەتی لەباشوری کوردستان بۆتە گرێکوێرە و ڕێگر لەبەردەم یەکگرتویی خەباتی سیاسی نەک لەناوخۆ، بەڵکو لەبەشەکانی تری کوردستانیش بۆتە لەمپەر و تێکدەری جوڵانەوەی ئازادیخوازی. بەهۆی تایبەتمەندییە خێڵەکیەکانی. وەک ئارنۆلد تۆینبی دەڵێت:ٔ دوژمنی هەرە بەدکاری کورد کێشمەکێشی خێڵایەتی و فیۆداڵییە. هەردوو هێزە دەسەڵاتدارەکەی باشو ر بنەماڵەیی و خێڵەکین و مەسەلە ناوخۆییەکانیان زەقکردۆتەوە و وە چارەنوسێکی ئەبەدی خۆیان لە خەباتی سیاسی بەشەکانیتر دابڕیوە، بەڵکو پێیان وایە بە دژایەتی خەباتی سیاسی لەبەشەکانیتر دەتوانن درێژە بەهەبونی خۆیان بدەن! بەدرێژایی مێژوویی کوردایەتی لەباشور سەرانی خێڵەکی و فیۆداڵی بۆ قایمکردنی پێگەی خۆیان لەباشور هاوکاری داگیرکەران بوون بۆ پیلانگێڕان لەدژی هێزەکوردیەکانی تر، تەنانەت بانگهێشتکردنیان بۆ خەباتی سیاسی یەکگرتو وەک بانگهێشتکردن بۆ ژێر پەتی سێدارە دەبینن.
ئەگەرچی هەر کوردێکی سادە و ساکار نەفرەت لە خیانەتی ئاب دەکات، و کوردایەتیش وەک پیرۆزترین پیرۆزی دە بینێت. بەڵام لەڕاستیدا خیانەتی ئاب دەرەنجامی کوردایەتییە، بە بێ کوردایەتی خیانەتی نیشتیمانی نابێت،و کوردایەتیش بێ خیانەت نەبوە و نابێت. وەک بڵێی تێکەڵکردنی هۆکارو ئەنجامە، لەوشوێنەی هۆکارو ئەنجام تێکەڵبکرێن عەقڵ لەکار دەکەوێت، ئەوەی پیرۆزە هۆکارە بۆ نەفرەتەکە. چۆن؟ لە باشوری کوردستان دوو هێزی سەرەکی پێشەنگی کوردایەتین، ئەو دوو هێزە بەدرێژایی مێژوی خۆیان پێشەنگی خیانەتی نیشتیمانیش بوون. ئەوەندەی هەوڵی ڕزگارکردنی خۆیان داوە، ئەوەندە هەوڵی ڕزگارکردنی نیشتیمانیان نەداوە، سەرکردایەتی هەردوو هێز زیاتر وەک مافیای قودرەت ڕەفتاریانکردوە، تا سەرکردەی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی، ئەوەندەی موریدیان بۆخۆیان دروستکردوە، موریدی موچەخۆر، ئەوەندە هەوڵیان نەداوە تاکێکی نیشتیمانی پەروەردە بکەن.
هەردوو هێز بۆ گەیشتن بەدەسەڵات نەک لە باشور، بەڵکو لەبەشەکانیتری کوردستانیش، شەڕیان بەهێزە کوردیەکان فرۆشتووە. بۆ ئەوەی پشتگیری تورکیا یان ئێران بەدەست بێنن، بەڵام ئەمەشیان بەکوردایەتی بەخەڵکی باشور فرۆشتۆتەوە. لە قاموسی کوردایەتی دا نەبێت لەهیچ شوێنێک ئەمە جێگای نابێتەوە، سەرکردەی ناسیۆنالیست لەڕێگای خیانەتەوە گەلێک ڕزگاربکات، تەنانەت منەتیش بەسەر خەڵکدا دەکەن، کە گوایە هەرچی کردبێتیان لەپێناو کوردو کوردستاندایە. کوشتن و تیرۆرکردنی سەرکردەکانی باکوروو ڕۆژ هەڵات، کارەساتی هەکاری، شەڕی ناوخۆ، شانزەی ئۆکتۆبەر، فرۆشتنی شەنگال هەموو ئەمانە بە کوردایەتی پاساو ئەدەن.
