هێرش عەبدولرەحمان: ئێران یان شیعەکانی عیراق داوای رۆیشتنی ئەمریکا دەکەن؟
یەكێك لەدەرەنجامەكانی لێ هەڵپێچانی دۆناڵد ترەمپ لە ئێران، ئەگەری بەریەككەوتنی بەرژەوەندییەكانی ئەم دوو وڵاتە نەیارەیە بە یەكتر، ئەویش لە گۆڕەپانی سیاسی عێراقدا. هەركاتێك واشنتۆن بیەوێت نینۆكی ئێران بكات، ئەوا لە جیاتی تاران، شیعەكانی عێراق هاواریان لێ بەرز دەبێتەوە. خۆ چاودێرانی سیاسی گومانیان نییە لەوەی سەركەوتنی ئەو ستراتیژەی كابینەكەی ترەمپ بەرامبەر ئێران گرتوویەتەبەر، ڕەنگدانەوەی لەسەر واقیعی سیاسی ئەو وڵاتە، بەڵكو ناوچەكەش دەبێت. هەربۆیە ئاخوندەكانی ئێران كەوتوونەتە جوڵاندنی شیعەكانی عێراق لەپێناوی شكستپێهێنانی ئەو ستراتیژەی ئەمریكا.
لەڕاستیدا، پڕۆژەی هاتنی ئەمریكا بۆ ناوچەكە و عێراق، پرۆژەیەكی عەیارە بیست و چواری نیۆ-كۆنسێرڤەتیڤەكانی سەردەمی جۆرج بوشی كوڕ بوو، كە ئامانج لێی گۆڕینی ڕژێمی دیكتاتۆری سەدام بوو لە ڕێی بڵاوكردنەوەی دیموكراسییەوە. بەمانایەكی تر، پڕۆژەی هاتنەكە هەڵقوڵاوی پراگماتیزمی ئەمریكی بووە، هەربۆیەش كاتێك واشنتۆن هاتووەتە ناوچەكە پرسی بەكەس نەكردووە. بە دڵنیاییەوە لەرۆیشتنیشدا، كە جارێ لەمبارەیەوە هیچ پلانێكی نییە، پرس بە كەس ناكات.
كوتلە شیعە توندڕەوەكانی عێراق، دیارە بە فیتی دەرەوە، ئەوە چەندین كابینەی یەك لەدوای یەكە لەحكومەتە جیاوازەكانی پۆست-سەدامدا داوای دەركردنی تەواوی هێزەكانی ئەمریكا دەكەن لەعیراقدا. بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە ئایا سیاسەتمەدارانی شیعە ئامادەن واز لە بەرژەوەندییەكانی عێراق بهێنن- كە لەم كاتەدا بەشێكی پەیوەستە بەمانەوەی هێزەكانی ئەمریكا- ئەویش لەبەر خاتری پاراستنی بەرژەوەندییەكانی تاران.
كارێكی گاڵتەجاڕانەیە ئەگەر ئەو كوتلە شیعیانە پێیان وابێت پرۆسەی سیاسی عێراق لە غیابی ئەمریكا و زاڵبوونی تەواوەتی ئێراندا گۆڕانێكی چۆنایەتی بەخۆوە دەبینێت. سەردەمی ئێستای عێراق بە نیسبەت شیعەكانەوە سەردەمێكی ئاڵتونییە. ئەوان لە كاتی حوكمڕانێتی حزبی بەعسدا بۆیان نەبوو هیچ چالاكییەكی سیاسی و ئاینی ئەنجام بدەن. بەشێكی زۆر لە كەسە ئاینی و سیاسییەكانیان دووچاری تیرۆری سیاسی و دەربەدەركردن بوونەوە. بە كورتی، هیچ جۆرە ئازادییەكییان نەبوو تا بۆچوونە ئاینی و سیاسییەكانیان دەرببڕن. بەڵام لە عێراقی نوێدا ئەو هاوكێشەیە بە تەواوی پێچەوانە بووەتەوە. ئەو ئازادیی و فەزای حوكمڕانێتییەی شیعەكان تیایدا حوكمڕان و كەسی یەكەمن هەمووی بەهۆی هاتنی ئەمریكا و خوڵقاندنی ئەو ژینگە سیاسییە نوێییە، كە ئەو وڵاتە زلهێزە بۆ عێراقییەكانی فەراهەم كردووە.
