لاوک کونجرینی: مێدیا زەبەلاحەکەی پارتی.
1- بۆچی مەسروور بەرزانی، تەقەی لە ( نێچیر بەرزانی ) لەدوای هەڵبژاردنەکانی 25- 7- 2009 کردو، تا ئێستا جێگای 5 فیشەکەکەی جەستەی گوشاری ململانێی خۆی و ئامۆزاکەی زیاد دەکات.
2- ئەو ژنانە کێن بەناویی هونەرمەندو مێدیاکار و پەڕلەمانتار و شاجوانەوە، سەر میدیا بەناو ئازادەکانی پارتی یان ڕازاندۆتەوە.
3- کۆی تێچووی مێدیاکانی پارتی وەک لەسەرچاوەیەکی نافەرمیەوە قسەی لەسەر دەکرێت: مانگانە خۆی لە 100 ملیۆن دۆلار زیاتر دەدات.
4- بە حوکمی ئەوەی دایکی نێچیر بەرزانی خەڵكی سلێمانی یەو، ناوی عەرەبی قبوڵ نەکرد لە سەر منداڵەکانی بنرێت، هەموو کوڕ و نەوەکانی مستەفا بەرزانی بەناوی عەرەبییەوەیە. لە کاتێکدا دەروازەی کوردایەتی بەو پێوانەیەی کورد خاوەنی زمانی تایبەتی خۆیەتی، لەپاراستی زمانەوە دەست پێدەکات.
هەر حیزب و لایەن و کەسایەتییەک، کردارو بۆچوونەکانی هاوتا نەبێت، هەمیشە ڕووبەڕووی ڕەخنەو توانج دەبێتەوە. هاوتایی لە کردار و بۆچووندا نمایشێکی ڕۆحسووکانەیە. ئەوەی بنەماڵەی بەرزانی لەم ڕۆح سووکییە بێ بەش نەکردووە، زەمەنی قوت بوونەوەی چەمکی شۆڕشگێڕییە، واتە دروشمی نەتەوەیی قەبەو کلیلی بەدەستەوەبووی دەروازەی خواستی گەلێکە، کە خۆی دەبینێتەوە لە ترۆپکی نیشتمانیی و نەتەوەییدا. جگە لەمانە، بەهۆی زەمەنەوە، کە دەبێت وابن، وابەستەی کردوون بە بەرژوەندییەکانی ناوچەو جیهانەوە. لێرەوە سواربوون و دابەزین لە دەسەڵات، گرێیداون بە ڕەوشیی بەرژەوەندی وڵاتانی ناوچەکەو کۆتوبەندی ترس و ووڕمانی خەڵکی هەرێم لە پێناو تێکچوونی ڕەوشی ژیانیان.
ماڵی بەرزانی لە دوای ڕووخانی ڕژێمی سەدامەوە، لەسەر ئەم ڕتمانە کار دەکەن:
1- کۆتوبەندی مێدیا.
2- کۆتوبەندی قوتی خەڵک.
3- سینارۆی ئەوەی بەدەستهاتووە، ئەمان دەتوانن بیگێڕنەوە بۆ خاڵی سفر.
4- بەکارهێنانی کارتی تورکیاو ئێران، بۆهەر ڕووداوێک بە خواستی ئەوان نەشکێتەوە، وەک لە 31ئابدا بەکاریان هێنا.
بۆ ئەوەی لە گرێنزی بابەتەکە لانەدەین، قسەمان لەسەر ئەو دیووەیە، کە ئەمڕۆ هونەرو مێدیان کوردی پیا تێپەڕ دەبێت. لە سینارۆی ئەم چەمکەدا پارتی توانیوویەتی لە دوای ڕووخانی سەدامەوە، دیووە قێزەوەنەکەی خۆی بە ناو مێدیای ئازاد داپۆشێت. کاتێک قسە لەسەر مێدیای حیزبی و میدیای ئازاد دەکەین، دوو ڕێڕەووی دژ بەیەک دەبینین. نە مێدیای ئازاد تەواو توانیوویەتی خزمەت بە بەبەرژەوەندی تەسکی حیزبی بکات و، نە مێدیای حیزبیش ئاوڕژینی باخی مێدیای ئازاد بووە. کەواتە ئەو میدیایانەی ڕووپۆشی مێدیای ئازادن، ناتوانن هەڵگری بەهای ئازادیی تەواوبن.
