كەمال محەمەد: بڕیارەكانی دادگای ئەوروپا و دەرەتانێك بۆ ئازادكردنی دەمیرتاش.
بە پێچەوانەی واقیعی پراكتیزەكردنی هەڵوێستی ئازادییەوە دەمیرتاش بڕیاری ئازادی بۆ دەركراوە ! ڕەنگە لایەنی سەیری مەسەلەكە ئەوە بێت دەسەڵاتدارانی توركیا چۆن بتوانن دۆخی قەیرانەكان تێپەڕێنن و، هەروەها دەشێت وەك وەڵامێكیش بێت بۆ بریارەكانی دادگای ئەوروپا بۆ مافەكانی مرۆڤ، كەلە نیوەی ئەم مانگەدا دەردەكرێت. لێرەدا توركیا بۆ ئەوەی خۆی بەدور بگرێت لەهەر جۆرە تەفرەدان و سزایەكی ئەو دادگایە، دادگاییكردنی سەلاحەدین دەمیرتاش لەم ساتەوەختەدا و بریاردانی دادگا بە ئازادكردنی ئەیەوێت كە وای نیشان بدات لەهەمو كاتێك زیاتر هەڵوێستێكی واقعییان سەبارەت بە ئازادی هەبوە و، هیچ كات مەبەستیان لە بە كەناركردنی كەسایەتییە سیاسییەكان نەتەوەكانی توركیاوە نییە، تەواوی ئەمانەش بۆچونێكی ڕوكەشییە نەیتوانیوە پابەندبونی خۆی بە مافەكانی مرۆڤ و هزری دیموكراسییەوە بخاتەڕوو، ئەمە لەكاتێكدایە كە دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە بەهاكانی شۆڕشگێڕی و خەباتی مەدەنی كوردانی سەركوتكردوە و، چەندین كەسایەتی سیاسی و هاوسەرۆكی حیزبەكان و ئەندام پەرلەمانەكانیان لە سوچەكانی زیندان توند كردوە بە جۆرێك، كە لە ناوخۆی ئەو وڵاتەدا هەستكردنی كوردان بە خۆیان وەك نەتەوەو گەلێكی خاوەن ماف و ئازادی، روبەرووی بێ واتایی و لاوازكردنی كراوەتەوە و، هەمیشە ویستی دەسەڵات ئەوە بوە، كە زیاترهێزی خۆی لە سەركوتكراییەكان وەربگرێت.
ئەم رەوشەی دەسەڵاتدارانی توركیا پێڕەویان كردوە دەتوانرێت بە تۆتالیتاریزم بەناو بكرێت، بەم ڕەنگە لە راستیدا وایكردوە كە سیستەمی دیموكراتی لە ناو ئەو وڵاتەدا پێشنەكەوێت، ئەمڕۆكەی كۆماری توركیا فاكتەرێكی سەرەكی سنورداركردن و تەسكبونی سیاسی و پێشنەخستنی ئۆپۆزسیۆنە، ئەم هەڵوێستەی دەسەڵاتداران سەبارەت بە پرۆسێسە سیاسییەكان و كێشەی پارتە كوردییەكان وایكردوە، كە ئەو كۆمەڵگایە سەرفرازی و مافپەروەری خۆی ئەستەم بێتە پێش چاو و، هەر بۆیە سزاكانی ئەوروپا بۆ پێشێلی مافەكانی مرۆڤ بۆ ئەمڕۆكەی توركیا ناشێت، بێ ڕۆڵ و كاریگەر بێت. هەر لەبەر ئەمەشە دەسەڵات پەی بەو سزایانە بردوە كەوەك هەڕەشەیەك بۆسەر خۆی ئەیبینێت. چونكە ئەو گرفتە سەرەكییەی كە توركیای بنبەست كردوەو، لەجێگای خۆیدا هێشتویەتییەوە بۆ بون بە ئەندامی لە یەكێتی ئەوروپا پرۆسێسە سیاسییەكان و، كێشەی ئەو پارتانەیە كەلە تیشكۆی دەوڵەتدا دەجوڵێنەوە. كۆی ئەم كێشانەش لە باتی بوون بەئامرازی دیموكراتی بونەتە كۆسپە ڕاستەقینەكانی پێش دیموكراتیزەبون.
دیسان بەشێوەكی گونجاو تەكتیكیانە توركیا پێویستی ئەنجامدانی پێهەڵگرتنێك نیشان ئەدات، كە ئازادكردنی دەمیرتاشی هێناوەتە باس لەم ساتەدا بۆ ئەوەی نیشانی ئەوە بدات، كە توركیایەكی هەمیشە دورخراوە لە میلیگەرایی وەك دەوڵەتمەندێتی تەماشای پێكهاتەكان و جیاوازییەكان ئەكات و، هەروەها خاوەن چەمكێكی سیاسەت و كۆمەڵگایەكی دیموكراتیانە و ئازادی لەخۆ دەگرێت. تەواوی ئەم خۆنیشاندانانەش بۆخۆ بەدورگرتنە لە ئەگەریی هەر سزایەكی دادگاكانی ئەوروپا لەهەمبەر مافەكانی مرۆڤ و ئازادی، بەڵام مسۆگەر نییە، كە ئایا لەم ساتەدا بڕیارەكانی دادگای باڵای توركیا ئەزمونی دیموكراتی و گەوهەری كوردەكان و سەركردەو ئەندامە گیراوەكانیان چەندەی ئەچێتە بواری كردارییەوە، یان ئەمەش بەواتای لەدەستدانی دەرەتانێكی دیكەو، سەرخستنی هەر هەوڵێكە لەلایان دەسەڵاتدارانی توركیاوە بۆ دەربازبونیان لە كێشەو گرفتێكی نوێ، كە سزاكان ئەیسەپێنێت بەسەریدا.