هاتنی ئەمریكا نەك عێراقیەكانی لە دڕەندەترین ڕژێم رزگارکرد، بەڵكو بووە هۆی یەكخستنی ناو ماڵی عێراقییەكان و ماڵی شیعەكان بە تایبەتی. وەك دەزانرێت، لە سەردەمەكانی پێشوودا زۆرینەكانی ئۆپۆزسیۆنی شیعەكان ئاوارە بوون لە ئێران و لوبنان و وڵاتانی ئەوروپی. نەك بۆیان نەبوو لە عێراق بژین، بەڵكو لەو وڵاتانەش لە ترساندا ناوی خۆیان دەگۆڕی و، لە ژێر پەردەی جۆراوجۆر و لە ژێر باڵی ئەو وڵاتانەدا ئەگەر بیان توانییایە چالاكییەك ئەنجام بدەن. سەركردەی شیعەكان ئەو ڕاستییەیان نەشاردووەتەوە كە ئەگەر ئەمریكا نەبوایە هەرگیز خۆیان لە حوكمڕانێتیدا نەدەبینییەوە. بە ئاشكراش ئەمەیان دەربڕیوە و چەندین جاریش ستایشی ئەمریكایان كردووە لەم ڕووەوە. خاڵێكی تر كە پێویستە زیاتر تەركیزی لەسەر بكرێت سەروەری خاكی عێراقە كە شیعەكان زۆر داكۆكی لەسەر دەكەن. وەك دەزانرێت ئەگەر ئەمریكا پشتیوانی سەربەخۆیی عێراق نەكات و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی پشتیوانی لێ نەكات ئەوا رەنگە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گوێ بەو سەربەخۆیی و شەرعیەتە سیاسییەی عێراقییەكان نەدات. بۆیە هەق نییە گرووپە شیعییەكان لەمبارەیەوە زۆر وریا بن.
خۆ ئەگەر ئەمریكا نەبێت ئەوا ڕەنگە حكومەتی عێراقی نەتوانێت ڕووبەڕووی نەك دەوڵەت بەڵكو گرووپێكی تیرۆریستیش ببێتەوە وەك چۆن هەژموونی ئەلقاعیدە لە دە ساڵی رابردوو و ڕووداوەكانی موسڵ و هاتنی داعش سەلماندیان حكومەتی عێراقی و سیستمە بەرگرییەكەی زۆر لەوە لاوازترن وەك پێشبینی دەكرا. ئەگەر هاوكاری ئەمریكا و وڵاانی تر نەبوایە ئەوا ئێستا عێراق بە تەواوی لە ژێر دەستی ئەو گرووپە تیرۆریستیانەدا دەبوو. بە ئێستاشەوە زۆرینەی گرووپە شیعەكان خاوەن میلیشیا و هێزی سەربازیی تایبەت بە خۆیانن و بە شێوەیەكی توندوتۆڵ بە كەسایەتییە سەربازییەكانی ئێرانەوە بەستراونەتەوە. چاوەڕێ ناكرێت ئەو وڵاتە بیەوێت عێراق خاوەن هێزێكی سەربازیی پتەو بێت ئەویش لەبەر هۆیەكی سادە چونكە ئێرانییەكان لە حاڵەتێكی ئاوادا ناتوانن دەست وەربدەنە ناو كاروبارەكانی عێراقەوەو بەرژەوەندییەكانی لەئەگەری بوونی چاكسازیی سیاسی و سەربازیی لە قاڵب دەدرێت ئەمەش ئەو شتەیە كە تاران لە ئێستادا نایەوێت. ئەو گرووپە شیعییانەی دژی چوونە دەرەوەی ئەمریكان بەبێ ئەوەی خۆیان بزانن چونەتە بەرەی تارانەوە. ململانێی تاران و واشنتۆن لە عێراق كە كاریگەری لەسەر كۆی پرۆسەی سیاسی و ئابووریی و ئەمنی هەیە هەر چۆنێك بێت بە زیانی عێراقیەكان تەواو دەبێت. بەڵام لە ئەگەری دەرهێنانی عێراق لە فەلەكی ئێران ئەوا عێراقییەكان زیاتر قازانج دەكەن وەك لە دەرهێنانی عێراق لە فەلەكی ئەمریكییەكان لەلایەن ئێرانەوە. بارودۆخی لەرزۆكی عێراق چیتر بەرگەی ململانێی ئەو هێزانە ناگرێت و لایەنە شیعەكانیش باش ئەو راستییە دەزانن.
بەكورتی، هەر هێزیكی عێراقی، بەتایبەت شیعەكان، دژایەتی ئەمریكا بكەن كارێكی هەڵە دەكەن. ئەمریكا لە هەموو دۆخێكدا پلانی درێژخایەنی هەیە، لەناوچەكە ناكشێتەوە و بەشێوەیەكی هەمیشەیی لەچەند بنكەیەكی جیاجیا لەعێراق دەمێنێتەوە. خۆ ئەگەر ئەمریكا لەسەر داوای بەغدا بكشێتەوە یان ژمارەی هێزەكانی كەم بكاتەوە لەسەر داوای بەغداد ئەوا لە رێی كۆمەڵێك دامەزراوەی گرنگی ترەوە، چ لەعێراق یان لە هەرێمی كوردستانەوە كار بۆ پێشخستنی بەرژەوەندییەكانی دەكات.