هۆکار چییە پارتی بەو دەسەڵاتە زەبەڵاحەی خۆیەوە، بەو بارگراوەندەی وەک خۆی پاگەندەی بۆ دەکات: شۆڕشگێرو بەدەستەوەبووی چەمکی کوردایەتی و، بەو هەموو توانا دارایی و سەربازی و شەبەحی ناوچەیی و جیهانییەوە، پەنا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دەسەڵاتی چوارەم دەبات، کە مێدیایە بە هەردوو چەمکەکەیەوە؟. هۆکارەکەشی: پارتی دەمێکە بەدوای میکانیزمێکدا دەگەرێت، کە بتوانێت ئاستی مێدیای حیزبەکەی بەرزبکاتەوە، لە ئاست تموحی حیزبەکەیدا بێت، بەڵام سەرکەوتو نەبوو.
قۆناخی هەنگاوەکانی پارتی بۆ گەیشتن بە لیواری مێدیایەکی سەرکەتوو لە زەمەنی شاخەوە دەستی پێکرد، ئەم حیزبە بە حوکمی ئەوەی لە دوای ئاشبەتاڵەوە مێدیایەکی کڵۆڵ و بێ بەهای هەبوو، ئەوەش دەگەرێتەوە بۆ فاکتەری زەمەن و پەرچەکرداری خەڵک بۆ بڕیاریی ئاشبەتاڵ.
پارتی سەرەتا لە کۆتکردنی کۆمەڵێک قەڵەمەوە دەستی پێکرد، لەو هەوای شاراوەی جنێو و ڕشانەوەی حەمە سەعیدەکانەوە، کە لە زێوەوێی شاری شنۆوە بەناویی پەنهانی و زەمەنی پەرپەرچەدانەوە لەژێر هەوریی بەرژەوەندیی دا، سەرەتای هەنگاویی پارتی بوو بگات بەو مێدیایەی، کە خواستی بوو.
ئیتر هەنگاویی کورتمەودای بە ناو حەمەسەعیدەکان درێژەی کێشاو، لێگا لێگا پارتی وەک کورد وتەنی: دەم ڕووتەکانی ناو حیزبی شوعی، لە ڕێی پلەوپایەو پارەوە ئاودیووی ناو سەنگەریی مێدیاو حیزبیی خۆی دەکرد و، دەیکردنە ئەو فیگوورە قێزەوەندەی ڕۆژانە لە سەر شاشەی تەلەڤیزوێن و ڕادیۆ و ڕۆژنامە لۆکاڵەکانی حیزبەکەیان دەبینران. لەم هەناگاوەدا گەرچی ساڵانێکی خەیاند و، توانی ئاگری شەڕی ناوخۆ بەم دەهۆڵژەنانە خۆش بکات، بەڵام دیسانەوە دەستکەوتێکی ئەوتۆی بەدەست نەهێنا. هەرچەندە ئەم کارەکتەرە قێزەوەندنانە، تا ئێستاش جار جارە لەکاتی گرژییەکانی پارتی لەگەڵ هەر حیزب و لایەنێکدا دەستپێدەکات، ئامادەی سەرمێدیاکانی پارتی دەبنەوەو، دەست دەکەن بە ڕشانەوەو قسەی بەرز و نزم و، بێ بەها.
پارتی لە دڕیژەی بەردەوامی هەوڵەکانی دا بۆ گەشەی میدیای حیزبەکەی دوو ئامانجی هەبوو:
1- ئاستی جوانکاریی حیزبەکەی بە پڕووپاگەندە بەرز بکاتەوە.