هەردو هێز هەر لەسەرەتاوە پشتیان بە یەکێ لە ڕژێمە داگیرکەرەکانی کوردستان بەستووە، نەک بۆ دژایەتی ڕژێمی بەعس، بەڵکو لە پێناو مانەوە و زاڵبون بەسەر هێزی بەرامبەر، واتا پارتی بۆزاڵبون بەسەر یەکێتی و بە پێچەوانەشەوە، ئەمەش ئەوە دەسەڵمێنێت کە ئەم دوو هێزە یەک ئامانجیان هەیە ئەویش دەستگرتن بەسەر ناوچەیەکی کوردستان تا حوکمی مافیایی تێدا بکەن، نەک گەلێک ڕزگاربکەن. له بنەڕەتدا هیچ ناکۆکیەکی فیکری سیاسی لەنێوان مافیاکانی قودرەتدا نییە، جگە لەناکۆکی دەسەڵاتداری و دەستکەوتی ئابوری، هەربۆیە دەبینین لەدوای ڕاپەڕین دەستیانکرد بە تاڵانی و هەتا ئێستاش بەردەوامن لە تاڵانکردنی سامانی نیشتیمانی، هەرچی سوکایەتی هەیە بە میللەتیانکرد، لەژێرناوی کوردایەتی.
هەردوو هێز لەکاتی جیاوازدا پەنایان بردۆتە بەر داگیرکەرانی کوردستان دژی یەکتر،و لەهەمانکاتدا دژی شۆڕش بون لەبەشەکانیتر تا ئێستاش لەسەر حیسابی بەشەکانیتر پشتگیری ئێران و تورکیا بۆخۆیان مسۆگەر دەکەن. واتا خیانەتی ئاب ساتێکی تێپەڕ نییە و گرێدراوی کوردایەتییە تا کوردایەتی هەبێت خیانەتیش دەبێت. مەرج نییە لە باشور بێت، لەباکو ر، لەڕۆژ هەڵات لەڕۆژ ئاوا، گرنگ ئەوەیە بزوتنەوەی کوردایەتی لەباشور چارەنوسی گرێدراوی داگیرکەرانی کوردستانە و جڵەویان لەدەستی خۆیاندا نییە، بۆمانەوەشیان هەموو کارێک ئەنجام ئەدەن.
لەبەرئەوە ئەو خیانەتە نیشتیمانیە، بەرهەمی عەقڵییەتی ناسیۆنالیزمی سەرەتایی”کوردایەتییە”یە.
هەردوو حیزبە دەسەڵاتدارەکە لەجیاتی پەروەردەکردنی تاکێکی نیشتیمانپەروەر، تاکێکی موریدی حیزبیان پەروەردەکردووە، هەردو حیزب تاکیکوردیان لە مەسەلە سەرەکیەکە بێ ئاگا کردووە، وایان فێرکردوە کە پارتی نەبێت یەکێتی کوردستان دەکاتە شامی شەریف و بە پێچەوانەشەوە،ئەو ڕق و دوژمنایەتیەی لەناو خەڵک دروستیانکردوە، لەکاتی ئەنجامدانی هەر خیانەتێک شەفاعەتیان بۆ دەکات، بۆیە هەر کارێک ئەنجام بدەن لای لایەنگرە مورید ئاساکانیان ڕەوایەتی وەردەگرێت! هیچ فەرق نییە لە نێوان فەزیڵەتی سیاسی و خیانەتی نیشتیمانی بۆ ئەندام و کادرانی حیزب، چونکە لەبنەڕەتەوە ئەوان تاکێکی هۆشیاریان پەروەردە نەکردووە، بەڵکو خەریکی دروستکردنی موریدبوون. هەر ئەمەشە وادەکات لە هەر ڕەفتارێکی نا نیشتیمانی، ئەخلاقی، ئینسانی سڵ نەکەنەوە. لۆژیکی کوردایەتی ئەمەیە “دەبێت هەموشتێک لە ڕوانگەی کوردایەتییەوە سەیری بکرێت تەنانەت خیانەتیش!” لە تورکیا لە گەنجێک ئەدرێت کادری پارتی دەڵێت بژی کوردستان، پارتی دەبابەی هێنایە پەرلەمان هەردەڵێ بژی کوردستان! شەنگالیان فرۆشت هەربژی کوردستان! بۆ یە بەباوەڕی من کوردایەتی ینک و پدک نەک هەر سامانی وڵاتی تاڵانکرد، بەڵکو عەقڵی تاکیکوردیشی دزیوە، لە ژێر دەمامکی کوردایەتی هەرچی تاوانە ئەنجامیاندا و دواتر لەڕوانگەی کوردایەتییەوە هەڵی دەسەنگێنن. بۆیە ئەوەی دەبێت دادگایی بکرێت کوردایەتییە بەهۆشیاربونەوەی تاکیکورد، کاتێک تاکی کورد هۆشیار بێتەوە مەکینەی پڕوپاگەندەی کوردایەتی لەکاردەکەوێت.
خیانەتی 31ی ئاب لەمێژوودا بێ وێنەیە،بەڵام لەمێژوی کوردایەتی دا شتێکی نامۆنییە. بەڵام ئەگەر بەنمونە تەنها خیانەتی ئاب باسبکەین، ئەوا ڕووداوێکە تەواوی مێژووی بزوتنەوەی کوردایەتی دەخاتە ژێر پرسیار، هەروەها عەقڵی کوردیش دەخاتە ژێر پرسیارەوە، لەبەرئەوەی کە عەقڵی نوستوی کورد بە ئاگا نەهاتەوە، تائێستاش ئەم هێزەی کە خیانەتی سی ویەکی ئابی ئەنجامداوە ، نەک هەر پەراوێز نەخراوە؛ بەڵکو بۆتە هێزی یەکەم،و پێشەنگی کوردایەتی و پڕوپاگەندەی دەوڵەتی سەربەخۆ ئەمەش بە ئۆکەی هەموو هێزەکان. ڕاستە بە پلەی یەک جوگرافای پارتی جوگرافیای سی و یەکی ئابە، بەڵام هەژمونی بەردەوامی پارتی بەهۆی هۆشیارنەبونەوەی ویژدانی تاکی کوردەوەیە، بەهۆی تلیاکی کوردایەتییەوە، چونکە ئەگەرچی تا ئێستا ناتوانرێت سەرانی پارتی ڕووبەڕووی دادگا بکرێنەوە، بەڵام ئەگەر گەلی کورد هۆشیاربوایە ئەوا یەکەمجار لەویژدانی خۆیدا بارزانی دادگایی دەکرد، ئینجا تەواوی مێژوی کوردایەتی. شەقێکی تێ هەڵدەدات بۆ ئەوەی چیتر سوکایەتی پێنەکرێت بەناوی کوردایەتییەوە.
لەڕاستیدا ینک پێیوایە کە خیانەتی ئاب دژی خۆی ئەنجامدراوە وەک مەسەلەیەکی حیزبی لێی دەڕوانێت، ئەگەر پێویستبکات مەلەفەکە هەڵدەدەنەوە پێویست بێت دایدەخەن. پارتیش کە ڕژێمی بەعسی هێنایەوە و پێی لەڕوحی ئەنفالەکان نا، پێی وایە کارێکی باشی کردوە چونکە کوردستانی لە ئێران ڕزگارکردوە! زۆر کۆمیدی تراژیدیە، بۆیە بەباوەڕی من چ تاک، چ هێزێکی سیاسی جورئەتی ئەوە نەکات کوردایەتی ڕەخنەبکات، ئەوە ئاو دەکات بە ئاشی خیانەتی کوردایەتی.
بارزانی وتی:”ئیتر سەدام دوژمنمان نییە، مادام کێشەکانمان بۆ چارەسەردەکات”. خەڵک واقی وڕدەمێنێت چۆن بارزانی وایگوتوە، بەڵام لەڕاستیدا بارزانی ڕاست دەکات، بۆ مافیایەکی قودرەت کێ بیپارێزێت ئەو دۆستە، مەسەلەکە دەسەڵاتدارییە نە ک نیشتیمان پەروەری، بارزانی وەک هاوڵاتیەکی ئاسایی لەنیشتیمان پەروەری ناڕوانێت بۆ بارزانی و پارتی دوژمنی سەرەکی ئەو هێزەیە کە دژی دەسەڵاتخوازی و کارە مافیاییەکانی بێت. بۆ پارتی ئاساییە میتی تورک لەسەری ڕەشبێت،سوپای تورکیا بێتە زاخۆ و هەولێرو دهۆک،بەڵام گەریلایەک بۆی نییە لەشەنگال بێت ، لەقەندیل و ڕۆژئاواش دژایەتی دەکات
ئەو دەربڕینەی بارزانی گوزارشتە لەعەقڵیەتی ناسیۆنالیزمی سەرەتایی کوردی کە بۆچارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکانی پەنا دەباتە بەر دڕندەترین ڕژێمی داگیرکەرو تاوانباری ئەنفال. هەردوو حیزبی دەسەڵات دار بۆ سڕینەوەی یەکتر چەندین جار پەنایان بردۆتە بەر ڕژێمە داگیرکەرەکانی کوردستان، بێ ئەوەی سڵ لەهیچ شتێک بکەنەوە، ئەمەش واتا ئەوان حوکمی گەلێکی ناهۆشیار و بێباک بەکێشە گشتییەکانی خۆی دەکەن. ئایابۆچی ی سزا نەدران، بێگومان بەهۆی کوردایەتییەوە!