2- دیویی شاراوەی دابونەریتی بنەماڵەکەی، بە ستایلی مێدیایەکی مۆدێرن داپۆشێت.
لەدوای 31 ئابەوە، لەتەک ڕەوی گەنجاون و ڕۆشنبیران بۆ وڵاتانی ئەوروپا، پارتی لە ڕێی کۆمەڵێک کادرو ڕێکخەری دەزگای پاراستنەوە، بەچەند فاکتەرێک، توانی کۆمەڵێک هەنگاو بهاوێت:
1- کردنەوەی کۆمەڵێک ماڵپەڕ لەژێر ناوی ئازاددا، کە کردبوونیە سەرچاوەی پاراستن و مامەڵەو کڕینی نوسەران و، دواتریش پەلاماری هەندیک نوسەری ئازادی دەدا، لەژێر ناوی نهێنی و بەناو ئازاددا.
2- باندێکی لە نوسەران و کادرانی حیزبەکەی لە سووەید و بەریتانیاو هۆڵندا دروستکرد بوو، کە کاریان تەنها کۆکردنەوەی زانیاری بوو لەسەر ئەو کەسانەی لەسەر پارتی دەنوسن و، لەڕێ تۆڕی پاڵتاکەوە هێڕش دەکەنە سەر دەسەڵاتی پارتی.
ئەم مەرحەلەیەش بەڕووخانی سەدام و واژووکردنی هاوپەیمانی ستراتیژی یەکێتی و پارتی، کەم بووەو، مەرحەلەیەکی تر دەستی پێکرد. کە بگونجێت لە گەڵ ئەو دیوەدا، کە عێراقی دوای سەدام و، هاتنی شەپۆلێکی گەورەی دیبلۆماسی و سەربازیی و بازرگانی و بوونی کۆی چاوەکانی جیهان لەسەر وڵاتی عێراق. پارتی بە دوای سینارۆیەکی تردا گەڕا، کە ئەویش بەگەڕ خستنی کۆمەڵێک کەناڵی سەتەلیت و، دوواتر ڕازاندنەوەیان بەکچانی سفوور و بەناو مۆدێرن. کەئەمەش هەنگاوێکی گرنگی تری دەوێت، کە بتوانێت بارگراوەندنی ئەم سینارۆ بەناو مۆدێرنە بێت، کە ئەویش خۆی دەبینێتەوە لە کۆنترۆڵکردنی سامانی ژێر زەوی و بەدەستهێنانی پێگەی گەورەی سیاسی لە عێراق و کوردستان، کە سەرچاوەی کۆکردنەوەی دارایی گرنگ بوون بە هۆی بێسەروبەریی عێراقێکی ناجێگیر.
تێبینی/ لە بەشەکانی داهاتوو شیکاری لەسەر ئەو چوارخاڵەی سەرەوە دەکەین و، خاڵەکانی هۆکاری پەیوەست بوون بەم باسەوە، دەخەینە ڕوو.
- بابەتەکانی تری لاوک کونجـــــــرینی
لاوک کونجرینی: بەم سیستەمەی دادگای فیدراڵی بڕیاری لێداوە بۆ هەڵبژاردن، بۆچی پارتی دڵشکاو و یەکێتی دڵخۆش؟ – بەشی کۆتایی.
-لاوک کونجرینی: بەم سیستەمەی دادگای فیدراڵی بڕیاری لێداوە بۆ هەڵبژاردن، بۆچی پارتی دڵشکاو و یەکێتی دڵخۆش؟ – بەشی دووەم.
-لاوک کونجرینی: بەم سیستەمەی دادگای فیدراڵی بڕیاری لێداوە بۆ هەڵبژاردن، بۆچی پارتی دڵشکاو و یەکێتی دڵخۆش؟ – بەشی یەکەم.
- All Posts