بەهۆی نەبونی هۆشیاری و هۆشیار نەبونەوەی ویژدانی کورد ، وەک نەتەوەیەک، هەر لەمانگی ئابدا ئەو خیانەتە دوبارەکرایەوە و پارتی شەنگالی تەسلیمی داعشکرد. پارتی بینای هێزی خۆی لەسەر سی ویەکی ئابکردووە، بۆیە هەموکاتێک مومکینە دوبارەی بکاتەوە. ئەوە بۆتە یاسا بۆ ئەم هێزەکە”هەرکات فشارمان لەسەر بێت 31ی ئاب دوبارە دەکەینەوە” ئەمەش واتا سی ویەکی ئاب ئێستایە و هەرگیز مێژوویەکی تێپەڕ نییە، بەڵکو لە ئێستاو داهاتوشماندایە و وەک تارماییەک بەدوامانەوەیە. بەڵام وەک وتم پارتی تەنیا هێزنیە کەخیانەتی نیشتیمانی ئەنجامداوە، بەڵکو کۆی ئەو هێزانەی کە خۆیان وەک بەشێک لەبزوتنەوەی کوردایەتی دەبینن. هەموو ئەو هێزانەی کە ئامادەن لەگەڵ پارتی حکومەت پێک بێنن، بەپێی بارودۆخ و لەکاتی جیاواز، وەک پارتی وەبەرهێنانیان پێکردووە، چ وەک هەلهەلە لێدان و چ وەک چەپڵەلێدان بۆ پارتی. بەڵام ئەوە تەنها بۆ چەواشەکردنی ڕای گشتی و خۆقەڵەو کردن لەسەر خیانەتی ئاب، چونکە کاتێک هێزێک ئەو مەلە فە هەڵدەداتەوە بۆ قازانجی یەکێتی، ئەوا لەبەرامبەردا پارتی بۆ داخستنی ئەو مەلەفە ئامادەیە زۆرترین پارە پێشکەش بکات،بەم شێوەیە سی ویەکی ئاب خیانەتێکە خێرەکەی هەر بۆ پارتی نییە، بۆ هێزە بچوکەکانی تریشە. دەتوانم بڵێم تەواوی بزوتنەوەی کوردایەتی ئەو خیانەتەی ئەنجامداوە دژ بە گەلیکورد.ئەگەر بزوتنەوەی کوردایەتی نەبوایە سی و یەکی ئابیش نەدەبوو. خیانەت بەشێکە لەمێژووی بزوتنەوەی کوردایەتی،بەڵام لە و تاریخەدا دەگاتە لوتکە. بەجۆرێک هیچ ویژدانێکی زیندو تەحەمولی ناکات. بەڵام لۆژیکی کوردایەتی وایە “پاساو بۆ ئەنجامدانی کارێک دێننە وەو بۆ پێچەوانەکەشی بەهەمان شێوە” بەعەقڵێکی خێڵەکیانە سەرەتاییانە سیاسەت دەکەن ، وەک ئاغا مامەڵە بە نیشتیمانەوە دەکەن،هەریەکەیان ناوچەیەکی لە ژێر دەستایە و حاکمی ڕەهایە . زۆر جار گوێبیستی ئەوەدەبین” دەبێت بارزانی دادگایی بکرێت”لەڕاستیدا ئەوە حەقە،بەڵام واقیعیی نییە،تابزوتنەوەی کوردایەتی ڕەتنەکرێتەوە ،هیچ کەس دادگایی ناکرێت ،چونکە تەواوی بزوتنەوەی کورایەتی نوقمی خیانەت بووە،ئەوان چاوپۆشی لە خیانەتی یەکتر
دەکەن و دەبێت گەلیش بەهەموو دوعایەکیان بڵێت ئامین.